دۆسێ

09:42 - 10/03/2021

جل و بەرگی كوردی لە كلتورەوە بۆ سیاسەت‌‌

پەیسەر

ئەگەر جلوبەگ بۆشاردنەوەی جەستەو پیشاندانی جوانتری جەستەی مرۆڤەكان بێت، لەهەمان كاتدا وەك سومبولی ناسینەوەی هەر گەل و نەتەوەو پێكهاتەیەكیش سەیری كراوە، جلوبەرگی هەرنەتەوەو هۆزو تیرەيةكیش بەپێی ژینگەو تێڕوانین و بیروباوەڕی كۆمەڵایەتی و ئاینی لەبەركاروە و مامەڵەی لەگەڵ كراوە، تەنانەت لەهەندێك كۆمەڵگەدا بڕیاری چارەنووس سازی لەبارەوەدراوەو لەسەر دەركەوتنی بەشێك لەجەستە كەسێك لەنێو براوەو تەنانەت شەڕی گەورەشی لەسەر هەڵگیرساوە.

لەنێو نەتەوەو كلتورە جیاوازەكاندا لەبەر كردنی جلوبەرگی جیاواز بەهۆی بۆنەو دۆخی جۆراوجۆر بووەو دەكرێت بەبینینی جۆری جلوبەرگەكان بارودۆخی دەرەونی و كۆمەڵایەتی دەستنیشان بكرێت. ئەمەش لەكۆمەڵگەیەكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێت، لای هەندێك لە كۆمەڵگەكان لەبەركردنی جلوبەرگی رەش مانای تازیەباری و لەدەست دانی كەسێكی خۆشەویست یان یادكردنەوەی كارەساتێكی ناخۆشە، كەشی لای هەندێكی تر لەبەركردنی جلوبەرگی سپی ئەو مانایە دەدات..


هەرچۆنێك بێت تا ئێستەش بە تێەپەڕبوونی هەزاران ساڵ بەسەر داهێنانی جل و بەرگ دا هێشتا ماناو بوونی خۆی لەدەست نەداوە، دیزاین و گۆڕانكاریەكانیش لەبەهای ئەسڵی خۆی لای نەداوە، لەرووی ئایدۆلۆژی نەتەوەیی و گروپیشەوە لای هەندێك بووەتە رەمزی بەرگری و پیاوەتی و رەسەنایەتی و لای هەندێكیش بووەتە چقڵی چاوی نەیاران و لەسەر لەبەركردنی جل و بەرگ زیندان و لەسێدارەدان و لەناوبردنی جەستەیی لێكەوتۆتەوە، هەندێكجاریش ئەو جلوبەگانە بۆ قۆستنەوەی هەستی چەواشەكاری و لەبیربردنەوەی ئەسڵی بابەتەكە بەكار هاتووەو چەواشەی بەرامبەرەكەی پێكراوە، یاخود خۆشاردنەوەی دوژمنەكان بووە لەنێو جلوبەرگی ناوچەی ئەو گەل و نەتەوەییەدا، یان هەندێكجار مەبەستی شۆڤاری و جاسووسی لەپشتەوە بوەو ئامانج سەرلێتێكدانی بەرامبەرەكان بووە.

بەو پێیەی كەنایاران و دوژمنانی نەتەوەیی كورد لەچواردەرمان زانیویانە كورد یەكێكە لەو نەتەوانەی زوو هەڵدەخەڵەتێت و بە شتی سادەو بەرچاو لەخشتە دەبرێت پەنایان بۆ بەكارهێنانی جلوبەرگی كوردی بردووە، لەوانەش (سەدام حسین) جلو بەرگی كوردی دەپۆشی و لەولاشەوە بەهەزاران خەڵكی كوردستانی ئەنفال و كیمیاباران دەكرد .


توركیا تا ئێستەش رێگەنادات بەفەرمی زمان و جل و بەرگی كوردی و داب و نەریتی كوردی لە وڵاتەكەیدا بەكاربهێنرێت بەڵام لەكاتی پێشوازی مەسعودبارزانی دا منداڵێك بەجلی كوردییەوە دێنێتە پێشەوازی و چەپكە گوڵێكی پێدەبەخشێت، هەرهەمان شت لەم دواییانەوە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق (دكتۆر بەرهەم صاڵح) لەپایتەختی ئێراندا ئەنجام درا، كەچی رۆژانە گەنج و لاوی كورد لەبەر كوردبوون لەسێدارە دەدرێن، كۆڵبەرە هەژارەكانی سەر سنوور گوولە باران دكرێن.


سەركردە دیارەكانی ئێران لە نموونەی عەلی خامنەئی و حەسەن رۆحانی و رەفسنجانی سەردانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتیان كردوەو بە جل و بەرگی كوردییەوە خۆیان نیشان داوە ، لەكاتێكدا لەسەر ئاڵایەكى كوردستان گەنجی كورد لە سێدارە دەردێت

لەهەمان كاتدا خۆفرۆش و جاشەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان بێبەش نەبوون لەجلوبەرگی كوردی و بگرە ئەوانەی كەویستوویانە خۆیان بشارنەوەو رووی راستەقینەی خۆیان دەرنەخەن جل و بەرگی كوردییان پۆشیوە، هەندێكجاریش بۆ سەرنج راكێشانی خەڵكی كوردستان جاسووس و گەڕیدەو راپۆرت نوسەكانیش جلوبەرگی كوردییان لەبەر كردووە ، لەنموونەی ئەو ئەفسەرە هەواڵگرییانەی بەردەوام سەردانی مەلامستەفای بارزانی و شۆڕشی ئەیلوولیان كردووە.


یان ئەو ئەفسەر و پلە باڵایانەی ئێران بەجلوبەرگی كوردییەوە خۆیان خزانوەتە نێو شۆڕشەكانی باشووری كوردستان و لەجەنگی عێراق وئێرانیش دا چ لە رۆژهەڵات و چ لەباشوور خۆیان لە لەبەركردنی جل و بەرگ نەبواردووە.

لەم دواییانەشدا جل و بەرگی كوردی لەبەری دەیان چەكداری ئەنسار ئیسلام و داعش دا بینراو هەریەكەشیان خەڵكی وڵاتانی تربوون، خۆ نیشاندانی ئەو دواییانەی داعش بە جلوبەرگی كوردییەوە لەهەموویان نالەبارتر دەركەوتن لەبەر ئەوەی گەورەترین كاری نامرۆڤانەیان بەرامبەر پێشمەرگەی كوردستان ئەنجامدا لە كوشتن و سەربڕین، كەبەهیچ شێوەیەك لە كلتووری كوردیدا سەربڕین جێگەی نەبوەتەوە بەڵام بەداخەوە لەو رێگەیەوە پرسیاریان لەسەر جلوبەرگی كوردیش دروستكرد.

هەرچۆنێك بێت وەك چۆن جل و بەرگ سونبول و دەرخستەی نەتەوەیی كوردە، لەهەمان كاتدا ناكرێت لەبەرخاتری لەبەركردنی جل و بەرگێك دۆخە سیاسیە گشتیەكەمان لەبیر بچێتەوەو لە هەر پارچەیەكی كوردستاندا بكەوینەوە داوی چنراوی دوژمن و نەیارە نەتەوەییەكانمان..