لێکۆڵینەوە

12:05 - 26/02/2021

ئەم زەمەنەی شەمەندەفەر بە كەركوكدا تێدەپەڕیی‌

ئومێد نه‌جم

شەمەندەفەرەكە هات
شەمەندەفەر یەكێكە لە ئامرازە گرینگەكانی گواستنەوە، لەسەرەتای ساڵانی سەدەی نۆزدەهەم و لەپاش كەشتی و گالیسكە و ترام و ...هتد لە بەریتانیا داهێنراو دروستكرا. لەپێش داهێنانی ئۆتۆمبێل و فرۆكە و تاكو ساڵانی سەرەتای بیستەم، بەخێراترین ئامێری گواستنەوە دەهاتە ژماردن و خزمەتێكی بەرچاوی بواری گواستنەوەی كرد لەجیهاندا، تاكو ئێستاش لە زۆر وڵاتانی جیهاندا، گرینگترین ئامرازی گواستنەوەیە لەجیهاندا.

لەپاش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و لەسەرەتای ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوو، شەمەندەفەر هاتە عێراقەوە، 

سەرەتا ئینگلیز بۆ كاروباری سەربازی بەكاریدەهێنا
ئینگلیزەكان بەحوكمی ئەوەی خۆیان لەوڵاتێكی پێشكەوتوی جیهانەوە هاتبون بۆ عێراق، مانەوەشیان بۆ چەند رۆژ و مانگێك نەبوو، لەبەر ئەم هۆیە و هەرهیچ نەبێتت لەبەر خۆیان بایەخیان بەو شوێنە زۆردەدا كە لێی دەژیان، دەیانویست نزیكی بخەنەوە لە لەندەنەكەی لای خۆیان، لەپاڵ ئەمەشەوە خەڵكی ناوچەكە و كەركوك سودیان لەو بارە دەبینی و خۆشگوزەران بون پێی.

ئینگلیز هەرچۆنێك بێ لەگەڵ خۆیاندا بە پێودانگی ئەو سەردەمە شارستانیەتیان هێنایە كەركوكەوە. دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەر ڕێگای هات و نەهاتی نێوان كەركوك و بەغدای نزیك كردەوە.

لەسەرەتاوە ئینگلیز بۆ كاروباری سەربازی شەمەفەندەفەری كەركوكی بەكاردەهێنا، دواتر شەمەندەفەری بۆ هاتوچۆكردن و كاروباری گشتی خەڵكیش بەكارهێنا، بۆ نموونە بازرگان و جوملە چییەكانی كەركوك زۆربەی كەلوپەل و خۆراك و پێویستی ماڵان لەبەغدا كە سەنتەری بازرگانی عیراق بوو بە شەمەندەفەر دەهات بۆ كەركوك.

بارزگانی گەشەیكردو هەلی كاری ڕەخساند
هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەری كەركوك  ڕۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە گەشەكردنی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی بەرووبوومی كوردستان لەگەڵ خواروو و ناوەڕاستی عیراق.  هەروەها لەڕووی ئابوریشەوە  جوڵەی خستە بازاڕەوە، ژمارەیەكی زۆری كرێكاری لێ دامەزرا و هەلی كاریان بۆ ڕەخسا. چ لەبواری چاككردنەوەی هێڵی شەمەندەفەرەكە و یاخود وەك پاسەوان بۆ پاراستنی هێڵی شەمەندەفەرەكە، بەمشێوەیە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان بۆ دابین بوو.

