ڕاپۆرتی کوردستانی

05:41 - 12/01/2019

کوردستان لە بەردەم مەترسی تەقینەوەی بۆمبێکی هەشت ملیار تەنی خوێ‌

پەیسەر

گۆلی ورمێ ڕووبەرەکەی ٥٥٠٠ هەزار هێکتارە و گەورەترین گۆلی ئێرانە، شەشەمین گۆلی ئاوی سوێری جیهانیشە، بەڵام لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە ساڵ لە دوای ساڵ ئاوەکەی  کەم دەبێتەوە و مەترسی وشکبوونی یەکجاری لەسەرە.
گۆلی ورمێ کەوتووەتە نێوان پارێزگاکانی ورمێ و تەورێزەوە، درێژاییەکەی ١٢٠ کیلۆمەترە و پانییەکەشی لەنێوان ١٥ بۆ ٥٠ کیلۆمەترە، پێشتر قوڵاییەکەی ١٦ مەتر بووە بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بۆ مەترێک کەمی کردووە، لە نەوەدەکاندا ڕێژەی ئاوەکەی بە ٣٠ میلیار مەتر سێجا مەزندە کرابوو.

 نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری داوە لە وشکبوونی یەکجاری گۆلی ورمێ و بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوەکە بەر لە بیست ساڵ زیاتر لە ٣٠ ملیار مەتر سێجا ئاو لە گۆلەکەدا هەبووە کەچی ئێستا دابەزیوە بۆ ٢ میلیار مەتر سێجا، نەتەوەیەکگرتووەکان پێیوایە هۆکاری مرۆیی، بەتایبەت دروستکردنی نابەجێی بەنداو لەسەر ئەو روبارانەی دەڕژێنە ناو گۆلی ورمێوە هۆکاری سەرەکین بۆ وشکبوون و کەمکردنی ئاوی گۆلەکە، ئەمەش ڕێک پێچەوانەی هەڵوێستی بەرپرسانی ئێرانییە کە پاساوی دابەزینی ئاوی گۆلەکە بۆ وشکەساڵی و گۆڕینی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە رپۆرتەکەیدا دەڵێت لە ئەگەری وشکبوونی گۆلی ورمێ کارەساتێکی مرۆیی و ژینگەیی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.
فاتمە زەفەرنژاد، توێژەری بواری ئاو سەبارەت بە پاساوەکەی بەرپرسانی ئێرانی دەڵێت گۆلی ورمێ لە ماوەی ٣٠٠ هەزار ساڵی ڕابردوودا بە دەیان جار گۆڕانکاری کەشوهەوا و وشکەساڵی درێژخایەنی تێپەڕاندووە و وشک نەبووە، ئێستا چۆن دەتوانین بڵێن بەهۆی گۆڕینی کورتماوەی کەش‌وهەواوە وشک بووە، بە بۆچوونی زەفەرنژادیش دەستێوەردانی مرۆیی کە کاریگەری لەسەر ئیکۆسیستەمی ناوچەکە داناوە هۆکاری دابەزینی ئاوی گۆلی ورمێیە بۆ ئاستێکی مەترسیدار، ئەو پێیوایە بەرپرسانی حکومەتی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ ڕزگارکردنی گۆلەکە لەو دۆخە نالەبارەی تێیکەوتووە هیچیان نەکردووە، هەربۆیە کەمتەرخەمی خۆیان لەژێر پاساوی گۆڕینی کەش‌وهەوادا دەشارنەوە.

سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی گۆلی ورمێ پێیوایە بەکارهێنانی لە رادەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی ژێرزەوی، یەکێکترە لە گرنگترین هۆکارەکانی وشکبوونی گۆلی ورمێ، کامەران زەینالزادە، سەرۆکی ناوەندەکە بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند، زیاتر لە ٧٠% سەرچاوە ئاوییەکانی ژێرزەوی لە ناوچەکانی دەوربەری گۆلی ورمێ بەکارهێنراوە کە ئەمەش بەراورد بە ستانداری نێودەوڵەتی ڕێژەیەکی زۆر بەرزە و جێی نیگەرانییە.

