ڕاپۆرتی کوردستانی

01:27 - 01/03/2021

پەرلەمانی كوردستان.. پشویەكی درێژ لە هەرێمێكی قەیراناویدا‌

پەیسەر

نزیكەی 100 ڕۆژە پەرلەمانی كوردستان لە پشودایە و بێ دەنگە لە ئاستە تێپەڕبونی قەیرانەكانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەوە، قەیرانی دارای و دواكەوتنی مووچەی هاوڵاتیان و پەكخستنی كەرتی پەروەردە و بەرتەسككردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و مۆشەكبارانكردنی هەولێر، پەرلەمانی كوردستانی بەخەبەر نەهێنایەوە و هیچ هەڵوێستێكی لەبەرامبەر قەیرانەكاندا نەبوو، لە كاتێكدا پەرلەمان ناوەندی بڕیاردان و چاودێرو بڕیاردەری یاساكانە. ساڵی ڕابردووش پەرلەمانی كوردستان تەنها 16 كۆبوونەوەی كردووە و 5 یاسا و بڕیاری پەسەندكردووە‌.

كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان

لە ڕۆژی 30ی 11ی 2020ەوە تائێستا كە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە پەرلەمانی كوردستان، جگە لە كۆبونەوەی نائاسایی ڕۆژی 6/1/2021 دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجامدا، بۆ متمانەدان بە وەزیری سامانەسروشتیەكان.

دوای زیاتر لە دوو مانگ، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆبوەوە و تێیدا، به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (1)ی ئاساییی خولی به‌هاره‌ رۆژی 2021/3/1 بەڕێوەچوو.

به‌پێی حوكمی مادده‌ی (5)و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌مادده‌ی (16)و بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌مادده‌ی (18)و بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌م) له‌مادده‌ی (20)و مادده‌كانی (47، 48)و بڕگەی (یەكەم) لەماددەی (52)و ماددەكانی (54، 55، 56، 57) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (1)ی ئاسایی ساڵی سێیەم له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌كاتژمێر (11)ی پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو.

لە كۆبونەوەكەدا، پاڵێوراو (هەڵكەوت انور خەلیفە)، له‌شوێنی ئه‌ندامی په‌رله‌مان (ئومێد عبدالرحمن حسن)، به‌پێی حوكمی مادده‌ی (27) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان سوێندی خوار.


كۆبونەوەكانی پەرلەمان لە ساڵی 2021
لە سەرەتای ساڵی 2021ەوە تائێستا پەرلەمانی كوردستان هیچ كۆبونەوەیەكی ئەنجامنەداوە، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان بەچەندین دۆخ و قەیراندا تێدەپەڕێت و گوزەرانی هاوڵاتیان لە خراپترین ئاستدایە، بەڵام پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی بڕیاردان و دەنگی هاوڵاتیان، هیچ ڕۆڵ و كاریگەریەكی نەبووە.

لە كۆتا مانگی ساڵی 2020ەدا حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان، یەكێتی و پارتی دوای چەند كۆبونەوەیەك لە نێوان خۆیاندا ڕێككەوتن بەبیانوی نەناردنی وەزیرەكانیان بۆ پەرلەمان، كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕابگرن لە 1/1/2021ەوە تا 1/3، ئەوە لە كاتێكدایە لەو ماوەیەدا دۆخی هەرێمی كوردستان بەچەندین قەیراندا تێپەڕیوە و پەرلەمانی كوردستان وەك ئەوەی لەم وڵاتەدا نەبێت لێیان بێدەنگبووە.

ماوەی چەند مانگێكە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەدەست خراپی باری دارایی و نەبونی هەلی كارو موچەوە دەناڵێنن و پەرلەمانی كوردستانیش وەك مەرجعی بڕیاردان لەئاست خراپی گوزەرانی هاوڵاتیان بێبەشبووە.

لە سەرەتای سەری ساڵەوەتائێستا هەرێمی كوردستان لە خراپترین دۆخدایە و هاوڵاتیان ڕووبەڕووی چەندین كێشەو گرفت بونەتەوە لەوانە نەبونی موچە و ڕێكنەكەوتنی هەرێم و بەغداد.

پەرلەمانی كوردستان وەك ناوەندی بڕیاردان و دەنگی چین و توێژەجیاوازەكان دەبو ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەی موچە و ڕێككەوتنی هەولێر و بەغداد لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان، بەڵام پەرلەمانی كوردستان نەك هەر ڕۆڵی نەبوە بەڵكو بێدەنگبوە لە ئاست ئەو پرسانەدا و لەسەرەتای سەری ساڵەوە تائێستا هیچ كۆبونەوەیەكی لەسەر ئەو پرسانە ئەنجامنەداوە، وەفدەكەی هەرێمیش لە هاتن و چون بەبێ ڕێككەوتن بەردەوامە.

