ڕاپۆرتی کوردستانی

01:24 - 04/03/2021

پاپا بەرەو عێراق؛ پاپای ڤاتیکان کێیە؟ چۆن هەڵدەبژێردرێت؟ مێژووی پاپاکان چییە؟‌

پەیسەر

سبەی هەینی پاپای ڤاتیکان بۆ یەکەم جار روو لە وڵاتی دوو رووبارەکە دەکات، دواتریش دێتە شاری هەولێر و پاشان دەگەڕێتەوە ڤاتیکان. پاپای ڤاتیکان کێیە؟ چۆن هەڵدەبژێردرێت؟ مێژووی پاپاکان چیمان پێدەڵێت؟ بڕواکانی پاپا چییە؟ کاردیناڵەکان رۆڵیان چییە؟

پاپا
پاپا وشەیەکی لاتینیە و بە مانای باوک دێت، بەرزترین کەسی کریستیانە کاتۆلیکەکانە و کەسی یەکەمی کڵێسای کاتۆلیکی رۆمایە، لە هەمان کاتدا سەرۆکی قەشەکانی رۆمایە.

لە سەرەتادا ناسناوی پاپا بۆ هەموو قەشەکان بەکاردەهێنرا، بەڵام دواتر ئەم ناوە تەنها قەشەی رۆما بەکارهێنرا.

لە دوای پاپا (Siricius) بۆ قەشەی کڵێسای کاتۆلیکی رۆما بەکاردەهێنرێت.

یەکەم پاپا و تەنانەت قەشەی کڵێسای رۆماش (Saint Peter) بووە.

ژمارەی پاپاکان
لە ماوەی دوو هەزار ساڵی رابردوودا ٢٦٦ پاپا ناویان چووەتە مێژووەوە. یەکەم مێژونووس ناوی پاپاکانی تۆمار کردووە (Hermannus Contactus)ە. ئەم مێژوونووسە ناوی ١٥٤ پاپای تۆمار کردووە. دواین پاپای تۆمارکراو لای ئەم مێژونووسە پاپا (Pope Leo IX) بووە کە ساڵی ١٠٥٤ کۆچی دوایی کردووە.

ناکۆکی لەسەر لیستی ناوی پاپاکان هەیە، بەشێک لە سەرچاوە مێژووییەکان پێیان وایە ژمارەیەک لەوانەی وەک پاپا ناویان چووەتە مێژووەوە پاپا نەبوون، هەر بۆیە لە لیستەکەدا دەرهێنراون.

شوێنی پاپا
شوێنی سەرەکی و مانەوەی پاپا ڤاتیکانە. ڤاتیکان دەوڵەتێکە لەناو سنورەکانی ئیتاڵیادا و رووبەرەکەی ٤٤ کیلۆمەتری چوار گۆشەیە، بەم جۆرەش دەبێتە بچوکترین دەوڵەتی جیهان. پاپاکان لە ڤاتیکان دەمێننەوە ژیان بەسەر دەبەن.

پاپاکان هاوسەرگیری دەکەن؟
ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی بەردەوام لەسەر زمانی خەڵکن.

پاپاکان، واتە سەرۆک قەشەکانی کڵێسای کاتۆلیکی، وەک قەشەکان وان و هاوسەرگیری ناکەن. بە درێژایی ژیانیان وەک رەبەن دەمێننەوە و دەژین.

چۆن هەڵدەبژێردرێن؟
هەڵبژاردنی پاپا یەکێکە لە هەڵبژاردنە دەگمەنەکان. پاپاکان لە رێگای هەڵبژاردنەوە دەگەنە ئەم پۆستە. کاردیناڵەکان کە ئەندامی کڵێسای کاتۆلیکین و لە دوای پاپاوە دووەم پلەیان هەیە، پاپا هەڵدەبژێرن.

