01:13 - 12/01/2019
بڕگه‌یه‌كى بودجه‌ى عێراق هیوا بۆ كورد ده‌گێڕێته‌وه
بڕگه‌یه‌كى پرۆژه یاساى بودجه‌ى عێراق بۆ ٢٠١٩ هیواى بۆ كورد گێڕایه‌وه كاتێك ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غداش سه‌رینه‌گرت، ده‌بێـت مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌بكرێت، به‌ڵام پێناچێت تێپه‌ڕاندنى ئه‌و بڕگه‌یه بێ به‌ربه‌ست بێت، لایه‌نه عێراقییه‌كان چاویان له‌وه‌یه یاساكه بكه‌نه كارتى ناچاركردنى هه‌رێمى كوردستان و په‌یوه‌ستبوونى زیاترى به به‌غداوه.
زیادكردنى ئه‌و بڕگه‌یه بۆ پرۆژه‌یاساكه بابه‌تێكى تهواوجیاوازه له پێشتر به‌وپێیه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له گێژاوى ململانێ سیاسییه‌كان ده‌هێنێته ده‌ره‌وه‌و چیتر مووچه‌خۆران چاوه‌ڕوانى رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا ناكه‌ن، ئه‌وه‌ى هیواى لایه‌نه كوردییه‌كانى زیادكردووه ئه‌وه‌یه بڕگه‌كه له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه هاتووه، ئه‌گینا په‌رله‌مان خۆى ده‌سه‌ڵاتى زیادكردنى ئه‌و بڕگه‌یه‌ى نییه، چونكه ده‌چێته چوارچێوه‌ى زیادكردنى خەرجییەوە.
كورد له‌لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق پێنج ئه‌ندامى هه‌یه له كۆى ٢٢ ئەندام، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر له لیژنه‌ى دارایى ئه‌و بڕگه‌یه دژى زۆره له‌لایه‌ن فراكسیۆنه عه‌ره‌به‌كانه‌وه، به‌وپێیه‌ى په‌رله‌مان خۆى ده‌سه‌ڵاتى كه‌مكردنه‌وه‌ى خەرجی، یان لابردنى بڕگه‌یه‌كى هه‌یه، یاخود ده‌سه‌ڵاتى گواستنه‌وه‌ى خەرجى هه‌یه له‌شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكى دیكه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتى زیادكردنى نییه، ئێستا بڕگه‌كه خۆى زیادكراوه ئه‌وه‌ى ئه‌ركى لایه‌نه كوردییهكانه پاراستنى بڕگهكهیه تا به‌سه‌لامه‌ت له كێشمه‌كێشم و بێنه‌و به‌رده‌ى هۆڵى په‌رله‌مانى عێراق تێبپه‌ڕێت.
بۆئه‌وه‌ش پێویستى به ده‌نگى زۆرینه‌ى په‌رله‌مانتارانى ئاماده‌بووى كۆبوونه‌وه‌ی پەرلەمانە لەسەر بودجە، ره‌نگه ئه‌گه‌ر پێشوه‌خت لێكنزیكبوونه‌وه‌ى لایه‌نه سیاسییه‌كان ئاماده‌نه‌بێت بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و بڕگه‌یه به ئاسانى له ده‌نگدانى په‌رله‌مانتاران رزگارى نه‌بێت، بۆیه كورد پێش ده‌نگدان پێویستى به مانۆڕێكه كه پاڵپشتى باش بۆ بڕگه‌كه دروست بكات، تا چیتر گیرفانى مووچه‌خۆران له ته‌لبه‌ندى كێشه‌ى سیاسییه‌كانه‌وه نه ئاڵێت.
به‌هار مه‌حمود ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به په‌یسه‌ر پرێسى راگه‌یاند، ئه‌وان ده‌زانن لایه‌نى عێراقى زۆرن كه دژى ئه‌و بڕگه‌یه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئومێدى لایه‌نه كوردییهكانه ئه‌وه‌یه بڕگه‌كه له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه ره‌وانه‌كراوه، هه‌رچه‌ند له لیژنه‌ى دارایش تێپه‌ڕاندنى ره‌نگه ئاسان نه‌بێت چونكه دژى زۆره.
پرۆژه یاساى بودجه‌ى عێراق هه‌رێمى كوردستان پابه‌ند ده‌كات به ره‌وانه‌كردنى ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه به كۆمپانیاى سۆمۆ له‌به‌رامبه‌ردا سه‌دا ١٢.٦٧ی بودجه‌ى عێراقى بۆ ره‌وانه ده‌كرێت، به بڕواى به‌هار مه‌حمود، حكومه‌تى هه‌رێم نایه‌وێت ئه‌و بڕه نه‌وته راده‌ست بكات، بۆیه ئه‌وان لایان گرنگه كێشه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بهێننه ده‌ره‌وه‌ى كێشه سیاسییه‌كان.
مانگى رابردوو كورد توشى بێهوایى زۆر بوو كاتێك دواى ماوه‌یه‌كى زۆر و كۆبوونه‌وه‌و گفتوگۆى دورو درێژى چوارمانگه، نه‌یتوانى پشكى خۆى له بودجه زیاد بكات و جارێكى دیكه سه‌دا ١٢.٦٧ بۆ هه‌رێمى كوردستان جێگیركرایهوه و ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان كرایه‌وه.
