ڕاپۆرتی کوردستانی

02:57 - 09/03/2021

سلێمانی ژێر خاشاك دەكەوێت‌

پەیسەر

کۆمپانیاکانی پاککردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە شاری سلێمانی، بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانیان کارەکانیان راگردەگرن و ڕاشیدەگەیەنن، بەردەوام دەبن لە مانگرتن تاكو شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجدەكرێت، سەرۆكی شارەوانی سلێمانیش دەڵێت، لە هەوڵداین بۆ ئەوەی كێشەكە چارەسەربكرێت. پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، بە وردبین دەگەڕێن لە کوێ زەوی مابێت داگیری دەکەن، بەڵام ئامادەنین خەمێک لە خاشاک و درەختەکانی ئەم شارە بخۆن.

 

 کۆمپانیاکانی پاککردنەوەی ناوەندی پارێزگای سلێمانی
لە کاتژمێر شەشی ئێوارەی رۆژی دووشەممە کۆمپانیاکانی پاککردنەوەی ناوەندی پارێزگای سلێمانی کە ژمارەیان سێ کۆمپانیایە کارەکانیان راگرتوە بەو هۆیەشەوە بڕێکی زۆر خۆڵ و خاشاک لە شەقامەکاندا کۆبوەتەوە.

نوێنەری یەکێک لە کۆمپانیاکان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە گرێبەستی پاککردنەوەی شاری سلێمانی بۆ سێ کۆمپانیاکە نوێ کراوەتەوە، بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرجنەکراوە.

وتیشی، چەندین جار لایەنەپەیوەندیدارەكانمان لەو كێشەیە ئاگاداركردوەتەوە بەڵام وەك پێویستە بەدەنگمانەوە نەهاتوون بۆیە مانمان گرتوە.

راشیگەیاند، لایەنە پەیوەندیارەکان لە هەوڵدان بۆئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت و دەست بەکارکردن بکەنەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە رۆژانە ئەو کۆمپانیایانە سەدان تۆن خۆڵ و خاشاک لە شەقام و کۆڵانەکانی سلێمانی کۆدەکەنەوە.
هەموو سەری ساڵێك تەندەری ئەو كۆمپانیایانە نوێدەكرێتەوە و بەڵام ئەوە ماوەی سێ مانگە ئیشوكاری ئەو كۆمپانیایانە ڕاگیراوە و تەندەرەكانیان نوێنەكراوەتەوە، بەپێی زانیاریەكان هەر كرێكارێك بڕی 400 هەزار دیناری پێدەدرێت.

كێشەكە چارەسەر دەكرێت؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاكی شاری سلێمانی بەپێی ئەو گرێبەستەی كە واژۆیان كردوە دەبێت خۆڵ و خاشاكی شارەكە پاكبكەنەوە و ئەگەر بەردەوامبن لە كاركردن خۆمان بەئەركی پاككردنەوەی شارەكە هەڵدەستین، دەشڵێ، لە هەوڵداین بۆ ئەوەی كێشەكە چارەسەربكرێت.

توانا كەمال، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی تایبەت بە پەیسەر ڕایگەیاند، ئێمە تێناگەین هۆكاری مانگرتنی ئەو كرێكارانە چیە و لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لەگەڵیان كۆبوینەتەوە و لەسەر ئیرادەی خۆیان تەندەریان پڕكردوەتەوە و ئەو كەسەی ئەو تەندەرە پڕدەكاتەوە دەبێت لە بڕگەكانی تێبگەن و ماوەی دومانگە لە كاركردن بەردەوامن لە كاركردن.

وتیشی، لە ئێستادا خاڵێك هەیە كە كێشەی لەسەرە ئەویش زەمانكردنی ئەو ئامێرانەیە كە ئیشی پێدەكەن ئەوەش پێچەوانەی ئەو گرێبەستەیە كە واژۆیانكردوە خۆیان ڕەزامەندبون لەسەری و كێشەكە لێرەوە سەری هەڵداوە و لە دوێنێوە كاركردنیان ڕاگرتوە و ئێمەش بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین و لە هەوڵداین بۆ ئەوەی كێشەكە چارەسەربكرێت.

