ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:16 - 12/03/2021

بایراکتاری تورکیا لە شەڕی یەمەنە؟‌

پەیسەر

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند سەرچاوەیەکی میدیای ئاماژەیان بەوە کردبوو، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەشدارییان لە جەنگی یەمەندا کردووە و ئەمەش دوای رێککەوتنێکی نێوان تورکیا و سعودیە بووە بۆ هێرشکردنە سەر حوسییەکان و راگرتنی بەرەوپێشچوونە سەربازییەکانیان.

بایراکتار لە یەمەنە
لەگەڵ توندبوونەوەی گرژی و پێکدادانەکان لەنێوان حکومەتی یەمەن و حوسیەکان لە شاری (مأرب) لە باکوری وڵاتەکە، چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ ئەوەیان بڵاوکردەوە کە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی لە جۆری (Bayraktar TB2) گەیشتوونەتە یەمەن.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردبوو کە ئامانجی فڕۆکەکان هێرشکردنە سەر حوسییەکان بووە تاکو هێرشەکانیان بوەستێنن، ئەمەش دوای ئەوەی حوسییەکان لە باکوری یەمەن بەرەوپێشچوونی بەرچاویان کردووە و لە زۆربەی بەرەکانی شەڕدا سەرکەتوو بوون.

دوو نەیار بەرامبەر نەیاری هاوبەش
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە هاتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ یەمەن، رێککەوت نییە، بەڵکو رێککەوتنە، رێککەوتنی دوو نەیاری یەکتر لەپێناو دژایەتیکردنی نەیارێکی هاوبەش.

بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی رابردوودا هەردوو حکومەتی ئەنقەرە و ریاز لەسەر هێرشکردنە سەر حوسییەکان و راگرتنی پێشرەوییەکانیان لە باکوری یەمەن رێککەوتوون، بەشداریکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاش لەم شەڕەدا هەر لە ئەم چوارچێوەیەدایە.

تورک و سعودییەکان لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا لە رکابەری و ئاڵۆزی گەورەدا بوون، هەردوو وڵات کار لەسەر زیادکردنی هەژموون و دەسەڵاتیان دەکەن و دەیانەوێت ببەن بە پێشڕەوی ناوچەکە.

تورکیا دێتەوە؟
لە دوای ساڵی ٢٠٠١ تورکەکان روویان لە وڵاتانی کەنداو، عەرەبی و ئەفەریقا کرد، ئەمەش گەورەترین هەڕەشە بوو بۆ سەر کەنداوییەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە سعودییە و هاوپەیمانەکانی، بۆیە سعودیە بە هەموو جۆرێک دژایەتی تورکیای دەکرد.

تورکیا لە بابەتە گرنگەکانی ناوچەکەدا وەک نوێنەر و دەمڕاستی مسوڵمانان دەردەکەوت، ئەمەش پێگە مێژووییەکەی سعودییەی لای مسوڵمانان خستە بەردەم مەترسییەوە.

تورکیا کە ئێستا پێویستی بە هاوپەیمانی نوێیە لە ناوچەکەدا پێویستی بە سازشکردنە، باشترین وڵاتیش بتوانێت لەگەڵیدا رێکبکەوێت سعودیەیە، بۆیە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەم هەنگاوەی تورکیا لە چوارچێوەی هەوڵەکانیەتی بۆ نزیکبوونەوە لە سعودیە، بەتایبەت کە لە کۆتایی ساڵی رابردوو چەند هەوڵێک لەنێوان هەردوولادا هەبوون بۆ رێککەوتن و نزیکبوونەوە.

بۆچی ئێستا؟
هاتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ یەمەن لە ئێستادا پرسیار و گومانی زۆری دروستکردووە، چونکە ئەنقەرە و ریاز لە ناکۆکی قوڵدان و بە دوور دەزانرێت بەم نزیکانەش رێکبکەون.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر هاتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ یەمەن راست بن، ئەوا هۆکارە سەرەکییەکەی بەرەوپێشچوونەکانی حوسییەکانە کە هەوڵ دەدەن تەواوی شاری (مأرب) کۆنترۆڵ بکەن کە دوا پێگەی گەورەی حکومەتی یەمەنە لەو وڵاتەدا.

