ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:52 - 17/03/2021

لە چاوەڕوانی زەنگە لێندراوەکەدا؛ بۆچی جۆ بایدن تەلەفۆن بۆ ئەردۆغان ناکات؟‌

پەیسەر

نزیکەی دوو مانگە جۆ بایدن وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستبەکار بووە و بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی چەند وڵاتیکدا گفتوگۆی کردووە. رەجەب تەیب ئەردۆغان دوو مانگە چاوەڕوانە زەنگی تەلەفۆنەکەی لێبدات و لەگەڵ بایدن قسە بکات، بەڵام ئەم تەلەفۆنە هەر نەهات، چاودێرانیش پێیان وایە کێشەکانی هەردوو وڵات لەوە گەورەترن ئەم تەلەفۆنە بە ئاسانی رووبدات.

بێوەڵامی رۆژئاواییەکان
لەگەڵ ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بە ئامانجی ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا ئاسایی بکاتەوە، لێدوانە توندەکانی کەمکردووەتەوە، بەڵام تاکو ئێستا جۆ بایدن بێدەنگە و وڵاتانی ئەوروپاش هیچ وەڵامێکی ئەرێنییان بۆ تورکیا نییە.

ئەمریکا و ئەوروپییەکان دەیان کێشەی هەڵواسراویان لەگەڵ تورکیا هەیە، بۆیە لەبری قسە و لێدوانی نەرم چاوەڕوانی هەنگاوی کردەیین لە تورکیا و سەرۆکەکەی تاکو ئەوانیش هەنگاوی کردەیی بنێن.

زەنگە لێندراوەکە
تاکو ئێستا جۆ بایدن تەلەفۆنی بۆ چەند سەرۆکێک کردووە، بەڵام ئەردۆغان لەو لیستەدا نەبووە و چاوەڕوانیش ناکرێت لەم نزیکانەدا ئەم تەلەفۆنە رووبدات. چاودێران دواکەوتنی ئەم تەلەفۆنە بە ئاماژەیەک دەزانن بۆ خراپی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە.

دوو مانگە جۆ بایدن سەرۆکە و قسەی لەگەڵ ئەردۆغان نەکردووە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ دوای چەند رۆژێکی کەم لە دەستبەکاربوونی تەلەفۆنی بۆ ئەردۆغان کرد و پێکەوە قسەیان کرد، بەڵام ئەوەی روونە؛ نە جۆ بایدن دۆناڵد ترەمپە و نە دۆخی ئەو کاتەی تورکیا و ئەمریکاش وەک هی ئێستایە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەردۆغان بە هیواوە چاوەڕوانی ئەم تەلەفۆنەیە.

گرێ کوێرەکان
لە ماوەی دەیەی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە چووە خراپترین قۆناغەوە، دەیان کێشەی گەورە کەوتنە نێوان ئەم دوو وڵاتەوە و هیچ لایەنێکیشیان ئامادەی چارەسەر و هەنگاوێک نین سازشکردنی تێدابێت، بەڵام تورکیا چەند مانگێکە هەنگاوی ناوە و وەڵامی نەبووە.

گرنگترین کێشەکانی تورکیا و ئەمریکا بریتین لە؛ ناکۆکی هەردوو وڵات لەبارەی کێشەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان. نزیکبوونەوەی تورکیا لە روسیا و کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس ٤٠٠. فراوانخوازییەکانی تورکیا لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

ترەمپی نەرم و بایدنی رەق
ئەردۆغان و بەرپرسانی تورکیا بە هیوا بوون، دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک، ئەمەش لە بەرئەوەی ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵی ئیدارەکەیدا چاوپۆشی زۆری لە هەنگاوەکانی ئەردۆغان کرد، بەتایبەت لە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستاندا.

ئەمە لە کاتێکدا جۆ بایدن لە بابەتی سوریادا رەق و راشکاوە، پێش ئەوەسی ببێتە سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی نیو یۆرک تایمز، ئەردۆغانی بە "تاکڕەو" ناو برد و جەختیشی کردەوە کە پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکات.

تەلەفۆنەکە گرنگە؟
لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان بە هیوایەکی زۆرەوە چاوەڕوانی تەلەفۆنەکەی بایدنە و بە پێویستی دەزانێت بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان، بەڵام بەرپرسانی تورکیا وەهای دەردەخەن کە گرنگی بە ئەم تەلەفۆنە نادەن و چاوەڕوانی نین.

