ڕاپۆرتی کوردستانی

11:49 - 23/02/2021

بۆچی ڕوسیا پشتگیری لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران نەکرد؟‌‌

پەیسەر

لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم دا (١٩١٤ – ١٩١٨) دەوڵەتی عوسمانی کە بە "پیاوە نەخۆشەکە" ناسرابوو، لە هەموو لایەکەوە دەورەدرا و گەلانی بەڵکان و ڕوسیا و یۆنان و بەریتانیا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی خاکی تورکیای ئەمرۆیان دەدا.

  لە ئەنجامدا لە هەموو بەرەکاندا شەڕ لە نیوان سوپای عوسمانی و سوپای ئەو وڵاتانەدا ڕوویدا و سەردەمێکی نوێ لە تورکیا دەستیپێکرد. بەهۆی لاوازی دەوڵەتی عوسمانییەوە، کاربەدەستانی دەوڵەت خۆیان لە سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی باکوری کوردستان نزیک کردەوە.

لە ناو سوپای عوسمانیدا بە سەدان ئەفسەری پلەبەرزی کورد هەبوون و زۆربەیان بە نهێنی ئەندامی کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکان بوون. تورکەکان بەلێنی زۆریان بە سەرکردە کوردەکان دا بۆ ئەوەی کورد و تورک بەیەکەوە ڕووبەڕووی هێزە دەرەکییەکان ببنەوە

لە ئەنجامدا وەڵاتانی ناوچەکە بەپێی پرۆژەی بەریتانیا و زلهێزەکانی دیکەی جیهان رێککەوتن و سنوری دەوڵەتەکان دیاریکرا و کۆتایی بە ئیمپراتۆری دەوڵەتی عوسمانی هێنرا و لەبەرامبەردا بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک کۆماری تورکیا دامەزرا.

هەرچەندە کوردەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە دامەزراندنی کۆماری تورکیا و پاراستنی دەستکەوتەکاندا هەبوو، بەڵام مستەفا کەمال و کاربەدەستانی دیکەی تورکیا بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکرد و لە دەستووری تورکیادا هیچ مافێک بۆ کورد دیارینەکرا.

هەڵوێستی کوردەکان و شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران
دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، هەرچەندە کوردەکان زۆرجار لە گەڵ بەرپرسانی حکومەت کۆبوونەوە و داوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان کرد، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ کورد زیاتر پشتگوێ خرا. هەڵوێست و فشاری کەمالیستەکان بووە هۆی بێ ئۆمێدی گەلی کورد.

دامەزراندنی دەوڵەت _ نەتەوە لە ناوچەکەدا و پەراوێزکەوتنی گەلی کورد بووەهۆی  هۆشیاربوونەوەی کورد و بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوی و بیری یەکگرتنی گەلی کورد لە هەموو ناوچەکانی کوردستان.

 

ساڵێک دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا و لە ساڵی ١٩٢٤دا شێخ سەعید لە ناوچەی پیرانی پارێزگای ئامەدی باکوری کوردستان دەستی بە خەباتی سەربەخۆییخوازانەی کوردستان کرد

بە هۆی نائۆمێدی لە بەڵێنەکانی ئەتاتورک، زۆربەی کەسایەتی و سەرکردە کوردەکان چوونە پاڵ شێخ سەعیدی پیران و لە ماوەیەکی کەم و لە چەند مانگدا شۆرش لە باکوری کوردستان تەشەنەی سەند.

دەوڵەتی تورکیا لە شارە تورکییەکانیش دەستی بە داخستنی کۆمەڵە و رێکخراوە کوردییەکان کرد. یەکێک لەو کۆمەڵانەش "کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد" بوو.

ئەو کاتە " عەبدولقادر ئەفەندی " کوڕی " شێخ عوبەیدوڵای نەهری" سەرۆکی کۆمەڵەکە بوو و ناوەندەکەی لە ئیستانبوڵ بوو. دەوڵەت ڕێگری کرد لە کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەکە. عەبدولقادر ئەفەندیش لەو کاتەدا بە نهێنی نامەیەک بۆ شێخ سەعیدی پیران دەنێرێت و تێیایدا دەڵێت،" لێرە دەوڵەت هیچ رێگایەکی بۆ ئێمە نەهێشتووەتەوە. وادیارە کۆمەڵەکە دادەخرێت. پێویستە جەنابت، کەسایەتییە کاریگەرەکان کۆبکەیتەوە و جێگرەوەیەک بۆ کۆمەڵەکە دروست بکەیت کە هەمان ئامانجی سیاسیی هەبێت".

دوای نامەکەی عەبدولقادر ئەفەندی، شێخ سەعید بە سەرۆکایەتی "خالید بەگی جبری و ئەندامێتی ژمارەیەک سەرۆک عەشیرەت، شێخ و مەلای کورد و ئەو ئەفسەرە کوردانەی کە پێشتر لە سوپای عوسمانیدا خزمەتیان کردبوو کۆمەڵەیەکی بە ناوی " گەلی کورد و دۆزی یاسایی" دامەزراند.

