ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

08:58 - 22/02/2021

تاران چۆن دژایەتی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا دەکات؟‌

پەیسەر

تورکیا چەند ساڵێکە چالاکییەکانی دژی پەکەکە لە قوڵایی خاکی هەرێم ئەنجام دەدات، بەتایبەت لە چەند مانگی رابردوودا، ئەمەش ئێرانییەکانی نیگەران کردووە و بە هەڕەشە لەسەر پێگەی خۆیان لە عێراق تەماشای دەکەن. لەگەڵ ئەوەی تاران نیگەرانییەکانی دەشارێتەوە بەڵام لە رێگای میلیشیا چەکدارەکانەوە دژایەتی بوونی تورکیا دەکات و پەیام بۆ ئەنقەرە دەنێرێت.

تورکیا قوڵتری کردەوە
لە ١١ مانگی رابردوودا، رووبەری ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان فراوان بووە و ئەم فراوانییەش بەردەوام لە زیادبووندایە. قوڵایی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا زۆرتر و ئەگەری پێکدادانەکانیش گەورەتر دەبن.

لە هاوینی رابردوودا سەربازانی تورکیا بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر هاتنە ناو هەرێمی کوردستان و لە نزیک قەندیلی نزیک لە سنوری ئێران زیاتر لە ١٠ خاڵیان دروستکرد، ئەمەش وەک پەیامێک بۆ ئێران تەماشا دەکرا کە لێرە ناکشێنەوە و رەنگە بۆ هەمیشەش بمێننەوە.

دەزگای هەواڵگری نەتەوەیی (میت) و هێزە چەکدارەکانی تورکیا هەر بە ئەمەوە نەوەستان، لە ١٠ی شوباتدا ٢٥ کیلۆمەتر هاتنە ناو قوڵایی هەرێمی کوردستان و ئۆپراسیۆنی چڕنوکی هەڵۆ – ٢یان بۆ سەر چیای گارە ئەنجامدا.

پەیام بۆ تاران
رۆژی سێشەممەی رابردووش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، بۆ ئەوەی وڵاتەکەی رووبەڕووی هێرشی دیکە نەبێتەوە لە هەرکوێ پێویست بکات دەمێننەوە. ئەمەش پەیامێک بوو بۆ هەرێم، عێراق و ئێران.

لە ئێستادا تورکیا چاوی لە ناوچەی موسڵ و شنگالە کە پەکەکە تێیدا بەهێزن و هەوڵی مانەوە دەدەن. ئەم زیاتر هاتنە ناوەوەی ئەنقەرە بۆ تاران مایەی نیگەرانییە، بەرپرسانی تورکیاش پێیان وایە ئێران نیگەرانە لە هەنگاوەکانیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

محەمەد ماراندی پڕۆفیسۆر لە زانکۆی تاران کە بە نزیک لە حکومەتی وڵاتەکەی ناسراوە بە بی بی سی راگەیاندووە، تورکیا تاکو دەڕوات زیاتر لە ئەمریکا دەچێت، سەربازەکانی رەوانەی لیبیا، سوریا و عێراق ناردووە و گروپە چەکدارەکانی بۆ ئازەربایجانیش نارد، ئەم دۆخەش ئێران نیگەران دەکات. ئەم دۆخە تارانیش نیگەران بکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە بە زۆر گرنگ دەزانێت. بۆیە نیگەرانییەکانیش بە ئاشکرا ناڵێت و لە ژێرەوە دەیگەیەنێت.

نیگەرانی رانەگەیەندراو
پڕۆفیسۆرەکە باس لەوە دەکات، ئێران هێرشەکانی تورکیا بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق دەزانێت، بۆیە لە گفتوگۆ رانەگەیەندراوەکاندا ئەم نیگەرانییە بە بەرپرسانی تورکیا دەگەیەندرێت.

خاڵی ناکۆکی گەورە لە باشیکەوە دەستیپێکرد، ئەوەش کاتێک هێزەکانی تورکیا بە بیانووی راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە هاتنە باشیکە کە ١٥ کیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورە، ئەمەش کاردانەوەی توندی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە.

بەرپرسانی حکومەتی تورکیا پێیان وابوو ئێران لە پشت نیگەرانییەکانی عێراقەوەیە، بەڵام تاران خۆی ئەم نیگەرانییەی دەرنەبڕیوە و لە رێگەی بەغدادەوە ئەم کارەی کردووە.

دوای ماوەیەک لە نیگەرانی، بەپێی زانیارییەکان لە دوا گفتوگۆکانی نێوان ئەنقەرە و تاراندا باس لە بابەتی باشیک کراوە و هێمن کراوەتەوە.

لەگەڵ ئارامبوونەوەی نیگەرانییەکان، ئۆپراسیۆنی سەر گارە جارێکی دیکە ناکۆکیی رانەگەیەندراوی خستووتەوە نێوان تاران و ئەنقەرە.

ئێران دوودڵە
ئێستا ئەوەی ئێرانییەکانی زیاتر نیگەران کردووە، پلان و ئامانجەکانی تورکیایە لە موسڵ. لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیا لەبارەی هێرشکردنە سەر شنگال بەرپرسانی تارانی دوودڵ و نیگەران کردووەتەوە، بەڵام تاکو ئێستا ئێران بە فەرمی ئەم نیگەرانییەی دەرنەبڕیوە.

بەرگری گەریلا لە دژی هێرشەکانی تورکیا، شکستە یەک لە دوای یەکەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی گەریلا، قەیرانی ئابووری و ناکۆکییە ناوخۆییەکان لەو دەیان هۆکارەن وەها دەکەن تورکیا نەتوانێت لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە، بۆیە ئێران سەرەڕای ئەوەی نیگەرانە، تاکو ئاستێکی زۆر دڵنیایە لەوە تورکیا لەم ناوچانەدا توانای مانەوەی نییە.

دژایەتی ئەنقەرە
لە سێیەم رۆژی ئۆپراسیۆنی گارەدا، هێزەکانی حەشی شەعبی کە ژمارەیان نزیکەی ١٠ هەزار چەکدار دەبوون، لە شنگال و دەورووبەری جێگیر کران، فەرماندەکانی حەشدی شەعبی رایانگەیاند، بە "مشتی ئاسنین"ەوە رووبەڕووی سوپای تورکیا دەبنەوە و رێگا نادەن شنگال "داگیر" بکرێت.

ئەگەر نزیکە هاتنەپێشەوەی حەشدی شەعبی بە هاندانی ئێران بووبێت، تاران نەیویستووە راستەوخۆ دژایەتی ئەم هەنگاوە ئەنقەرە بکات و ئەم کارەی بە حەشدی شەعبی کردووە، چونکە ئێران لە دۆخێکدایە کە نایەوێت لەگەڵ تورکیا تێکی بدات.

دژایەتی عەسائیبی ئەهلی حەقیش بۆ ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا دوور نییە هەر بە هاندانی ئێران بووبێت، تاکو ئەو پەیامە بە ئەنقەرە بگەیەنرێت کە تاران لە فراوانخوازییەکانی سوپای تورکیا بێدەنگ نابێت و بەشی ئەوەی هێزی لە عێراق هەیە کە ئەم لەشکرکێشییە تووشی گرفت و شکست بکات.