ڕاپۆرتی کوردستانی

10:12 - 12/03/2021

تورکیا چۆن هاتنی پاپا بۆ هەرێم و عێراق دەقۆزێتەوە؟‌

پەیسەر

تورکیا لەو وڵاتانەیە بەردەوام بەدوای قۆستنەوەی هەلەکاندایە. هاتنی پاپا بۆ عێراق لەو هەلە گەورانەیە کە تورکیا چەند رۆژێکە کاری لەسەر دەکات و دەیەوێت لە سودی خۆی بەکاریبهێنێت، بەتایبەت کە تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەژموونی زۆرە و هەوڵیش دەدات ئەم هەژموونە لە بەغدادیش پەرە پێبدات.

سەرەتای ئەم هەفتەیە پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان گەیشتە شاری بەغداد و دواتریش رووی لە هەرێمی کوردستان کرد. هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە سەردانەکە دا و لە ئاستی زۆر باڵادا پێشوازی لێکرا و رێورەسمی بۆ رێکخرا.

سەردانی پاپا بۆ عێراقێکی شەکەت و ماندوو، گرنگ و مێژوویی بوو، وڵاتانی ناوچەکە ئاواتیان دەخواست ئەم سەردانە بۆ وڵاتەکەی ئەوان بێت نەک عێراق.

لەو وڵاتانەی بە وردی چاودێری هاتنی پاپای دەکرد و رۆژانە لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەوە لێدوانی جۆراو جۆر دەدرا، تورکیا بوو، تورکیایەکی ماندوو بەدەست دەیان قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکییەوە، چونکە سەردانی پاپا بۆ تورکیا کە رەوایەتییە نێودەوڵەتییەکەی لەژێر مەترسیدایە، گرنگ و چارەنووسساز دەبوو.

تورکیا رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە لە ئاستی ناوخۆیی نێودەوڵەتی. لە ئاستی ناوخۆدا پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و رەخنەگران فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر حکومەتەکەی پارتی داد و گەشەپێدان و داوای ئازدی و دیموکراسی بۆ وڵاتەکەیان دەکەن.

لە ئاستی دەرەوەش وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا بەردەوام رەخنە لە پاشەکشەی دیموکراسی و ئازادی لە تورکیا دەگرن، بەتایبەت ئیدارەی جۆ بایدن جەختی کردووەتەوە بنەمای سەرەکی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیکە دیموکراسی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دەبێت.

لەبەر ئەم هۆکارانە سەردانی پاپا بۆ تورکیا زۆر گرنگ و پێویست دەبوو، چونکە سەردانی پاپا بۆ وڵاتێک بۆ پێگە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکەی ئەو وڵاتە گرنگە و رەوایەتییە نێودەوڵەتییەکەشی بەهێزتر دەکات.

تورکیا گرنگییەکی زۆر بە عێراق دەدات، بەتایبەت کە لە چەند دەیەی رابردوودا لە شەڕ و پێکدادانی بەردەوامدا بووە لەگەڵ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ئێستاشدا هەوڵی زۆر دەدات لە حکومەتی عێراقی نزیک ببێتەوە، تاکو بەغداد لەسەر هێرشەکانی لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی گەورە پیشان نەدات.

تورکیا لەچەند رۆژی رابردوودا لە رێگای عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان هەوڵی دابوو هاتنی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق بکات بە هەلێک بۆ دەستوەردان لە کاروباری عێراق و خۆنزککردنەوە لە عێراقییەکان.

رۆژی سێشەممە چەلیک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، بە هیوان چاوپێکەوتن و گفتوگۆی پاپا فرەنسیس و عەلی سیستانی ئەنجامێکی باشی بۆ عێراق و ناوچەکە هەبێت.

لێدوانەکەی چەلیک ئاماژەی روونە کە تورکیا چەند بە گرنگییەوە هەم تەماشای دۆخی عێراق دەکات، هەم هاتنی پاپا چەند کاری لەسەر کردوون و بە پێویستی دەزانن. هاتنی پاپا بۆ عێراقی دراوسێی هێندە گرنگ بێت، دەبێت رۆشتنی پاپا بۆ وڵاتەکەی خۆیان چەند پێویست بێت.

