لێکۆڵینەوە

10:37 - 07/03/2021

دواکەوتووی کاروان؛ ئێران، تورکیا و ئیسرائیل چۆن عەرەبەکانیان قوتدا؟‌

پەیسەر

بەهاری عەرەبی رەنگە کۆتایی عەرەبیش بێت، لە ماوەی چوار ساڵی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گۆڕانکارییەکی گەورە سەریهەڵدا کە تێیدا عەرەب لە ململانێ گەورەکان چوونە دەرەوە. ئەوەی ئێستا رکابەری سەرەکی دەکات بۆ هەژموونکردن بەسەر ناوچەکەدا، سێ دەوڵەتن کە هیچیان عەرەبی نین، ئێران، تورکیا و ئیسرائیل.

 

گۆڕانکارییە گەورەکە

گۆڤاری (foreignpolicy) نووسینێکی (Vali Nasr) بڵاوکردووەتەو ەکە پرۆفیسۆرە لە زانکۆی (Johns Hopkins) و تێدا تیشکی خستووەتە سەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە کەم کەس هەستی پێکردووە، ئەویش نەمانی پێگەی عەرەبە لە ململانێ گەورەکاندا. ئەو دەوڵەتانەی چەند ساڵێکە چمکی ململانێکانی ناوچەکەیان لەدەستدایە، هیچیان عەرەب نین؛ ئێران، تورکیا و ئیسرائیل.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە دوای قەیرانی سوێسی ١٩٥٦، ئێران، تورکیا و ئیسرائیل هێزەکانیان رێکخستەوە، تاکو پێکەوە دژی وڵاتانی عەرەبی هاوسەنگی هێز بەلای خۆیاندا لار بکەنەوە، ئەم کارەشیان بە هاوکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمرکا کرد.

لە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، شکستی عەرەب دەستیپێکرد، بەئامانج نەگەیشتنی بەهاری عەرەبیش ئەم شکست و کەوتنەی قوڵتر کردەوە و عەرەبەکانی هێندەی دیکە دواخست.

لێرەوە گۆڕانکارییە گەورەکە روویدا؛ ئیتر ململانێ گەورەکان لەنێوان سوننە و شیعە یان عەرەب و ئیسرائیلدا نییە، بەڵکو لەنێوان ئێران، تورکیا و ئیسرائیلی ناعەرەبدایە.

ژێرئاوکەوتنی عەرەب
لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، عەرەبەکان لە ناو چەقی ستراتیژییەتی ئەمریکادا بوون، وڵاتانی عەرەبی و بزوتنەوە عەرەبییەکان لە رووداوەکانی نیوەی دووەمی سەدەی ٢٠دا رۆڵ و کاریگەری گەورەیان هەبوو.

دواتر دۆخەکە گۆڕا، عەرەبەکان لە کاروانەکە دواکەوتن. ئێستا عەرەبەکان ترسیان لێنیشتووە، چونکە ئەمریکا تاکو دێت زیاتر لێیان دووردەکەوێتەوە و ئێرانیش دەستی بە فراوانخوازییەکی گەورە کردووە، تورکیا دەیەوێت ببێت بە دەمڕاستی مسوڵمانان و تاکو ناو دڵی عەرەب هاتووە، ئیسرائیلیش بە هێزە سەربازییە گەورەکەی و رێککەوتنەکانی دەیەوێت بێتەوە ناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

عەرەب بەرەو ئیسرائیل
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو هێرش کرایە سەر دەزگا و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و ئیمارات و دەریشکەوت ئێران لەپشت هێرشەکانەوەیە، ئەبوزەبی رووی لە ئیسرائیل کرد و رێککەوتنی ئاشتی واژۆ کرد، ئەمەش ئەو ترسە گەورەیەی تارانی لەسەر عەرەبەکان زیاتر دەرخست.

