ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:44 - 09/03/2021

غەزەی سوریا؛ ئیدلب لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردا‌

پەیسەر

پارێزگای ئیدلب لە ناوچە هەرە ستراتیژییەکانی سوریایە، هەر لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە کەوتە ناو جەنگێکی خوێناوییەوە. لە ئێستادا لەناو دەستاڕی هێزە ناکۆکەکاندایە و ترسیش هەیە ببێت بە غەزەی سوریا. ئیدلب لەکوێوە گەیشتە ئەم دۆخەی ئێستا و ئایندەی چۆن دەبێت؟

دوای هێرشە سەربازییەکان و ئاگربەستەکان، هێشتا بەشێکی گەورەی پارێزگای ئیدلب لەژێر دەستی گروپە توندڕەوەکان و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە حکومەتی سوریادایە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە؛ داهاتووی ئەم ناوچانە چی دەبن کە هەیئەی تەحریری شام بەشێکی گەورەی کۆنترۆڵ کردووە؟ ئایا ئیدلب دەبێت بە غەزەی سوریا؟

ستراتیژییەت و گرنگی ئەم پارێزگایە لەوەدایە لەلایەک هاوسنوری تورکیا کە چاوی لە خاکی باکوری وڵاتەکەیە و بەشیکی داگیر کردووە، لەلایەکی دیکەوە دراوسێی پارێزگای لازقییەی قەڵا و شووێنی سەرەکی عەلەوییەکانە کە رۆڵەکەیان (بەشار ئەسەد) سەرۆکی وڵاتەکەیە و خەونی ئەوەیە هەموو سوریا بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەکەی.

شاری ئیدلبی ناوەندی پارێزگای ئیدلب، کەوتووەتە سەر رێگای نێودەوڵەتی حەلەب – دیمەشق، کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ببوە ئامانجی هێرشەکانی حکومەتی سوریا تا ئەو کاتەی بە تەواوی کۆنترۆڵی کردەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی گەلانی سوریا، خەڵکی پارێزگای ئیدلبیش هاتنە سەر شەقامەکان و بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کرد. لە ساڵی ٢٠١٥ هاوپەیمانی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و گروپە چەکدارەکان لەوانەش نوسرە، دەستیان بەسەر پارێزگاکەدا گرت.

لە دوای ساڵی ٢٠١٩ زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکە، بەتایبەت ئەوانەی هاوسنوری پارێزگاکانی حەما، حەلەب و لازقیە بوون، لەژێر دەستی هەیئەی تەحریری شامدا بوون.

دواتر هێزەکانی سەر بە رژێمی سوریا لە باشوری پارێزگاکەوە دەستیان بە هێرش کرد و چەند ناوچەیەکیان کۆنترۆڵ کردەوە، کە دوا هێرشیان لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ بوو.

هێرشەکانی سوپای سوریا نیوەی ئامانجەکەی پێکا، چونکە توانییان نیوەی ناوچەکانی پارێزگاکە لەژێر دەستی هەیئەی تەحریری شام دەربهێنن.

فابریس بالانش کە پسپۆڕی جوگرافیای سوریایە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە ئێستادا هەیئەی تەحریری شام و گروپە چەکدارەکانی دیکە کۆنترۆڵی سێ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی پارێزگاکەدا کردووە، ئەمە لە کاتێککا پێشتر و لە ساڵی ٢٠١٧ دەستیان بەسەر نۆ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی ئەم پارێزگایەدا گرتبوو، واتە نزیکەی شەش هەزار کیلۆمەتریان لەدەستداوە.

لە دوای هێرشەکانی سوپای سوریا بۆ پارێزگاکە، ئاگربەست لەنێوان ئەم گروپانە و رژیمی سوریادا کرا، ئاگربەستەکەش لەلایەن روسیا و تورکیاوە سەرپەرشتی کرا.

هەیئەی تەحریری شام لە رێگای دامەزراوە مەدەنییەکانەوە و بە ناوی "حکومەتی رزگارکەر"ەوە ناوچەکانی ژێر دەستی خۆی بەڕێوەدەبات، کۆی گشتی سێ ملیۆن کەس لەژێر ئیدارەی کۆنترۆڵی ئەم گروپەدان کە زۆربەیان ئاوارەکانن.

یەکێک لە سەرچاوە گەورەکانی داهاتی هەیئەی تەحریر، لەو باجانەوەیە کە دەیخاتە سەر ئەو کەلوپەلانەی کە بەرەو تورکیا و ناوچەکانی رژێمی سوریا دەچنو  دەگەرێنەوە.

