ڕاپۆرتی کوردستانی

02:26 - 22/02/2021

پەیسەر ناوی ئەو پرۆژانە بڵاو دەكاتەوە كە مۆڵەتیان لە وەبەرهێنان وەرنەگرتووە‌

پەیسەر

پەیسەر ناوی ئەو پرۆژانە ئاشكرا دەكات كە لە سنوری پارێزگای سلێمانی مۆڵەتیان لە وەبەرهێنان وەرنەگرتوە و لە كاركردن بەردەوامن، سەرۆکی پێشووی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت، ئەوانەی بەناوی وەبەرهێنەری ناوخۆیی کاریان کردووە بەپاڵپشتی کەسێکی سیاسی پرۆژەكەیان وەرگرتوە، مامۆستایەكی زانكۆش دەڵێت، وەبەرهێنانی ڕاستەقینە ئەوەیە وەبەرهێنەر سەرمایەی خۆی بەکابهێنێت بۆئەوەی پڕۆژەیەک دروستبکات، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانیش دەڵێت، توانیومانە هەلی کار دابین بکەین و ئەو قەیرانەی بەهۆی کورتهێنان لە بودجە دروست بووە بەشێکی پڕ بکەینەوە.

ناوی ئەو پرۆژانەی كە مۆڵەتیان لە وەبەرهێنان وەرنەگرتوە
عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دارایی سەخت و ناحۆشدایە و چەندین ساڵە نەتوانراوە خەڵک دابمەزرێت، بۆیە پەنا بۆ رێگای دیکە براوە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییانەی دروست بوە پڕبکرێنەوە، یەکێک لە رێگاکانیش پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنانە و پێویستە سەمایەدارو خاوەن پارەکان بێنە پێشەوە ئەو کورتهێنانەی لەبودجە دروست لە ڕیگەی پرۆژەوە بۆ شارەكان پڕبكەنەوە.

وتیشی، لەهەروڵاتێک وەبەرهێنان سەرکەوتووبوو تیجارەت سەرکەوتوو دەبێت، یاسای ئێمە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە پێویستە هەندێ ئیمتیازات زیادبکرێ و لەبەرامبەردا هەندێ سزا دیاری بکرێت و ئێمە لە سلێمانی 43 پڕۆژەی نیشتەجێبوونمان هەیە، بەڵام لایەنەکانیتر 20 پڕۆژەیان هەیە.

بەپێی وتەی بەڕێوەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی هەر یەك لە پرۆژەكانی، دریم سیتی، نەورۆز سیتی، دەروازە سیتی، ئیمپایەر، تاونستی، دایک سیتی، گوندی ئەڵمانی سێ، پڕۆژەی ناوباخی گشتی، شوقەکانی یەکگرتو، هەموو ئەم پرۆژانە مۆڵەتی وەبەرهێنانیان نیە و ئێمە لیێان بەرپرس نین.

پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە چەند ساڵی ڕابردودا
لە ساڵی 2004 تا ساڵی 2020 کۆی گشتی 261 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتی وەرگرتوە و لە ساڵەکانی 2019 بۆ 2020 کە بە تێکەڵی کارەکان تیایاندا ئەنجامدراوە 34 پڕۆژە مۆڵەتیان وەرگرتوە.

لەبارەی پڕۆژەکانی وەبەرهینان بۆ ئەمساڵ 2021 بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی  ئاشکرایکرد: بۆ ئەمساڵ و لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 34 پڕۆژە مۆڵەتیان پێدراوە لەسەر روبەری هەزار و 450 دۆنم.

لە کۆی ئەو 34 پڕۆژەیە 17 پڕۆژەیان پیشەسازییە و چوار پڕۆژەیان بازرگانی و چوار پڕۆژەی دیکەیشیان بۆ کەرتی فێرکردنە.

هەروەک ئەو سەرمایەیەی بۆ ئەم پڕۆژانە دیاریکراوە بڕی (1.047.366.256) دۆلارە و کۆی گشتی (42%)ـی سەرمایەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت.

ڕەخساندنی هەلی كار لە ڕێگەی پرۆژەی وەبەرهێنانەوە
کۆمەڵێک کارگە کراونەتەوە کە دەرفەتی هەلی کارن بۆ خەڵک، بۆنمونە تەنها لەیەک پڕۆژەی کارگەی جپسی پەتاتە 960 کەس موچەی تێدا وەردەگرێت، ئەی ئەوە دابینکردنی هەلی کارنیە.
پڕۆژەی وەبەرهێنان بەبێ زەوی ناکرێت و ئەو زەوییانەش بەپێی یاسا و رێنمایی دەدرێن، بۆیە لە رێگەی پێدانی زەوی بە دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان ئەو بۆشاییانە پڕدەکەیتەوە کە بەهۆی کورتهێنان لە بودجە و قەیرانی دارایی دروست بووە.

لە دوای ساڵی 2013ەوە وەبەرهێنان بەتەواوی هەرەسی هێنا، دەتوانین بڵێن، 2013 دواین ساڵی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان بووە لەسایەی مووچەی بەغداد، لەساڵی 2013 و سەرەتای 2014 بوودجە ڕاگیرا

بەپێی چەند ئامارێك كە دەست پەیسەر كەوتوە قەبارەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2013، (10.600.000.000$) ساڵی 2017، ( 712.000.000$) و ساڵی 2018، (3.600.000.000$) دۆلار بووە.

هاوكات بەثێی ئاماری ڕەسمی دەستەی وەبەرهێنان، قەبارەی وەبەرهێنان،  41.876.333.655$ دۆلار و قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی 5.756.631.374$ دۆلار و قەبارەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی، 32.322.113.025$ دۆلار و هاوكات وەبەرهێنانی هاوبەش قەبارەكەی 3.797.589.256 $ دۆلار بووە و  ڕێژەی وەبەرهێنان، بیانی 13.75% ناوخۆیی 77.18% هاوبەش 9.07%.