چەلیک دەڵێت، تورکیا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی عێراق دەکات و لە نزیکیشەوە چاودێری سەردانەکەی پاپا فرەنسیسیان بۆ عێراق کردووە.

تورکیا هەوڵیشی داوە لە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانیس نزیک ببێتەوە، هەر بۆیە چەلیک لە قسەکانیدا وتی، پەیامی سیستانی لەبارەی ئەوەی نابێت کەمینەکان لە عێراق رووبەڕووی ستەم ببنەوە و پێویستە بە شێوەی باش گفتوگۆ لەنێوان سونە و شیعەدا بێتە کایەوە گرنگە.

وتەبێژەکەی ئاکپارتی بەردەوام بوو لە پیاهەڵدانی سیستانی و ئاماژەی بەوە کرد، سیستانی لە رێبەرە هەرە باڵاکانی شیعەیە لە عێراق و خاوەن هێزێکی سیاسی گەورەیە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و تاران ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی، بۆیە هەردوو وڵات بە لاوازی یەکدی خۆشحاڵ دەبن.

سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سیستانی وەک رێبەری شیعەکان، نەجەفی بەسەر قومدا سەرخست، ئەمەش ئێرانییەکانی نیگەران کرد، بۆیە ئەم رووداوە تارانی نیگەران و ئەنقەرەی خۆشحاڵ کرد.

لە دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر گارە ئاڵۆزییەکی نوێ لەنێوان تورکیا و ئێران دروستبوو، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد لە چاوپێکەوتنێکدا رەخنەی توندی لە تورکیا گرت و وتی، "ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە باکوری عێراق، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە" و بە توندی رەخنەی لەم ھەنگاوەی تورکیا گرت.

مەسجدی بە زمانی ھەڕەشەوە لە تورکیا وتی، "دەستوەردانی سەربازی، فراوانخوازی و ھاتنەناوەوە بۆ عێراق لە تورکیا یان ھەر وڵاتێکی دیکە قبوڵناکەین. تورکیا چی پەیوەندییەکی بە شنگالەوە ھەیە؟ دەبێت عێراقییەکانان خۆیان ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن."

فاتیح یڵدز باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد وەڵامەکەی دواخست، بەڵام بە توندی ھاتە دەنگ. یڵدز لە ھەژماری خۆی لە تویتەر نووسی، "دواین کەس کە دەبێت وانەی رێزگرتن لە سەروەری عێراق بە تورکیا بڵێتەوە، باڵیۆزی ئێرانە لە بەغداد."

دواتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا محەمەد فەرازمەند باڵیۆزی ئێرانی لە ئەنقەرە بانگکرد و داوای روونکردنەوەی لێکرد. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە فەرمانزەردیان وتووە، ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بە ئاگاداری بەرپرسانی عێراق ئەنجام دراوە و لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی '"چەکدارابی پەکەکە"دا بووە و کە سەقامگیری، ئاسایش و سەروەری عێراقیان بەئامانج گرتووە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبەردەم فەرازمەنددا بە توندیش لێدوانەکانی مەسجدیان رەتکردووەتەوە و وتویانە، لە سەردانی شاندە باڵاکانی ھەردوولادا ئێران پشتیوانی خۆی بۆ ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکە دووپاتکردووەتەوە.

تورکیا پێشتر هەوڵی دەدا لە رێگای پشتیوانیکردن لە سونە و تورکمانەکانەوە هەژموونی خۆی لە عێراق بەهێز بکات، بەڵام دوای ئەوەی کاریگەری گەورەی نەجەفی بۆ دەرکەوت، رووی لەم شارە کرد و هەوڵی نزیکبوونەوە لە سیستانی دەدات.


رەخنەگرانی حکومەتی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن لە کاتێکدا تورکیا داوای رێزگرتن لە کەمینەکانی عێراق دەکات، خۆی لە ستەمکردن لە کەمینەکانی ناو تورکیا تێوە گلاوە.