ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:10 - 27/02/2021

بایدن بە خوێنی خاشقچی، خۆری محەمەد بن سەلمان ئاوا دەکات؟‌

پەیسەر

دوای کپکردنەوەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە، جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا دۆسیەی کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی لەسەر محەمەد بن سەلمان زیندوو کردووەتەوە. راپۆرتە بڵاوکراوەکەی هەواڵگری ئەمریکاش دەڵێت، رۆژنامەنووسەکە بە فەرمانی شازادە گەنجەکە کوژراوە.

بەڵای سەلمان
ئیدارەی نوێی ئەمریکا راپۆرتی هەواڵگری وڵاتەکەی لەبارەی کوشتنی جەمال خاشقچییەوە بڵاوکردەوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "هەڵسەنگاندن بۆ مۆڵەتپێدانی شازادەی جێنشینی سعودییە دەکەین بۆ دەستگیرکردن یان کوشتنی جەمال خاشقچی لە شاری ئیستانبوڵ."

راپۆرتەکەی هەواڵگری ئەمریکا دوو ساڵ پێش ئێستا ئامادە کراوە و تەنها بەشێکی کەمی بڵاوکرابووەوە، ئەوەی ئێستا بڵاوکراوەتەوە بە روونی دەڵێت، "ئەم هەڵسەنگادنە لەسەر بنەمای ئەوەیە؛ هەوڵەکانی محەمەد بن سەلمان بۆ بێدەنگکردنی دەنگی بەرهەڵستکارەکانی دەسەڵات لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، لە ناویشیاندا جەمال خاشقچی، بەشداریکردنی خۆی لە بڕیاری کوشتنەکەدا و بەشداریکردنی راوێژکارێکی گەورە و گرنگی خۆی و پاسەوانەکانی لە کوشتنەکەدا."

راگرتنی راپۆرتەکە؛ راگرتنی دڵی سەلمان
لەگەڵ ئەوەی راپۆرتەکە ساڵی ٢٠١٩ ئامادە کراوە، بەڵام بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ بڵاوکردنەوەی راگیرابوو، لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٧وە شازادەی جێنشین دەسەڵاتی رەهای خۆی بەسەر دامەزراوەکانی ئاسایش و هەواڵگری وڵاتەکەیدا سەپاندووە، بۆیە بەرپرسانی سعودیە پێیان وایە ئۆپراسیۆن و کوشتنێکی لەم شێوەیە بەبێ فەرمان و مۆڵەتی شازادەی جێنشین ئەگەرێکی زۆر کەم و لاوازە."

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو کەسانەی لە خوارەوەن، پێیان وایە ئەگەر فەرمانەکانی شازادەی جێنشین جێبەجێنەکەن و گوێڕایەڵ نەبن، ئەوا دەردەکرێن و دەستگیردەکرێن، بۆیە هەموان پێیان وایە کوشتنێکی لەم جۆرە بەبێ فەرمانی ئەو ناکرێت."

دۆسیەکە روونە
لەناو ئەو گروپە ١٥ کەسییەی کە رۆیشتوونەتە ئیستانبوڵ و گوایە بەشدارییان لە پڕۆسەی کوشتنی خاشقچیدا کردووە، چەند کەسێکیان سەر بە بەشی کاروباری میدیای سعودی بوون کە لەو کاتەدا ئەم دەزگایە لەلایەن سعود ئەلقەحتانییەوە سەرۆکایەتی دەکرا، قەحتانیش راوێژکاری نزیکی شازادەی جێنشین بوو، ئەم راوێژکارە ساڵی ٢٠١٨ بە روونی ئاماژەی بەوە کردبوو، بەبێ مۆڵەتی شازادەی جێنشین هیچ بڕیارێکی نەداوە.

لەناو گروپەکەدا حەوت کەس هەبوون کە پاسەوانی زۆر تایبەتی شازادەی جێنشینن، گومانیش لەوەدا نییە کە ئەم پاسەوانانە بەبێ فەرمانی محەمەد بن سەلمان ناتوانن بەشداری پڕۆسەیەکی کوشتنی لەم جۆرەدا بکەن.

پێش بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە، جۆ بایدن بە تەلەفۆن لەگەڵ سەلمان عەبدولعەزیز پاشای سعودیە قسەی کرد. لە راگەیەندراوی کۆشکی سپیدا هاتووە، "لە پەیوەندییەکەدا گرنگیپێدانی ئەمریکا بە سەروەری یاسا و مافە مرۆییەکانی مرۆڤ لە جیهاندا بەبیر پاشای سعودیەدا هێنرایەوە."

جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعودی لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ کونسوڵخانەی سعودیە لە شاری ئیستانبوڵی تورکیا کوژرا.

گروپە تایبەتەکە
بەپێی زانیارییەکان، جەمال خاشقچی لەلایەن گروپێکەوە کوژراوە کە لە سعودییەوە رەوانەی ئیستانبوڵ کراوە، سەرەڕای هەموو پشکنینەکانیش نەتوانرا تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.

شازادەی جێنشین ساڵی ٢٠١٩ لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە ئاگاداری کوشتنی جەمال خاشقچی بووبێت و لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیارانی ئەم تاوانە سزا دەدرێن.

