لێکۆڵینەوە

12:52 - 05/03/2021

ئازادكردنی كوردستان لەدەست سەدام حسین و نەبوونی متمانە لە نێوان كورد و شیعەدا‌

پەیسەر

مادەم ئێوە سوورن لەسەر ئەوەی نوێنەرایەتی كورد دەكەن لە باشووری كوردستان و ناوەڕاستی عێراق، ئەی چیتان پێیە بۆ ئەوەی كارەكانتان هەموو عێراق بگرێتەوە؟ وەڵامەكەیان ناڕوونە، هەموو ئەوەی كە دەیڵێن ئەوەیە : ئیشەڵا یەكەمجار لە دەستی سەدام ڕزگارمان دەبێت و دواتر ئێمەو ئێوەش دەتوانین پێكەوە وەك برا بژین.

بۆچوونی گشتی لە بارەی ڕاپەڕینەكانی كورد و شیعەش لەباشووری عێراق ئەوەیە كە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و لەخۆوە هەڵگیرساون، بەرەی كوردستانیش كە لە حەوت حیزبی سەرەكی پێكهاتبوو كە سەرەكی ترینیان (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری) بوون هیچ ڕۆڵێكیان نەبووە.

بەڵام لە واقیعدا سەرقاڵی پلاندان بوون بۆ ئەگەری ڕاپەڕینێك لە دوای ئەوەی عێراق پەلاماری كوەیتی دا و داگیری كرد، بەرەی كوردستانی لە ساڵی 1988 دروست بوو، دوای ئەوەی سەركردەی هەردوو حیزبە گەورەكە بڕیاریان دا كۆتایی بە ناكۆكییەكانی نێوانیان بهێنن و هەماهەنگییان كرد لەگەڵ پێنج حیزبی دیكەی كوردی دیكەدا بۆ ئەوەی پێكەوە كاری هاوبەش بكەن و ئامانجەكانیان یەك بخەن، سەركردەكانیان ڕێككەوتن كە (بارزانی و تاڵەبانی) ببنە هاوسەرۆكی بەرەكە،دواتر بارزانی بووە بەرپرسی كارە سەربازیی و چەكدارییەكانی –پێشمەرگە- و تاڵەبانیش بووە بەرپرسی پەیوەندییەكانی بەرەی كوردستانی، بەرەی كوردستانی درێژەی كێشە تا ئەو كاتەی لەدەرەوەی دەسەڵاتی بەغداد لە ساڵی 1992 كورد یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجام دا و یەكەم حكومەتی دامەزراند و ڕایگەیاند كە باشووری كوردستان هەرێمێكی سەربەخۆیە لە چوارچێوەی عێراقدا.

ئەگەرەكان:
لە مانگی شوباتی 1990 دا سەدام حسین داوای لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد تا كەشتییە جەنگییەكانی لە كەنداو بكشێنێتەوە، هەروەها بانگەوازی ڕزگاركردنی قودسی كردو لەدوای ئەویش پەیامنێری رۆژنامەی بەریتانی-ئۆبزیرفر –بازۆفت-ی بەتاوانی سیخوڕیی لە سێدارەدا. ئەم كارانە بوونە هۆی ئاڵۆزیی و پەیدابوونی كێشە لەناوچەكەدا و ئارامی و ئۆقرەیی شێواند.

لە سایەی ئەم گۆڕانكارییانەدا، سەركردایەتی هەردوو حیزبی كورستان بازرانی و تاڵەبانی بڕیاریاندا هەلسەنگاندنێكی دۆخەكە بكەن، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێنا، لە یەكێتی فەرەیدون عەبدولقادری ئەندامی سەركردایەتی و لە پارتییش فەلەكەدین كاكەیی و فرانسۆ حەریری، لە رۆژی 26/7/1991 لە سەڵاحەدین. لە ترسی ئەوەی كە هیچ شتێك دزە نەكات هەردوو سەركردایەتی بڕیاریاندا بابەتەكە بە شاراوەیی بمێنێـەوەو تا ئەو كاتەی كە پێكەوە هاوبەشن لەناو بەرەی كوردستانیدا،  كاری ئەو لیژنە هاوبەشە تویژینەوە بوو لە ئەگەرەكان و پێویستە سەركردایەتی كورد چی بكات و دەتوانرێت چی بكرێت بۆ ئەوەی گۆڕانكارییەكان لەبەرژەوەندی كورد بشكێتەوە.