بەکارهێنانی زیاد لە ئاستی ڕێگەپێدراوی ئاوی ژێر زەوی ناوچەکە، گەشەپێدانی بێ‌ پلانی کەرتی کشتوکاڵ و بەکارهێنانی زیاد لە ئاستی رێگەپێدراو ئاوی روبارەکان بۆ کەرتی کشتوکاڵ، دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر بەنداو لە سەر ئەو ڕوبارانەی دەڕژێنە ناو گۆلەکەوە و لە کۆتاییشدا گۆڕانی کەش‌وهەوا و وشکەساڵی هۆکارە سەرەکییەکانی دۆخی قەیراناوی گۆلی ورمێن. 
تەنیا لە پارێزگای ورمێ ٢٢ بەنداو لەسەر ئەو روبارانە دروستکراون کە دەرژێنە گۆلی ورمێوە، لەو ٢٢ بەنداوە ٨یان پڕ ئاو کراون، لە پارێزگای تەورێزیش ٣٦ بەنداو دروستکراوە کە ٢٢یان پڕئاو کراون و لە پارێزگای سنەش ٤ بەنداو دروست کراوە، واتا لە ٦٢ بەنداو ٣٥یان پڕئاو کراون هەربۆیە ڕێژەی ئەو ئاوەی پێشتر ئەڕژایە گۆلی ورمێ تا ئاستێکی زۆر دابەزیوە.
فاتیمە زەفەرنژاد دەڵێت دروستکردنی٦٢ بەنداو لە ناوچەیەکی بچوکی وەک گۆلی ورمێ هەڵەیەکی گەورەیە و ئەگەری ئەوە هەیە لە ماوەی دە ساڵدا ببێتە هۆی وشکبوونی یەکجاری گۆلەکە.
ڕازیە لەک، بەڕێوەبەری بەشی دەریایی ڕێکخراوی زەویناسی ئێرانیش پێیوایە قەیرانی گۆلی ورمێ زیاتر بەهۆی چالاکییە مرۆییەکانەوەیە کە لە ساڵی ١٩٩٨ بە دواوە زیاتر بووە  و بە تایبەتیش بەنداو دروستکردن لە سەر ڕووبارەکان  و گلدانەوەی ئاو لە پشت ئەم بەنداوانە زۆر زیادی کردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لەم ساڵانەی دواییدا نزیکەی ٤٨ هەزار بیری ئیرتیوازی ڕێگەپێنەدراو لە ناوچەکانی دەوروبەری گۆلی ورمێ لێدراون، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی. لەم ناوچەدا نزیکەی ٦٨٠ هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی هەیە، بەپێی ئامارەکان رێژەی بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی لە ساڵی ١٩٧٢ نزیکەی ٦٩٨ میلیۆن مەتری سێجا بووە، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە لە ساڵی ٢٠١٤دا بەرزبووەتەوە بۆ دوو ملیار و ٤٠١ ملیۆن مەتر سێجا.
ئەحمەد عەلی کەیخا، جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ئێران پێیوایە بەڕێوەبردنی خراپی سەرچاوە ئاوییەکان و پەرەپێدانی بێ‌ پلانی کشتوکاڵ هۆکاری سەرەکی قەیرانی گۆلی ورمێن.
سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەواش بە درێژایی دوو دەیەی ڕابردوو، زەوی زیاتر لە ٢ پلە گەرمتر بووە کە بووەتە هۆی دابەزینی رێژەی بارانبارین، بەڵام بەشێک لە شارەزایان پێیانوایە ناکرێت ئەمە بە هۆکاری وشکبوونی گۆلی ورمێ دابنرێت، چونکە ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەکەدا بەراورد بە ٥٠ ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی نەکردووە.