هەرچەندە هەندێک توێژەر پێیان وایە رێککەوتنی عەرەب و ئیسرائیل هێندەی دژی تورکیایە، هێندە دژی ئێران نییە. ئەم رکابەرییە و قوڵبوونەوەی، وەها دەکات ناوچەکە بەرەو ملاملانێیەکی گەورەتر بڕوات.

لێرەوەیە دەوڵەتەکانی ناوچەکە هەوڵی زیاتر خۆبەهێزکردن و کڕینی چەکی نوێ دەدەن، ئەمەش ناوچەکە بەرەو جەنگێک دەبات کە ئەمریکا نایەوێت رووبدات و هەوڵ دەدات رێگری لێبکات، بۆیە ئەرکی ئیدارەی جۆ بایدن رێگریکردنە لە هەر ئەگەرێکی جەنگ و ناوکۆکی لە ناوچەکەدا.

ئەوەی ئێستا روونە، هەوڵەکانی ئێرانە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و پێسکەوتوو، تاکو بتوانێت هێندەی دیکە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، ئەمەش زیاتر ئاسایشی ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات.

بەڵای تورکیا
عەرەبەکان لەبەردەم هێزێکی دیکەدا کە تورکیای بەهێزە، تورکیایەک بە خەونی عوسمانییەکانەوە، خەونی گەڕاندنەوەی خاکە لەدەستچووەکانی ئیمپراتۆرییەتە گەورە و فراوانەکەی، خەونێک کە پارتی داد و گەشەپێدان بووە بە هەڵگری و دەیەوێت جێبەجێبکات.

تورکیا دەزانێت داهاتووەکەی لە ئەوروپا و رۆژئاوا نییە، بۆیە لە دوای هاتنە سەر کاری ئاکپارتی رووی لە رۆژهەڵاتی و جیهانی ئیسلامی کرد و تەنانەت تاکو قوڵایی ئەفریقاش چووە. ئەم گەڕانەوەیەی تورکیا و رابەرایەتیکردنی جیهانی ئیسلامی و عەرەبیش، گەورەترین مەترسییە لەسەر پێگە و رۆڵی عەرەب لە ناوچەکەدا.

ئەم فراوانخوازییەی تورکیا ئەنجامی گەورەی هەبووە؛ بەشێک لە سوریای داگیر کردووە، کەی بیەوێت دێتە ناو هەرێم و ئۆپراسیۆن دەکات، بەشێکی خاکی هەرێم بووەتە جێگای هێزە تورکییەکان. ئەنقەرە لە تاران و بەغدایە و نەک هەر لەسەر عەرەب، بەڵکو لەسەر پێگەی ئێرانییەکانیش بووەتە هەڕەشە.

دەستوەردانەکانی تورکیا لە لیبیا و بەشداریکردنی لە جەنگی ئەو وڵاتەدا، رووکردنە جەنگی کاراباخ و پشتیوانیکردنی ئازەربایجان، هێندەی دیکە ئاستی فروانخوازییەکانی ئەنقەرەی لە ناوچەکەدا گەورەتر کرد.

تورکەکان روویان لە لوبنانیش کرد و پشتیوانیان بۆ وڵاتەکە دەربڕی، پشتیوانیان لە برایانی مسوڵمان کرد و چوونە ئەفریقاش، ئەمەش دەسەڵاتدارانی عەرەبی توشی ترس و دڵەڕاوکێ کرد.

روسیا؛ بەکارهێنەری هەلەکان
هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا هەیە، بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئێران لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی روسیا چوون بە ناو یەکدا. سیاسەتی روسیا تەنها لە سوریا، لیبیا و کاراباخدا نییە، بەڵکو لە ئۆپیکەوە تاکو ئەفغانستان درێژدەبێتەوە.

روسیا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە سەرەکییەکانی ناوچەکەدا بپارێزێت، هەندێک جاریش ئەکتەرێک بەسەر ئەکتەرێکدا زاڵ دەکات و دوای ماوەیەک ئەم هاوسەنگییە دەگۆڕێت.