تیمەكە هەموو سیناریۆ و ئەگەرەكانی تاووتوێكرد، هەڵوێستی سەركردایەتیشی دیاریكرد و لە پرۆژەیەكدا ناویان لێنا (ئەگەر) و دایانەوە دەست سەركردایەتی هەردوو حیزب و دواتر بە (ئەگەرەكان) ناوی دەرچوو. لە كۆتاییدا لیژنە هاوبەشەكە هەڵوێستەیان لەسەر سێ پرسیار كردبوو (وەك هەریری دەڵێت):
 چی ڕوو دەدات ئەگەر لە بەغداد كودەتای سەربازی ڕووبدات؟
چی ڕوو دەدات ئەگەر سوپا هەڵبگەڕێتەوە، ئەی چی دەبێت ئەگەر سەدام حسینی تێدا بكوژرێت؟
پرسیاری سێیەمیش ئەوەبوو؛ كورد لەبەردەم ئەم ئەگەر و سیناریۆیانەدا چی بكات؟

فەرەیدون عەبدولقادر دەڵێت: دوای ئەوەی سەدام كوەیتی داگیركرد، ویلایەتە یەكگرتووەكان هێزی هاوپەیمانی بەسەركردایەتی خۆی كۆكردەوەو هەڕەشەی جەنگی لە عێراق كرد، ئەگەر سەدام حسین ڕەتی بكاتەوەهێزەكانی لە كوەیت بكشێنێتەوە، هەردوو حیزبی كوردی چاویان بڕییە دوو سیناریۆی تر:
یەكەمیان: چی دەبێت ئەگەر سەدام حسین ڕەتی كشانەوەی هێزەكانی بكات لە كوەیت، ئایا ئەوە هەلێك نابێت بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین؟
دووەمیش: چی ڕوو دەدات ئەگەر سەدام لە كوەیت بكشێتەوەو لەسەر دەسەڵاتی خۆی بمێنێـتەوە، ئایا گۆڕانكاریی گەورە ڕوو دەدات و فرەیی و هەڵبژاردنی ئازاد و هتد... دێنێتە ئاراوە ؟ (كە كورد ئومێدی بەمەیان زۆرتر بوو).

بەڵتم تیمە هاوبەشەكە دووەمیانی ڕەتكردەوەو جەختی پێداگریی لەسەر یەكەمیان دەكرد(فەرەیدون عەبدولقادر-هەولێر-تەمووزی 1991)، عەبدولموهەیمین سلێمان بارزانی زیاتر لەمەی پێیەو دەڵێت گفتوگۆ لە بارەی 100 ئەگەرەوە كرا، بەڵام دواجار چاومان لەسەر ئەم دوانە وەستایەوە (عەبدولموهەیمن بارزانی –هەولێر- 15/7/1993).
ئامادەكاریی بۆ ڕاپەڕین چووە قۆناغێكی هەستیارەوە، دوای ئەوەی عێراق كوەیتی داگیركردو هێرشی نێودەوڵەتی دەستی پێكردو هاوپەیمانیەكی نێو دەوڵەتی دروستكراو هاتنە ناوچە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی داگیركاری عێراق.

یەكێك لەو كێشانەی هاتە بەردەم سەركردایەتی كورد خۆی لە فشارەكانی ئێراندا دەبینییەوە بەوەی كە هاوپەیمانییەكی مێژوویی لەگەڵ – رەوتی ئیسلامی-دروستكرد، باس لەوە دەكرێت كە دیمەشق و تاران پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقییان دابەشكرد بۆ چوار ڕەوت، ئەوانیش كورد، نەتەوەیی و ئیسلامی- ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق- و دیموكراتیەكان بوون.

