ڕاپۆرتی کوردستانی

12:57 - 10/03/2021

پەیسەر مەترسیدارترین دۆسیەی قاچاغی و ساختەكاری بڵاو دەكاتەوە‌

پەیسەر

مەترسیدارترین دۆسیەی قاچاغی و ساختەكاری هێنانی جگەرە و مەشروب لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكرێت، قاچاغچیه‌تی و بەهەدەردانی سامانی گشتیش بەردەوامە و بەپێی چەند بەڵگەیەك كە دەست پەیسەر كەوتوە، لوتکەی دەسەڵات لە کوردستان لەپشت قاچاخچێتیەوەیە و ‎کاری کۆمپانیای بەرپرسان و حیزبەکان چەند کەسێکی  لەسەر حسابی خەڵک کردوەتە خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار.

ئاشكراكردنی مەترسیدارترین دۆسیە!
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە بابەتێكدا، كە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیكردوە دۆسیەیەكی گەورەی قاچاخچێتی ئاشكرا دەكات، كە ژمارەیەك بەپرس لە پشتیەوەن و دەشڵێت، کاڵای جگەرەو مەشروبی خراپ بەبێ کوالێتی و پشکنین داخڵ دەکەن، مەترسی گەورە ساختەکاری مارکەکانە لە  کارگەکانی کوردستان.
ئەم دۆسیەیە گەورەترین دۆسیەی قاچاخچێتی و ساختەکاریە كە كاری لەسەر كرابێت لە هەرێمی كوردستان، بەپێی وتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمان ھیزێکی گەورە لە پشت ئەم قاچاخچێتی و ساختەکاریەوەیە ئەمە بزنسێکی ڕەشە.

دۆسیەی قاچاخی
زۆرترین گومرگ لە کوردستاندا لەسەر مەشروب و جگەرەیە، کە ٣٠٪‏ و ٢٥٪‏، بەڵام بەرپرسان بەبێ گومرگ و پشکنین خراپترین جۆر داخڵ دەکەن.
قەبارەی ھاوردەکردنی جگەرەو مەشروب لە ساڵێکدا بۆ ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٧٥ ملیۆن دۆلارە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ دا تەنیا بە بەھای ٧٣ ملیۆن دۆلار بە گومرگ و ڕەسمیات و مۆڵەتی بازرگانی داخڵ بوە!! واتە نزیکە ١٩٪‏ بە رەسمی بوەو ٨١٪‏ بە قاچاخ!
لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بەبەھای ١٤ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار دۆلار جگەرە مۆڵەتی بارزگانی وەرگرتوەو بە گومرگ داخڵ بوە! لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٨ ەدا ٣٠٠ ملیۆن دۆلاربوە.
بەم تەخمینەش واتە: نزیکەی ٩٦٪‏ جگەرە ئێستا بە قاچاخ دێت.
لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بەبەھای ٦٩ ملیۆن و ٧٥٠ ھەزار دۆلار مەشروب مۆڵەتی بازرگانی وەرگرتوەو بە فەرمی،  نزیکەی ٤٠٪‏ مەشروب قاچاخ و ساختەن.

ساختەکاری وەک مەترسیەکی گەورە
جگە لەو قاچاخیەی لەسەرەوە باس دەكرێت کاڵای جگەرەو مەشروبی خراپ بەبێ کوالێتی و پشکنین داخڵ دەکرێت، مەترسی گەورە ساختەکاری مارکەکانە لە  کارگەکانی کوردستان.

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، ئاماژەی مەترسیدار تەنیا قاچاخچێتی و یاسا شکێنی نیە، ئەوەی مەترسیدارە جگەرەو مەشروب لە دونیادا زۆرترین کۆنتڕۆڵیان لەسەرە، پشکنین و کوالێتی و باج ، لە کوردستان خراپترین جۆر ساختە دەکرێت و بەبێ پشکنین و چاودێری، لۆگۆی مارکەی جیاوازی جیھانی لێدەدرێت، ئەمەش وایکردوە زیانە تەندروستیەکە دە ھێندە زیاد بکات!

لە كارگەكانی كوردستان لۆگۆی ماركە جیهانیەكان لە مەشروب و جگەرە دەدرێت، لە هەرێمی كوردستان، بە مۆڵەت و بەبێ مۆڵەت، سێ کارگە لە ھەولێرو دوو لە سلێمانی و یەک لە مانگێش ھەیە.

چی دروستدەکەن و چی تێکەڵ دەکەن و چۆن کۆپی مارکە جیھانیەکان دەکەن لە ژێر ھیچ چاودێریەکی ڕۆژانەدا نین و بەشێکیان سەرقاڵی ساختەکاریەکی مەترسیدارن.

