ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:37 - 25/03/2021

تورکیا لە لێواری قەیراندا؛ سوو تورکیا بەرەو کوێ دەبات؟‌

پەیسەر

بڕیاری لابردنی سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، تورکیای خستووەتە سەر لێواری قەیرانێکی دارایی نوێ، داواکاری لابردنی سو لەلایەن ئەردۆغان، دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و ترسی وەبەرهێنەرانی بیانی، ئەم وڵاتەی خستووەتە بەردەم دۆخێکی سەخت و دژوارەوە.

پاشاگەردانی
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئێستای دارایی تورکیا و ئەو پاشاگەردانییە بڵاوکردووەتەوە کە دوای بڕیاری لابردنی سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا لەلایەن ئەردۆغانەوە دروستبووە.

رۆژنامە ئەمریکییەکە ترسی وەبەرهێنەرە بیانییەکان لە دوای ئەم بڕیار و دۆخە نوێیە بەم جۆرە دەردەبڕێت "رەنگە ئەمە وەشاندنی تۆوی قەیرانی دارایی" بێت.

ئاتیلا یسیلادا پسپۆری دیار و بەناوبانگی تورکیا دەڵێت، "لە کۆتاییدا دەست بەسەر هەموو کۆمپانیا گەورەکاندا گیرا و ئەردۆغانیش دەوری بە لایەنگرانی گیراوە."

لیرەی شکاو
دوای لابردنی ناجی ئیقبال سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا و دانانی شەهاب کۆڤاجیئۆغڵو، بەهای لیرەی تورکی بۆ ئاستیکی مەترسیدار دابەزی و بەهای هەر ١٠٠ دۆلارێک بۆ سەرووی ٨٠٠ لیرە بەرزبووەوە، لە کاتێکدا پێش بڕیارەکە هەر ١٠٠ دۆلریک لە خوار ٧٥٠ لیرەوە بوو.

سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی تورکیا لەگەڵ داواکاری ئەردۆغان نەبووە بۆ کەمکردنەوەی بڕی سوو، بەڵام سەرۆکی تازەی بانکی ناوەندی لەگەڵ کەمکردنەوەی بڕی سوودایە، ئەمە لە کاتیکدایە هەڵئاوسان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

سوو؛ ناکۆکییە گەورەکە
سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی تورکیا بڕی سووری بەرزکردەوە، ئەمەش بە وتەی خۆی لەپێناو کەمکردنەوەی بڕی هەڵئاوسان و هاوکاریکردنی تورکیای تاکو لە لێواری قەیران بگەڕێتەوە و نەکەوێت، بەڵام ئەم سیاسەتەی رووبەڕووی دژایەتیکردن بووەوە و گەیشتە ئەوەی لەلایەن ئەردۆغان و لە نیوەشەودا لە کارەکەی دووربخرێتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سێ جار سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیای لابردووە و کەسی نوێی داناوە، ئەمەش ترسێکی زۆری دروستکردووە کە سیاسەتی پارتی داد و گەشەپێدان تیکەڵ بە سیاسەتی بانکی ناوەندی کراوە، لە کاتێکدا پێویستە بانکی ناوەندی سەربەخۆ بێت و دوور بێت لە دەستێوەردانی دەزگاکانی دیکەی دەوڵەت.

پشێوی زیاتر
نەجیب ساویرس ملیاردێری بەناوبانگی میسری لەبارەی بڕیارەکەی ئەردۆغان و کاریگەرییەکانی بە تەلەفیزیۆنی سی ئێن بی سی وتووە، بڕیارەکەی ئەردۆغان بۆ لابردنی سەرۆکی بانکی ناوەندی جگە لە زیادکردنی پشێوی لە تروکیا هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە.

ساویرس کە سەرۆکی ئەنجومەنی بەرێوەبردن و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆراسکۆمە دەڵێت، "پێشبینی دەکەم ئەم بڕیارە پشێوی زیاتر دروستبکات. هەڵئاوسان زۆر بەرزە، هەوڵی کەمکردنەوەی نرخی سوو بۆ بەرگریکردن لە بەهای دراوەکەت، بڕیارێکی دروست نییە."

سەرۆکی لابراوی بانکی ناوەندی بە سیاسەتەکانی لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، وای کردبوو ملیاران دۆلاری وەبەرهێنەرە بیانییەکان بهێنێتە ناو تورکیا.

بڕیاری لابردنی سەرۆکی بانکی ناوەندیش لەلایەن ئەردۆغانەوە، دوای تەنها دوو رۆژ هات لە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی سوو، ئەمەش هۆکاری سەرەکی لابردنەکەی بووە.

بەپێی هەندێک زانیاری هۆکاری سەرەکی لابردنی ئیقبال پەیوەندی بە بەرزکردنەوەی نرخی سووەوە نییە، بەڵکو پڕۆسەی پاککردنەوەی حکومەت و بانکی ناوەندییە لەو کەسانەی کە نزیکایەتییان لەگەڵ عەلی باجاجان سەرۆکی پارتی دەڤا هەیە.

ناسەقامگیری و هەڵهاتنی پارەی بیانی
دوای بڕیارەکەی ئەردۆغان ئیتر وەبەرهێنەرانی بیانی تێگەیشتوون کە بانکی ناوەندیی تورکیا سەربەخۆیی نییە و لەژێر سیاسەتەکانی ئەردۆغاندایە، بۆیە ئەوانیش بە ترسەوە وەبەرهێنان دەکەن و هەندێکیشیان تورکیا بەجێدەهێڵن.

بۆچوون و سیاسەتی ئەردۆغان کە پێی وایە بەرزکردنەوەی نرخی سوو بووەتە هۆی هەڵئاوسان، بووەتە هۆی دەرچوونی وەبەرهێنەرانی بیانی لە تورکیا، ئەمەش بووەتە هۆی کشانەوەی دەیان ملیار دۆلاری بیانی لە تورکیا، ئەم دۆخەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دۆلار لە وڵاتەکە و بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بەرامبەر لیرەدا.

ناسەقامگیری ئابووری، دارایی و دۆخی ناوخۆی تورکیا و ناکۆکییە سیاسییەکان بووەتە هۆی ئەوەی وەبەرهێنەرە بیانییەکان تورکیا وەک شوێنێکی ئارام و گونجاو بۆ کارکردن نەبینن و وڵاتەکە بەجێبهێڵن.