ئەم شارە بە نەوت و غازی سروشتی دەوڵەمەندە، پێگەیەکی ستراتیژی گەورەی هەیە، بۆیە سعودی و تورکەکان نایانەوێت بکەوێتە دەست حوسییەکان کە دوژمنی هەردوو وڵاتن.

بۆچی سعودیە رووی لە تورکیا کردووە؟
لە ساڵی ٢٠١٤وە پێکدادان لەنێوان حوسیەکان و حکومەتی یەمەنیدا هاتووەتە کایەوە کە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوەڵەتییەوە دانی پێدا نراوە. دوای ماوەیەکی زۆر لە شەڕ، حوسیەکان توانیان دەست بەسەر سەنعای پایتەختدا بگرن و دواتریش زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کرد، ئەمەش گەورەترین هەڕەشە بوو بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی سعودیە.

کەوتنی (مأرب) واتە کەوتنی سعودیە و هاوپەیمانییەتییەکەی دژی حوسییەکان. بۆیە سعودییەکان هەموو هەوڵێک دەدەن ئەم شارە نەکەوێتە دەست حوسییەکان.

لە شەڕی ئەم شارەدا حوسییەکان چەند جارێک بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر سعودییە و دەمەزراوە نەوتییە ستراتیژییەکانی ئەم وڵاتە، ئەمەش هێندەی دیکە سعودییەکانی خستە بەردەم مەترسی و دوور نییە لەم دۆخە سەختەدا روویان لە تورکەکان کردبێت.

رۆژی یەکشممەش حوسیەکان رایانگەیاند، کە بە ١٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەشت موشەکی بالستی هێرشیان کردووەتە سەر سعودیە، دواتریش سعودیە رایگەیاند، رووبەڕووی دوو مووشەک بوونەتەوە کە لەلایەن حوسییەکانەوە ئاڕاستەی شاری جازان لە باشوری وڵاتەکەیان کراوە، ئەمە سەرەڕای رووبەڕووبوونەوەی ١٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان.

تورکیا: بایراکتار لە یەمەن نییە
تاکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هیچ بەرپرس و دامەزراوەیەکی حکومەتی تورکیا لێدوانیان لەبارەی بەشداری بایراکتار لە شەڕی یەمەندا نەداوە، نە بە پشتڕاستکردنەوە نە بە رەتکردنەوە، ئەمەش هێندەی دیکە گومانەکانی زیاتر کردووە.
یوسف ئاکبابا شیکەرەوەی پیشەسازی بەرگری تورکیا بە پێگەی ئەلحوڕەی وتووە، ئەو زانیارییانەی باس لە بەشداری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایراکتار لە شەڕی یەمەن دەکەن هیچ بنەمایەکیان نییە.

شیکەرەوەکە باسی لەوەش کردووە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی بەشداری لە شەڕی یەمەندا کردووە، بریتییە لە "Vestel Karayel-SU".

شیکەرەوە ئەوەی نەشاردووەتەوە کە تورکیا لە شەڕەکەدا بە شێوەیەکی کورت بەشداری لە سیستمی هەواڵگری، چاودێری و زانیاری پەیداکردندا کردووە.

سەرچاوەیەکەی دیکە لە حکومەتی تورکیاوە قسەی بۆ هەمان پێگە کردووە و رایگەیاندووە، ئەم کارە مەحاڵە و دوورە، لانی کەم بۆ کاتی ئێستا.

ئەی کارایەل چییە؟
ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە چییە شیکەرەوە تورکییەکە دەڵێت بەشداری لە شەڕی یەمەندا کردووە و دروستکراوی کوێیە؟

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ سعودیە رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای ڤیستڵی تورکی واژۆ کرد کە تایبەتە بە دروستکردنی پیشەسازی بەرگری تورکی.

بەهای رێککەوتنەکە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنیکدا بووە بۆ دروستکردنی فرۆکەی بێفڕۆکەوانی "ناوەند بەرزی" لە جۆری کارایەل کە لە ناوخۆی تورکیادا بە هابوب ناسراوە.

فڕۆکەی "Vestel Karayel-SU" دەتوانێت ١٩٠ کیلۆگرام هەڵبگرێت و خاوەن رادار و وێنەگری نەخشەیە. فڕۆکەکە دەتوانێت ماوەی ٢٠ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە و تاکو شەش هەزار و ٨٥٠ مەتریش بەرز ببێتەوە.