بەستنەوەی كەركوك بەشاری بەغداوە
هاوكات بەستنەوەی كەركوك بەشاری بەغداوە، لەڕێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە ، گەشەی دا بە بازرگانی لە شاری كەركوك، بەستنەوەی ڕاستەوخۆی بەپایتەختەوە مەغزای سیاسی و ئابوری خۆی هەیە. هێَڵی شەمەندەفەر پێگەی كەركوكی لە هەمبەر شارەكانی ناوچە بەرزكردەوە، چونكە بوونی هێڵی شەمەندەفەر لە هەر شارێكدا گەشە بە چالاكی هاوڵاتیان و جوڵەی بازرگانی و گەشە بە بەرهەم هێنان و بەكاربردنیش دەدات.  لەمانگی ئەیلولی 1925 ڕێگای شەمەندەفەری كەركوك – بەغدا كۆتایی هات. كە درێژی هێڵی شەمەندەفەری نێوان كەركوك و بەغدا 323كەم بوو.

كە لەسەرەتای بیستەكانەوە لەڕێگەی هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەرەوە كەركوكیان بە بەغداد بەستەوە، سەفەركردنی نێوان بەغداو كەركوك بەشەمەندەفەر نزیكەی 10 كاتژمێری پێدەچوو. ئەم هێڵی شەمەندەفەرە كە دواتر درێژكرایەوە بۆ هەولێریش.بەتایبەت لە ساڵی 1949 كەركوك بە هەولێر بەسترایەوە. بەدوایدا هێڵێكی دیكەش ڕاكێشرا بۆ یەك بەستنەوەی كەركوك و بێجی و حەدیسە كە 252كم بوو.بەڵام بەمەبەست شاری سلێمانی لەمڕوەوە بێبەشكرا و شەمەندەفەری پێ نەگەیشت. كە ئەگەر ئەو پڕۆژەیە سلێمانیش تیابوایە دەورێكی گرنگی دەگێڕا لە چالاكی پیشەسازی و بازرگانی.

سەرەتا لەهیندستانەوە شۆفێریان بۆی هێنا
شۆفێرەكانی كورد بوون، بەعس دەریكردن
سەرەتا كە ئینگلیزەكان  شەمەندەفەریان هێنایە كەركوك، لە هیندستانەوەشۆفێرییان بۆ هێنابوو، پاشان ژمارەیەكی زۆری خەڵكی ناوچەكە وەرگیرابوون بۆ كاری شۆڤێری  پاش بینینی خولێكی سێ مانگی لە بەغدا بۆ فێربوونی شۆفێری.

شەمەندەفەرەكەی كەركوك بەناو گوندەكانی بەشیر و عەلی سەرای و هەفتەغاری ناوچەی داقوق تێدەپەڕی، لەنزیك شەمەندەفەرەكە كۆمەڵە ماڵێك خانویان دروست كرد وردە وردە خەڵكانێكی زۆر لێرەدا نیشتەجێ بوون وای لێهات ئێستا بوە بە گەڕەكێكی گەورە و هەر بەناوی (گەڕەكی مەحەتەی شەمەندەفەر) ناسراوە. كە بەشێكی زۆریان كورد و توركمان بوون.

بەڵام لە ساڵی 1974  بەفەرمانی دەسەڵاتدارانی بەعس، كرێكار و شۆفێرانی هێڵی شەمەندەفەری كەركوك هاوشێوەی سەدان فەرمانبەری تری كورد، بەهۆی كوردبونیانەوە  بەشێكی زۆریان لەكارەكانیان دوورخراوە یا گواسترانەوە بۆ شارەكانی خوارووی عێراق، ئەو خانوەشی پێیان درابو لێیان سەندرایەوە.

چەند شۆفێرێكی شەمەندەفەرەكەی كەركوك لە كوردانی كاكەیی بوون، لەوانە حاتەم مام رۆستەم، محەمەد حەسەن سەفەر، عیزدەین، حەمەخان زەینەڵ. هەروەها محێدین شیكە بەپرسی رێست هاوس بوو.