یەكێكیتر لەو گرفتانەی لەوماوەیەدا ڕووبەڕووی هاوڵاتیان بوەتەوە پەككەوتنی پرۆسەی خوێندن و ڕەوشی تەندروستی بوە، كە بێگومان ئەوەش زیانی زۆری لە ڕوو پەروەردە و فێركردن و هاوكات تەندروستیشەوە بە هاوڵاتیان گەیاندوە و پەرلەمان لێێان بێدەنگبووە.

دواین پرس كەدەنگدانەوەی ناوخۆی و دەرەكی لێكەوتەوە موشەكبارانكردنی هەولێر و كپكردنی دەنگی ئازادبوو لە بادینان.

موشەكبارانكردنی هەولێر كە وەك دۆخی ئەمنی پەیوەندی ڕاستەخۆی بەژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، هاوكات ئەو پرسە نەك تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆ بەڵكو لەسەر ئاستی وڵاتانیش كاردانەوەی هەبو بەڵام پەرلەمانی كوردستان هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو.

هاوكات بڕیارەكەی دادگای هەولێر بۆ سەپاندنی سزایی شەش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج لە چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانی هەولێر و دهۆك هەروەها كپكردنی دەنگی ئازاد لە سنورەكە، كاردانەوەی جیاوازی ناوخۆیی و دەرەكی لێكەوتەوە، لەچەندین شاروشارۆچكەش خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزای بەڕێوەچوو، جارێكی تر پەرلەمانی كوردستان هەرلێی بێدەنگبوو.

ئەوە لە كاتێكدایە، ئەركی سەرەكی پەرلەمان چاودێری و لێپرسینەوە و یاسادانانە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەپێی وتەی چاودێران ئەو ڕۆڵە نابینێت و بەهۆی هەژموونی حیزبەوە ئەركی سەرەكیی خۆی لەدەستداوە.

كۆبونەوەكانی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان
ئەنستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتێكی ژمارەیی لەبارەی ئەدای پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2020دا بڵاودەكاتەوە و بەپێی راپۆرتەكە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵێكدا تەنها 16 كۆبوونەوەی ئەنجامداوە. هەر لەو ساڵەدا پەرلەمان تەنها 5 یاسا و بڕیاری پەسەندكردووە.

پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە
1-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (16) دانیشتنی ئەنجامداوە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو پێویست بوو لەو ماوەیەدا كە دوو خولی گرێدانی (پایزە) و (بەهارە) لەخۆدەگرێت، (70) كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدات، ئەمە جگە لە كۆبوونەوەی نائاسایی كە لەكاتی پشووەكاندا دەكرێت.
2-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان (4) دانیشتنی كە راگەیاندبوو دوای خستووە، ئەمەش بەهۆی ململانێی سیاسی و لاوازی دەستەی سەرۆكایەتیەوە كۆبوونەوەكان دواخراون.
3-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەها (59) كاتژمێر كۆبۆتەوە، لەڕابردوودا كۆبوونەوە هەبووە نیو كاتژمێر و كۆبوونەوەش هەبووە دە كاتژمێری خایاندووە، ئەگەر وەك نەریتێك وەریبگرین و هەر كۆبوونەوەیەك تەنها (3) كاتژمێری بۆ دابنرێت، پێویست بوو بەلای كەمەوە لەماوەی ئەم ساڵەدا پەرلەمان (210) كاتژمێر كۆ ببێتەوە، ئەمە جگە لە كاتژمێری كۆبوونەوە نائاساییەكان ئەگەر بكرابووایە.
4-لەماوەی ساڵێكدا و لە كۆی (12) كۆبوونەوەدا (168) جار تۆماری ئامادەنەبوونی ئەندامی پەرلەمان تۆمار كراوە جا بەهۆی ئامادەنەبوونەكە بەهۆی (غیاب)ەوە بووبێت، یا مۆڵەت یا بایكۆت، لەكاتێكداتۆماری ئامادە نەبوونی ئەندامان لە (4) كۆبوونەوەشدا تۆمار نەكراوە یا رانەگەیەنراوە، بۆیە لەبەردەست نەبوو، ئەگینا ژمارەكە لەوە زیاترە. سەبارەت بە ناوی ئەوانەی ئامادە نەوبوون لە كۆبوونەوەكان هەمووی لە پێگەی پرۆژەی چاودێری پەرلەمان (www.payied.org) لەبەشی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران هەیە.
5-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمان تەنها خوێندنەوەی بۆ (9) پرۆژە یاسا كردووە، سەرباری ئەو كێشەو گرفتانەی هەن،سەرباری بوونی كەلێنی یاسایی لەهەرێمی كوردستاندا، ژمارەیەكی كەم پرۆژە یاساو بڕیار خوێندنەوەیان بۆ كراوە. ژمارەیەك پرۆژە یاساش هەیە ئەندامان پێشكەشیان كردووە بەلام سەرۆكایەتی پەرلەمان نەیخستۆتە بەرنامەی كارەوەو خوێندنەوەی بۆ نەكردووە.
6-پەرلەمانی كوردستان لەماوەی ساڵێكدا تەنها (5) یاسای پەسەند كردووە. كە بریتین لەمانە:
لە ماوەی ساڵێكدا تەنها ئەو پێنج یاسایە پەسەند كراون:
-یاسای ژمارە (1)ی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرو كارتێكەرە عەقلیەكان لەهەرێمی كوردستان عێراق.
-یاسای ژمارە (2)ی چاكسازی لەموچەو دەرماڵەو بەخشین وئیمتیازاتەكان وخانەنشینی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق.
-یاسای ژمارە (3)ی رێگریكردن لەبەقاچاخ بردنی نەوت و گاز ولێدەرهێنراوەكانیان لەهەرێمی كوردستان-عێراق.
-یاسای ژمارە (4)ی یاسای ماف وئەركەكانی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان-عێراق.
-یاسای ژمارە (5)ی یاسای لەئەستۆكردن لەهەرێمی كوردستان.
7-لەماوەی ساڵێكدا تەنها دوو بڕیار پەسەندكراوە كە كەتایبەت بە بابەتی كارگێڕی پەرلەمان نەبن:
-بریاری ژمارە (1)ی سالی 2020: بریاری بۆنە فەرمیـیەكانی پێكهاتەی توركمان لەهەرێمی كوردستان.
-بریاری ژمارە (5)ی ساڵی 2020: سەبارەت بە چۆنیەتی پێشكەشكردنی پێشنیازە یاسا و بریار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە.
8-لەماوەی ئەم ساڵەدا پارێزبەندی لەسەر یەك پەرلەمانتار هەڵگیرا، ئەویش بەپێی بڕیاری ژمارە (4)ی ساڵی 2020، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عمر سعید) هەلگیراو بەناچاری دەستی لەكار كێشایەوە.
9-لەماوەی ئەم ساڵەدا وێرای ئەو هەموو ناڕەزایی و كەموكوڕی و داوایەی هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێك نەسەنراوەتەوە.
10-لەماوەی ئەم ساڵەدا لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانەوە (2) جار داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كراوە.
11-لەماوەی ئەم ساڵەدا هیچ كام لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كە بانگهێشتكرابوون بۆ لێپرسینەوە، ئامادە نەبوون بچنە بەردەم پەرلەمان.
12-لەماوەی یەك ساڵدا (14) داوا ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بەمەبەستی ئامادە بوونی ئەندامانی ئەنجومەن لەبەردەم پەرلەمان. بەلام (9) لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبوون.
13-لەماوەی ئەم ساڵەدا لە كۆی (23) ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران، تەنها (16) جار ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی دانیشتنی لیژنەكان بوون بەمەبەستی گفتوگۆ و میوانداری.
14-لەماوەی ئەم ساڵەدا لە گرژی و خۆپیشاندانەكاندا هەشت پەرلەمانتار پەلامار دراون.
15-نەك هەر ئەمساڵی 2020، بەلكو حەوت ساڵە بودجەی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمان پەسەند نەكراوە، پەرلەمانیش بێدەنگە.
16-نەك هەر ئەمساڵی 2020، بەلكو نۆ ساڵە ژمێرەی كۆتایی نەچۆتە پەرلەمانی كوردستانەوە، پەرلەمانیش بێدەنگە.
17-لەماوەی ساڵی 2020 نازانرێت ئەندامانی پەرلەمان چەند پرسیاریان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان شەفاف نیەو ئەو داتایانە ناخاتە بەردەست، بەلام بەپێی وتەی ئەندامان و خودی سەرۆكی پەرلەمانیش زۆرینەی پرسیارەكانی ئەندامان لەلایەن حكومەتەوە وەلام نادرێنەوە. بۆ نمونە سەرۆكی پەرلەمان لە كۆبوونەوەی رۆژی 1/3/2020ی پەرلەماندا وتی:"لەئێستادا زیاتر لە 115 پرسیاری پەرلەمانتاران كە ئاراستەی ئەندامانی كابینەی وزاریی حكومەتی هەرێم كراون وەڵامنەدراونەتەوە".
18-لەماوەی ساڵێكدا لیژنەكانی پەرلەمان كە ژمارەیان (19) لیژنەیە تەنها (165) كۆبوونەوەیان كردووە، لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو بەلای كەمەوە پێویست بوو بە هەر نۆزدە لیژنەكە لەماوەی ئەم ساڵەدا (456) جار كۆبونەوە بكەن.
19-لەماوەی ساڵی 2020 دا لەو (165) كۆبوونەوەیەدا (313) جار ئامادەنەبوون تۆمار كراوە، كە بەبەراورد لەگەل كۆبوونەوەكان رێژەكە زۆرە.
20-لەماوەی ساڵێكدا بە هەموو لیژنەكانەوە پێویست بوو (33) راپۆرت بنوسن و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن، بەلام تەنها (11) راپۆرتیان نوسیوەو (22) راپۆرتیان پشتگوێ خستووە.
21- لەماوەی ساڵێكدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی‌و لە راگەیاندنەكاندا (93) جار پیرۆزبایی لە جەژنەكانی سەری سال و رەمەزان و قوربان و جەما و رۆژی ئالا و جەژنەكانی تر و پیرۆزبایی دامەزراندنی حزب و رێكخراوەكان و بابەتی تری لەم جۆرەی كردووە.
22-لەماوەی ساڵێكدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە راگەیاندنەكاندا (76) جار پرسەو سەرەخۆشی لە هەندێك لەو كەسایەتیانەی كۆچی دواییان كردووە.
23-لەماوەی ئەو ساڵەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە راگەیاندنەكاندا (3) راگەیەنراوی تایبەتی بە (PKK) دەركردووە كە هەریەك لەو راگەیاندنانە تەعبیر لە رایی یەكێك لەئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی دەكات، رەنگدانەوەو تێڕوانینی حزبەكانیانی تیادا دانراوە. یەك راگەیەنراویش سەبارەت بە هێرش و پەلامار و بۆردومانی توركیایە بۆ هەرێمی كوردستان.
24-لەو ساڵەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە راگەیاندنەكاندا (1) راگەیەنراوی تایبەتی سەبارەت بە سوتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەركردووە.
25- بەپێی كۆبوونەوەكانی دەستپێكی هەردوو خولی بەهارەو پایزە لە رۆژانی(1/3/2020) و  (2/9/2020)، سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە كۆبوونەوە بەلێنی جێبەجێكردنی بەڵێن گەلێكیان دا كە ۆی لە (141) خاڵ دەبینیەوە، بەلام كەمترینیان لێ‌ جێبەجێ‌ كراوە، كە گرنگترینیان بریتی بوون لە:

