ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:06 - 24/03/2021

کۆنگرەی شکست؛ هێزی ئەردۆغان لە خەڵکەوە بۆ دەوڵەت‌

پەیسەر

ئەمڕۆ حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی داد و گەشەپێدانە، ئەردۆغان لە مێژووی حزبەکەیدا یەکەم جارە بە شکستەوە دەچێتە ناو کۆنگرەی پارتەکەیەوە. راستە ئەردۆغان تاکە دەسەڵاتی تورکیایە و بە یەک رستە دەتوانێت گەورەترین گۆڕانکاری دروست بکات، بەڵام ئێستا لەبری خەڵک پشت بە دەوڵەت دەبەستێت و یەکەم جاریشە دوای شکستی هەڵبژاردن دەچێتە ناو کۆنگرەوە.

سەرۆکی نەگۆڕاو
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢١، پارتی داد و گەشەپێدان حەوتەمین کۆنگرەی گەورەی خۆی دەکات. کۆنگرەکە بە دروشمی "ئاسایش و سەقانگیری بۆ تورکیا" لە هۆڵی وەرزشی لە شاری ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت.

لە ئەم کۆنگرەیەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان تاکە پاڵێوراوە بۆ سەرۆکی پارتەکە، ئەوەی هەڵبژاردنی بۆ دەکرێت و دەگۆڕێت، بریتین لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و بڕیاری ناوەندی و ئەنجومەنی دیسپلینی ناوەندی کە لە ١١ ئەندام پێکدێت.

بەم جۆرە کۆنگرەکە وەک کۆنگرەیەک بۆ سەرۆک دەبینرێت کە ئەرکی ئەوەیە جارێکی دیکە رەوایەتی بە سەرۆکبوونی ئەردۆغان بداتەوە.

دوور لە کورد و دۆستە کۆنەکان
پارتی داد و گەشەپێدان بانگهێشتنامەی ئاڕاستەی هەریەک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پارتی باش (ئیی پارتی)، پارتی گەل، پارتی رەفاح، ئاناڤەتەن، حور داڤا، (BBP)، (SP)، (DSP) و (DP) کردووە.

ئاک پارتی بانگهێشنامەی ئاڕاستەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپەش) نەکردووە، بەم جۆرەش هەدەپە هێندەی دیکە لە پارتی فەرمانڕەوا دوورکەوتەوە.

ئەوەی مایەی سەرنجە، ئەردۆغان ئامادە نەبووە دۆستە دێرینەکانیشی بانگهێشت بکات، هەر بۆیە بانگهێشتنامەی ئاڕاستەی پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو و پارتی دەڤا بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان نەکردووە.

یەکەم کۆنگرەی شکست
(Mehmet Tezkan) وتارێکی بە ناوی "یەکەم کۆنگرەی کێشەداری ئەردۆغان) بۆ پێگەی (T24)نووسیوە و بە وردی تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئەم کۆنگرەیە بۆ ئەردۆغان کۆنگرەی دوای شکستی هەڵبژاردن و لەدەستدانی خەڵکە.

نووسەر لە سەرەتای وتارەکەیدا دەڵیت، "نەخێر نەخێر، ئەمە لەبەرئەوە نییە کە رکابەری هەبێت، لەبەرئەوەش نییە کە ئۆپۆزسیۆنی انو پارتەکە لیستی پاڵێوراویان هەبێت. ئەردۆغان لە ئەم کۆنگرەیەدا تەنها خۆی پاڵێوراوە، لیستی ئەنجونەمەنەکە پەسەند دەکات، هەرچۆن بیەوێت دەستکاری پارتەکەی دەکات، جێگرەکانیشی دیاری دەکات و تەنانەت ئەگەر بیشیەوێت وەزیرەکانیش دەگۆڕێت."

"ئەی کەواتە بۆچی کێشەدارە ئەم کۆنگرەیە؟"

نووسەر خۆی وەڵام دەداتەوە و دەنووسێت، "لەبەرئەمەیە؛ یەکەم کۆنگرەیە دوای لەدەستدانی دەنگی دەنگدەرەکانی. پێستر وەک سەرۆکێکی سەرکەوتوو دەچووە ناو هەموو کۆنگرەکانی پارتەکەیەوە (جگە لە کۆنگرەی پێنج؛ چونکە لەو کۆنگرەیەدا داودئۆغڵو سەرۆکی پارتەکە بووە)."