پشوودان و حەوانەی گەشتیار: 
رێست هاوس ئینگلیزەكان دروستیان كرد، وەك هۆتێل بو، جێگەی پشوودان و حەسانەوە بوو بۆ ئەو كەسانەی دەگەیشتنە وێستگەی شەمەندەفەرەكە یا لە سەفەر دەگەڕانەوە.دواتر ناوی ئەو ئوتێلە گۆڕا بە ناوی ئوتێلی ئەحمەد پاڵاس، ئەو كەسانەی لەبەغداوە بەسواری شەمەندەفەر دەگەیشتنە كەركوك لەوێ دادەبەزین بۆ پشوودان. وەك نوسەری ناوداری كورد شێخ محەمەدی خاڵ لەبیرەوەرییەكانیدا باسی كردووە لەساڵانی چل و پەنجاكان ناوبەناو بە شەمەندەفەر لەبەغداوە بۆ كەركوك هاتوچۆی كردوە و لەو ئوتێلە لایداوە.

وێستگەكانی هێڵی شەمەندەفەر لەهێڵی كەركوك- هەولێر:
1-وێستگەی جەلەولا (وێستگەیەگی سەرەكی بوول ە نێوان (بەغدا و كەركوك و خانەقین).
2-وێستگەی ئاسكی كفری
3-وێستگەی سلێمان بەگ
4-وێستگەی دوزخورماتوو
5-هەردوو وێستگەی هەفتەغار و عەلی سەرای (دوو ئاوایی كوردنشینی كاكەیی یە).
6- وێستگەی بەشیر
7-وێستگەی كەیوان (K1)
8- وێستگەی سەرەكی كەركوك
9-وێستگەی حەساری گەورە
10-وێستگەی پردێ (ئاڵتون كۆپری)
11- وێستگەی هەمزە كۆر
12-وێستگەی هەولێر نزیك ممنارەی چۆلی (كە دواهەمین وێستگەی هێڵی شەمەندەفەری نێوان (بەغدا –كەركوك- هەولێر )بوو. دواتر ئەم وێستگەیە پەكی كەوت، گۆڕرا بە زیندان لەكۆتایی هەشتاكاندا و هەتا ئێستاش بەناوی (سجنی مەحەتە) ناسراوە كە پیشتر (مەحەتەی قیتار)بوو.

ئیمتیازەكانی فەرمانبەران و كرێكارانی شەمەندەفەر
چارەسەری نەخۆشی بۆ كرێكاران و فەرمانبەرانی بەخۆڕایی (بەلاش) بوو، بەڕێوەبەرایەتی تایبەت بە كاروباری تەندروستی و سەلامەتی هەبوو، تیمەكانیان  جەولەی دەكرد و هێڵەكانی شەمەنەفەرەكەی بەسەر دەكردەوە، یەكێك لەو دكتۆرە بەناوبانگانەی لە نەخۆشخانەی هێڵی شەمەندەفەری كەركوكدا خزمەتی دەكرد لەساڵانی چلەكان و پەنجاكان دكتۆرێكی ئەرمەنی بوو بەناوی (بابكین بابیسیان).

یەكێك لەو ئیمتیازانەی فەرمانبەر و كرێكارانی شەمەندەفەر هەیانبوو ، ئەوەبوو خۆیان و خێزانەكانیان بلیتی سەفەریان هەبوو كە دەیانتوانی بە خۆڕایی گەشت بكەن لەتەواوی هێڵەكانی شەمەندەفەر وە تەنانەت سەفەریش بۆ دەوڵەتانی ئەوروپی. تەنانەت ئەم ئیمتیازە فەرمانبەرانی خانەنشینی یشی دەگرتەوە و سوودمەند بوون لێی.

تیپی وەرزشی تایبەت بەخۆیان هەبوو و لەهەموو چالاكیە وەرزشیەكانی ناوخۆی كەركوكدا بەشدارییان دەكرد. هەروەها ئیدارەی شەمەندەفەر هوتێل و جێگەی حەوانەوە، خواردنگەی بۆیان دابین كردبوو. جلوبەرگی تایبەت بە خۆیان هەبوو و ساڵانەش كۆمەلێك خەیات دەهاتنە شوێنی كارەكەیان قیاسیان دەگرتن بۆئەوەی بەرگی نوێیان بۆبدوورن.

