ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:46 - 15/03/2021

میسرییەکان مەرج بۆ ئەنقەرە دادەنێن؛ ھەنگاوی راستەقینە بنێن‌

پەیسەر

دوای ئەوەی تورکیا لە زاری سەرۆک کۆمار و چەند وەزیرێکەوە ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ قاھیرە دەربڕی، میسرییەکان بە چەند مەرجێکەوە وەڵامی تورکیایان دایەوە، بەبێ ئەو مەرجانە قاھیرە ئامادەی ھیچ دانیشتنێک نییە و بێباکە.

وەڵامێک پڕ لە گرێ
 سەمیح شوکری دوای چەند رۆژێک لە ھەوڵەکانی تورکیا بۆ نزیکبوونەوە لە میسر و ئاسایکردنەوە و چاککردنەوەی پەیوەندییەکان، وەزیری دەرەوەی میسر وەڵامی ئەنقەرەی دایەوە، بەڵام وەڵامێک پڕ لە گرێ.

چەند رۆژێکە میسرییەکان لە ئاستی باڵا و فەرمیدا بێدەنگن، ئەوەی ھەبوو چەند دیپلۆماتکارێکی میسری بوون کە لە رێگای رۆژنامەکانەوە پەیامیان بۆ تورکەکان دەنارد. لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی میسر یەکەم وەڵامی فەرمی و باڵایە بۆ ئەنقەرە.

رەفتارەکان چاک بکەن
 سەمیح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر لەبارەی ئەگەری گفتوگۆوە وتی، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکرێنەوە، پێویستە رەفتارەکانی تورکیا گونجاو بن لەگەڵ بەھا و ئامانجەکانی میسردا، واتە نابێت رەفتارەکانی تورکیا دژ بن لەگەڵ ئامانجەکانی قاھیرەدا و زیانیان پێبگەیەنن.

ئەم رستەیەی شوکری ئاماژەیە بە چالاکی و فراوانخوازییەکانی تورکیا لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و سنورە ئاوییەکانی میسر بۆ گەڕان بە دوای غازی سروشتی و سەرچاوە سروشتییەکاندا، کە بە توندی لەلایەن قاھیرەوە رەتکرایەوە.

ھەنگاوی راستەقینە
 لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا بە جۆرێک بوون گوایە بەرەوێشچووونی گەورە روویداوە، بەڵام شوکری بەرەوپێشچوون دەبەستێت بە ھەنگاوی راستەقینەوە.

وەزیری دەرەوەی میسر لەم بارەیەوە دەڵێت، ئەگەر ھەنگاوی راستەقینە لەلایەن تورکیا بنرێت کە گونجاو بن لەگەڵ بەھا و ئامانجەکانی میسردا، ئاوا زەمینەی گفتوگۆ ئامادە دەکرێت.

 گفتوگۆی نافەرمی نییە
ھەفتەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا باسیان لەوە کرد، کە لە ئاستی باڵا و ھەواڵگریشدا گفتوگۆکان بەردەوامییان ھەیە و ھیچ رێگرییەک لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکادا نییە.

وەزیری دەرەوەی میسر بە ناڕاستەوخۆ ئەم لێدوانانەشی رەتکردەوە و وتی، لە دەرەوەی چوارچێوەی دیپلۆماسیدا ھیچ پەیوەندییەک بوونی نییە.

ھەنگاو لە دۆستەکەی تورکیاوە
تورکیا چەند ساڵێکە دۆستی نزیکی قەتەرە، قەتەرێک کە بە ھەموو ھەوڵ و توانای خۆی پشتگیری لە ئیخوان موسلیمین کرد، ئەمەش قەتەری کرد بە دوژمنی قاھیرە.

وەزیری دەرەوەی میسر لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای لوتکەی ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداوەوە کە قەتەر لەگەڵ وڵاتانی ناو ئەنجومەنەکە ئاشتەوایی کرد، پەیامی باش و گونجاویان لە دەوحەوە پێگەیشتووە لەبارەی چاککردنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانەوە.

ئیخوان؛ گرێ کوێرەکە
تورکیا گەورەترین بەرگریکا و دۆستی حکومەتی ئیخوان موسلیمین بوو، تورکیا ھەموو توانا نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکانی خزمەت خزمەت ئەم حکومەتەوە.

کاتێک کودەتاش بەسەر ئیخواندا کرا، تورکیا بە توندترین شێوە دژی وەستایەوە، ئەنقەرە پشتیوانی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کودەتای کرد و بەمەش سەرجەم پەیوەندییەکانی میسر و تورکیا پچڕان. لە ئێستاشدا یەکێک لەو رێگرییانەی لەبەردەم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکاندایە، ئەم رابردووە تاڵەی قاھیرەیە لەگەڵ ئەنقەرە.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکانیش یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی قاھیرە بۆ ئەنقەرە، دەستبەردانە لە ئیخوان موسلیمین.

تورکیا دەست لە ئیخوان بەردەدات؟
تورکیا دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی نوێ کردووە بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی سەر رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەوانەش میسری خاوەن پێگەی ستراتیژی، بۆ ئەم مەبەستەش ھەنگاوی تاکلایەنەی ناوە.

چاوەڕوان دەکرێت تورکیا دڵنیایی بە میسر بدات کە ئیتر پشتیوانی لە ئیخوان موسلیمین ناکات، چونکە تورکیا تێگەشتووە پشتگیریکردنی ئیخوان نەک سودی پێنەگەیاندووە، بەڵکو یەکێک لە وڵاتە ھەرە بەھێزەکانی ناوچەکەشی لێکردووە بە نەیار.