سلێمانی تەنیا بۆ داگیرکردنی زەوی و قاچاخی و کۆمپانیاکاریە
لەبەر پێنەدانی چەند دەفتەر دۆلارێک خاشاکی ئەم شارە کۆناکرێتەوە، ئامادەن لە دوو ساڵدا ھەزاران دۆنم زەوی داگیربکەن و بایی سەدان ملیۆن دۆلار بفرۆشن، بەڵام چەند دەفتەرێک بۆ پاککردنەوەی ئەم شارە نیە، ئەمانەی وتەی عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستانن، ئەو دەڵێت، بە وردبین دەگەڕێن لە کوێ زەوی مابێت داگیری دەکەن، بەڵام ئامادەنین خەمێک لە خاشاک و درەختەکانی ئەم شارە بخۆن.

ئەوەش ئاشكرا دەكات كە بەرپرسان، بەبەهای ١٥٠ ملیۆن دۆلار مەخزەن دەفرۆشن، بەڵام ئامادەنین ڕوبعە ملیۆنێک بۆ پاککردنەوەی ئەم شارە تەرخان بکەن.
٢٢ ھەزار پارچە زەوی بەنایاسایی دەفرۆشنە ٣٣٢ ملیۆن دۆلار، بەڵام ملیۆنێک دۆلار بۆ ئەم شارە نیە.

عەلی حەمەساڵح دەشڵێت، لە سلێمانی و هەولێر، بە گۆڕەپانی سوتەمەنی قاچاخ و کارگەی جگەرە و مەشروبی نایاسای و قاچاخ، ژەھر دەکەنە قوڕگی خەڵکی ئەم شارەو تووشی دەیان نەخۆشیان دەکەن، بەڵام ئامادەنین ٢٪‏ ئەم پارە بۆ ژینگە تەرخان بکەن.

لەسەر گیرفانی خەڵکی ئەم شارە چەندین کەناڵ و سایت و پەیجیان داناوەو چەندینی دیکەش بەڕێوەیە، پارە ھەیە مانگانە ١٠ ھەزار دۆلار بدرێتە ڕۆژنامەنوسێک!! بەلام پارە نیە بۆ پاککردنەوەی خاشاک!!

لەبەشێكی دیكەی بابەتەكەیدا دەڵێت، ئەگەر ١٠٪‏ ئەو پارەی  دوو ساڵی ڕابردوو لە قاچاخچێتی و داگیرکردنی زەوی ئەم شارەدا دەستکەوت ، بخرایەتە خزمەتی ئەم شارە! جوانترین شاری عێراق دەبوو!

٤٢ خێزانی ھەژاری عەریزە نوس لە پۆیسی ھاتوچۆی سلێمانی دەردەکەن و نرخی عەریزە نوسین دەکەن چەندین قات و مانگی ملیۆنێک دۆلار لە گیرفانی خەڵکی ئەم شارە دەردەکەن، بەڵام پارە بۆ کۆکردنەوەی خاشاک نیە!  ئەوە لە كاتێكدایە، پارەی کۆکردنەوەی خاشاکیش لە دوکاندارەکان وەردەگیرێت.

دوای 30 ساڵ لە حكومڕانی كوردی، تائێستا نەتوانراوە خزمەتگوزاریەسەرەتایەكان بۆ هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە دابین بكڕیت، شكستی حكومەتەكانیش یەك لە دوای یەك قوڵتردەبنەوە كێشەی ژینگە و كەمی سەوزایی ستانداردیش لە شارەكانی هەرێمی كوردستان یەكێكیترە لەكێشەكان و بەچارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.