دەبێت ئەوەش بزانرێت كە كۆمەڵ و گروپە عەرەبییە ئیسلامیەكان لەگۆڕەپانی ئۆپۆزسیۆندا زۆر لاوازبوون تا ئاستی نەبوون، دوای چەندین كۆبوونەوەی درێژ ئەو ڕەوتانە گەشتنە دروستكردنی –لیژنەی كاری جەماوەریی- و بۆ ئەو مەبەستە یەكەم كۆنگرەی خۆی لە بەیروت و لە مانگی ئازاری 1990 دا بەست، بەو كۆنگرەیەدا پەیامنێری رۆژنامەی –الحیاة- بانگهێشت كرابوو، بۆ ئەوەی ڕووماڵی كۆنگرەكە بكات.
بە پێی وتەكانی –كاكەیی- كە نوێنەرایەتی پارتی دەكرد، گفتوگۆی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن سێ مانگی پێچوو تا واژۆیان لەسەر كرد و بەیاننامەیان دەركرد، گفتوگۆی زۆر بێتام و خراپی تێدا ڕوویداوە بەجۆرێك گفتوگۆی سەفسەتەیی وای تێدا كرا، وەك ئەوەی ئایا كارەكان بە –بسم الله- دەست پێبكات یان نە! یەكێكی تر لەو خاڵانەی كە ڕێككەوتنەكانی دواخست لەوەدا كۆ دەبوویەوە پێداگریی لایەنە عەلمانیەكان و لە پێشی هەموویانەوە كوردەكان بوو لەسەر چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراتیەت لە عێراقدا، تا دواجار نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی و حیزبی دەعوە بە نابەدڵی واژۆیان لەسەر بەیاننامەكە كرد كە لەسەر ئەو بنەمایە كۆتایی هات.

نەبوونی متمانە لە نێوان كوردو شیعەدا:
ئێرانی و سورییەكان كاریان لەسەر هەژموونی خۆیان دەكرد بەسەر ئۆپۆزسیۆنی عێراقیەوە لەبەر ئەوەی زۆرینەی سەركردەكیانی ئۆپۆزسیۆن لەسوریا بوون و پێشمەرگەو ئیسلامیەكانی سەر بە حیزبی دەعوەو ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی –باڵەسەربازییەكەی فەیلەقی بەدر- لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دامەزرابووڕاهێنانیان پێدەكرا، كە پێكهاتبوون لە پەنابەرانی شیعە، سەربازەبەدیلگیراوە شیعەیەكانی كاتی جەنگی عێراق و ئێران.
فەیلەقی بەدرلە ڕواڵەتی ڕێكخستنەوە پەیوەست بوو بە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراقەوە، بەڵام لە ڕاستیدا فەرمانەكانی لە سوپای پاسدارانەوە وەردەگرت، لەگەڵ ئەوەشدا سەركردەكانی عێراقی بوون بەڵام لەناو سوپای پاسدارانی ئێرانیدا بوون.

تاران فشارەكانی بۆ سەر كوردەكان دەستپێكرد بۆ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ ڕەوتی ئیسلامی دروستبكەن و پلانی هاوبەشیان هەبێت بۆ ڕاپەڕینی دژ بە سەدام حسین، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، تاران میوانداریی هەردوولای كرد، تا كۆبوونەوەیەكی هاوبەش ئەنجام بدەن و پلانی هاوبەش دابڕێژن و لە كاتی گونجاودا ڕاپەڕین ئەنجام بدەن. بەڵام كوردەكان متمانەیان بە ئیسلامیەكان نەبوو، لەبەر ئەوەی باوەڕیان وابوو ئەوانە ناتوانن بە بێ تاران بڕیاری سەربەخۆی خۆیان بدەن.

عەبدولموهەیمن بارزانی ئەندانی نوێنەری هەر دوو حیزبی كوردی بوو بۆپەیوەندی كردن بە حیزبە عەرەبیەئۆپۆزسیۆنەكانەوە، بۆ ئەوەی بزانێت ئەوان چەندە ئامادەكارییان كردووە كە لەباشووری عێراق ڕاپەڕین ئەنجام بدەن، لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای شۆرشی ئیسلامی هەبوو لەتاران، دەڵێت لەیەكێك لە چاوپێكەوتنەكاندا پێمان گوتن ئەگەر جەنگ دەست پێبكات كورد ئامادەكاریی كردووە كە راپەڕین ئەنجام بدات و دەست بگرێت بەسەر پارێزگار كوردییەكاندا، مادەم ئێوەش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە نوێنەرایەتی خەڵكی باشوورو ناوەڕاستی عێراق دەكەن، دەتوانن چی بكەن بۆ ئەوەی چالاكییەكە دژی ڕژێمی سەدام سەرتاسەریی بێت؟ لەبارەی داهاتووش ڕوونمان كردەوە ئامانجمان ئەوەیە سیستەمێكی دیموكراسی فرەیی لە عێراق بێتە ئاراوە، ئێوە بەوە ڕازین؟ خۆم پێم گوتن ئێمە نامانەوێت لە دیكتاتۆرێك كەدەستی سوورە بە خوێنی گەلەكەمان بیگۆڕین بە دیكتاتۆرێكی دی كە تینووی خوێن ڕشتن بێت. بەڵام وەڵامی ئەوان ڕوون نەبوو، ئەوەی كە گوتیان ئەوبوو: ئیشەڵا لە دەستی سەدام ڕزگارمان دەبێت، ئێمەو ئێوەش براین و دەتوانین بەیەكەوە بژین، بەشێوەیەكی گشتی (حەكیم) هاوكاریی ئێمەو حیزبە ئیسلامیەكانیش ناكات، هەرچەندە خۆشیان ئیسلامین، چوون لەو بڕوایەدان شۆڕشی ئیسلامی ئێران كۆپی دەكەن و لە عیراق جێبەجێی دەكەن(عەبدولموهەیمن بارزانی 15/7/1993 هەولێر).

