ڕاپۆرتی کوردستانی

12:46 - 18/03/2021

ئەمریکا و تورکیا لەسەر ھەدەپە ھاتنە دەنگ‌

پەیسەر

دوای لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتارێکی ھەدەپە و چڕبوونەوەی ھەوڵەکانی داخستنی پارتە کوردییەکە، ئەمریکا و پەرلەمانی ئەوروپا ھاتنە دەنگ و ھۆشدارییان بە تورکیا دا، داواش لە تورکیا دەکەن رێز لە ئازادی بیروڕا بگرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ھەوڵەکانی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان و لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتارێکی ئەو حزبە کوردییە، ھۆشداری بە تورکیا دەدات.

دوای لێسەندنەوەی متمانە لە عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری ھەدەپە و چڕبوونەوەی ھەوڵەکانی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی بۆ داخستنی پارتە کوردییەکە ئەمریکا و دواتریش ئەوروپا ھاتنە دەنگ.

نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری ئەم رووداواە دەکەن. لێسەندنەوەی متمانە لە گەرگەرلیئۆغڵو ناداگەرییە بەرامبەر ئیرادەی دەنگدەران.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ھەوڵەکانی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان و لێسەندنەوەی متمانە لە گەرگەرلیئۆغڵو دیموکراسی تورکیا زیاتر لەکەدار و بێناوەڕۆک دەکات.

نێد پرایس بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا بەرامبەر گەرگەرلیئۆغڵو بە "بێزارکەر" ناو دەبات و دەڵێت، ئەم کارە بێبەشکردنی ملیۆنان دەنگدەرە لە مافی نوێنەرایەتیکردنیان.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین لە چوارچێوەی پاراستنی دەستور و بەرپرسیارییەتییە نێودەوڵەتییەکاندا، رێز لە ئازادی بیروڕا بگرێت."

ھاوکات پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بە توندی سەرکۆنەی سەندنەوەی متمانەی لە پەرلەمانتارەکەی هەدەپە کرد و ئاماژەی بەوە کردووە، بە توندی سەرکۆنەی بڕیاری لێسەندنەوەی متمانە، ھەڵگرتنی پارێزبەندی و زیندانیکردنی گەرگەرلیئۆغڵو  پەرلەمانتاری ھەدەپە دەکەن."

ھەر لە راگەیەندراوەکەیدا پەرلەمانی ئەوروپا بێھیوایی خۆی بەرامبەر دۆخی تورکیا دەردەبڕێت و دەڵێت، دۆسیەی گەرگەرلیئۆغڵو نموونەیەکی دیکەیە بۆ دۆخی خراپی ئازادی بیروڕا لە تورکیا، خراپ بەکارهێنانی یاسای دژ بە تیرۆر بۆ کپکردنی دەنگە ناڕازییەکان و سەرکوتکردنی لایەنە ئۆپۆسیۆنەکان بەتایبەت پارتی دیموکراتی گەلان.


رۆژی ٢١ی مانگی شوباتی ٢٠١٨ داواکاری گشتیی کۆماریی لە پارێزگای کۆجائێلی، دۆسیەیەکی لە دژی گەرگەرلیئۆغڵو کردەوە و لە دۆسیەکەدا داوا کراوە سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا بدرێت.

دیارترین تۆمەتەکانی سەر پەرلەمانتارەکەی ھەدەپە بریتی بوون لە "ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی (مەبەستیان پەکەکە) و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر."


دوو ساڵ تێپەڕی و لە رۆژی ٢٠ی شوباتی ٢٠٢١، دادگای سزا قورسەکانی کۆجائەلی داواکاری گشتیی پارێزگاکەی بۆ زیدانیکردنی گەرگەرلیئۆغڵو پەسندکرد.

دوای ناردنی دۆسیەکە بۆ وەزارەتی داد و لەوێشەوە بۆ پەرلەمانی تورکیا، دوێنێ چوارشەممە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی، پارێزبەندی لەسەر گەرگەرلیئۆغڵو ھەڵگیرا و متمانەی لێسەندرایەوە، بەم جۆرە و بەپێی یاساش ھیچ پەرلەمانتارێکی دیکە ناخرێتە جێگای.

تەنیا لەم خولەی پەرلەمانی تورکیا، بە گەرگەرلیئۆغڵووە سێ پەرلەمانتاری ھەدەپە متمانەیان لێسەندراوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە خولی پێشویو پەرلەمانی تورکیا ١١ پەرلەمانتاری ھەدەپە پارێزبەندییان لەسەر ھەڵگیرا و لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دوورخرانەوە.

پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان لە ناو پەرلەمانی تورکیا بە توندی ناڕەزایەتییان لە دژی بڕیارەکەی پەرلەمان دەربڕی و لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەدا بە دروشم وتنەوە ناڕەزایەتییان پیشاندا.

دوای ئەوەی شەڕە قسە و ناکۆکی لەنێوان پەرلەمانتارانی ھەدەپە و ئاکەپە و مەھەپە دروستبوو، پشوویەکی کاتی بە دانیشتنەکە درا.

لە کاتی پشووەکەدا گەرگەرلیئۆغڵو وتی، "ئەم بڕیارە دژ بە دەستور و مافە، بڕیارێکی سیاسییە و دانی پێدا نانێین."

گەرگەرلیئۆغڵو وتیشی، "من تەنھا بەرگریم لە ئاشتی کردووە، ژیانم لەگەڵ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ تێپەڕاندووە، بەھۆی بەرگریکردنم لە مافەکانی مرۆڤ و پێشنیارکردنی ئاشتی لە مەسەلەی کورددا سزا دەدرێم."