ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:18 - 20/02/2021

ئاماری رەش؛ زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی شام ئاسایشی خۆراکیان نییە‌

پەیسەر

ئامارەکان لە شامی شەکرەوە ژەهر بە بیری خوێنەردا دەهێنن. سوریای خۆشگوزەرانی و گەشت، سوریای بوکی رۆژهەڵات، بووە بە وڵاتی مەرگ و برسێتی. نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی دۆخی ناهەمواری سورییەکانەوە دەدات و دەڵێت، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە ئاسایشی خۆراکییان نییە.

سوریا بەبێ خۆراک
نەتەوە یەکگرتووەکان لە دواین راپۆرتیدا لە بارەی سوریاوە ئاماژە بەوە دەکات، دوای ١٠ ساڵ لە جەنگ و کوشتار، خواست لەسەر پێداویستییە مرۆییەکان زیادیان کردووە و ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بە پێداویستییە بەردەوام لە هەڵکشاندایە، هۆکارە سەرەکییەکانیش بریتین لە پێکدادانە چەکدارییەکان، داڕمانی ئابووری و پەتای کۆرۆنا.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە، خزمەتگوزارییەکانی ئاو، تەندروستی و ژێرخانی تەندروستی بۆ زۆربەی ناوچەکانی سوریا لە قەیران و نەبوونیدایە.

نیوەی زیاتری سوریا برسییە
بەپێی راپۆرتەکە، لە مانگی یەکی ئەمساڵ ژمارەی ئەو کەسانەی لە سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی و پاراستنە گەیشتووەتە ١٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس، ئەم ژمارەیەش دوو ملیۆنی لە ساڵی رابردوو زیاترە، واتە تاکو دێت ژمارەی داواکارانی پێداویستی مرۆیی و پاراستن لەم وڵاتە روو لە هەڵکشانە.

ئاسایشی خۆراک لە داواکارییە هەرە گەورەکانی سورییەکانە. بەپێی راپۆرتی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی، نزیکەی ١٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس کە دەکاتە ٦٠٪ی دانیشتوانی سوریا بە دەست نەبوونی ئاسایشی خۆراک و برسێتییەوە دەناڵێینن. ئەم ژمارەیەش چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسی لە ساڵی رابردوو زیاترە. بەم جۆرەش لە ماوەی یەک ساڵدا چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزاری دیکە کەوتوونەتە ناو بازنەی ئەو کەسانەی کە ئاسایشی خۆراکیان نییە و توشی برسێتی بوون.

زۆر هەژار
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، نزیکەی دوو ملیۆن هاوڵاتی سوری لەناو بازنەی زۆر هەژاردان و دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار قوتابیش نەیانتوانیوە روو لە قوتابخانەکانیان بکەن.

ئاژانسەکانی هاریکاری و فریاکەوتن، لە ماوەی ساڵی رابردوودا توانیویانە مانگانە هاوکاری مرۆیی بە حەوت ملیۆن و ٦٠٠ هەزار هاوڵاتی سوری گەیاندووە.

١٨ی ئەم مانگە لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی تایبەت بە سوریا رایگەیاند، نیوەی دانیشتوانی سوریا توشی کۆچی ناوخۆیی و دەرەکی بوونەتەوە، شارەکان وێران بوون و گروپە چەکداریەکانیش هێشتا هەڕەشەن بۆ سەر دانیشتوانی وڵاتەکە.

پێشێلکاری
لە راپۆرتی لیژنەکەدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠١١وە خەڵکی سوریا رووبەڕووی خراپترین جۆرەکانی پێشێلکاری بوونەتەوە، لەوانەش تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی.

کارین ئەبوزەید ئەندامی لیژنەکە لەبارەی هاوکارییە مرۆییەکانەوە دەڵێت، هاوکارییە مرۆییەکان بەردەوام دەوەستن، رێگرییان لێدەکرێت و ناهێڵن بگات بە دەستی ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی.

ئەندامەکە دەڵێت، ناوچەکانی سوریا لەژێر دەستی هەر گروپێکدا بن، نابێت رێگری لە گەیاندنی مافە سەرەتاییەکانی وەک خواردن و ئاو بۆ دانیشتوانی ژیر دەستیان بکەن.

ئەبوزەید باس لەوە دەکات، بەهۆی بەئامانجگرتنیان و ئەو زیانانەی بەریان کەوتووە، تیمە پزیشکییەکان ناتوانن خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بە دانیشتوانی سوریا بگەیەنن، ئەوە جگە لەوەی پەتای کۆرۆان هێندەی دیکە کاری تیمە پزیشکییەکانی سەخت کردووە.

 

ئاماری رەش

سوریا ١٠ ساڵە لەژێر جەنگ، ماڵوێرانی، شەڕی چەکداری و ململانێی سەختدایە. بەهۆی ئەم دۆخە سەختانەوە ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی ئەم وڵاتە ناچار بە هەڵهاتن و کۆچی ناچاری کراون.

دانیشتوانی سوریا کە ساڵی ٢٠١٠ سەرووی ٢١ ملیۆن کەس بوون، لە ئێستادا ئەم ژمارەیە بۆ نزیکەی ١٧ ملیۆن کەس دابەزیوە، ئەمەش دۆخی نالەبار و سەختی ئەو وڵاتە دەردەخات. لە کاتێکدا دانیشتوان لە وڵاتانی جیهان زیاد دەکەن، لە سوریای گیرۆدەی جەنگ بەردەوام کەمدەکات.