ڕاپۆرتی کوردستانی

12:16 - 10/03/2021

پولەکەی کوردستان تورکیای توڕە کرد، حکومەتیش لە رێگای پەیسەرەوە وەڵام دەداتەوە‌

پەیسەر

حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەبۆنەی هاتنی پاپی ڤاتیکانەوە شەش پولی چاپ کرد، یەکێک لە پولەکان کە نەخشەی کوردستانی گەورە و وێنەی پاپای لەسەرە، کاردانەوەی توندی تورکیای لێکەوتەوە و بە "دوژمنایەتی" تورکیا ناوی دەبات و دەیخاتە ئەستۆی "چەند گروپێکەوە". وەزارەتی گواستنەوەش دەڵێت فەرمی و بەکارهێندراو نین.

پولەکانی پاپا
سەرەتای ئەم هەفتەیە پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان لە بەغدادەوە گەیشتە شاری هەولێر. پاپا لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا و بەم بۆنەیەشەوە چەند کارێکی تایبەت بۆ پاپا ئەنجام درا.

یەکێک لەو کارانەی تایبەت بە هاتنی پاپا ئەنجام دران، چاپکردنی شەش پولی تایبەت بوون لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و لە اکتی پێشوازی لە پاپا نمایش کران.


یەکێک لە پولەکان ٢٥٠ دینارییە و وێنەی پاپا و یاریگای فرەنسۆ هەریری لەسەرە.

پولی دووەم ٥٠٠ دینارییە و وێنەی پاپا و نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرە.

پولی سێیەم ١٠٠٠ دینارییە و وێنەی پاپا و سیمبولی ئاینە جیاوازەکانی لەسەرە.

پولی چوارەم ٢٠٠٠ دینارییە و وێنەی پاپا و کڵێسایەکی لەسەرە.

پولی پێنجەم و شەشەم ٥٠٠٠ دینارییە، یەکێکیان وێنەی پاپا فرەنسیسی لەسەرە و لە پشتیەوە قەڵای هەولێر دەرکەوتووە، لە دووەمیشدا وێنەی پاپا فرەنسیسە و لە پشتیەوە چیایەکی کوردستان دەرکەوتووە.

ئەو پولەی تورکیایا توڕە کرد
پولی دووەم کە بەبۆنەی هاتنی پاپا فرەنسیس بۆ هەرێمی کوردستان چاپ کرا، ٥٠٠ دینارییە و وێنەی پاپا و نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرە.

تورکیا هەمیشە ناڕەزایەتی لە بەرامبەر هەر نەخشەیەکی کوردستان پیشاند داوە کە کوردستانی گەورەی لەخۆ گرتبێت. بەردەوامیش لەگەڵ دەزگا گەورەکانی ناو تۆڕی ئینتەرنێتدا رێککەوتووە کە ئەو وێنانەی کوردستانی گەورەی لەسەرە لاببرێن بسڕدرێنەوە.

تورکیا: ئەم کارە دوژمنایەتییە
عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا لە میانەی گوتارێکیدا لە دوای کۆبوونەوەی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندیی راپه‌ڕاندنی پارتەکەی وتی، "بە وردی چاودێری چاپکردنی ئەو پولەمان کردووە، ئەم کارە لە چەند شوێنێکی جیاواز و لەلایەن چەند گروپێکی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێت."

وتەبێژەکەی ئاک پارتی چاپکردنی پولەکە بە "هەڵە و درۆ" ناو دەبات و دەڵێت، "ئەمانە ئیشی درۆ و هەڵەن، پێشتریش لە فەڕەنسا نەخشەیەکی وەها دروستکرا، لە ئەرمەنستانیش جار جار ئەم کارە دەکرێت. ئێمە وەها هەڵسەنگاندن بۆ ئەم کارە دەکەین کە ئەمە کارێکی گروپێکی دیاریکراوە و بە دوژمنایەتی تورکیای دەزانین."

 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: ئەم هەڵە زەقە راست بکەنەوە
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بە توندی وەڵامی چاپکردنی پولەکانی دایەوە و داوای روونکردنەوەی بەپەلەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا  رایگەیاند، "چاوەڕوانین حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بە پەلە و بە روونی، روونکردنەوە لەسەر راستکردنەوەی ئەم ھەڵە زەقە بدات."

وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، "لە کاتی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، چەند پولێکی یادگاریی چاپکراون، لەسەر یەکێک لە پولەکان نەخشەیەک ھەیە کە چەند شارێکی وڵاتەکەمانی تێدایە."

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەندێک بەرپرسی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سنووری خۆیان نازانن، ئەم سەردانەیان بۆ خستنەڕووی خەیاڵە خاوەکانیان بەرامبەر یەکپارچەیی دراوسێکانی عێراق بەکارھێناوە. بەرپرسانی هەرێم لە هەموو کەس باشتر دەرئەنجامی ئەم جۆرە هەوڵە ترسنۆکانەیان لەبیرە.

وەزارەتی گواستنەوە بۆ پەیسەر: فەرمی و بەکارهێنراو نییە
دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەریمی کوردستان لەبارەی چاپکردنی پولەکان و کارادنەوەی تورکیاوە قسەی بۆ پەیسەر پرێس کرد و چەند وردەکارییەکی خستەڕوو.

دیلان رەشاد لە لێدوانەکەیدا وتی، ئەم پولانە فەرمی نین کە چاپکرابن و راگەیاندرا بن و بەکاربهێندرێن، هیچ لۆگۆ و ناوێکی فەرمی حکومەتی هەرێمیان لەسەر نەبووە، چەند تابلۆ و نموونەیەک بوون بۆ رێزلێنان بوون لە پاپا، بە هیچ جۆرێک لە مامەڵەی پۆستە بەکارناهێندرێن و رەسمی نین."

ئاماژەی بەوەش کرد، "تاکو ئێستا لە لیژنەی وەزارەت بڕیارمان نەداوە کام لەم شەش پولە دەکرێن بە رەسمی و لە داهاتوودا بەکاردەهێندرێن، چونکە هەر پولێک رەسمی بێت و بەکاربهێندرێت ئێمە بە ئاشکرا دەیکەین و راگەیاندنی بۆ دەکەین، کە دەبێت رەنگدانەوەی جوگرافیا، کۆمەڵگا و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان بێت."

سەبارەت بەوەی ئایا دەکرێت ئەو پولەی تورکیای نیگەران کردووە ببێت بە رەسمی دیلان رەشاد وتی، "رەنگە یەکێک لەم پولانە بکرێن بە رەسمی، بەڵام ئەوەی نەخشەی کوردستانە و باسی لێوە دەکرێت، دڵنیابە ئەم رەسمە زۆر قبوڵ ناکرێت."

لەبارەی وەڵامی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەسەر لێدوانەکانی عومەر چەلیکیش ئاماژەی بەوە کرد، "وەڵامی لێدوانەکانی عومەر چەلیک نادەینەوە، ئەوە بۆچوونی تایبەتی خۆیانە و ئێمەش ئەمەی کردوومانە شتێکی فەرمی نەبووە تاکو وەڵامیان بدەینەوە، چەند پێشنیارێک بووە، تەنانەت لە لیژنەکەی ناو وەزارەتیشەوە نەکراوە کە تایبەتە بە ئەم کاروبارانە، بەڵام وەک وەزارەت کارەکە کراوە، بەڵام وەک وتم رەسمی نییە و بەکارناهێنرێت، تەنانەت لە پەڕەی وەزارەت و بەڕێز وەزیری گواستنەوە و گەیاندنیش دانراوە."

سەبارەت بە پولی رەسمیش وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەریمی کوردستان وتی، "لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی پولی رەسمین بۆ بەکارهێنان لە ئەمساڵدا و تاکو ئێستاش پێشنیاری چەند پولێک کراوە. لەوانەش وێنەی کارماندانی تەندروستی بۆ رێزلێنانیان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، یان وێنەی هوجام سورچی وەک رەمزی شۆڕشگێڕیی کە خۆم پێشنیارم کردووە کە لە لیژنەی وەزارەت پەسەند کراوە بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە، یەکێکی دیکە لە پێشنیارەکان هۆتێلی گراند میلینیۆمە."