بودجه‌ى ساڵى ٢٠١٩ى عێراق له‌لایه‌ن كابینه پڕكێشهكهى حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌وه، به په‌له‌پڕوزێ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان كرا، كاتێك ئه‌و كابینه‌یه كاربهڕێكهربوو و وه‌زیره‌كانى عادل عه‌بدولمه‌هدى هێشتا له‌سه‌ر كورسى دانه‌نیشتبوون، بودجه‌كه ته‌پوتۆزى ناكۆكییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غداى به‌سه‌ره‌وه مایه‌وه.
ئەحمەد حاجی رەشید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بۆ په‌یسه‌ر گوتى"ئەگەر لەهەوڵەكە سەركەوتووبین و لەپەرلەمان دەنگ لەسەر ئەو بڕگەیە بدرێت، لەپرۆژە یاسای بودجەی عێراق، ئەوە پرسی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابەسترێتەوە بەهەناردەی نەوت لەلایەن هەولێرو رادەستكردنی داهاتەكەی بە بەغدا".
پشكى كورد له بودجه‌ى عێراق ئێستا نۆ ترلیۆن و ٧٨٣ ملیار و ٢٥ ملیۆن و ٨١١ دینارە، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقیش ده‌سه‌ڵاتى گۆڕینى ئه‌و ژماره‌ى نییه، بۆیه ته‌نها ده‌رگاى چوونه ده‌ره‌وه‌ى كورد قه‌یرانى بودجه تێپه‌ڕاندنى ئه‌و بڕگه‌یه كه مووچه‌ى له كێشه سیاسییه‌كان جیاده‌كاته‌وه.
ساڵى ٢٠١٧ سندوقى نه‌ختینه‌ى نێوده‌وڵه‌تى رێككه‌وتنێكى هه‌بوو له‌گه‌ڵ عێراق ئێستا ئه‌و رێككه‌وتنه نه‌ماوه، ساڵى رابردوو ئه‌و دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه فشارى كرد بۆ ئه‌وه‌ى ٣١٧ ملیاره‌كه ره‌وانه‌ى كورد بكرێت، به بڕواى ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید سندوقى نه‌ختینه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئێستا لەبەرئەوەی په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ عێراق تێكچووه و ئاماده نیه فشار بكات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و بڕه پاره‌یه ره‌وانه‌ى هه‌ولێر بكرێت، هه‌روه‌ها پێكهاته‌ى په‌رله‌مان و حكومه‌تى ئێستا جیاوازن و وه‌ك خولى پێشوو نین، بۆیه كورد ئه‌مساڵ پێویسته به بڕگه‌یه‌ك له یاساى بودجه ئه‌و كێشه ببڕێنێته‌وه.
به‌ربه‌سته‌كانى تێپه‌ڕاندنى بڕگه‌كه ته‌نها له په‌ڕله‌مان نابن، یاساى بودجه‌ى ٢٠١٩ دووه‌م یاساى بودجه‌ى دواى ریفراندۆم و رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره، یاساكه به‌ده‌رنییه له كاریگه‌رى دۆخ و رووداوه سیاسییه‌كان، له به‌غدا بۆچوونێك هه‌یه پێیوایه ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه هه‌رێم به ته‌واوى وابه‌سته‌ى به‌غدا بكرێته‌وه، تێپه‌ڕاندنى بڕگه‌یه‌كى له‌وجۆره هه‌ولێر ده‌ستكراوه ده‌كات كه ناچارنه‌بێت به‌ره‌و به‌غدا بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه نییه كه لایه‌نه عێراقییه‌كان ده‌یخوازن.
هاوكات تێپه‌ڕاندنى بڕگه‌كه واده‌كات هه‌رێمى كوردستان نه‌یه‌وێت پابه‌ندبێت به یاساى بودجه‌وه چونكه ئه‌وكات هه‌م به‌شێكى زۆر له پاره‌ى مووچه‌ى له به‌غداوه بۆ دێت و هه‌م پاره‌ى نه‌وتى خۆشى ده‌بێت و به‌سه‌ربه‌خۆ دهیفرۆشێت، كه مه‌زنده ده‌كرێت ئێستا هه‌رێمى كوردستان له سه‌رووى ٤٠٠ هه‌زار به‌رمیله‌وه نه‌وت ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه بكات و داهاتێكى باشى ده‌ستده‌خات.
هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق پێى وایه، ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به بودجه‌وه مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌وێته كێشه‌وه، ده‌ڵێت ئەگەر هەرێم رۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت، موچەی فەرمانبەران ئاسایی دەبێتەوە.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره باسله‌وه‌ده‌كات، ئەگەر هەرێم نەوتەکە لە رێگەی سۆمۆوە نەفرۆشێ و پێی وابێت بەغداد بەردەوام دەبێت لەسەر ناردنی بڕی ۳۱۷ ملیار یاخود بە گوێرەی بودجه‌ى ئەمساڵ زیاتر لەوە و لەسەروی ٤٠٠ ملیار"ئەوە موجازەفە و یاریکردنێکی گەورەیە بە موچە و ژیانی فەرمانبەرانی هەرێمەوە چونکە لە ئێستاوە دەنگ بەرزبووەتەوە لەوەی ئەگەر هەرێم نەوت نەنێرێ پارە نیە و نابێت، ئەگەر هەرێم پابه‌ند نه‌بێت بودجه خاڵی دەبێتەوە لەو مافانەی ئێمە بۆیان هەوڵ ئەدەین".