بەپێی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی چەکدارەکانی هەیئەی تەحریری شام دەگاتە ١٠ هەزار کەس و گروپەکەش بەوە تۆمەتبار کراوە کە قۆرخی دابەشکردنی سوتەمەنی کردووە و بەم جۆرەش داهاتی مانگانەی نزیکەی ملیۆنێک دۆلارە.

لەم ناوچانەی پارێزگای ئیدلب چەند گروپێکی دیکە هەن کە یان هاوپەیمانی هەیئەی تەحریرن یان رێککەوتن لەنێوانیاندا هەیە، هەندێکیشیان ناکۆکییان لەگەڵ هەیئەکەدا هەیە.

راپۆرتەکان لە پارێزگاکەوە ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو گروپانەی کە تورکیا پشتیوانییان دەکات، لە ناکۆکییەکی رێژەییدان لەگەڵ هەیئەی تەحریری شامدا.

یەکێکی دیکە لە بابەتە گەرمەکانی ئیدلب ئەوەیە، بەهۆی بوونی هاوڵاتی جیاوازی وڵاتان لەناو ئەم گروپانەدا وەک بەریتانی، فەڕەنسی و دەوڵەتانی قەوقاز، جەمسەرگیری دروستبووە و هەر گروپێک و بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی هاوڵاتیانی وڵاتێک.

لە دوای هەر هێرشێکی سوپای سوریا بۆ سەر ئیدلب، ئاگربەست بەسەرپەرشتی روسیا، تورکیا و ئێران دێتە کایەوە، بەڵام دوای ماوەیەک دیسان شەڕ دەستپێدەکاتەوە و سوریاش دەست بە هێرش دەکاتەوە.

تورکیا دەیان هەزار سەربازی بردووەتە ئیدلب، دوای ئەوەشی سوریا توانی بەشێک لە گروپە چەکدارەکان لە پارێزگاکە دەربکات، رووبەڕووی سوپای تورکیا بوویەوە، بەهۆی شەڕەکشیانەوە چەند سەربازێکی تورکیا و سوریا کوژران.

ئیدلب بووە بە شووێنی پێکدادانی نێوان سوریا و تورکیاش، دیپلۆماتکاری وڵاتێکی رۆژئاواش بە فرانس پرێسی وتووە، تورکیا لە تێکشکاندنی ئاگربەستەکان تێوەگلاوە کە نزیکەی ١٥ هەزار سەربازی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە.

تورکیا کە چوار ملیۆن ئاوارەی سوری لەخۆگرتووە و لە هەر شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەکان دەترسێت، بۆ هەر هێرشێک دەستی لەسەر پەلەپیتکەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک ئاماژە بۆ ئەوە دەچن کە چارەسەری سیاسیی گرنگی خۆی پەیدا کردووە.

دیپلۆماتکارەکە پێی وایە دۆخی ئیدلب بەم شێوەیەی ئێستا نامێنێنێتەوە و بەردەوام نابێت. ناوچەکە لەژێر گەمارۆدایە، ئایندە دیار نییە و لەلایەن ئەو هێزانەوە بەڕێدەبرێت کە بە خوێنی یەکدی تینوون، بۆیە چاوەڕوانی گۆڕانکاری دەکرێت کە چارەنووسی پارێزگاکە روون بکاتەوە.

دارین خەلیفە توێژەر لە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی بە فرانس پرێسی وتووە، شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەکان تورکیا دەخاتە بەردەم ئاڵنگاری سیاسی، ئابووری و مرۆیی نوێوە، لە کاتێکدا تورکیا ئێستا هەوڵ دەدات پارێزگاری لە پەیوەندییەکانی بکات لەگەڵ روسیا، سوریا لە ئیدلب دووربخاتەوە و رووبەڕووی مەترسییەکانی سەریشی ببێتەوە.

ئەگەر گۆڕانکارییەکان بەو ئاڕاستەیەدا بن کە هێرش و پێکدادانی دیکە لە ئیدلب رووبدات و گروپە چەکدارەکانیش دەست بەسەر شارەکەدا بگرن، ئەوا تورکیا زیاتر دەوری شرەکە دەگرێت، گروپە چەکدارەکان بەرێوەی دەبەن، بەم جۆرەش گەمارۆکانی سەر شارەکە زیاتر دەبن، ئەمەش ئیدلب دەکاتە غەزەی سوریا، رووداوێک کە هەموان لێی دەترسن و نایەنوێت رووبدات.