ڕاپۆرتی کوردستانی

12:22 - 11/03/2021

پولەکەی کوردستان ئێران، تورکیا و پارتەکانی هێنایە دەنگ‌

پەیسەر

ئەو پولەی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هاتنی پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکانەوە بۆ هەرێم چاپکرا و نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرە، کاردانەوەی توندی تورکیا و پارتەکانی و ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا، هەدەپەش دەڵێت ئەوە لە بارزانی بپرسن.

بەبۆنەی هاتنی پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان بۆ هەرێمی کوردستان شەش پول چاپکران، یەکێک لە پولەکان وێنەی پاپا و نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرە، ئەم نەخشەیە کاردانەوەی توندی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا، ئیی پارتی و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا.

سەرۆکی ئیی پارتی: ئەمە سیاسەتی پێچاوپێچی ئاکپارتیە
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لەسەر چاپکردنی پولەکەی هەرێمی کوردستان هێرشی توندی کردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و رەخنەشی لە حکومەتی وڵاتەکەی گرت.

ئاکشەنەر وتی، "پاپا سەردانی باکوری عێراقی کردووە، حکومەتی بارزانیش بۆ یادگاریی ئەم سەردانەی پاپا پولی چاپ کرد (ئاکشەنەر لەم کاتەدا پولە چاپکراوەکەی بەرزکردەوە کە وێنەی پاپا و نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرە)، لەو نەخشەیەدا چی هەیە کە  لەسەر سەری پاپاوە کێشراوە؟ ئەمە نەخشەی کوێیە؟ ئەمە نەخشەی کوردستانە. لەم نەخشەیەدا کوێ هەیە؟ لە دەرەوەی باکوری عێراق، باشوری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵی تێدایە."

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاکشەنەر وتی، "ئەها کاتی هەڵبژاردنە خۆجێییەکان بەڕێز ئەردۆغان بە هاوڵاتیانی دەوت کوردستان لەوێیە لە عێراق (هەرێمی کوردستان)، پێتان خۆش نییە لەبەرچاو ون بن و بڕۆن بۆ ئەوێ، تێدەگەین کە بە بۆچوونی براکەی ئەردۆغان کە بارزانییە کوردستان ئەوێ نییە، بەڵکو بەپێی ئەو بارزانییەی کە ئەردۆغان لە دیاربەکر پێشوازی لێکرد و ئاهەنگی بۆ گێڕا، باشوری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵیش کوردستانە."

ئاکشەنەر زیاتر لەسەر رێزگرتنی ئەردۆغان لە بارزانی رۆیشت و وتی، "بە بۆچوونی ئەو بارزانییەی لە پایتەختی تورکیا بە ئاڵاوە پێشوازی لێکرا، نیوەی میساقی میلیش کوردستانە (بەگوێرەی میساقی میلیی ساڵی ١٩١٩، باشوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش بەشێکە لە تورکیا)."

سەرۆکی ئیی پارتی لە درێژەی قسەکانیدا رەخنەی لە ئەردۆغان و حکومەتەکەی گرت و وتی، "دەبوو ئەم هاوڕێیانە (ئەردۆغان و حکومەت) کاردانەوەیەکی زۆر گەورەینا هەبوایە کەچی ئێستا ئێمەی تیرۆریست لەم دۆخە نیگەرانین. باشە ئێوە کاردانەوەی لەم جۆرەدان لە ئەردۆغانەوە بیست؟ نەخێر، لە بەرپرسانەوە هەڵوێستێکتان بینی؟ دەی ئەمەیە چیرۆکی خەمبارانەی سیاسەتی پێچاوپێچی پارتی فەرمانڕەوا، پێچاوپێچی لە سیاسەت، سیاسەتی دەرەوە، ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریش."

هەدەپە: لە بارزانی بپرسن
مەرال دانش بێشتاش، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پەرلەمانی تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە.

رۆژنامەنووسێک لەبارەی چاپکردنی ئەو پولەی کە نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرە و پێشکەشی پاپا فرەنسیس کراوە وتی، "بارزانی ئەم پولەی پێشکەش کردووە، پێم وایە ئەو پرسیارە لە بارزانی بپرسن، لە ئێمە مەپرسن. لە مێژوودا ئەو جۆرە نەخشانە هەن و جار جارەش بڵاودەکرێنەوە، پێویستە لە ئەو کەسە بپرسن کە نەخشەکەی بە پاپا داوە، ئەمە شتێک نییە ئێمە گفتوگۆی لەسەر بکەین."

