ڕاپۆرتی کوردستانی

11:48 - 19/03/2021

داخستنی هەدەپە؛ قوفڵەکەی ئەردۆغان و باخچەلی ئامادەیە‌

پەیسەر

دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە، بابەتی داخستنی هەدەپە جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە، دادگا دەڵی هەدەپە و پەکەکە جیاوازییان نییە. مەهەپە و ئاکپارتی هەوڵەکانیان چڕکردووتەوە و جەهەپە و پارتەکانی دیکەش پشتیوانی هەدەپە دەکەن.

دۆسیەنامەی داخستنی هەدەپە
بەکر شاهین داواکاری گشتی کۆماری لە دۆسییەنامەیەکدا کە بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئامادەی کردووە، دەڵێت، "لە راستیدا جیاوازی نییە لەنێوان هەدەپە و پەکەکە و کەجەکەدا. هەدەپە لە هیچ بابەتێکی نەتەوەییدا لایەنگری تورکیا نەبووە و هەر لایەنێک دژی تورکیا بووبێت ئەوان پشتیوانیان کردووە."

لە دۆسیە نامەکەدا داوای قەدەغەکردنی چالاکی سیاسی لە چەند کەسێک کراوە، لەوانەش سەڵاحەدین دەمیرتاش، پەروین بوڵدان میتحەت سانجار، سڕی سورەیا ئۆندەر، لەیلا زانا و ئەحمەد تورک.

بەکر شاهین داواکاری گشتی کۆماری داوای کردووە رێگە بە چالاکی سیاسیی ٦٠٠ کەس نەدرێت کە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار هاوسەرۆکانی هەدەپەشی تێدایە.

لەبارەی هەدەپەوە لە دۆسیە نامەکەدا هاتووە، "هەدەپە ئەو کارانە دەکات کە دەوڵەت دابەشدەکات و دژی یەکێتیی وڵاتە. جیاوازییان لەگەڵ پەکەکە و کەجەکە نییە و بووە بە باڵی رێگەپێدراوی ئەوان لە تورکیا."

کۆنگرەی پەکەکە
ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەو کۆنگرانەی هەدەپە دەیانکات، لەگەڵ یاسا و دەستوری وڵاتدا گونجاو نییە و وەک پارتەکانی دیکەی تورکیا نییە، دروشم بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان و پەکەکە دەڵێنەوە، بانگەشە بۆ رێکخراوی تیرۆریستی دەکەن و رێز بۆ ئەو تیرۆریستانە دادەنێن کە کوژراون (مەبەست لە گەریلایە). کۆنگرەکانی هەدەپە بوون بە کۆنگرەی پەکەکە."

لە دۆسیەنامەکەدا داوا کراوە ماوەی پێنج ساڵی تەواو چالاکی و کاری سیاسی لە ٦٠٠ سیاسی کورد قەدەغە بکرێت کە لە نێویاندا ئەم کەسانە هەن؛ سەڵاحەدین دەمیرتاش، سڕی سورەیا ئۆندەر، سەباحات تونجەل، فیگەن یوکسەکداغ شەنئۆغڵو، پەروین بوڵدان، سەزای تەمەللی، میتحەت سانجار، مەرال دانش بەشتاش، نورسەل ئایدۆغان، سەلما ئرماک، ئەرتوغرول کویرکچو، ئایهان بیلگەن، لەیلا زانا و ئەحمەد تورک.

بەپێی دۆسیەنامەکە، ئەگەر هەدەپە دابخرێت، ئەوا ئەم کەسانە ناتوانن لە هیچ حزبێکی دیکەدا کار بکەن، نە وەک ئەندام و نە وەک بەڕێوەبەر و بەرپرس.

جەهەپە؛ داخستنی حزبەکان دابخەن
کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) داوا دەکات کۆتایی بە بابەتی داخستنی پارتەکان لە تورکیا بهێنرێت و دەڵێت، "داخستنی پارتەکان دابخەن."

کڵچدارئۆغڵو دەڵێت، "ناچاری کە بچینە سەردەمێکەوە ئیتر کۆتایی بە بابەتی داخستنی پارتەکان بهێنین، ئەو پارتانەی کە پشتیوانی خەڵکیان بەدەستهێناوە دەژین و دەمێننەوە، ئەوانەشی پشتیوانی خەڵکیان بەدەستنەهێناوە، دەچنە سەبەتەی خۆڵی مێژووەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد، "پارتەکەی ئێمەش پێشتر داخراوە، دەست بەسەر هەموو باڵەخانەکانماندا گیرا، بەڵام دەستمان لە خەباتی دیموکراسیانە هەڵنەگرت، بەرگری لە دیموکراسی بەرگرییە لە خەڵک."

باخچەلی: هەدەپە دابخرێت
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی کە بە جدییەتەوە کار لەسەر داخستنی هەدەپە دەکات، لە کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیدا لە شاری ئەنقەرە باسی لە هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتارانئ هەدەپە کرد و وتی، "لەبەردەم هەڵگرتنی بابەتی پارێزبەندیدا یاسا هەیە و لە دواشیەوە دەوڵەت هەیە، ئەمەش سەرنەگرێت دەبینن کە گەل و دەوڵەت هەیە لەم بابەتەدا."

