ڕاپۆرتی کوردستانی

01:20 - 03/03/2021

كورد لەنێوان داوای بودجە و كێشە نەتەوەییەكانیدا لە بەغداد‌

پشكی هەرێم لە بودجەی بەغداد چەندە..؟ ئەو ڕێگریانە چیین لەبەردەم ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا ..؟ كێن ڕێگری دەكەن لە ڕێكەوتن..؟ هەرێم پاش  16جار وەفد ناردن دەگەن بەڕێكەوتن ..؟ پرسی بودجە لەگەڵ هەرێم چارەسەر دەبێت..؟
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی بڕگه‌ی 11ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كراوه‌، به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه‌ش، هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌بێت به‌راده‌ستكردنی 250.000 (دوسه‌د و په‌نجا هه‌زار) به‌رمیل نه‌وت و نیوه‌ی داهاته‌ ناوخۆییه‌كانی له‌به‌رامبه‌ردا، به‌رێژه‌ی 12.67%ی بودجه‌ی گشتی عێراقی بۆ ره‌وانه‌ ده‌كرێت.


لایەنەكان و رێگریەكان  
لایەنە شیعەكان و كورد و سونەش هەڵوێستی جیاجیان هەیە لەسەر ئەو بەشە بودجەی هەرێم وەری دەگرێت لەعێراق و هەندێكیان دەڵێن بودجه‌ ته‌واو بابه‌تێكی سیاسیه‌ پێویستی بە تەوافوقی سیاسی هەیە بۆ رێكەوتن و هەندێكی تریان دەڵێن ئەو برَەی لە داهاتی نەوت و خاڵە سنورێكان كورد راِدەستی دەكات پێویستە زیادی بكات.

عالییە نوسێف پەرلەمانتاری دەولەتی یاسا و ئه‌ندام لە لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاندووە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و بڕیار بو ڕۆژی سێشه‌ممه‌ یان پێنجشه‌ممه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر بودجه‌ بدرێت ، به‌ڵام تا ئێستا هیچ مادده‌یه‌ك بۆ رێكه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌بودجه‌كه‌ دیارینه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و پرسه‌ له‌گه‌ڵ شاندی كوردستان چاره‌سه‌ر نابێت.

حەسەن نازم، وتەبێژی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقیش دەڵێت: رێککەوتن لەسەر تەواوی بڕگەکانی بودجه‌ی عێراق كراوە، گرێکوێرەی بابەتی بودجەی 2021 پشکی ھەرێمە و وتوێژ لەسەر ئاستی باڵادا لەگەڵ شاندی دانوستانکاری کوردییدا کراوە، بەڵام تێپەڕاندنی بودجە لە پەرلەمان پێویستی بە رێککەوتنی ھەمو لایەنەکان هەیە.


ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاند" تا ئێستا هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان نەگەیشتونەتە رێکكه‌وتن، دەشڵێت، "بودجه‌ ته‌واو بابه‌تێكی سیاسیه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ لیژنه‌ی داراییه‌وه‌ نه‌ماوه".

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگه‌یاندووە "تا ئێستا هیچ ده‌قێك نیه‌ كه‌ شاندی هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی شیعه‌ له‌سه‌ری رێكکه‌وتنیان كردبێت، هیچ رێكه‌وتنێك نه‌كراوه‌، به‌ڵكو ته‌نها لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان هه‌ندێك له‌ سیاسییه‌كان و شاندی هه‌رێم كراوه.

پشكی هەرێم رێگرە ‌
تائێستا پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق جێگیرنەكراوە، وەزیری دارایی عێراقیش دەڵێت، پشكی هەرێم رێگرە لەبەردەم تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، تائێستا شێوەی كۆتایی پرۆژە یاسای بودجە نازانین، بەڵام گۆڕانكاریەكی زۆری تێدا نەكراوە، پێویستمان بە تێپەڕاندنی هەیە بۆ ئەوەی نەخشە رێگەی كۆتایی وڵات بزانین.

وتیشی، ئەوەی ماوە بابەتی پشكی هەرێمی كوردستانە كە یەكلایی نەكراوەتەوە و رێگرە لەبەرەم تێپەڕاندنی.
ئەوە لە كاتێكدایە، ماوەی چەند مانگێكە شاندی هەولێر و بەغداد لە گفتوگۆدان لەسەر پرۆەیاسایی بودجەی گشتی عێراق سەبارەت بە پشكی هەرێم بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكانی شیعە سەبارەت بەپشكی كورد تائێستا پرۆژەیاساكە جێگیرنەكراوە.

كێشەی نەتەوەیی
هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی سەكردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پەرلەمانتاری ئەو حیزبە لە بەغداد دەڵێت: ئەوەی كه ‌كێشەی كوردە تەنها لەچوارچێوەی بودجە و مووچە خۆی نابینێتەوە، كێشەی نەتەوەی دووەم  لەعێراق كێشەی دانپێدانانی مافەكانی كوردە له ‌دەستور جێبەجێكردنیەتی. مافی مەسەلەی ماددەی ١٤٠، ئەو مافانەی كە له ‌دەستور وەریگرتووە، وەكو یاسای نەوت و گاز وەكو هێزی پێشمەرگە كە بەشێكە لە سیستەمی بەرگری عێراق تائێستا بێبەشكراوە لە مووچە و پڕچەككردن".

وتیشی: هەموو لایەنە سیاسیە كوردیییەكان لەسەرئەوە كۆكیین كەمافە دەستورییەكانمان جێبەجێ بكرێت،  ئەو شایسته ‌داراییانەی كەهەمانە مافێكی دەستورییە پێویست دەكات وەكو ماف و‌ ئەركی حكومەتیشە ئەمانەی كەبەیاسا ڕێكخراوە جێبەجێ بكرێت."