بارزانی و ئەلحەكیم:
مەسعود بارزانی بەشداریی دوو كۆبوونەوەی كرد لەگەڵ نوێنەری هەردوو حیزبی كوردی و سەرۆكی شاندی ئەنجوومەنی باڵاش باقر حەكیم بوو، ئەمە قسەی ئەوە: لە دوو كۆبوونەوەمدا لەگەڵ ئەلحەكیمدا یەكەمیان لە تاران لە كۆتایی مانگی ئابی 1990 و ئەوی تریشیان  كۆتاییەكانی مانگی تشرینی یەكەمی ئەو ساڵەدا بوو كە نەوشیروان مستەفاشم لەگەڵدا ئامادەبوو.

ڕێككەوتین لەسەر بەرنامەیەك كە بنەما سەرەكییەكانی لەخۆ گرتبوو، ئەو پێی وابوو كە بەشداریی دەكەین لە كۆبوونەوەی عەرەبە قەومییەكان  بۆ ئەوەی جوڵانەوەكە نوێنەرایەتی پێكهاتەكانی عێراق بكات لە دژی سەدام حسین، وا كەوتە بەرچاوم كە حەكیم كەسێكی باشە، بەڵام لەڕاستیدا هیچ ڕووی نەدا و پێشم وایە ئێرانیەكان هۆكار بوون، بیرم دێتەوە كە جارێكیان حەكیم بە ئامادەبوونی ئێرانیەكان گوتی ئەوان سەرقاڵن بە تاریق عەزیز و سەعدون حومادییەوە(سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتی عێراق)، لە كۆتایشدا  كاتێك ڕاپەڕین ڕوویدا هەریەك لە ئێمە بە شێوازی تایبەتی خۆیدا لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیدا دەستی بەكارەكانی كرد، سەبارەت بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەڕێگەی فەرەیدون عەبدولقادر و عەبدولموهەیمن بارزاییەوە بوو (مەسعودبارزانی سەڵاحەدین 17/7/1993).

نێچیرڤان بارزانییش لەگەڵ سەرۆكی حیزبەكەیدا هاوڕایە لەسەر ئەوەی كە ئێران بۆچوونی خۆی بەسەر حەكیمدا سەپاندووە، چوون پێشێلی هیچ ڕیكەوتنێكی بەرپرسانی كورد و حەكیمی پێشێل نەكردووە لەو كاتەوەی كە پەیوەندیمان دروست بووە لە ساڵی 1986 ەوە، هەروەها دەشڵێت: لەكاتی ڕاپەڕیندا من بەرپرسی سەربازیی بووم لە سلێمانی نزیكەی 20 بروسكەم ناردووە بۆ حەكیم داوای ئەوەم لێكردووە كە چی لە باشوور ڕوودەدات. بەڵام هیچ وەڵامێكم وەرنەگرت، چوون ئێرانیەكان ڕێگر بوون لەوەڵامدانەوەی پەیامەكانم. دوای ڕاپەڕینەكانی باشووری عێراق ئێرانیەكان حەكیمیان پەراوێزخست، خۆیان بڕیارەكانیان دەردەكرد، سەرەڕای ئەوەی -فەیلەقی بەدر- وا دادەنرا كە سەربە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی بێت، بەڵام فەرمانەكانی لە سوپای پاسدارانەوە وەردەگرت(نێچیرڤان بارزانی ، سەڵاحەدین 22/5/1993).