بەپێی بەدواداچونی کەسێکی شارەزا کە هاوكاری ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستانیكردوە ڕێژەیەکی زۆر ئیسانۆڵیان تێدەکرێ، کە زیانەکانی مەشروب دە ھێندە زیاددەکات، جگە لە شێرپەنجە نەخۆشی چاو و گورچیلە چەندین ھێندەی دیکە زیاد دەکات.

ئەمە جگە لەوەی لە ژێر چاودێریدا نین، ھیچ باجێکیش نادەن!!! کە لە دونیا زۆرترین باج لەسەر کھول و جگەرەیە. بەپێی بەدواداچونێكی عەلی حەمەساڵح، پێنج کارگەی جگەرە بە مۆڵەت و بێ مۆڵەت کاردەکەن.

-بەشێکیان مارکە جیھانیەکان ساختە دەکەن و دەیفرۆشن و ئێستا بە ئاشکرا لە بازاڕدایە.

-لە ژێر ھیچ چاودێریەکی ڕۆژانەدا نین! چی دروستدەکەن و چۆن و لە چی دروستی دەکەن!

-ھیچ جۆرە باجێک نادەن.

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، ئەمە ئەمە دۆسیەیەکی مەترسیدارە، قاچاخچێتی و یاسا شکێنییە، مەترسیەکی گەورە لەسەر تەندروستی ھاوڵاتیانی کوردستان و بارزگانیەکی ڕەشی بەرپرسانە!!!

لە دونیادا کوالێتی جگەرەو مەشروب و مۆڵەت و باج زۆرترین چاودێری لەسەرە، داھاتێکی زۆریشی ھەیە بۆ خەزێنەی گشتی.. لە کوردستان ھەموی فەرامۆشکراوە.

بۆچی كاری قاچاغچیه‌تی له‌ ده‌روازه ‌سنوریه‌كان ڕاناگیرێت؟
سەرەڕایی بڕیارەكانی حكومەت و پێكهێنان و دروستكردنی هێز لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازەسنوریەكان بەڵام تا ئێستا له‌ ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كاری قاچاغچیه‌تی به‌رده‌وامه‌، 


حەوت بەڵگە لەسەر قاچاخچێتی:
‎یەکەم، داھاتی خاڵە سنوریەکان لەگەڵ سوریا ئاشکرا بکەن.
‎دووەم، 95٪‏ جگەرە  بە قاچاخ دێت و نوسینگەیان لە بازاڕی جگەرەکەیە، رسوماتی گومرگی جگەرە بەراورد بەو سەردەمەی قاچاخی زۆر کەمبوو مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار کەمیکردوە.
‎سێیەم، وەزارەتی کشتوکاڵ ھێنانی مریشکی بەستوی لەدەرەوە قەدەغەکردوە.. بازاڕ پڕە لە مریشکی بەستووی دەرەوە.
‎چوارەم، ھێنانی ھێلکە قەدەغەیەو بازاڕ پڕە لە ھێلکەی قاچاخ.. بازاڕ پڕە لە خورمای قاچاخ.
‎پێنجەم، زیاتر لە 16 ھەزار ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل بە قاچاخ داخڵکراوەو ئێستا بێ ژمارەن، ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی ژمارەیان پێبدرێت.
‎شەشەم، وەزارەتی کشتوکاڵ ھیچ مۆڵەتێکی بە ھێنانی ئاژەڵی سوری و ئێرانی و تورکی نەداوە، مەیدانی ئاژەڵان پڕە لە حەیوانی سوری وتورکی و ئێرانی( ئێستا ھێنانی ئاژەڵی سوری ڕاگیراوە).
‎حەوتەم، ئێستا مس و فافۆن و زەرد، بارھەڵگری  بە حەوت ملیۆن دینار دەبرێتە دەرەوە بەبێ گومرگ.
بەپێی زانیاری و بەڵگەكان، بە کۆتایی قاچاخ و ڕێککردنەوەی کۆمپانیاکاری، داھاتی خاڵە سنوریەکان نزیک دەبێتەوە لە 300 ملیار دیناری مانگانە.

به‌رده‌وامی قاچاغچیه‌تی له‌ ده‌روازه‌سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ بەشێك ده‌ستڕۆشتوانی ناو حیزب و بازرگانه‌ سیاسیه‌كان ئاماده‌نین ملكه‌چی یاسابن و كۆتایی به‌ دزی و گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی بهێنن، ئەوەش بوەتە نەگبەتی و نەهامەتی بۆ هاوڵاتیان و بۆ دەستڕۆشتووانیش بووەتە سەرچاوەی داهات.