ڕاپۆرتی کوردستانی

11:36 - 23/03/2021

سزا لەسەر سزا؛ ئۆرهان پاموک؛ دەمیرتاش بوێرە‌

پەیسەر

فشاریان خستە سەری، بێزاریان کرد، دادگاییان کرد، زیندانییان کرد، بەوەشەوە نەوەستان و دیسان لە زینداندا سزای زیندانی دیکەیان بۆ دەرکرد، ئەو کەسە سەڵاحەدین دەمیرتاشە، ئەو سیاسییە کوردەی ئۆرهان پامۆکی هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ و نووسەری رۆمانی بەفر بە "بوێر" ناوی دەبات.

سێ ساڵ و شەش مانگ
دوێنێ دووشەممە دادگای ٤٦هەمی بەکرکۆی لە ئیستانبوڵ، لەسەر دۆسیەی داواکاری گشتیی تورکیا بڕیاری کۆتایی لەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان دا.

داواکاری گشتی لە دۆسیەکەیدا داوای کردبوو سزای ساڵێک و دوو مانگ تاکو چوار ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردن بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاشدا بسەپێنرێت.

دواجار دادگای ئیستانبوڵ سزای سێ ساڵ و شەش مانگ، زیندانیکردنی بەسەر دەمیرتاشدا سەپاند، واتە زیاتر لەو ماوەیەی کە داواکاری گشتیی تورکیا داوای کردبوو.

سوکایەتیکردن بە سەرۆک و سەرۆک وەزیران
داواکاری گشتیی تورکیا لە دۆسییەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دەمیرتاش ساڵی ٢٠١٥ و دوای گەڕانەوەی لە مۆسکۆ لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستانبوڵ سوکایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری وڵات و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا کردووە.

"سوکایەتیکردن بە سەرۆک" لە تورکیا لەو تۆمەتە ئامادانەیە کە دەدرێنە پاڵ رۆژنامەنووس، رەخنەگر و سیاسییەکانی وڵات و بەو هۆیەوە زیندانییان دەکەن و لە سیاسەت دووریان دەخەنەوە.

دەمیرتاش: نیگەرانم رەخنەم کەم گرتووە
دەمیرتاش لەو سیاسییە کوردانەی باکوری کوردستانە قسەکانی دوای زیندانیکردن و سزادانی هێندەی دیکە بەناوبانگی دەکەن، ئەمجارەش و دوای سزا سێ ساڵ و نیوییەکەی بە هەمان شێوەی جارانی دەرکەوتەوە.

دەمیرتاش لە رێگەی سیستمی دەنگ و رەنگەوە و لە زیندانەوە بەشداری لە دانیشتنەکەی دادگادا کرد و وتی، ئەوەی نیگەرانم دەکات، ئەوەیە کە رەخنەم کەم گرتووە، تەنها لەبەرئەوەی رەخنەم لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا گرتووە، هاتوون چەندین دۆسییەی سووکایەتیکردنم لەسەر کراونەتەوە. هەموو ئەمانەش تەنها لەسەر رەخنەیەکی دوو رستەییە، هەر لەسەر ئەمە دوو دۆسیەی جیاوازیان لەسەر کردوومەتەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد، "من رەخنەم لە حکومەت گرتووە. راستەوخۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەحمەد داودئۆغڵوم بە ئامانج نەگرتووە".

رەخنە لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران
ساڵی ٢٠١٥ و دوای چەند رووداوێک کە گەورەترینیان خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی روسیا بوو لەلایەن سوپای تورکیا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ گرژی و ئاڵۆزی زۆری تێکەوت.

دەمیرتاش لەو کاتەدا سەردانی تورکیای کرد، ئەم سەردانەشی لەلایەن حکومەتەوە رووبەڕووی رەخنە و فشاری زۆر بووەوە.

دەمیرتاش لە ٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٥ لە مۆسکۆ گەڕایەوە و لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوان رێکخست و بە توندی رەخنەی لە سیاسەتی ئەردۆغان و داودئۆغڵو لە بەرامبەر روسیا گرت.

دەمیرتاش وتی، " ئەردۆغان و داودئۆغڵو کارێکی هەڵەیان کردووە و تورکیایان تووشی گرژی لەگەڵ روسیا کردووە. ئێستا وەزیری دەرەوە و سەرۆک کۆمار پەلەقاژەیانە تاکو بتوانن پەیوەندی بە رووسیاوە بکەن".

تەحەداکردنی ئەوروپا
چاوەڕوان دەکرا تورکیا بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا مل بۆ بڕیاری داگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کەچ بکات و نەرمی بنوێنێت، بەڵام نەک نەرمی نەنواند و بڕیارەکەی دادگاکەی بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش جێبەجێنەکرد، بەڵکو قورستری کرد.

ئەم بڕیارە نوێیەری دادگای تورکیا تەحەداکردنی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایە کە دەبوو تورکیا بڕیارەکانی جێبەجێ بکات، چونکە تورکیا واژۆی لەسەر پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە و ناچارە بڕیارەکانی دادگای ئەوروپا جێبەجێ بکات.

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا چەند جارێک بە فەرمی داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی کردووە و کردوویەتی بە بڕیار، بەڵام تورکیا هەموو جارێک بڕیارەکەی رەتکردووەتەوە و ئامادە نەبووە جێبەجێی بکات.

ئۆرهان پاموک: دەمیرتاش بوێرە
ئۆرهان پاموک، نووسەری رۆمانی بەناوبانگی بەفر و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات، لە چاوپێکەوتنێکیدا دەربارەی دواین رۆمانی "شەوانی پەتا"، رەخنە لە فشارەکانی تورکیا بۆ سەر رەخنەگر و سیاسییە بەرهەڵستکارەکان دەگرێت.

پاموک دەڵێت، "تاکو ئەو زیندانییە بەرهەڵستکارانەی زیندانییەکانیان پڕ کردووە ئازاد نەکرێن، دۆخی کۆمەڵگا ئاسایی نابێتەوە و هەست بە باشی ناکەین، سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک سیمبولێک مرۆڤێکی بوێرە و لە زیندانە."