 

لە یەکەمین کۆبۆنەوەی کۆمەڵەکەدا لە گەڵ شێخ سەعیدی پیران، باس لە گرنگی پشتگیری وەڵاتێکی زلهێز بۆ شۆرشەکە کرا

حەسەن هوشیار، نوسەر و شۆڕشگێڕی کورد کە ڕۆڵێکی گەورەی لە شۆرشی شێخ سەعیدی پیراندا هەبوو، لە نووسینێکیدا دەڵێت، لە کۆنەوەکەی شێخ سەعید و کۆمەڵەی  " گەلی کورد و دۆزی یاسایی" دا، ژمارەیەک ئەندام داوایان کرد، بۆ پشتگیریکردن لە شۆرشەکە پەیوەندی بە فەڕەنساوە بگرێت. هەندێکیشیان بەریتانیایان پێ باش بوو، بەڵام بە هۆی ئەو ناکۆکیانەی کە لە نێوان ڕوسیا و تورکیادا هەبوو و پێش کۆماری تورکیا شەڕێکی گەورە لەنێوانیاندا ڕوویدابوو، شێخ پێی باش بوو نامەیەک بۆ دەوڵەتی ڕوسیا بنێرن و داوای پشتگیریان لێ بکەن.

نامەکەی شێخ بۆ کاربەدەستانی روسیا  و وەڵامەکەی
شێخ سەعید بە ئاگاداری ئەندامانی کۆمەڵەکە نامەیەک بۆ بەرپرسانی دەوڵەتی ڕوسیا دەنێرێت و تێیدا دەڵێت،" بە هۆی ئەوەی ئێوە لە جوگرافیای کوردستان نزیکن، لە ولاتانی ئەوروپا زیاتر ئاگاداری مێژوو و پرسی گەلی کوردن. دەزانن کورد چەند شۆڕشی کردووە. ئێوە باش دەزانن، مەنگۆلەکان هاتۆنەتە وڵاتی ئێمە و دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست. دەیانەوێت ئێمەی کورد بە زۆر بکەن بە تورک. ڕێگە نادەن ئێمە بە زمانی دایکی خۆمان بخوێنین و بنووسین. لە هەموو مافێکی مرۆڤ بێبەشمان دەکەن. لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابوریش زیانمان پێ دەگەیەنن.

لە ئایدۆلۆژیای ئێوەدا یارمەتیدان و پشتگیریکردن لە گەلانی ژێردەست هەیە. ئێمەش ئێستا خەبات بۆ مافی خۆمان دەکەین و هیوادارین پشتگیری سیاسیمان بکەن.

دوای سڵاو و ڕێزێکی بێ پایان، ئێمە چاوەڕێی وەڵامی ئێوەین و چاوەڕێی کۆبوونەوەیەک دەکەین و ئیوە کات و شوێنەکەی دیاری بکەن". 

وەڵامی ڕوسەکان
" ئێمە دەزانین ئێوە گەلێکی ئارین. بناغەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. لە سەردەمێکی کۆنەوە لە سەر ئەم جوگرافیایە دەژین. هەروەها دەزانین لە وڵاتەکەی خۆتاندا زوڵمتان لێ دەکرێ. هیچ کەسێک ناتوانێت هەبوونتان ڕەتبکاتەوە. بەڵام ناتوانین دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا بکەین. ئێمە ئامادەی پشتگیری سیاسی نین. بەڵام کە ئێوە لە دژی دەوڵەتی تورکیا لە تێکۆشاندان، ئێمە یارمەتی دەوڵەتی تورکیا نادەین."

بۆچی روسیا پشتگیری لە شێخ سەعید نەکرد؟

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و شەڕی نێوان عوسمانی و ڕوسەکان، هەر دوولا دەستیان بە دانووستان کردبوو و لە ساڵی ١٩٢٠ پەیمانێکیان ئیمزاکردبوو، بەڵام کوردەکان ئاگاداری ناوەڕۆکی پەیمانەکە نەبوون.

لە سنوری ئەرمینیا و باکوری کوردستان شەڕێکی گەورە لە نێوان چەکدارە ئەرمەنەکان بە پشتگیری ڕوسیا و تورکەکان لە ئارادابوو. بەڵام لە ٢ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٠ لە شاری گومروی ئەرمینیا شاندێکی تورکیا بە سەرۆکایەتی فەریق کازم قەرە بەکر پاشا فەرماندەی ڕۆژهەڵاتی سوپای تورک و شاندێکی ئەرمینیا بە سەرۆکایەتی موسیۆ ئەلکساندرۆ هاتیسیان سەرۆکی پێشووی ئەرمینیا کۆبوونەوە و پەیماننامەی ئاشتی " گومرە" یان کە لە ١٨ مادە پێکدەهات ئیمزاکرد.

لە پەیماننامەکەدا بە هەموو جورێک، دەستوەردان لە کاروباری یەکتریدا وەک پێشێلکردنی پەیماننامەکە هەژمار دەکرا و پێویست بوو هەردوو لایەن پابەندی ئەو سنوور و یاسایانە بن کە بۆیان دانرابوو، دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیاش، پەیماننامەکە هەڵنەوەشێندرایەوە و وەک خۆی مایەوە.