هەڵبژاردنی پاپا بەم جۆرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٢٦٨، بە یەکێک لە هەڵبژاردنە یەکەمەکانی مێژوو دادەنرێت کە سەرۆکی دەزگایەک بە هەڵبژاردن هەڵبژێردرابێت.

هەڵبژاردنی پاپا کاتێکی زۆری دەوێت، جار هەبووە هەڵبژاردنی پاپایەک دوو ساڵی خایاندووە. هەندێک جار بەهۆی هەڵنەبژاردنی پاپاوە، خەڵک لە کاردیناڵەکان توڕە بوون و نەیانهێشتووە لە کڵێسا بێنە دەرەوە تاکو پاپایان هەڵبژاردووە، تەنانەت دەرگایان لێداخستوون و گۆشەگیریان کردوون.

 

ژیانی ئاڵۆزی کاردیناڵەکان
لە دوای هەڵبژاردنی گریگۆری کە دەیەم پاپای ڤاتیکان بووە، ئەم ناڕەزایەتی دژی کاردیناڵەکان بووە بە کەلتور کە دەرگای کڵێسایان لێدادەخرێت تاکو ئەو کاتەی لەسەر هەڵبژاردنی پاپا رێکدەکەون.

کاردیناڵەکان نە سەیری تەلەفیزیۆن ناکەن، رۆژنامە ناخوێننەوە و بە تەلەفۆنیش قسە ناکەن.

کاردیناڵەکان تاکو ساڵی ٢٠٠٥ لە ژوورێکی بچوک و لەسەر زەوییەکی رەق و تەق دادنیشتن، بەڵام لەم ساڵە بەدواوە هۆتێلێکیان بۆ دابینکرا تاکو تێیدا بژین.

هەر کەسێک بۆ بوونەوە پاپا پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی کاردیناڵەکان هەیە، ئەگەر ٣٣ جار ئەم هەڵبژاردنە سەری نەگرت و ئەم ژمارە دەنگە بەدەستنەهات، ئەوا لە خولی ٣٤هەم دا بە زۆرینەی رەها پاپا هەڵدەبژێردرێت، واتە دوو لەسەر سێی دەنگەکان نابێت بە مەرج.

لە نەریتە سەیرەکانی هەڵبژاردنی پاپا، دوکەڵی رەش و سپیە. لە شوێنی هەڵبژکاردنی پاپا دوو سۆبا هەیە. لە یەکێک لە سۆباکانەوە دوکەڵی سپی دێتە دەرەوە و لە سۆباکەی دیکەوە دوکەڵی رەش.

ئەگەر دوکەڵی رەش بەرزبووەوە ئەوا مانای ئەوەیە کە پاپا هەڵنەبژێردراوە و هەڵبژادنەکە بە ئەنجام نەگەیشتووە، ئەگەر دوکەڵی سپیش بەرزبووەوە ئەوا مانای ئەوەیە هەڵبژاردنی پاپا تەواو بووە و پاپای نوێ هەڵبژژێردراوە.

سەرچاوەی داهاتی ڤاتیکان
بەپێی تۆمارە فەرمییەکان، سەرچاوەی داهاتی ڤاتیکان پارەی کۆکراوەی کڵێساکان، بەخشینەکان، دیاری و پۆستکراوەکانە بۆ ڤاتیکان.

ئەمە جگە لە داهاتی ئەو دەیان رادیۆ و تەلەفیزیۆنەی کە سەر بە ڤاتیکانن و داهاتەکەیان بۆ ئەم دەوڵەتە بچوکەی جیهان دەگەڕێتەوە.

کاریگەری ڤاتیکان و پاپا
پاپا سیمبولی کاتۆلیکەکانی جیهانە. ڤاتیکانیش ناوەندی فەرمی و پیرۆزیانە. سەدان ملیۆن کاتۆلیک لە سەرانسەری جیاهنەوە چاویان لە خاڵە گرنگەی سەر زەوییەوە و بە گرنگییەوە لێیدەڕوانن.

