ڕاپۆرتی کوردستانی

10:33 - 06/03/2021

ژنانی باکوری کوردستان و تورکیا؛ کوشتن لە بەرگی خۆکوشتندا‌

پەیسەر

لە باکوری کوردستان و تورکیا مانگانە دەیان ژن دەکوژرێن، بەڵام دادگاکان بەرگی "خۆکوشتن" دەکەن بە بەری "کوشتنەکەدا" و بەم هۆیەشەوە دۆسیەکان دادەخرێن، بەم جۆرە هەم کوژراو دەکرێت بە خۆکوژ، هەم بکوژ لە سزا رزگاری دەبێت. ژنەکە دوو جار دەبێت بە قوربانی و پیاوەکەش بێتاوان دەردەچێت.

"دایکە دەمەوێت شتێک بڵێم"
لە ناوچەی ئەغیلی سەر بە شاری ئامەدی باکوری کوردستان، ئایەتن کایا تەلەفۆن بۆ دایکی دەکات، بە دایکی دەڵێت، "دایکە دەمەوێ شتێک بڵێم"، بەڵام ئایتەن ئەوەی نەوت کە دەبوو بیڵێت. دایکی کایا نەیدەزانی کە ئەوە دواین گفتوگۆی دەبێت لەگەڵ کچەکەی، رۆژێک دواتر ئایتەنی ٣٥ ساڵ بە هەڵواسراوی لە ژوورەکەیدا دۆزرایەوە.

داواکاری گشتی ئامەد بە بیانووی ئەوەی پێویست بە لێکۆڵینەوەی دادوەریی ناکات، دۆسیەکەی داخست، بەڵام خێزانەکەی ئایتەن گومانیان هەیە لەوەی رووداوەکە خۆکوژی بووبێت، هەر بۆیە لە "کۆمەڵەی ژنانی رۆسا" سکاڵایان تۆمار کردووە.

خێزانەکەی کایا پێیان وایە چەند هۆکارێک هەبووە کە وای کردووە داواکاری گشتی لە دۆسییەکە ورد نەبێتەوە، بۆیە دۆسیەکە پڕە لە گومان و نایەکانگیری.

لە راپۆرتی توێکاریدا کاتژمێری مردنەکە نییە. لەگەڵ ئەوەی داداوەر باس لە خۆکوشتن دەکات، بەڵام ئەو شینبوونانەوەی لەسەر جەستەی ئایتەنن، سەرجەم ئەم قسانەی دادوەر بەدرۆ دەخاتەوە و هەڵیدەوەشێنێتەوە..

ئەوەی گومانەکەی زیاتر کردووە، ئەو ئاسنەی کە جەستەی  ئایتەنی بە هەڵواسراوی پێوە بووە، بە جۆرێک نییە کە ئایتەن توانیبێتی خۆی پێهەڵبواسێت، ئەوە جگە لە شینبوونەوەی جەستەی ئایتەن لە سێ شوێندا.

هاوسەرەکەی ئایتەن سێ رۆژ پێش رووداوەکە لە شوێنی کارەکەی مۆڵەتی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە شاری ئامەد. ئەمەش هێندەی دیکە گومانەکانی زیاتر کرد، بۆیە پارێزەرانی خێزانی ئایتەن ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەم هۆیەشەوە دۆسیەکە جارێکی دیکە کرایەوە.

"دووری بخەنەوە لە خۆکوشتن"
غوربەت گوێزدە ئەنگین پارێزەر و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی رۆسا دەڵێت، لە کاتی کوژرانی ئایتەن و لە ماوەی دوو هەفتە و نیودا، چوار ژنی دیکە بە شێوەیەکی ناڕوون مردوون، بەڵام دادگا لێکۆڵینەوەی وردی لەبارەی هیچکامیانەوە نەکرد.

پارێزەرەکە پێی وایە ناونانی ئەم مردنانە بە "خۆکوشتن" دەبێتە هۆی رزگاربوونی ئەو کەسانەی گومانلێکراون لەم رووداوانەدا و بەم جۆرەش لە سزادان رزگاریان دەبێت.

ئاماژەش بەوە دەکات، پێویستە لێکۆڵینەوەکە لەسەر ئەو بنەمایە بکرێت کە ئەم رووداوانە خۆکوشتن نین و دەکرێت کەسێک دەستی لەم مردنەدا هەبێت یان هاندەر بووبێت بۆ ئەم رووداوە ئەگەر خۆکوشتن بێت.

هاوسەرەکەم لێیدام
لە رۆژانی رابردوودا لە شاری ئەنقەرە ژنێکی ٢٢ ساڵ بە ناوی سێڤگینور ئاکتاش لە بەشی چاودێری چڕ هێنرایە دەرەوە. هاوسەرەکەی باسی لەوە کردبوو کە هەوڵی خۆکوشتنی داوە. بەڵام دوای چاکبوونەوەی ژنەکە رایگەیاند، هاوسەرەکەی لێیداوە و پێی وتووە، "لای ئێمە جیابوونەوە بوونی نییە."

لەگەڵ ئەوەی ئاکتاش فریاکەوت راستییەکان ئاشکرا بکات و نەمرد، بەڵام دەیان و سەدانی وەک ئەم ژنە لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژران و واش ناویان هێنرا کە خۆیان کوشتووە. وەک دۆسیەی رۆژدا باغاچی کە خوێندکاری زانکۆی دیاربەکرد بوو، دوای مردنی خێرا دۆسیەکەی داخرا.

دۆسیە بە ئازارەکەی رۆژدا
هەواڵ بۆ خێزانەکەی رۆژدا هات کە کچەکەیان لە نهۆمی حەوتەمی بەشی ناوخۆیی زانکۆوە خۆی فڕداوەتە خوارەوە و خۆی کوشتووە. دوای شەش رۆژ دادگا بە بیانووی ئەوەی رووداوەکە "خۆکوژی " بووە، دۆسیەکەی داخست، بەڵام خێزان و کەسوکارەکەی باوەڕ بەوە ناکەن کچەکەیان خۆی کوشتبێت.

لە کاتی لێکۆڵینەوەدا چوار شوێن پەنجە هەڵگیرانەوە، لەو چوار پەنجەیە تەنها یەکێکیان هی رۆژدا بوو، کەچی لێکۆڵینەوە لەوە نەکرا سێ پەنجەکەی دیکە هی کێن.


گومان دەکرا هاوڕێ کوڕەکەی یان زڕ پورەکەی دەستی لە تاوانەکەدا هەبێت، کەچی لێکۆڵینەوە لەگەڵ هیچکامیاندا نەکرا.

کچ و ژنانی باکوری کوردستان خۆیان بکوژن یان بکوژرێن، لە کاتی مردنیاندا هەر پێیان دەوترێت خۆیان کوشتووە، بۆیە پارێزەران و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ گومان لە سەرجەم رووداوەکانی مردنی کچ و ژنان دەکەن و داوا دەکەن بە وردی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان بکرێت، نەک بە بیانووی "خۆکوشتن" دۆسیەکان دابخرێن و تاوانبارانیش رزگاریان ببێت.