لەگەڵ ئەوەی سیاسەتی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روون نییە، بەڵام لەگەڵ سیاسەتی نوێی ئەمریکا کە کشانەوەیەتی لە ناوچەکە، وا دەکات مۆسکۆ رۆڵێکی گەورەتر بگێڕێت و ئایندەی ناوچەکە دابڕێژێتەوە.

ئیسرائیلیش هات
ئیسرائیلیش دەستی بە هاتنە ناوەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. ئەگەر جاران بە هێز و هێرش ئەم کارەی کردبێت، ئێستا بە نزیکبوونەوە لە وڵاتانی ناوچەکە ئەم کارە دەکات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ساڵی ٢٠١٩ دانی بەوەدا نا کە بەرزاییەکانی جۆلان هی ئیسرائیلە، لە ئێستاشدا ئیسرائیل پلانی داناوە بەشێک لە کەرتی رۆژئاوا بۆ خۆی داببڕێت و بە فەرمی بیکات بە بەشێک لە خاکی ئیسرائیل.

وڵاتانی عەرەبی بۆ دژایەتیکردنی ئێرانی و تورکەکان، روویان لە ئیسرائیل کرد و رێککەوتنیان لەگەڵ واژۆ کردن، ئامانجیشیان ئەوە بوو دوای کشانەوەی ئەمریکای دۆستیان، لە رێگای ئیسرائیلەوە پارێزگاری لە پێگە و هێزی خۆیان بکەن.

کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبەکان هەلێکی گەورە بوو بۆ ئێرانییەکان تاکو روو لە دڵی عەرەب بکەن و هەژموونی خۆیان بسەپێنن، تەنەنات چەن دەوڵەتێکی عەرەبیش بە تارانەوە ببەستن. لەوانەش یەمەن، سوریا، عێراق و لوبنان.

لەگەڵ هەموو ئەم هەلانەدا کە بۆ تاران هەڵکەوت، ئیسرائیل بەردەوام پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کوشتنی چەندین زانای ئەتۆمی ئێران خراوەتەوە ئەستۆی ئیسرائیل، دواینیان موحسین فەخریزادەی باوکی ئەتۆمی ئێران بوو.

ئیسرائیل و تورکیا
بابەتەکە تەنها ئێران نییە، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیاش چووە قۆناغێکی زۆر خراپەوە. وەک چۆن ئێران حەماسی بەکاردەهێنا، تورکیا هەم حەماس دژی ئیسرائیل بەکاردەهینێت و هەم برایانی مسوڵمان لە دژی سعودیە، میسر و ئیمارات بەکاردەهێنێت، ئەم هەنگاوەی تورکیا و فراوانخوازییەکانی لە لیبیا، لوبنان، عێراق، ئەفریقا و سوریا، ئەنقەرەی بە گژ بلۆکی سعودی-میسری-ئیماراتی دا.

هەموو ئەم پێشهاتانە وای کردووە، ئەوەی ئاڕاستەی سیاسەتی ناوچەکە دەکات، تەنها ئایدۆلۆجیا و دین نەبێت، بەڵکو شێوازە تەقلیدییەکەی سیاسەتی واقعییە.

ئەگەر ئیسرائیل پێگەی ئیمارات و سعودیە بەهێز بکات، ئەوا دوور نییە قەتەر و عومان بۆ خۆپارێزیی روو لە تورکیا و ئێران نەکەن.