بەڵام جەلال تاڵەبانی ڕوونی دەكاتەوە كە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ڕێككەوتنی لەگەڵ لایەنی كوردیی كردووە " ڕێككەوتنمان لەگەڵ حەكیم وا بوو كە هەموو عێراق ئازاد بكرێت، ئێمە لە كوردستانەوەو ئەوانیش لە باشوورەوە، پێویست بوو هێزەكانی ئەوان لە مەندەلییەوە (رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە كەلە سەر سنوورە و 100 كیلۆمەتر لە بەغدادەوە دوورە)و بەرەو پایتەخت بڕۆن، لەبری ئەوە بەرەو باشوور رۆشتن. هەروەها ڕێكەوتبووین كە دروشمی ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسلامییان نەبێت، بەبروای من، شیعەكان باوەڕیان وابوو سەدام كۆتایی دێت بۆیە دروشمە ئیسلامیەكەیان بەرزكردەوە (جەلال تاڵەبانی هەولێر 21/7/1993).

نەوشیروان مستەفاش دەڵێت: فەیلەقی بەدر دوو هەڵەی گەورەیان كرد، سەركردایەتی خۆیان ڕادەستی ئێران كرد و دەستكردن بە كوشتن و دانانی دادوەرێكی سەربازیی و دروستكردنی دادگای عورفی و كوشتنی خێرای خەڵك بوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی رۆژئاواو سعودییەو توركیا و ئەردەن و هەموو سونەكانیش (نەشیروان مستەفا ، لەندەن، 2/9/1993).

 بە پێی وتەكانی نەوشیروان مستەفا، پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق بەردەوام بووە بەو پێیەی ك هەردوو حیزبە كوردییەكەو ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی پێكەوە كاردەكەن، بەڵام لە كاتی ڕاپەرینەكەدا پێیان ڕاگەیاندین كە ئەوان بۆ خۆیان كاردەكەن و پێم وایە ئێران ئەو داوایەی لێ كردبوون.
باس لەوە دەكرێت ڕاپەڕینی باشووری عێراق یەك رۆژ لە دوای كۆتایی هاتنی جەنگی كەنداوی یەكەم سەری هەڵداوە، ئەوەش لەو كاتانەدا بوو كە سەربازەكانی عێراق لە كوەیتەوە بەرەو بەسرە دەكشانەوە، بەڵام هێشتا ئەو بابەتە گێڕانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت و عێراقیەكان هەریەكەی بەشێوەیەك باسی شێوەی سەرهەڵدانەكەی و بڕیاردەرەكەی دەكەن.

ئەوەی من بیستوومە گێڕانەوەی یەكەم ئەوەیە كە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە مانگی ئازاری 1991 دا كۆنگرەیەكیان بەستووەو رۆژنامەی –الحیاة- ڕووماڵی كردووە، ئەوەش لە پیاوێكی ئاینی شیعەی ئۆپۆزسیۆنم بیستووە محەمەد بەحرولعلوم كە ئێستا كۆچی دوایی كردووە، بەكورتی بۆی گێڕامەوە كە لەباشووری عێراق یەكەیەكی سەربازیی عێراقی بە فەرماندەیی ئەفسەرێكی گەنج لەگەڵ هاوڕێكانیدا تووشی بێزاریی و بێئومێدییەكی زۆردەبن و لە پەنای وێنەیەكی دیواریی گەورەیی سەدام دا دەبن ، فەرماندەكە یەك ڕیز فیشەك دەنێت بە ڕەسمەكەی سەدامەوەو هاوڕێكانیشی بەداوی ئەودا هەمان كاردەكەن، ئەم كارە دەبێتە هۆی توڕەبوون و بەرزبوونەوەی حەماسەتی هاوڕێكانیان و دەستیان بە ڕاپەڕین كردووە لەدژی دامەزراوەكانی حكومەت لە بەسرە و دواتر پریشكی ئەو ڕاپەرینە سەرجەم پارێزگاكانی دیكەی باشوریشی گرتەوە، كاتێكیش ئەم هەواڵە دەگاتە گروپ و جەماعەتە ئیسلامیەكان كە لەسەر سنوورەكانەوە نزیك بوون، بەخێرایی سنوورەكان دەبڕن و دێنە ناو بارودۆرخەكەوەو ئەفسەرە ئێرانیەكانیش هاوكارییان دەكەن و بەبێ هیچ پلانێكی پێشوەختە كارەكە دروست دەبێت (ئەم گێڕانەوەیەش سەركردایەتی كوردیش پەسەندی دەكەن).