عەلی مەردان كرێكاری هێڵی شەمەندەفەر بوو
هونەرمەندی ناوداری كورد عەلی مەردان لەسەرەتای گەنجیدا ئەوكاتە تەمەنی دەوروبەری هەدەساڵان بوو، ماوەیەك لەناوچەی هەفتەغاری داقوق ژیاوە، بۆ پەیداكردنی بژێوی بۆتە كرێكاری هێڵی شەمەندەفەری كەركوك – بەغدا، كە بەناو ئاواییەكە (هەفتەغار) تێدەپەڕی. ئەو كرێكارانە مەفرەزەی چاككردنەوە بون، ئیشان ئەوەبوو لەكوێ هێڵی ئاسنەكە خراپبوایە یا شەمەندەفەرەكە پەكی بكەوتایە ئەمان دەچوون چاكیان دەكردەوە.

وەك خۆی لە شعرێكدا باسی كردوە:
یەكسەر ڕێمگرتەبەر بۆ هەفتەغار
بومە عەمەلەی سەر سكەی قیتار

ئەو سەركردەو سیاسیانەی بە شەمەندەفەری كەركوكدا تێپەڕین
شەمەندەفەرەكەی كەركوك دەیان  و سەدان كەسایەتی ناوداری سیاسی و مەلیك و سەرۆكوەزیران و كاربەدەستانی پیادا تێپەڕیوە و بەشێكن لەیادەوەری شارەكە و فەرمانبەرانی دەوڵەت و خەڵكیش چوە بۆ هێڵی شەمەندەفەرەكە بۆ پێشوازییان.

هاتنی مەلیك فەیسەڵ 1927
لەدوای دامەزراندنی حكومەتی عێراق و هاتنی شەمەنەفەر بۆ كەركوك، ساڵی (1927)  مەلیك فەیصەڵ  لەبەغداوە بە شەمەنەفەر گەیشتە شاری كەركوك. ئامانج لەم سەردانی مەلیكی عێراق و وەفدی یاوەری مەراسیمی كردنەوەی بیری چاڵە نەوتیەكانی كەركوك بوو. 

هاتنی شێخ مەحمود
لە وێنەیەكی دەگمەنداشێخ محمودی حەفید لە  بەردەم هێڵی شەمەندەفەری كەركوكوەستاوە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۹۳۱.

ئەوكاتەی كاتەی ئینگلیزەكان شێخ محمودیان  لە كوردستانەوەدورخستەوە بۆ ناوەڕاست و باشوری عێراق.شێخ مەحمودی حەفید بەسواری ئەم شەمەندەفەرە سەفەری بەغدای كرد. 

سەرۆكوەزیرانی دوو وڵات گەیشتنە كەركوك
لە ساڵی 1952 دا ڕێكەوتننامەی سەربازی دوو قۆڵی نێوان حكومەتی عێراق و توركیا مۆركرا، سەرۆك وەزیرانی ئەو سەردەمەی توركیا (عەندنان مەندەریس) سەردانی عێراقی كرد ، پێكەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری سەعدی بە شەمەندەفەر هاتنە كەركوك. جگە لە كاربەدەستانی حكومەتی، بەشێك لە توركمانەكان چوون بە پیریانەوە بۆ محەتەی شەمەندەفەری كەركوك.