باخچەلی لە چەند مانگی رابردوودا بەردەوام داوای داخستنی هەدەپەی کردووە، بەڵام پێشتر لەلایەن ئاک پارتییەوە رەتکرایەوە، ئەو فشارانەی ئێستا لەسەر هەدەپە هەن، بە ئاماژەی سەرکەوتنی هەوڵەکانی باخچەلی دادەنرێن.

لەگەڵ ئەوەی فشارەکانی سەر هەدەپە زیادیان کردووە، بەڵام بەشیک لە چاودێران پێیان وایە ئەمجارە هەدەپە داناخرێت، بەڵکو لە رێگەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارەکانیان هەوڵی گۆشەگیرکردنی دەدرێت.

هەدەپە؛ داخستنی هەدەپە کودەتایە
پەروەین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەو فشارانەی دەوڵەتی تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدانی خستەڕوو کە لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان هەیە و هەوڵی داخستنی دەدەن.

بەڵدان ئاماژەی بەوە کرد، "داخستنی هەدەپە کودەتایە، ئێمە ستەم رەتدەکەینەوە، خەڵک لە تورکیا لەسەر تویتێک زیندانی دەکرێت، وەک گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری هەدەپە، خەڵکی تورکیا کەوتووەتە ژێر ستەمی ئاکپارتی."

بوڵدان ئاماژەی بەوەش کرد، برسێتی و بێکاری کێشەی ئێستای خەڵکی تورکیایە و دەسەڵات بەم کارەی دەیەوێت برسێتی و بێکاری لەبیری خەڵک بباتەوە."

یەکەم هەنگاوی داخستنی هەدەپە
ئەمڕۆ هەینی زوهتو ئارسلان سەرۆکی دادگای دەستوری تورکیا بۆ کار کردن لەسەر ئەو دۆسییەی لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی تورکیاوە بۆ داخستنی هەدەپە کراوەتەوە، دەستی بە کار کرد و کەسێکی بۆ راپەڕاندنی ئەم ئەرکە راسپارد.

بڕیارە ئەم کەسە راپۆرتێک لەبارەی دۆسیەی هەدەپە ئامادە بکات و رەوانەی داداگای دەستوری بکات، دادگای دەستوریش لێکۆڵینەوەی خۆی لەسەر دۆسیەکە دەکات و بڕیار لەسەر پەسەندکردن یان نەکردنی دۆسیەکە دەدات، ئەمەش نزیکەی ١٥ رۆژ دەخایەنێت.

دوای پەسەندکردنی دۆسیەکە، رەوانەی هەدەپە دەکرێت تاکو بەرگرینامەی خۆیان ئامادە بکەن، هەدەپەش دەبێت لەو ماوەیەیە دادگای دەستوری دیاری کردووە، بەرگرینامەی خۆیان پێشکەش بکەن و دەشتوانن داوای درێژکردنەوەی کاتی بەرگرینامەکەش بکەن.

دوای پێشکەشکردنی بەرگرینامەکە، بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتی کە سەرەتا دۆسیەکەی بۆ داخستنی هەدەپە کردبووەوە، بۆچوونی خۆی پێشکەش دەکات.

ئەم بۆچوونەی سەرۆکی داواکاری گشتی رەوانەی هەدەپە دەکرێت، دواتر لەو رۆژەی کە دادگای دەستوری دیاری دەکات، بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتی راگەیاندراوێکی نووسراو و پارتی دیموکراتی گەلانیش بەرگرینامەی نووسراوی خۆیان بڵاودەکەنەوە.

لەسەر ئەم بنەما و پێشهاتانە، ئەو کەسەی لەلایەن دادگای دەستورییەوە بۆ ئەم دۆسییەیە ئەرکردار کراوە، راپۆرتی خۆی ئامادە دەکات. لەم ماوەیەدا هەریەک لە هەدەپە و داواکاری گشتی دەتوانن بۆچوونی دیکە و بەرگرینامەی خۆیان پێشکەش بکەن.

دوای ئەوەی ئەم راپۆرت، بۆچوون و بەرگرینامەیە پێشکەش بە دادگای دەستوری دەکرێن. زوهتو ئارسلان سەرۆکی دادگای دەستوری رۆژێک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە دیاری دەکات، هەموو ئەندامانی دادگای دەستوری بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داواکاری داخستنی هەدەپە کۆدەبنەوە کە ژمارەیان ١٥ کەسە.

بەپێی مادەی ٦٩ی دەستوری تورکیا، دوو لەسەر سێی ئەندامانی دادگای دەستوری، واتە ١٠ کەس لە ١٥ کەس بڕیار لەسەر داخستن یان دانەخستنی هەدەپە دەدەن.

ئەگەر بڕیار درا هەدەپە دابخرێت، ئەوا بڕیارەکەی دادگای دەستوری، ئاڕاستەی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە دەکرێت و لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاودەکرێتەوە.

بەپێی بڕیاری دادگای دەستوریش، ئەو کەسانەی بەهۆی قسە، کردار و وتارەکانیان بوون بەهۆی داخستنی هەدەپە، تاکو ماوەی پێنج ساڵ رێگەیان پێنادرێت ببنە ئەندام، بەڕێوەبەر و کارگێڕی هیچ حزبێکی دیکە.