بەڵام پلانەكانی كورد وردتر و گشتگیرتر بوو، پێش لەوەی كە چالاكییە سەربازییەكان دەست پێبكات، سەركردایەتی كورد فەرمانی دەركردووە بۆ ژمارەیەك لە هێزە چەكدارەكانی كە لە كادری دیاریكراو و هەڵبژێردراوی پێشمەرگە پێكهاتبوون بە نهێنی بچنەوە باشووری كوردستان و بە همەوو شێوەیەك ئاگایان لە جووڵەو ڕەفتاریان بێت و هەنگاوی هەڵەە نەنێن، سەركرادیەتی كورد زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكرد كە كورد بوون و چەكداریی ڕژێم بوون، و ڕژێم ناوی لێنابوون -موستەشار- بەڵام كورد بەوانەی دەگوت –جاش-.

بەڵام سەركردایەتی كورد بڕیاری هەڵدانەوەی لاپەڕەی نوێی دا، لەگەڵیان ئاشتەوایی كرد و لێیان خۆش بوو، سەركردایەتی كورد لە سەر سێ ئاست و لە سێ لایەنەوە نامەو پەیامیان ناردووە بۆ سەرۆك عەشیرەت و موستەشارەكان و ئەوانەی هاوكاری ڕژێم بوون، بۆ ئەوەی لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدەنەوە و پێكەوە كاربكەن بۆ چارەسەری كێشەی كورد، لەبری ئەوەی خزمەتی بەعس بكەن.
پێمان گوتبوون تەنانەت ئەگەر هاوكاریشمان نابن هێرش نەكەنە سەرمان لەبەر ئەوەی نامانەوێت كورد شەڕی خۆی بكات (نەوشیراون مستەفا، لەندەن 2/9/1993).

نەوشیراون مستەفا جەخت دەكاتەوە كە لە مانگی شوباتی 1991 سەركردایەتی كورد وەڵامی ئەرێنی 95%ی وەرگرتەوە لەوانەی كە نامەو پەیامەكانیان پێگەشتبوو.
هەریری پێی ڕاگەیاندم كە ژمارەیەك بەڵگەنامەی لەبەردەستدایە كە تایبەتن بە دانانی پلانی ڕاپەڕین و ئەو پەیامانەی كە سەركردایەتی كورد داویەتی بە كادرەكانی، یەكێك لەو بەڵگەنامانەی ئاڕاستەی كادرەكان كراوە بۆ دروستكردنی لیژنەیەك بووە كە پارێزگاریی لە یاسا و ڕێساكان بكەن، كە بەرپرس بوون كە پاراستنی ئاسایش و بەهەموو شێوەیەك قەدەغە بووە كە ئازاری هاوڵاتیان –بەهەر بیانویەك-بدەن، هەركەسێكیش پێچەوانەی ئەم یاسایە بجوڵێتەوە بە توندی سزا دەدرێت.  بەڵام ئەوەی گرنگ بوو كار بۆ ئەوە بكرێت پۆلیس و سوپا بێلایەن بكرێت ، یان هەڵوێست وەربگرن لەگەڵ شۆڕشگێڕان (فرانسۆ هەریری ، سەڵاحەیدن، 26/7/1993).

بە پێی وتەكانی نەوشیروان مستەفاو فرانسۆ هەریری، كوردستان كرابوو بە 10 ناوچەوە، لای هەریری بەڵگەنامەیەكی دوورو درێژی لەوبارەیەوە لەبەردەستدا بوو، لەنێو كتێبخانەكەیدا نیشانی دام، بەڵام ڕێگەی نەدا وێنەیەكی كۆپی بكەم بۆخۆم، پلاندانەران پێشتر پەیوەندییان كردبوو بە خەڵك و دانیشتوانی شارو لادێ و ئۆردوگاكانەوە لەناوخۆی كوردستان، دەیان لیژنەی ناوخۆیی دروستكرابوو بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ناوی ئەندامانی لیژنەكە و ئەركەكانیانی تێدا دیاری كرابوو.

