ڕاپۆرتی کوردستانی

02:57 - 02/03/2021

ئۆپراسیۆنی گارە ناکۆکییەکانی نێوان تاران و ئەنقەرە قوڵتر دەکاتەوە‌

پەیسەر

ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر چیای گارە سەرەتای ناکۆکییەکی نوێ بوو لەنێوان تاران و ئەنقەرە. ئێران لە رێگای حەشدی شەعبییەوە پەیامی ناڕەزایەتی بە تورکیا دا. ماوەی چەند رۆژێکیشە ناکۆکییەکان قوڵتر بوونەتەوە و هەردوولا بە زمانی هەڕەشەوە لێدوان لە دژی یەکتر دەدەن.

پەیام لە ئێرانەوە
٢٣ی شوبات ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد ئۆپراسیۆنی گارەی بە "پێشێلکردنی سەروەری عێراق" ناوبرد و باڵیۆزی تورکیاش بە توندی وەڵامی دایەوە. لێدوانەکان کاردانەوەی تاران و ئەنقەرەی لێکەوتەوە و ھەردوولا باڵیۆزەکانی یەکتریان بانگکرد و یاداشتی ناڕەزایەتییان پێدان. ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە چ کاریگەرییەک لەسەر قەندیل و ھەرێم بەجێدەھێڵن؟

ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد لە چاوپێکەوتنێکدا رەخنەی توندی لە تورکیا گرت و وتی، "ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە باکوری عێراق، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە" و بە توندی رەخنەی لەم ھەنگاوەی تورکیا گرت.

مەسجدی بە زمانی ھەڕەشەوە لە تورکیا وتی، "دەستوەردانی سەربازی، فراوانخوازی و ھاتنەناوەوە بۆ عێراق لە تورکیا یان ھەر وڵاتێکی دیکە قبوڵناکەین. تورکیا چی پەیوەندییەکی بە شنگالەوە ھەیە؟ دەبێت عێراقییەکانان خۆیان ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن."

وەڵامی درەنگ و توند لە تورکیاوە
فاتیح یڵدز باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد وەڵامەکەی دواخست، بەڵام بە توندی ھاتە دەنگ. یڵدز لە ھەژماری خۆی لە تویتەر نووسی، "دواین کەس کە دەبێت وانەی رێزگرتن لە سەروەری عێراق بە تورکیا بڵێتەوە، باڵیۆزی ئێرانە لە بەغداد."

سەرەتای ئەم ھەفتەیەش وەزارەتی دەرەوەی تورکیا محەمەد فەرازمەند باڵیۆزی ئێرانی لە ئەنقەرە بانگکرد و داوای روونکردنەوەی لێکرد. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە فەرمانزەردیان وتووە، ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بە ئاگاداری بەرپرسانی عێراق ئەنجام دراوە و لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی '"چەکدارابی پەکەکە"دا بووە و کە سەقامگیری، ئاسایش و سەروەری عێراقیان بەئامانج گرتووە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبەردەم فەرازمەنددا بە توندیش لێدوانەکانی مەسجدیان رەتکردووەتەوە و وتویانە، لە سەردانی شاندە باڵاکانی ھەردوولادا ئێران پشتیوانی خۆی بۆ ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکە دووپاتکردووەتەوە.

ئێران و هەمان هەنگاو
دوای بانگکردنی فەرازمەند بۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەریا ئۆرس باڵیۆزی تورکیای لە تاران بانگکرد و یاداشتی ناڕەزایەتی وڵاتەکەیان پێدا.

ئاژانسی ھەواڵی دوڵەتی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، بانگکردنی دەریا بۆ ناڕەزایەتی پیشاندانی تاران بووە لە دژی لێدوانێکی سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا کە لە چاوپێکەوتنێکیدا لە ٢ی شوبات لەگەڵ تەلەفیزیۆنی ئا ھەبەری وڵاتەکەی وتبووی، "لە ئێران ٥٢٥ تیرۆریست ھەیە."

وەزارەری دەرەوەی ئێران بە باڵیۆزەکەی تورکیایان وتووە، "ئەم لێدوانە قبوڵنەکراوە و پێچەوانەی ھاوبەشییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە."

بەرپرسانی تاران بە دەریایان وتووە، "ئێران سورە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و لێدوانەکانی باڵیۆزی تورکیاش لە بەغداد ناڕاست و قبوڵنەکراوە."

عێراق هۆشداری دەدات
عێراق بەردەوام داوای لە وڵاتانی بیانی کردووە کە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتدا نەکەن و ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر خاکی عێراق یەکلایی نەکەنەوە.

دوای ئەم پێشھات و ناکۆکییانەی تاران و ئەنقەرە لەسەر خاکی عێراق، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان عێراق لە ھەژماری خۆی لە تویتەرەوە ھۆشداری بە ھەردوو وڵاتدا کە ناکۆکییەکای نێوانیان نەبێتە ھۆی دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆی وڵات.

حەشدی شەعبی "ئێران"
لە سێیەم رۆژی ئۆپراسیۆنی تورکیا بۆ سەر چیای گارە، ھەزاران چەکداری حەشدی شەعبی روویان لە شنگال و دەورووبەری کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر ھێرشێکی سوپای تورکیا بۆ سەر شنگال دەربڕی.

بەرپرسانی مەیدانیی حەشدی شەعبی لە شنگال دەیانوت، ئەگەر تورکیا ھێرش بکاتە سەر شنگال، ئەوا بە "مشتی ئاسنینەوە" رووبەڕووی سوپای ئەو وڵاتە دەبنەوە، چونکە "ئێرە خاکی خۆمانە" و تاک "ئێمە لێرەبین" کەس ناتوانێت مەترسی بۆ سەر شنگال دروست بکات.

ئەم ئامادەییەی حەشدی شەعبی بە هەڵوێستی ئێران دژی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا دادەنرێت و چاودێرانیش پێیان وایە، ئێران نایەوێت خۆی راستوخۆ رووبەڕووی تورکیا ببێتەوە، بۆیە لە رێگای حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەکانەوە ئەم کارە دەکات.