هاتنی وەفدی توركیا
هەروەها لە ساڵی 1953 وەفدێكی حكومەتی توركیا گەیشتنە كەركوك و لەوێستگەی شەمەندەفەرەكە پیشوازییان لێكرا. هاتنی وەفدی توركیا ئامانج لێی بۆ پیرۆزبایی كردن بو لە فەیسەڵی دووەم بەبۆنەی بونە مەلیكی عێراق

مەلا مستەفا لەوێستگەی شەمەندەفەر پێشوازی لێكرا
هەروەها دوای شۆڕشی چواردەی تەمموزی 1958‌و هاتنەوەی مەلا مستەفا لەیەكێتی سۆڤییەتەوە بۆ عێراق، لەبەغداوە لەڕێگەی شەمەندەفەر گەیشتە كەركوك و جەماوەرێكی فراوانی شار چوون بەپیرییەوە بۆ هێڵی شەمەندەفەرەكە و بەخێرهاتنیان لێكرد و پاشاان بەڕێكەوت بەرەو هەولێر. هەر لەكۆتایی ئەو ساڵەدا (1958) ئاهەنگێكی گەورە سازكرا لە وێستگەی شەمەندەفەرەكە لە گوندی حەساری گەورە، بەبۆنەی سەركەوتنی شۆڕشی چواردەی تەموز و گەڕانەوەی كورد لە سۆڤیەت.

كاریگەرییە ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانی شەمەندەفەری كەركوك
ڕاكێشانی هێڵی شەمەندەفەر بۆ كەركوك هەلی كاری ڕەخساند، تێچووی سەفەر كردنی كەمكردەوە و، بوە هۆی زیادبونی جوڵە و بزوتنەوەی گەشتیاری  لەشارەكە، بەتایبەت فەرمانبەران سودیان لەم فرسەتە بینی. گەشتكردن لەكەركوكەوە بۆ بەغدا هەر بڕینی چەند سەعات ڕێگای ماندووكەر نەبوو، بەڵكو بینینی هەموو ئەو شوێنەوارە مێژوویی و ژینگە و نەتەوەی جیاواز بوو، بەهەمان شێوە هانی گەشتیارانی دا لەبەغداوە بەرەو كوردستان گەشت بكەنبۆ بینینی هاوینەهەوار و ناوچە سەوزاییەكانی كوردستان. جگە لەوەی ڕێگەی ئاسانكرد بۆ زیارەتكارانی ئاینی بۆ سەردانی هەندێك لەمەزارە ئاینیەكانی ناوچەی كەركوك و داقووق وەكو مەزاری ئیمام زەینەڵ عابدین كە بەلای شیعەكانەوە مەزارێكی پیرۆزە.

هونەرمەندانی گەیاندە ڕادیۆی بەغدا
لەبواری هونەریشدا ئەم شەمەندەفەرە ڕێی دوورو درێژی بەغدای نزیك كردەوە بۆ هونەرمەندانی كورد تا بچن لە بەشە كوردییەكەی رادیۆی بەغدا گۆرانی بڵێن، و دەنگیان تۆمار بكەن و لەناو خەڵكدا ناسران. لەوانە عەلی مەردان و حوسێن عەلی و سەڵاح داودە و دەیان هونەرمەندی باشوری كوردستان بەسواری ئەم شەمەندەفەرە گەیشتنە بەغدا و لەرادیۆ و تەلەفزیۆن بەرهەمی تازەیان تۆماردەكرد.

یەكێك لەو سەفەرانە هەردوو هونەرمەندی دیاری كورد حەسەن زیرەك و حوسێن عەلی بەیەكەوە سەفەر دەكەن،  لەناو شەمەندەفەرەكە تا دەگەنە بەغدا گۆرانیان بۆ ئەو خەڵكە گوت.

لەئێستادا شەمەنەفەرەكەی كەركوك  شتێكی نەماوە جگە لە یادەوەری و وێنەكانی و سكە لەكارخراوەكەی كە بەبینینی خەڵكەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ یادگاری ئەو سەردەمە.

سەرچاوەكان:
1-تاریخ الحدید السكك وأپره  والاجتماعی االقتصادی  فی كركوك:  دلشاد عمر عبدالعزیز
2- جارانی كەركوك: زاهیر شكور
3-بیرەوەرییەكانی عەلی مەردان
4_ كەركوك بۆ مێژوو دەدوێت، چاوپێكەوتنی د.نوری تاڵەبانی
5- سیماكانی كەركوك: ستار جەباری