 

ئێران: بەپەلە ئەم هەڵەیە راستبکەنەوە
سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری تاران لەبارەی چاپکردنی پولەکەی هەرێمی کوردستانەوە وتی، "لەم بارەیەوە ناڕەزایەتیمان گەیاندووەتەوە حکومەتی عێراق و داوامان کردووە بەپەلە ئەم پولە بکشێندرێتەوە و ئەم کارە نادۆستانەیە راستبکرێتەوە."

لە درێژەی قسەکانیدا خەتیبزادە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوەی کراوە پێچەوانەی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکانە."

بەرەی تورکمانی: ئەم کارە هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە
بەرەی تورکمانی لە عێراق چاپکردنی پولەکەی هەرێمی کوردستان بە هەڕەشە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە و جیهانیش ناو دەبات.

بەرەی تورکمانی لەو بارەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "ئەم هەنگاوە هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی عێراقی، هەرێمی و نێودەوڵەتی، بۆیە ئامۆژگاری حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە کوردییەکان دەکەین کە پارێزگاری لە ئاسایش و یەکێتیی عێراق و ناوچەکە بکەن و هەڵەکانی رابردوو دووبارە نەکەنەوە، پلانەکانی ریفراندۆم و سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقع شکستی هێناوە."

لە درێژەی راگەیەندراوەکەی بەرەی تورکمانیدا هاتووە، "یەکێتیی وڵات ئەو شتەیە کە پارێزگاری لە رەوایەتیی مافەکانی هەموومان دەکات. ئەو پولەی حکومەتی هەرێم دەریکردووە، رەنگدانەوەی خواستی پارتی کرێکارانی کوردستانە کە بە تیرۆریست ناسێندراون و هۆکارێکن بۆ دەستوەردانی وڵاتان لە خاکی عێراق."

تورکیا: ئەم کارە دوژمنایەتییە
عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا لە میانەی گوتارێکیدا لە دوای کۆبوونەوەی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندیی راپه‌ڕاندنی پارتەکەی وتی، "بە وردی چاودێری چاپکردنی ئەو پولەمان کردووە، ئەم کارە لە چەند شوێنێکی جیاواز و لەلایەن چەند گروپێکی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێت."

وتەبێژەکەی ئاک پارتی چاپکردنی پولەکە بە "هەڵە و درۆ" ناو دەبات و دەڵێت، "ئەمانە ئیشی درۆ و هەڵەن، پێشتریش لە فەڕەنسا نەخشەیەکی وەها دروستکرا، لە ئەرمەنستانیش جار جار ئەم کارە دەکرێت. ئێمە وەها هەڵسەنگاندن بۆ ئەم کارە دەکەین کە ئەمە کارێکی گروپێکی دیاریکراوە و بە دوژمنایەتی تورکیای دەزانین."

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: ئەم هەڵە زەقە راست بکەنەوە
دوانیوەڕۆی دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بە توندی وەڵامی چاپکردنی پولەکانی دایەوە و داوای روونکردنەوەی بەپەلەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا  رایگەیاند، "چاوەڕوانین حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بە پەلە و بە روونی، روونکردنەوە لەسەر راستکردنەوەی ئەم ھەڵە زەقە بدات."

وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، "لە کاتی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، چەند پولێکی یادگاریی چاپکراون، لەسەر یەکێک لە پولەکان نەخشەیەک ھەیە کە چەند شارێکی وڵاتەکەمانی تێدایە."

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەندێک بەرپرسی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سنووری خۆیان نازانن، ئەم سەردانەیان بۆ خستنەڕووی خەیاڵە خاوەکانیان بەرامبەر یەکپارچەیی دراوسێکانی عێراق بەکارھێناوە. بەرپرسانی هەرێم لە هەموو کەس باشتر دەرئەنجامی ئەم جۆرە هەوڵە ترسنۆکانەیان لەبیرە.

