ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:26 - 08/03/2021

وشکەساڵی؛ ئەو قەیرانەی لە جەنگی ١٠ ساڵە زیاتر سوریای وێران کرد‌

پەیسەر

میدیا، ناوەندە زانستییەکان و سیاسییەکانی جیهان کە قسە لەسەر سوریا دەکەن، باسی جەنگ و ئاوەرەکان دەکەن، بەڵام ئەوەی سورییەکانی شەکەت کردووە، ئەو داڕمانەیە لە ژیانی سورییەکاندا دروستبووە، هۆکاری سەرەکیشی ئەو وشکەساڵییەوە بوو کە پێش جەنگی سوریا رووی لە وڵاتەکە کردبوو.

لە سوریا بۆ ماوەی چەند ساڵێک ئاستی دابارین ابەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە کەمی کرد، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئەم دۆخەش زیانێکی زۆری لە زەوییە کشتوکاڵییەکان دا.

وشکەساڵی لە سوریا هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ٨٠٠ هەزار کەس سەرچاوەی ژیانیان لەدەستبدەن و ٨٥٪ی سامانی ئاژەڵییش لەناوچوو.

(جمال الصغير) مامۆستا لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی (McGill) وشکەساڵی کێشە و قەیرانەکانی سوریای قوڵتر کردەوە، بەتایبەت ئەو کێشانەی چەند ساڵێکە بەرۆکی سورییەکانی گرتووە، وەک، ناسەقامگیری سیاسی، هەژاری و دەگمەنی سەرچاوەکان.

پسپۆڕەکە دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی جیهان، ئەمەش بە روونی لە بەیاننامەیەکی ئەمریکاوە دەرکەوت کە ئاماژەی بەوە کردبوو، گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ئەوەی پشتی ئەم راستییەی گرتووە ئەوەیە کە پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان گۆڕانی کەشوهەوا و ناکۆکییەکاندا هەیە.

پێشتر و لە ساڵانی ١٩٧٠ تاکو نزیکی ١٩٩٠ دەوڵەتی سوریا هاوکارییەکی زۆری پێشکەشی جوتیاران دەکرد، زەوییە کشتوکاڵییەکانیش بە بەرهەم بوون و بارانێکی زۆریش دەباری، ئەمەش وەهای کرد بەرهەمی کشتوکاڵی سوری بۆ ئاستێکی بەرز زیاد بکات.

بەڵام لە کۆتایی هەشتاکان بەدواوە سێ شەپۆلی وشکەساڵی رووی لە سوریا کرد، ئەوەی کە لە هەموو شەپۆلەکان زیاتر کاریگەر بوو ئەوەیان بوو کە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تاکو ٢٠١٠ روویدا.

بەپێی تۆمارە فەرمییەکان و لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، ئەو وشکەساڵییەی لەنێوان ٢٠٠٦ تاکو ٢٠١٠ روویداوە، سەخترین وشکەساڵی بووە لە ٩٠٠ ساڵی رابردوودا.

بەهۆی دابەزینی بەرهەمی کێڵگە کشتوکاڵییەکانەوە کە هۆکارەکەی وشکەساڵی بوو، سوریا بە ئاستێکی زۆر دەستی بە هاوردەکردنی دانەوێڵە کرد، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک.

وشکەساڵی بەردەوام سەختی و ناڕەحەتییەکانی خەڵکی سوریا زیاتر دەکات، ئەمەش هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی یەک ملیۆن و نیو گوندنشین بوو بۆ شارەکان تاکو کاریان دەستبکەوێت.
ئەوانەشی مانەوە ئەو جوتیارانە بوون کە زۆر هەژار بوون توانایان نەبوو کۆچ بۆ شارەکان بکەن، بەشێک لە ئەم جوتیارە هەژارانە و منداڵەکانیان خزێندرانە ناو گروپە چەکدارەکان، لەوانەش داعش.