سەركردایەتی كورد رۆژی 10 مانگی ئازاری دیاری كردبوو بۆ ئەوەی ڕاپەڕینی تێدا ئەنجام بدرێت لەبەر ئەوەی كەشەكە دەبێتە بەهارو بەفر دەتوێتەوەو لافاو دروست نابێت لەناوچە شاخاوییەكان، سەرەڕای ئەوەی شیعە بڕیاری یەكلایەنەی خۆیان دابوو لە باشوور بە بێ هەماهەنگی لەگەڵ كورد كارەكانیان بكەن، شێخ محەمەد تەقی مەولا كە نوێنەری باقر حەكیم بوو لەناكاو لە رۆژی 4/3/1991 گەشتە گوندی قاسمەڕەش لەسەرسنووری ئێران كە بارەگای نەوشیروان مستەفای لێبوو و نوێنەرایەتی تاڵەبانی دەكرد، لەبەر ئەوەی لەو كاتەدا لەدەرەوەی وڵات بوو، ئەو پێداگریی دەكرد دەبێت كورد بەخیرایی جووڵە بكات، لەوكاتانەدا جەماعەتەكەی حەكیم هەستیان بە دڵەڕاوكێ دەكرد، لەبەر ئەوەی هێزە عێراقیەكان بەرەو باشووری عێراق جووڵەیان پێدەكرا، هەروەها لەگەڵ بەشێك لە گروپە ئیسلامیەكانیش هەماهەنگییان دروست كردبوو، بەڵاك كورد پێی ڕاگەیاندوون كە ئەوان پلانیان داناوە دوای یەك هەفتەی تر دەست بە جووڵە دەكەن و تەنها چاوەڕوانی خۆشی كەش و هەوا دەكەن.

خۆپیشاندانی ئۆردوگا زۆرە ملێكانی بەعس
رۆژی 4/3/1993 لەنێو ئۆردوگا زۆرەملێكاندا كە بەعس لە كۆتایی حەفتاكاندا دروستی كردبوولەنزیك شارەكان و بە دوو قۆناغ گوندەكانی راگواست و خستنیە ژێر چاودێرییەوە خۆپیشاندان ڕوویدا، لە رۆژی دواتر( 5 ئازار) خەڵكی ڕانیە ، كە دەكەوێتە باشووری رۆهەڵاتی كوردستا و سەر بە پارێزگای سلێمانییە، لەبەردەم بارەگای ئەمنی ناوچەكە (مونەزەمە) كۆبوونەوەو ئەو چەكدارانەی سەر بە ڕێكخستنی هێزە كوردییەكان بوون هێرشیان كردە سەری، ئەوكارە بە هاوكاریی هەندێك لە هێزە عێراقیەكان بوو، هێرشەكان سەرجەم بارەگانی حیزبی بەعسی گرتەوەو دواتر هەواڵگری فیرقەی 24 ی سوپای عێراقی گرتەوەو سەرجەم هێزە عێراقیەكان خۆیان ڕادەست كرد و شارەكە پێش ئەوەی پێشمەرگەی بگاتێ بەتەواوی كەوتە دەست ڕاپەڕیوەكان (بەپێی وتەی نەوشیراون مستەفا ،لەندەن، 2/9/1993).

لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاڵوگۆڕەدا پێشمەرگەو كادرە حیزبیەكانی هەردوو حیزب –كە پێشتر بە نهێنی هاتبوونەوەو ناوشار- فەرمانیان پێكرا بە خێرایی بجوڵێن، بەم شێوەیە ڕووبەری ڕاپەڕینە جەماوەرییەكە فراوانتر بوو، تا سەرجەم پارێزگاكانی گرتەوە، هەندێكجار بە گەشتنی پێشمەرگە بۆ شارەكان و بەشداریی كردنیان، لە هەندێك شوێنیش بە سەركردایەتی ڕاستەوخۆی ئەوان،ئەوەی كە ڕوویدا دواتر هەموو ناوچە كوردستانیەكان كەوتە ژێردەستی كوردەكان، بە بێ ئەوەی هێزە عێراقیەكان كەمترین بەرگریی بكەن و پێیان باشتر بووە كە خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە بكەن.