لە سەرکەوتنەوە بۆ شکست
نووسەر باسی رابردوو و ئێستای ئەردۆغان دەکات و دەڵیت، "ئەردۆغان ئاک پارتی لە سفرەوە هێنایە سەر دەسەڵات. سەرەتا ٣٤٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، دواتر بۆ ٤٩٪ بەرزی کردەوە و پارتەکەی کرد بە فەرمانڕەوای بێچەندووچوونی وڵات. هەر بۆیە زۆر بە بەهێزییەوە دەچووە ناو کۆنگرەکانی پارتەکەیەوە."

"ئێستا ئەردۆغان بەهێزترە، ئەوەندە بەهێزە لە نیوە شەودا سەرۆکی بانکی ناوەندی لە کارەکەی دەردەکات و بە یەک واژۆش لە رێکەوتنێکی نێودەوڵەتی دێتە دەرەوە. راستە و دەسەڵاتی بەسەر هەموو بڕیارێکدا دەشکێت و یەک جوملە و تەنانەت یەک وشەشی بەسە بۆ بڕیارەکانی."

پاشان نووسەر دێتە سەر ناوەڕۆکی کێشەکە، "تەواوە، بەڵام یەک جیاوازی هەیە، ئێستا وەک جاران پشتیوانی خەڵکی نییە، جاران پشتی بە دەنگدەران و خەڵک بەستبوو، ئێستا بە دەوڵەت. بینەرانی کۆنگرەکە، ئامادەبوان، ئەندامان و لایەنگرانیش ئەمە دەزانن."

نووسەری وتارەکە باس لە کۆنگرەی دوای شکستی هەڵبژاردن دەکات و دەنووسێت، "گرنگتر لەوە؛ ئەمە یەکەم کۆنگرەیە بۆ ئەردۆغان کە دوای دۆڕاندنی هەڵبژاردن دەکرێت؛ ئیستانبوڵی لەدەستدا، ئەنقەرەی لەدەستدا، با باسی شارەکانی دیکەش نەکەین، هەموو شارە گرنگەکانی لەدەستدا."

نووسەر باس لە نیگەرانییەکان لەبارەی سیستمی سەرۆکایەتییەوە دەکات و دەڵێت، " لە ساڵی ٢٠١٨ رژێمێکی نوێمان تاقی کردەوە، تێگەیشتین ئەمە چ جۆرە شتێکە. واز لە دەنگدەرانی ئاک پارتی بهێنن، تەنانەت بەڕێوەبەر و بەرپرسانی شارەکانیش کە سەر بە ئاک پارتین بە ئاسانی ناتوانن بە دەسەڵاتداران بگەن لە ئەنقەرە، هاوڵاتیانیش بێزارن لەوەی کە دەبێت هەموو کێشەکانیان تەنها بۆ یەک کەس باس بکەن کە سەرۆک کۆمارە. خەڵک بێزاری لە ئەم سیستمە دەرنابڕێت، بەڵام کەسیش نییە بە ئەم سیستمە خۆشحاڵ بێت."

کۆنگرە لە سەردەمی ئابووری و لیرەی داتەپیودا
کۆتایی وتارەکە باس لە دۆخی خراپی ئابووری و دارایی تورکیا دەکات. "خراپیی هەرە زۆر ئەوەیە ئەم کۆنگرەیە لە کاتێکدایە ئابووری وڵات لە قەیرانێکی سەختدایە، هەڵئاوسان، دابەزینی لیرە و بەرزبوونەوەی نرخ هەیە."

نووسەر دەنووسێت، " ئەردۆغان وەک سەرۆکێکی دەچێتە ناو ئەم کۆنگرەیەوە کە ئیتر قسەکانی لای خەڵک پشتیوانی نییە، هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە دەنووسم (یەکەم کۆنگرەی کێشەداری ئەردۆغان). پێویست بە درێژدادڕیی ناکات و راستییەکە ئەمەیە؛ ئەندامانی ئاک پارتی دەزانن لە سەردەمیکدا کە لە تورکیا ئاسایش و سەقامگیری نەماوە هاتوونەتە کۆنگرەیەکەوە کە دروشمەکەی ئاسایش و سەقامگیرییە."

دابەزینی لیرەی تورکی لە دوای لابردنی سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا لەلایەن ئەردۆغانەوە پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ وتارەکە، چونکە هەر لە دوای بڕیارەکەی ئەردۆغانەوە لیرەی تورکی لە بەرامبەر دۆلار دابەزینێکی قورسی بە خۆیەوە بینی و لە یەک رۆژدا لە هەر ١٠٠ دۆلارێکدا زیاتر لە ٦٠ لیرە زیاتر دابەزی.