بەرپرسێکی پلە باڵای ناو نووسینگەکەی ئەردۆغان کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە سەرچاوەیەکی میدیایی وتووە، کە ئەوان هیچ جۆش و خرۆشییەکیان بۆ ئەم تەلەفۆنە نییە.

تەلەفۆنەکە دەکات
تاکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی نییە لەبارەی ئەوەی ئایا جۆ بایدن چی کاتێک تەلەفۆن بۆ ئەردۆغان دەکات و قسەی لەگەڵ دەکات، ئەمەش تاکو ئاستێکی زۆر تورکەکانی بێهیوا و نیگەران کردووە.

جین پساکی وتەبێژی کۆشکی سپی لە چەند رۆژی رابردوودا و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەوەی بۆچی تاکو ئێستا جۆ بایدن تەلەفۆنی بۆ ئەردۆغان نەکردووە وتی، تاکو ئێستا ژمارەیەکی زۆری سەرۆک هەن کە جۆ بایدن تەلەفۆنی بۆ نەکردوون، لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا ئەم تەلەفۆنانە ئەنجام دەدات، "بۆیە دڵنیام بایدن تەلەفۆن بۆ ئەردۆغانیش دەکات."

ئەردۆغان بۆ دەروازە دەگەڕێت
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس، بەهۆی سیاسەتی دەرەوە، دژایەتیکردنی وڵاتانی رۆژئاوا و تاکڕەوییەوە، تورکیا کەوتووەتە بەرامبەر دەوڵەتانی رۆژئاوا و ئەمریکاشەوە، بۆیە تروکیا دەستی بەهەوڵەکانی کردووە تاکو رزگاری ببێت و پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە.

ئەردۆغان بۆ راستکردنەوەی پەیوەندییەکان، چارەسەرکردنی کێشەکان و رزگاربوون لەو گۆشەگیرییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەی تێیکەوتووە، لە هەوڵێکی زۆر و بێوچاندایە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکاش، بەڵام تاکو ئێستا وەڵامی روونی وەرنەگرتووە.

دوو کێشە گەورەکە
بۆ ئەمریکا؛ ئێس ٤٠٠
دوای ئەوەی تورکیا لە ئەمریکا بێهیوا بوو، رووی لە مۆسکۆ کرد و سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی کڕی، ئەم هەنگاوە بە توندی لەلایەن ئەمریکاوە رەتکرایەوە و بە هەڕەشەی دانا لەسەر سیستمی بەرگری و فرۆکەکانی ناتۆ، بەڵام تورکیا سور بوو لەسەر ئەم هەنگاوە و سیستمەکەی کڕی.

بەهۆی ئێس ٤٠٠وە ئەمریکا چەند جارێک سزای بەسەر تورکیادا سەپاند، بەڵام تورکیا هەر پاشگەز نەبووەوە. بەرپرسانی ئەمریکا بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە تورکیایان وتووە، تاکە رێگا بۆ چاککردنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، دەستبەرداربوونە لە ئێس ٤٠٠.

هەرچەندە مانگی رابردوو خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی ئێس ٤٠٠ دەربڕی، بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێک رووینەدا.

بۆ تورکیا؛ رۆژئاوای کوردستان
لە دوای هاتنی داعش و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی گەورەی خاکی سوریا و هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان، ئەمریکا بە هانای شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستانەوە رۆیشت و رێگەی بە کەوتنی کۆبانی نەدا، ئەمەش سەرەتای گەورەترین قەیرانی سەردەمی نوێی نێوان ئەنقەرە و واشنتن بوو، چونکە تورکیا رۆژئاوای کوردستان بە درێژکراوەی پەکەکە دەزانێت.

تورکیا بەردەوام بە ئەمریکای وتووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، پێویستە ئەمریکا دەست لە پشتیوانیکردنی رۆژئاوای کوردستان هەڵبگرێت، بەڵام ئەمریکییەکان هەمیشە دووپاتیان کردووتەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوپەیمانن و بەردەوامیش دەبن لە پستیوانیکردنیان.

بەپێی زۆرینەی شیکردنەوەکان، ئێس ٤٠٠ و رۆژئاوای کوردستان دوو گەورەترین کێشەی نێوان تورکیا و ئەمریکان، ئێستاش ئەردۆغان بە روونی دەزانێت، ئەوەی رێگەی لە دەنگی زەنگی تەلەفۆنەکە گرتووە، ئێس ٤٠٠ و شەڕڤانەکانن.