دواتریش بەرپرسانی سعودیە رایانگەیاند، ئەو کەسانەی تاوانەکەیان کردووە، بەبێ ئاگاداری حکومەتی سعودیە ئەم کارەیان کردووە و پێگەکانی خۆیان بۆ کاری خراپ بەکارهێناوە.

داواکاری گشتی سعودیەش ئاماژەی بەوە کرد، جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سعودیە گفتوگی لەگەڵ خاشقچی کردووە و داوای لێکردووە بگەڕێتەوە بۆ سعودیە، کاتێک خاشقچی داواکەی رەتکردووەتەوە فەرمانی کوشتنەکەی دەرکردووە، ئەم فەرمانەشی بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی دەرکردووە.

دادگایکردن
لە ئەنجامی دادگاییکردنەکەدا لە سعودییە، سزای لەسێدارەدان بەسەر پێنج بەشداربووی کوشتنەکەدا سەپێندرا، بەڵام دواتر سزاکە بۆ ٢٠ ساڵ زیندانیکردن کەمکرایەوە.

بەپێی بەشێکی دیکە لە زانیارییە هەواڵگرییەکان، شازادە خالید کە ئێستا جێگری وەزیری بەرگری سعودیەیە، بە فەرمانی شازادەی جێنشین تەلەفۆنی بۆ خاشقچی کردووە و پێی راگەیاندووە ئەگەر بچێت بۆ کونسوڵخانەکەییان لە ئیستانبوڵ پارێزراو دەبێت، بەڵام شازادە خالید ئەم زانیارییانەی رەتکردەوە و وتی هیچ پەیوەندییەک لەنێوان خاشقچی و ئەودا رووینەداوە.

ساڵی ٢٠١٩ش نەتەوە یەکگرتووەکان لە زاری ئاگنێس کالاماردەوە، سعودیەی بە کوشتنی پلاندانراو و مەبەستداری خاشقچی تۆمەتبار کرد.

ئامانجی ئەمریکا لەم کاتەدا
چاودێران پێیان وایە، بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە لە ئێستادا لەسەر بنەمای ئەوەیە کە، ئەمریکا دەیەوێت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیەدا بچێتەوە و رەقتر لە ئیدارەکەی ترەمپ لەگەڵ سعودییەکاندا مامەڵە بکات.

ئیدارەکەی ترەمپ چەند جارێک داواکاری بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەی رەتکردەوە و جەختی کردەوە کە دەیانەوێت هاوبەشییەکانیان لەگەڵ سعودیە فراوانتر بکەن.

گۆڕانکاری
رۆژی چوارشەممەی رابردوو چین پساکی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن لەگەڵ محەمەد بن سەلمان قسە ناکات و لەبری ئەوە لەگەڵ شا سەلمان عەبدولعەزیزدا قسە دەکات، بەڵام کاتی تەلەفۆنەکەی ئاشکرا نەکردبوو.

بایدن دەستی بە گۆڕانکارییەکی گەورە کردووە لە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر سعودیە، گەورەترین هەنگاویشی ئەوە بوو کە وتی، پشتیوانی لە هێرشەکانی هاوپەیمانییەتی ناوچەیی بە سەرۆکایەتی سعودیە لە یەمەن ناکات.

کوشتنی خاشقچی
جەمال خاشقچی دوای ئەوەی لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ چووە نێو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ، جارێکی دیکە رووناکی نەبینیەوە و نەهاتەوە دەرەوە.

بەرپرسانی دادوەری سعودیە باسیان لەوە کرد، دوای چوونە ژوورەوەی بۆ کونسوڵخانەکە، خاشقچی دەستگیرکراوە، دواتر بە دەرزی کوژراوە، تەرمەکەشی پارچە پارچە کراوە و رادەستی کەسێک کراوە لە دەرەوەی کونسوڵخانەکە.

دادگاییکردنەکەی تورکیا
لە ئیستانبوڵیش دادگا دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و دوو دۆسیە کران بە یەک، ژمارەی تۆمەتبارەکانیش گەیشتە ٢٦ کەس.

لە دۆسیەی یەکەمدا دادگای ئیستابوڵ، بە تۆمەتی کوشتنی خاشقچی بە ئازار و ئەشکەنجەدانەوە، دادگایی هەریەک لە جەنەراڵ ئەحمەد بن محەمەد ئەلئەسیری جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سعودیە و سعود ئەلقەحتانی راوێژکاری خێزانی پاشایەتی کرد.

هەر لە هەمان دۆسیەدا ١٨ تۆمەتباری دیکە بە هەمان تۆمەت دادگایی کران.

لە دۆسیەی دووەمدا شەش کەسی دیکە تۆمەتبار کران کە هەڵهاتوون، یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش سوڵتان یەحاییە کە هاوکاری کونسوڵی سعودیە بووە لە ئیستانبوڵ و داوای زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەکرێت.

بڕیارە لە ٤ی مانگی ئازار دانیشتنێکی دیکەی دادگاییکردنەکە ئەنجام بدرێت.