 

باخچەلی: نەخشەی کوردستان لەژێر پێماندایە  

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) لە تویتێکدا هەڵوێستی خۆی لەسەر پولە چاپکراوەکەی کوردستان دەربڕی.

باخچەلی نووسیویەتی، "هیچ کەسێک لەسەر ئەو پولە چاپکراوەی لە سەردانەکەی پاپا بۆ باکووری عێراق کە نەخشەی بەناو کوردستانی لەسەرە، ناتوانێت پەنجەمان لێڕاوەشنێنێت. ئەو نەخشە زەلیلە هەر لە ژێر پێماندایە."

 

بایدەمیر: رۆژ باش کوردستان
عوسمان بایدەمیر سیاسی دیاری باکوری کوردستان و پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلانیش هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەلەکەی هەرێمی کوردستانەوە خستەڕوو.

هەڵوێستەکەی بایدەمیر لە هی هەموان جیاوازتر بوو. بایدەمیر لە ئەژماری خۆی لە تویتەر وێنەیەکی پولەکەی کوردستانی داناوە و لەسەری نووسیویەتی رۆژ باش کوردستان.

حکومەتی هەرێم: لەسەر بنەمای دەستور دەبێت
وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەم پولانە پێشنیار بوون و وەک رێزلێنان پێشکەشی پاپا کراوە.

جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەو دیزاینەی بۆ چاپکردنی پوول هەڵدەبژێردرێت لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور دەبێت، هونەرمەندان چەند دیزاینێکی پوولیان بۆ چاپکردن پێشکەش کردووە، بەڵام هێشتا هیچ دیزاینێک بۆ چاپکردنی پوول پەسند نەکراوە".

وەزارەتی گواستنەوە بۆ پەیسەر: فەرمی و بەکارهێنراو نییە
دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی چاپکردنی پولەکان و کارادنەوەی تورکیاوە قسەی بۆ پەیسەر پرێس کرد و چەند وردەکارییەکی خستەڕوو.

دیلان رەشاد لە لێدوانەکەیدا وتی، ئەم پولانە فەرمی نین کە چاپکرابن و راگەیاندرا بن و بەکاربهێندرێن، هیچ لۆگۆ و ناوێکی فەرمی حکومەتی هەرێمیان لەسەر نەبووە، چەند تابلۆ و نموونەیەک بوون بۆ رێزلێنان بوون لە پاپا، بە هیچ جۆرێک لە مامەڵەی پۆستە بەکارناهێندرێن و رەسمی نین."

ئاماژەی بەوەش کرد، "تاکو ئێستا لە لیژنەی وەزارەت بڕیارمان نەداوە کام لەم شەش پولە دەکرێن بە رەسمی و لە داهاتوودا بەکاردەهێندرێن، چونکە هەر پولێک رەسمی بێت و بەکاربهێندرێت ئێمە بە ئاشکرا دەیکەین و راگەیاندنی بۆ دەکەین، کە دەبێت رەنگدانەوەی جوگرافیا، کۆمەڵگا و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان بێت."

سەبارەت بەوەی ئایا دەکرێت ئەو پولەی تورکیای نیگەران کردووە ببێت بە رەسمی دیلان رەشاد وتی، "رەنگە یەکێک لەم پولانە بکرێن بە رەسمی، بەڵام ئەوەی نەخشەی کوردستانە و باسی لێوە دەکرێت، دڵنیابە ئەم رەسمە زۆر قبوڵ ناکرێت."

لەبارەی وەڵامی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەسەر لێدوانەکانی عومەر چەلیکیش ئاماژەی بەوە کرد، "وەڵامی لێدوانەکانی عومەر چەلیک نادەینەوە، ئەوە بۆچوونی تایبەتی خۆیانە و ئێمەش ئەمەی کردوومانە شتێکی فەرمی نەبووە تاکو وەڵامیان بدەینەوە، چەند پێشنیارێک بووە، تەنانەت لە لیژنەکەی ناو وەزارەتیشەوە نەکراوە کە تایبەتە بە ئەم کاروبارانە، بەڵام وەک وەزارەت کارەکە کراوە، بەڵام وەک وتم رەسمی نییە و بەکارناهێنرێت، تەنانەت لە پەڕەی وەزارەت و بەڕێز وەزیری گواستنەوە و گەیاندنیش دانراوە."