ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:51 - 09/03/2021

سوریا؛ تورکیا ئارامی ناوچەکانی ژێر دەستی سوپاکەی پێکۆنترۆڵ ناکرێت‌

پەیسەر

ئەو ناوچانەی باکوری سوریا لەژێر دەستی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئەنقەرەدان، لە ناسەقامگیری قوڵدان. رۆژانە تەقینەوە، هێرشی چەکداری و تیرۆرکردن روودەدەن. سەرەڕای ئەوەی تورکیا بانگەشەی دروستکردنی ئاسایشی دەکرد لەم ناوچانەدا، بەڵام رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبن.

لە نوێترین رووداودا، لەسەرێ کانی ژێر دەستی سوپای تورکیا و نزیکترین خاڵی سنوری نێوان تورکیا و سوریا، لە ئەنجامی تەقینەوەی ماتۆرسکیلێکدا چەکدارێکی سوپای نیشتمانی سوری کوژرا و دوو چەکداری دیکەش بریندار بوون.

ئاژانسی ئەنادۆڵیش بڵاویکردەوە، چەکدارانی سەر بە سوپای نیشتمانی سوری کە تورکیا پشتیوانییان دەکات ماتۆڕسکیلەکەیان راگرتووە و دەستیان بەسەردا گرتووە، بەڵام لە کاتی گواستنەوەیدا تەقیوەتەوە.

هەفتەی رابردووش روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ و راگەیاندنی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئەنقەرە بڵاویانکردەوە، بەهۆی هێرشی موشەکییەوە لە سەر سنوری سوریا و تورکیا کەسێک کوژراوە و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

تاکو ئێستا سوپای تورکیا نەیتوانیوە سنورێک بۆ ئەو تەقینەوانە دابنێت کە لە ناوچەکانی ژێر دەستی روودەدەن، لەوانەش عەفرین، ئەلباب و جەرابلوس.

سەرەڕای ئەوەی ئەم تەقینەوانە زیانێکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزە تورکییەکان و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئەنقەرە دەدەن، بەڵام تاکو ئێستا نەتوانراوە رێگرییان لێبکرێت.

هێرش، پەلامار و تەقینەوەکان دەیسەلمێنن کە تورکیا و هێزە چەکدارەکانی نزیکیان ناتوانن ئاسایشی ئەو ناوچانە دابین بکەن کە داگیریان کردووە.

لەگەڵ هەر هێرش و تەقینەوەیەکدا تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکرات و کوردەکان تۆمەتبار دەکات و بە ئەنجامدەری تەقینەوەکان ناویان دەبات.

بەپێی زانیارییەکان تورکیا تەنها کوردەکان بەوە تۆمەتبار ناکات کە نائارامیان خستووەتە ناوچەکانی باکوری سوریا، بەڵکو گروپە چەکدارەکانی خۆشیان دەستیان لەم کارەدا هەیە.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ناکۆکییەکی زۆر لەنێوان گروپە چەکدارەکانی سەر بو تورکیا روویداوە و هەریەکەیان شەڕی ئەوە دەکەن زۆرترین دەسەڵاتیان هەبێت و زۆرترین ناوچەی باکوری سوریا بخەنە ژێر دەستی خۆیان. هەر هێزێک و شەڕی هەژموون و دەسەڵات دەکات، بۆیە گومان دەکرێت بەشێک لە تەقینەوەکان دەستی ئەم گروپانەی تێدا بێت و لە دژی یەکتر ئەنجامی بدەن.

بەشێکی دیکەی ناکۆکییەکانی نێوان گروپە چەکدارەکان لەسەر سەروەت و سامانی ناوچەکانی ژێر دەستیان و ئەو دەستکەوتانەیە لە ئەنجامی داگیرکردنی باکوری سوریا بەدەستیانهێناوە.

چاودێران پێیان وایە تورکیا نەک هەر نەیتوانی ئاسایش بۆ ئەم ناوچانەی باکوری سوریا دابین بکات، بەڵکو ناکۆکیشی خستە نێوان ئەو پێکهاتانەی سەدان ساڵە پێکەوە و لە تەنیشتی یەکتردا بە ئاشتی دەژین، بەتایبەت دوای هەڵمەتەکانی داگیرکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی هێزە کوردییەکان.

لەگەڵ ئەوەی تورکیا دەڵێت لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی سنورەکانی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر باکوری سوریا، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئامانجی تورکیا هەم کۆتاییهێنانە بە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان، هەم دەستگرتنە بەسەر سەروەت و سامانی ناوچەکانی باکوری سوریا.

تاکو ئێستا تورکیا نەیتوانیوە پابەندی بەڵینەکانی بێت بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکانی ژێر دەستی خۆی و گروپە چەکدارەکان، بۆیە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە و خەڵکی ئەم ناوچانەش بێزارن لەوەی کە هەم ناوچەکانیان داگیر کراوە، هەم رۆژانە رووبەڕووی کوشتن و کاری تەقینەوە دەبنەوە.

تورکیا لە سوریا لەژێر فشاری ئەنجومەن و رێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندایە، بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی کە داوا دەکات تورکیا ئەم ناوچانەی سوریا بەجێبهێڵێت.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ناکۆکی گەورەی نێوان تورکیا و ئەمریکاش لەسەر هێرشەکانی تورکیا بووە بۆ سەر ئەم ناوچانە، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ بەردەوام گڵۆپی سەوزی بۆ سوپای تورکیا هەڵدەکرد، بەڵام ئەمریکا لەسەر ئەم هێرشانە چەند جارێک سزای تورکیای داوە.

چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن، بە رەقییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ تورکیادا بکات و وەک ترەمپ لە ئەنقەرە قبوڵ نەکرێت لەم ناوچانەدا بمێنێتەوە، بەتایبەت کە بایدن رایگەیاندووە، بنەمای سەرەکی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر دیموکراسییە و ئامادە نین سازشی لەسەر بکەن.