-كاراكردنەوەی لیژنەی دەستوور.
-هێنانی بودجەی (2020) بۆ پەرلەمان.
-گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە بە یاسا.
-فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات.
-دڵنیایی كۆمەڵایەتی و تەندروستی.
-چارەنوسی فەرمانبەرانی گرێبەست.
-دامەزراندنی یەكەمی زانكۆكان.
-یاسای خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ.
-وەبەرهێنان.
-دەروازە سنورییەكان.
-پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی.
-ئەنجومەنی دەرمان و خۆراك.
-رێكخستن و فرۆشتنی هاوردەكردنی لێدەرهێندراوەكانی نەوت.
26-بەدرێژایی ساڵی 2020 ئەندامانی پەرلەمان بەم جۆرە قسەیان لەناو هۆڵی پەرلەمان كردووە:
-دوو پەرلەمانتار هیچ قسەیەكیان نەكردووە.
-چوار پەرلەمانتار (1) جار قسەیان كردووە.
-دە پەرلەمانتار (2) جار قسەیان كردووە.
-هەشت پەرلەمانتار (3) جار قسەیان كردووە.
-یانزە پەرلەمانتار (4) جار قسەیان كردووە.
-هەشت پەرلەمانتار  (5) جار قسەیان كردووە.
-یانزە پەرلەمانتار (6) جار قسەیان كردووە.
-سێ پەرلەمانتار (7) جار قسەیان كردووە.
-شەش پەرلەمانتار (8) جار قسەیان كردووە.
-حەوت پەرلەمانتار (9) جار قسەیان كردووە.
-شەش پەرلەمانتار (10) جار قسەیان كردووە.
-نۆ پەرلەمانتار (11) جار قسەیان كردووە.
-پێنج پەرلەمانتار(12) جار قسەیان كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (13) جار قسەی كردووە.
-دوو پەرلەمانتار (14) جار قسەیان كردووە.
-سێ پەرلەمانتار (16) جار قسەیان كردووە.
-یەك  پەرلەمانتار (17) جار قسەی كردووە.
-یەك  پەرلەمانتار (18) جار قسەی كردووە.
-دوو پەرلەمانتار (19) جار قسەیان كردووە.
-دوو پەرلەمانتار (20) جار قسەیان كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (21) جار قسەی كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (23) جار قسەی كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (24) جار قسەی كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (27) جار قسەی كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (30) جار قسەی كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (36) جار قسەی كردووە.