ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:19 - 12/03/2021

میسر ئەردۆغان و دوو وەزیری تورکیا بە درۆ دەخاتەوە؛ نیازی رێککەوتنمان نییە‌

پەیسەر

یەکێک لە دیاردە مێژووییەکانی تورکیا کە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، قسە ھەڵبەستنە بە ناوی وڵاتانی دیکەوە. ئەمجارەیان میسرییەکان لێدوانی سەرۆک کۆمار و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تورکیا لەبارەی رێککەوتنی ئاویی نێوانیان رەتدەکەنەوە.

ئەردۆغان؛ گفتوگۆمان ھەیە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سسەرۆک کۆماری تورکیا کە لە کێشەیەکی قوڵ و گەورەدایە لە ئاستی جیھانی و ناوخۆییش، ناچار بووە روو لە نەیارەکانیشی بکات، لەوانەش میسر.

ئەردۆغان لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند، لە ئاستی ھەواڵگریدا گفتوگۆ ھەیە لەگەڵ میسرییەکاندا. ئەمەش لای ھەموان وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ پەیوەندیەکانی نێوان قاھیرە و ئەنقەرە سەیر دەکرا.

ئاکار؛ بەرەوپێشچوون روودەدات
پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی میسر و تورکیا و ناکۆکییەکانیان لەوە قوڵترە بە لێدوانێک چارەسەر ببن، وەک ئەوەی لە زاری وەزیری بەرگری تورکیاوە بیسترا.

خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ میردا بەھای مێژوویی و کەلتوریی هاوبەشیان ھەیە و دەشکرێت لە رۆژانی داھاتوودا بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتدا رووبدات.

ئاکار ئاماژەی بەوەش کردبوو، میسر رێز لەو نەخشەیە دەگرێت کە تورکیا بۆ سنورە ئاوییەکان بە نەتەوە یەکگرتووەکانی داوە.

چاوشئۆغڵو: دەکرێت واژۆی رێککەوتن بکەین
مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بە لێدوانێک ئەو گومانانەی نەھێشتەوە کە لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا  ومیسرەوە لە ئارادا بوون.

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بەپێی ئاڕاستەی پەیوەندییەکان بێت،  دەکرێت لەبارەی دەسەڵاتە ئاوییەکانی نێوانیان واژۆی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی میسرادا بکەن.

میسر: دوورن لە راستییەوە
دوای چەند رۆژێک لە بێدەنگی، میسر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سەرجەم لێدوانەکانی سەرۆک کۆمار، وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوەی تورکیای رەتکردەوە.

چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی میسری بە رۆژنامەی "الشرق"ی سعودییان راگەیاندووە، میسر نیازی نییە بەم نزیکانە لەبارەی کێشانەوەی سنورە ئاوییەکان گفتوگۆ لەگەڵ تورکیادا بکەن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، هەوڵ و لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیا لەبارەی رێککەوتن لەسەر بابەتی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دوورە لە راستییەوە.

دیپلۆماتکارە میسرییەکان کە نەیانویستووە ناویان بهێنرێت باسیان لە رێککەوتنەکەی نێوان ئەنقەرە و حکومەتی ویفاقی لیبییەوە کردووە و وتویانە، لایەنی میسری سورە لەسەر هەڵوێستی خۆی کە رێککەوتنی ئاویی نێوان حکومەتی تورکیا و حکومەتی ویفاقی لیبی رەتدەکاتەوە. رێزگرتنی میسر بۆ دەوڵەتانی سەر رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش نوێ نییە.

ناکۆکی نێوان میسر و تورکیا
لە چەند ساڵی رابردوودا ناکۆکییەکانی نێوان میسر و تورکیا بە تەواویی پەرەیان سەند، بەتایبەت دوای پشتگیریکردنی تورکیا لە شۆڕشی میسر و دواتریش پشتیوانیکردنی حکومەتی میسر بە سەرۆکایەتی ئیخوان موسلمین.

تورکیا لەو وڵاتانە بوو بە توندی کودەتاکەی سوپای میسری لە دژی محەمەد مورسی رەتکردەوە و بەم هۆیەشەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر هەڵپەسارد، لەو کاتەوە میسریش چووە بەرەی وڵاتانی دژ بە تورکیا.

میسر و لیبیا
لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو میسر رووی لە نەیارە سەرسەختەکەی تورکیا کرد و رێککەوتنێکی ئاویی گرنگی لەگەڵ واژۆ کرد، ئەمەش گەورەترین تەحەدای میسرییەکان بوو لە بەرامبەر تورکیادا.

میسر و یۆنان لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، رێککەوتنی کێشانەوەی سنورە ئاوییەکانیان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست واژۆ کرد.

بەپێی رێککەوتنەکە ناوچەیەکی نێوانیان دیاریکرد کە ناوچەی تایبەت بە بازرگانی و ئابووری بوو کە بڕێکی گەورەی نەوت و غازی سروشتی تێدایە. ئەمەش رێک ئەو ناوچەیە کە بووەتە شوێنی ناکۆکی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا.

میسر: سەقامگیریمان دەوێت
لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی دیپلۆماسی میسری رەتیدەکەنەوە هیچ نیاز و پلانێکیان نییە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا بکەن، بەڵام سەقامگیری ناوچەکەیان دەوێت.

چەند رۆژێک پێشتریش دیپلۆماتکارێکی میسری بە رۆژنامە سعودییەکەی وتبوو، میسر سورە لەسەر سەقامگیری رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پێشوازیش لە هەر هەوڵێک دەکات کە ناکۆکییەکانی سەر رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست چارەسەر بکات.

رێککەوتن سەختە
تورکیا لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا لە قەیرانێکی قوڵدایە، بەهۆی فراوانخوازییەکانی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کردوویەتی بە نەیاری دۆستەکانی یۆنان.

پشتگیری کردنی ئیخوانەکان و هێرشی توندی تورکەکان بۆ سەر بەرپرسانی میسر، پەلاماردانی کەسێتی سیسی و ناوهێنانی بە کودەتاچی، پشتگیریکردنی حکومەتی ویفاقی لیبی و دژایەتیکردنی خەلیفە حەفتەری دۆستی قاهیرە و فراوانخوازییەکانی تورکیا لە سنورە ئاوییەکانی نزیک میسر، لەو دەیان قەیرانە قوڵەی نێوان هەردوو وڵاتن کە رێگرن لەوەی گفتوگۆی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە دەستپێبکەن و بە ئاسانی کێشەکانیان چارەسەر بکەن.