ستافان دیمستۆرا، نێردەی پێشووی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا بە دی دەبلیوی راگەیاندووە، گۆڕان و نالەبارییەکانی کەشوهەوا، قەیرانی سوریای گەورە و خێراتر کرد، قەیرانەکەش بە بڕیاری کەمکردنەوەی خزمەتگوزاری و هاوکارییەکان بۆ دانیشتوان لەلایەن حکومەتی سورییەوە قوڵتر بووەوە، لەوانەش سوتەمەنی، کارەبا و ئاو.

ناکۆکییە مەزهەبییەکان و پێکدادانە چەکدارییەکان لەنێوان پیکهاتەکاندا، هێندەی دیکەی قەیرانی ئابووری و خراپی بژێوی سورییەکانی گەورەتر کرد.

گەیشتنی بەهاری عەرەبی بە سوریا، هاوکات بوو لەگەڵ کۆچی گوندنشینان بۆ شارەکان، ترسی لەدەستدانی کار، خراپبوونی بژێوی و کەمبوونەوەی توانای کڕین.

دوای ئەوەی سوریا کەوتە ناو پێکدادان و جەنگی خوێناوییەوە، دەوڵەکان بە خۆیان و گروپە چەکدارەکانی سەر بە خۆیانەوە روویان لەم وڵاتە کرد، ئەمەش سورییەکانی خستە نێو جەنگێکەوە کە هیچ کەسێک ناتوانێت پێشبینی کۆتاییەکەی بکات، ئەم دۆخە بارە ئابوورییەکەی سوریای خراپتر کرد و بووە هۆی قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانەکان.

بەهۆی پێکدادانەکانەوە، بەشێک لە شارەکان کەوتنە ژێر گەمارۆوە، بەم جۆرەش دانیشتوانی ئەم شارانە نەیاندەتوانی دەستیان بە خۆراک و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بگات، بەتایبەت لە حومس و حەلەب.

دوای ساڵی ٢٠١٨ حکومەتی دیمەشق توانی کۆنترۆڵی نزیکەی ٦٠٪ی خاکی سوریا بکاتەوە کە بەشێکیان بە تەواوەتی وێران ببوون، دانیشتوانێکی ماندوو بەدەست وشکەساڵی و جەنگەوە گەڕانەوە ژێر دەستی دەوڵەتی سوریا.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ماوەی جەنگی سوریادا، شەش ملیۆن و ٦٠٠ هەزار سوری بوون بە کۆچبەری ناخۆیی و زیاتر لە پێنج ملیۆنیش لە سوریا دەرچوون بۆ وڵاتانی دیکە کۆچیان کرد و هەڵهاتن.

ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٨٢ هەزار و ٥٠٠ کۆچبەری سوری لە وڵاتانی دیکەوە و لە رێگای رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیە یەکگرتووەکانەوە گەڕاونەتەوە سوریا. نزیکەی ٤١٢ هەزار کۆچبەری ناوخۆییش گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.

گەڕانەوەی ئەم کۆچبەرانە لەکاتێەکدایە، کە سوریا ماندووی شەڕێکی درێژخایەنە، گوزەرانی سورییەکان لە خراپترین ئاستدایە، خۆراک و ئاو کەمە، ژێرخایەنی ئابووری داڕوخاوە و وڵات پێویستی بە چاکسازییەکی بنەڕەتی هەیە.

ستافان دیمستۆرا دەڵێت، بەشار ئەسەد توانی بەشێکی گەورەی خاکی سوریا بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام نەیتوانی ئاستی بەدەستبهێنێتەوە. (جمال الصغير)یش دەڵێت، سوریا بۆ ئەوەی بگاتەوە بە ئاشتی، پێیویستی بە بونیادنانەوە هەیە.

ئەوەی روونە سوریا خۆی بە تەنها ناتوانێت هەستێتەوە و پێویستی بە هاوکاری هەریمی و نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەت نزیکترین دۆستی کە روسیایە و پاشانیش ئێران کە خۆی لە قەیرانێکی سیاسی و ئابووری زۆرسەختتدایە.

ئەوەی سورییەکانی نیگەران کردووە ئەوەیە، ئەو دەوڵەتانەی لە سوریا و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەشداری جەنگیان کرد و سوریایان وێران کرد، ئامادە نین بەشداری لە بونیادنانەوەی ئەم وڵاتەدا بکەن.