بە پێی وتەی مەسعود بارزانی 120 هەزار چەكداریی هێزە عێراقیەكان خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە كرد، لە سلێمانی نەوشیراون مستەفا سەركردایەتی ڕاپەڕینی دەكرد، بەڵام پێشمەرگە و مەفرەزەناوخۆییەكان ڕووبەڕووی بەرەنگارییەكی گەورەی هێزە ئەمنیەكانی بەعس بوونەوە لە بارەگای سەرەكی هێزی ئەمنیەكان كە بینایەكی ئێجگار بەهێز بوو(ئەمنە سوورەكە)و لە كۆتاییدا بە كوشتنی بەرگریكارەكانی بەعس و پشتیوانەكانیان كۆتایی هات.

لە هەولێریش هێزی پێشمەرگە بە ئەنجامدانی هێرشێكی گەورە شارەكەیان ڕزگار كرد، بەشێوەیەكی گشتی هێزەكانی بەرەی كوردستانی بەشدارییان تێداكرد، بەتایبەتی پێشمەرگەی هەردوو حیزبی سەرەكی، لە ئازادكردنی سەرجەم پارێزگا كوردییەكاندا.
سەركردایەتی هاوبەش هەبوو لە شەڕەكان و سەركەوتن بەسەر دام و دەزگا ئەمنیەكانی ڕژێمدا، لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوە حكومی و حیزبیەكانی بەعس لە چەندین شارو شارۆچكەش لەسەردەستی ڕێكخستنەكان ئازادكران ، بەڵام ڕێكخستنەكانی بەعس نەیانتوانی بەتەواوی دەست بەسەر بارودۆخەكەدا بگرن، لەبەر ئەوەی پلانی پێشوەختەیان نەبوو. بە پێچەوانەوە بەرەی كوردستانی بەپێی پلانی پێشوەختە و بە سوود وەرگرتن لەئەزموونە پێشووەكانیان.

كورد سەركەوتوو بوون لە دەست گرتن بەسەر هەموو ناوچەكانی كوردستانی عێراقدا بە بێ ئەوەی هیچ بەرگرییەك بكرێت، ترۆپكی ڕاپەرین گەشتە كەركووك، هێزی پێشمەرگە لەچەند لایەكەوە بەرەو كەركووك كەوتنە ڕێ، جەنگ ڕویدا، پێش لە ئازادكردنی چەندین كوژراو برینداری لێكەوتەوە ، دواجاریش بۆیەكەم جار لە مێژووی شۆڕشی كوردیدا كەوتە دەستی كوردەكان.

لە باشووری كەركووەوە، هێزەكانی پێشمەرگە ڕووبەڕووی بەرگریی بەهێز بوونەوە، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەبوو ، ئەمجارەیان بەرگرییەكە لە لایەن هێزە عێراقیەكانەوە نەبوو، بەڵكو لە لایەن هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی –موجاهیدنی خەلق-ەوە بوو كە هاوپەیمانی عێراق بوون. ئەمەش لەلایەن چەندین سەركردی سەربازیی پێشمەرگەوە پشتڕاست كراوەتەوە.

كەركووك كەوتە دەستی هێزە كوردییەكان، سەرۆك عەشیرەتە عەرەبیە سونیەكان بە درێژایی ڕووباری دیجلە و تەنانەت نزیكی بەغداد و هەموو كەركووك و دیالە  پەیوەندییان كرد بە سەركردایەتی كوردەوە. ئەوان پشتیوانی خۆیان دووپات كردەوە لە دژی بەعس، بەڵام مەرجی خۆیان هەبوو.

لەوكاتانەدا پەیوەندیی لە نێوان سەركردایەتی كوردو بەرزان تكریتی زڕبرای سەدام حسین دروست بوو، كە ئەو كات نوێنەری هەمیشەیی عێراق بوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو پێشنیاری ڕێككەوتنی بۆكردبوون لە گەڵ بەغداد، ئەوەش چیرۆكێكی سەیرە كە بەرزان ویستبووی ڕۆڵێكی هەبێت بۆ ئەوەی كورد ئامانجەكانی بەدەست بهێنێت.

ئەم بابەتە دەقی وتارێكی نوسەری كوردی باشووری كوردستان (كامەران قەرەداغی)یەو پەیسەر وەك خۆی دەقەكەی كردووە بە كوردی.
سەرچاوە