مورتەزا حقوقی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی کۆمەڵەی راوێژکاریی ئەندازیارانی ئێران بە بەراوردکردنی گۆلی ورمێ و گۆلی وان لە باکووری کوردستان دەڵێت، ئەگەر گۆڕانی کەش‌وهەوا بووبێتە هۆی وشکبوونی گۆلی ورمێ، ئەوا دەبوو گۆلی وانیش ڕووبەڕووی دۆخێکی هاوشێوە بووبایەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە گۆلی وان گۆڕانێکی ئەوتۆی بە خۆوە نەبینیوە.
حکومەتی ئێران لە کۆتایی نەوەدەکاندا بۆ کەمکردنەوە مەودای نێوان تەورێز و ورمێ جادەیەکی لە ناوەراستی گۆلەکەدا دروستکرد، جادەکە گۆلەکەی کرد بە دوو بەشەوە، بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی  بانکی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠٠١دا مەزندە کراوە ئەم جادەیە زیاتر لە ١٢٠ هێکتار ڕوبەری گۆلی ورمێی وشک کردووە ئەمەش جگە لەوەی جادەکە گۆڕانی بنەڕەتیی بە سەر هایدرۆدینامیکی گۆلەکەدا هێناوە و بە سەر دوو بەشی لێکدابڕاوی باشوور و باکووردا دابەشی کردووە.
 حکومەتی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا ناوەندێکی بە ناوی ناوەندی ژیانەوەی گۆلی ورمێی دروستکردووە، بەڵام پسپۆڕانی بوارەکە پێیانوایە ئەو ڕێکارانەی ناوەندەکە بۆ ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ دیاریکردووە، دەرەنجامی ژینگەیی خراپتر و مەترسیدارتری لێ دەکەوێتەوە.

یەکێک لە هەوڵەکانی ناوەندەکە گواستنەوەی ئاوی زێی بچووکە بۆ گۆلی ورمێ، سەبارەت بەم هەنگاوە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و پێیانوایە گواستنەوەی ئاوی زێی بچووک نەک کێشەی کێشەی گۆلی ورمێ چارەسەر ناکات، بەڵکو زیان بە ژینگەی سەردەشت و ناوچەکانی قەڵادزێ و رانییە لە باشوری کوردستان و خەڵکی هەژاری ناوچەکەش دەگەیەنێت.
گۆڕینی ڕێڕەوی زێی بچوک لە هەرێمی کوردستانیش ژیانی نزیکەی ٨٠ هەزار کەس لە ناوچەکانی قەڵادزێ و رانییە دەخاتە مەترسییەوە و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ناوچەکە بە تەواوی تووشی قەیرانی قەرەبوونەکراو دەکات، هەربۆیە چالاکانی ژینگەپارێزی رۆژهەڵاتی کوردستان رەخنە لە سیاسەتی ئێران دەگرن و دەڵێن ناکرێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانێکی دەستکردی مرۆڤ، قەیرانێکی گەورەتر لە شوێنێکی دیکە دروست بکرێت.

 هەوڵەکانی ناوەندی ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ زیان بە جوتیارانی ناوچەکە دەگەیەنێت 
ئیرەج شوجاعی، قایمقامی مهاباد پێیوایە پرۆسەی ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ دەبێت بە هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان کەرتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەکان و خەڵک و سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان بگاتە ئەنجام، دەشڵێت دەبێت بژیو و داهاتووی جوتیاران ڕەچاو بکرێت.
سلێمان ڕەسوڵی ئازەر، ئەندامی لیژنەی زانستی زانکۆی ئازادی مەهاباد و ئەندامی لیژنەی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانیش، پێیوایە هەڵسوکەوتی ناوەندی ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ لەگەڵ جوتیارانی ناوچەکە جێی نیگەرانییە و دەڵێت ناوەندەکە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی جوتیاران بڕیار دەردەکات. 

ڕەسووڵی ئازەر بە پەیسەرپرێسی راگەیاند ناوەندی ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ بە جۆرێک هەنگاو دەنێت کە وەکو ئەوە وایە تەنیا بەکارهێنانی ئاو بۆ کەرتی کشتوکاڵ هۆکاری وشکبوونی گۆلی ورمێ بێت.
پڕۆفیسۆر پەرویز کوردەوانی کە بە باوکی بیایان ناسی ئێران ناوی دەهێنرێت و گواستنەوەی ئاوی زێی بچووکیش بیرۆکەی ناوبراوە، دەڵێت لە کۆتاییدا گۆلی ورمێ وشک دەبێت و با چیتر هەوڵ بۆ ژیانەوەی گۆلەکە نەدرێت، بەڵکوو باشترە گۆلەکە وشک بکرێت و خوێکەی بگوازرێتەوە و قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانکردنەوە دەست پێبکات، کوردەوانی پێیوایە گۆلی ورمێ وەک ئەوە وایە کون بووبێت و هەرچی ئاوی تێ بکرێت نابوژێتەوە.