نزیکییەکانی ئیسرائیل لە عەرەبەکان هۆکاریش بێت بۆ نزیکبوونەوەی ئێران لە تورکیا، بەڵام تاران لە هەوڵە فراوانخوازییەکانی ئەنقەرە لە ناوچەکە نیگەرانە، بەتایبەت کە هاوکارییەکانی تورکیا بۆ ئازەربایجان، هاوکاتە لەگەڵ هاوکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئازەربایجان، واتە هەردوو وڵات چوونەتە سەر یەک هێڵ، ئەمەش ئێرانییەکانی توڕە کردووە، بەتایبەت کە تورکیا لە عێراق و سوریا کە ئێران بە هی خۆی دەزانێت تاکو دێت بەهێزتر دەبێت.
چینیش لێرەیە
ئەم هەموو پێکداچوونەی پەیوەندی و بەرژەوەندییەکان، وەها دەکەن ناکۆکی و پێکدادانەکان سەختتر بن و گۆڕانکارییەکانیش خێراتر بن. ئەم دۆخە بۆ روسیا هەلێکی گەورەیە کە بەردەوام هەوڵ دەدات سود لە هەلەکان وەربگرێت و بۆ بەرژوەدنی خۆی بەکاریبهێنێت، بەڵام هێزێکی دیکەش هەیە کە چینە.

چین دەیەوێت لە ئێران و سعودیەش نزیک ببێتەوە کە دوو نەیاری یەکدین، هەم هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ ئێران پەرە پێدەدات و هەم رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ سعودیە دەکات. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا روودەدەن کە ئەمریکا گرنگییەکانی بە رژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە کەمتر کردەوە.

ئەمریکا چی دەکات؟
ئەمریکا دەستەوەستان نییە، ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەیەوێت بە شێوەیەکی جیاواز بگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە. دیموکراتەکان کە دەیانەوێت لە شەڕ و جەنگ دووربکەونەوە، هەوڵ دەدان ئاستی ئەم ناکۆکییانە کەم بکەنەوە و رێگە نەدەن بە پێکدادانی سەربازیی بگات.

سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، بەڵام هەردووکیان هێشتا هاوپەیمانی ستراتیژین لە ناو ناتۆدا، بۆیە رەنگە ئیدارەی بایدن کار بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەلایەک و تورکیا، سعودیە و ئیمارات لە لایەکی دیکەوە بکات، ئەمەش راستەوخۆ وەها دەکات ریاز و ئەبوزەبی هەنگاوی زیاتر رووەو قەتەریش بنێن.

بایدن و ئێران
ئێران کێشە هەرە گەورەکەی بەردەم ئیدارەکەی جۆ بایدنە، سەرەتا دەبێت کێشەی ئەتۆمی ئێران جێبەجێ بکەن، بەڵام خێرا و بەپەلە، ئەمە جگە لە گفتوگۆکردن لەبارەی ئایندەی ناوچەکە و دەسەڵاتی ئێران لەم ناوچەیەدا.

نزیکبوونەوەی ئەمریکا لە ئێران، وەها دەکات مەترسی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا کەم بکاتەوە، هانی عەرەبەکانیش دەدات پشتگیری لەم هەنگاوە بکەن، کە لە بەرژەوەندی سەقامگیری ناوچەکەدایە.

ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوار ساڵی داهاتوودا تا ئاستێکی زۆر کەوتووەتە سەر سیاسەتی نوێی ئیدارەکەی جۆ بایدن، هەر هەنگاوێکی ئەم ئیدارەیە کاریگەری لەسەر پەیوەندی و ناکۆکییەکانی نێوان ئەم وڵاتانە دەبێت.

عەرەبەکان دەیانەویست لە سایەی دیموکراتەکان و بایدندا هەناسەیەک بدەن، بەڵام یەکەم هەنگاوی بایدن دژ بە سعودیە و بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەی سی ئای ئەی کە محەمەد بن سەلمانی بە کوشتنی جەمال خاشقچی تۆەمتبار کردبوو، سعودییەکانی بێهیوا کردەوە.

عەرەبەکان لەبەردەم ئایندەیەکی ناڕووندان. ئێران، تورکیا و ئیسرائیل تاکو دێت خۆیان بەهێزتر دەکەن، عەرەبەکانیش لەناو خۆیاندا هەر لە ناکۆکیدان، نزیکبوونەوەی دەوڵەتانی ئەنجومەنی کەنداو لە قەتەر و پڕۆسەی ئاشتبوونەوەشیان رەنگە بەشێک بێت لەم ترسەیان کە لە کاروانەکە دواکەوتوون.