پاپا و ڤاتیکان لە ئاستی جیهانیشدا رۆڵ و کاریگەری گەورەیان هەیە. ئەو بڕیار و یاسایانەی لەم دەوڵەتە بچوکەی جیهانەوە دەردەچێت کار دەکەنە سەر یاسای ئەو وڵاتانەی کاتۆلیکن و دەیانگۆڕن، بۆ نموونە بڕیارەکانی پاپای ڤاتیکان لەبارەی هاوڕەگەزبازەکان، لەباربردن و بابەتە ناکۆکی لەسەرەکان.

پاپا و هاوڕەگەزبازیی
هاوڕەگەزبایی یەکێکە لەو بابەتانەی لە هەموو کۆمەڵگاکاندا مشتومڕی زۆری لەسەرە. بابەتێکی رەتکراوەی زۆربەی کۆمەڵگاکانە، بەڵام بەرگریکاریشی زۆرە و بە کارێکی سروشتی دەزانن.

پاپای ئێستای ڤاتیکان پاپا فرانسیسکۆ بەرگری لە هاوڕەگەزبازان دەکات و داوا دەکات مافە مەدەنییەکانیان پارێزراو بێت.

پاپا دەڵێت، ئەم کەسانە مافی خۆیانە لە خێزانێکدا بژین و با کەس دووریان نەخاتەوە و پەرێشانیان نەکات.

پاپا و ئیگۆرە مسوڵمانەکان
کۆتایی ساڵی رابردوو پاپا بەرگری لە ئیگۆرەکان کرد، ئەمەس کاردانەوەی توندی حکومەتی چینی بەدوای خۆیدا هێنا.

پاپا دەربارەی ئیگۆرە مسوڵمانەکانی چین وتی، "بیر لەو کەسانە دەکەمەوە کە لەژێر ستەمدان، لەوانەش ئیگۆر و یەزیدییەکان،"

سەردانە مێژووییەکە
بۆ یەکەم جار عێراق پێشوازی لە پاپای ڤاتیکان دەکات و لە رێوڕەسێمی گەورە و بەرفراواندا دەرگای وڵاتی دوو رووبارەکە و هەرێمی کوردستانی بۆ دەکرێتەوە.

بڕیارە سبەی هەینی پاپا فرانسیس سەردانی شاری بەغداد بکات ولەلایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێدەکرێت و دواتریش لە کۆشکی کۆماری لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆدەبێتەوە.

رۆژی شەممە پاپای ڤاتیکان روو لە شاری نەجەف دەکات تاکو لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عیراق کۆببێتەوە.

هەمان رۆژ پاپا سەردانی شاری ئوور دەکات، بۆ بەشداریکردنیش لە رێوڕەسمی کەنیسەی مار یوسفی کلدانی دەگەڕێتەوە شاری بەغداد.

لە سێیەم رۆژی سەردانەکەیدا پاپا روو لە شاری هەولێر دەکات و لە فڕۆکەخانە لەلایەن نێجیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێدەکرێت.

هەمان رۆژ پاپا دەچێتە کەنیسەی تاهیرە گەورەی قەرەقوش و لەگەڵ خەڵکدا نوێژی موژدەدەر دەکات. دواتریش لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر بەشدار دەبێت لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە مەسیحیەکان. دوای ئەوەش پاپا دەگەڕێتەوە شاری بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.

پاپا فرانسین پێش سەردانەکەی پەیامێکی ئاڕاستەی گەلانی عێراق کرد و تی، " پەرۆشم بۆ بینینی روخسارتان و سەردانکردنی خاکەکەتان، کە لانکەی شارستانییەتی رەسەن و ناوازەیە. من بە تۆبەکارییەوە پێتان دەگەم بۆ ئەوەی نزای لێخۆشبوون و ئاشتبوونەوە لە یەزدان بکەم."