بەڵام زۆربەی پسپۆڕانی دیکە دژی بیرۆکەکەی کوردەوانین و دەڵێن گۆلەکە نەمردووە، بەڵکو زۆر نەخۆشە و دەبێت نەخۆشییەکەی چارەسەر بکرێت.
 بەبۆچوونی مورتەزا حقووقی، بۆ ڕزگار کردنی گۆلی ورمێ دەبێت ئاوی ئەو ڕوبارانەی دەڕژێنێ گۆلی ورمێ و لە ئێستادا لە بەنداوەکاندا گلدراونەتەوە، بەربدرێنەوە، هەروەها دەڵێت دەستپێوەگرتن بە ئاو لە کشتوکاڵی ناوچەکەدا یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ بوژاندنەوەی گۆلی ورمێ و نابێت چیتر رێگە بدرێت بە لێدانی بیری ئیرتیوازی.

هەندێک لە پسپۆڕانی دیکەش دەڵێن دەبێت بیرە ئیرتیوازییە ڕێگەپێنەدراوەکان پڕ بکرێنەوە و لانیکەم بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەکارهێنانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵدا کەم بکرێتەوە و بۆ ئەمەش حکومەت قەرەبووی جوتیاران بکاتەوە، بەڵام حکومەت کەمتەرخەمە لە دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ بوژاندنەوەی گۆلی ورمێ و تەنانەت ساڵی ڕابردوو هیچ بودجەیەکی تەرخان نەکرد، چ بگات بەوەی بیەوێت قەرەبووی جوتیاران بکاتەوە.
لە ئێستادا وشکبوونی گۆلی ورمێ هەڕەشە لە ژیانی ٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد و تورکی ناوچەکە دەکات و بەبۆچوونی ژینگەپارێزان، لە ئەگەری دروستبوونی سۆنامی خوێ و سەرهەڵدانی کارەسات و نەخۆشییەکانی پاش وشکبوونی ئەو گۆلە، دانیشتوانی ناوچەکە دەبێت بە ناچاری ناوجەکانی خۆیان بەجێ بهێڵن.

مەسعود تەجریشی لەمبارەیەوە دەڵێت وشکبوونی گۆلی ورمێ و دروستبوونی سۆنامی خوێ دەبێتەهۆی گواستنەوەی شاری تەورێز و چۆڵبوونی چەندین ناوچەی دیکە.
عیسا کەلانتەری کە ئێستا جێگری سەرۆک‌کۆماری ئێرانە بۆ کاروباری ژینگەپارێزی پێی وایە ژیاندنەوەی گۆلی ورمێ لانیکەم دە ساڵ کاتی پێویستە و لە ناوچوونی گۆلی ورمێ کارەساتێکی گەورە و قەرەبوونەکراو لە خەڵک و ژینگەی دەوروبەری گۆلەکە دەدات.
مەحبووب زارع، بەڕیوەبەری ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێ دەڵێت ٦٣٣ گوند لە ورمێ، ١٥٨ گوند لە سەڵماس، ٩٦ گوند لە نەغەدە، ١٩٨ گوند لە مەهاباد و ١٩٤ گوند لە میاندواو مەترسیی سوێربوونی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵیان لە سەرە.
بەشێک لە پسپۆڕانی بواری ژینگە پێیانوایە لە ئەگەری وشکبوونی گۆلی ورمێ کەش و هەوای ناوچەکە گۆڕانی گەورەی بەسەردادێت، بە جۆرێک کە هەندێک لەو پسپۆڕانە دەڵێن وشکبوونی ئەم گۆلە وەک بۆمبێکی هەشت میلیار تەنی خوێ وایە کە لەگەڵ هەڵکردنی با سۆنامی خوێ و خوێبارین دروست دەبێت و ئەمەش زیانی زۆر گەورە و قەرەبوونەکراو بە ژینگەی خۆرهەڵاتی کوردستان دەگەیەنێت و بە ملیۆنان مرۆڤ ناچار دەبن لە ناوچەکانی خۆیان کۆچ بکەن.
تاوانباری ئەم کارەساتە گەورەیەش دەسەڵاتدارانی ئێرانن کە زیاتر لە دوو دەیەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هۆشداریی کارەساتی وشکبوونی گۆلی ورمێیان پێ دەدرێت، بەڵام ئەم دەسەڵاتە بەرامبەر بە هەموو هۆشدارییەکان بێ باک بووە.