ڕاپۆرتی کوردستانی

07:39 - 26/03/2021

تاكە ڕێگایە؛ ژمارەیەك هاوڵاتی كورد پێویستیان بەچارەسەرە لە ئیسرائیل‌

ئایندە شەمیانی

كەناڵی –الحرة- ڕاپۆرتێكی لەژێر ئەو ناونیشانەی سەرەوەدا ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و باس لەوە دەكات بەهۆی بیۆكراتی و گەندەڵی و قۆرخكارییەوە نۆ منداڵ و ئەكادیمییەك لە باشووری كوردستانەوە بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی ناهێڵرێت ڕەوانەی ئیسرائیل بكرێن و ژیانیان لە مەترسیدایە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی رۆژنامەی –تایمز ئۆف ئیسرائیل- هۆكاری سەرەكی بردنە دەرەوەی ئەو كەسانە بۆئیسرائیل بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی، تەنها بیۆكۆاتی، گەندەڵی و قۆرخكارییە و هیچی تر.
رۆژنامەكە ئاماژە بەوەش دەكات ئەو منداڵانە كێشەی نەخۆشی دڵیان هەبووە و دەبوو بە خێرایی پزیشكەكان چارەسەریان بۆ بكەن، لەناو ئەوانەشدا شیرەخۆرێكی ئێزدی هەبووە كە خەڵكی شەنگال بووە، لە نەخۆشخانەیەكی شاری دهۆكەو چاوەڕوانی ئەوەی كردووە كە ڕێگە بە كەس و كارەكەی بدرێت تا بیبەنە وڵاتی ئیسرائیل نەشتەرگەری دڵی بۆئەنجام بدەن و ژیانی دەرباز بكەن.
بەپێی وتەكانی ئەو رۆژنامەیە؛ پزیشكەكانی ناوەندی پزیشكی –شیبا-ی ئیسرائیلی هەموو ئامادەییەكی خۆیان پیشانداوە بۆ ئەوەی چارەسەری تەواو بۆ ئەو منداڵە بكەن،  كە لە 12/1/2021 لەدایك بووە و كێشەی ئاوسانی سییەكانی هەیە و ئەوەش كێشەیەكی تەندروستی گەورەیەو ڕێگری لەوە دەكات لە دڵەوە خوێن بگات بە سییەكانی ئەو منداڵە.
بەڵام ئەو شیرەخۆرەو منداڵەكانی ترو ئەكادیمیەكەی كوردستان كە شێرپەنجە –سەرەتان-ی هەیە ڕێگرییان لێكراوە بچنە وڵاتی ئیسرائیل بەمەبەستی چارەسەر و ماوەی دوو هەفتە زیاترە ڕاگیراون و بە پێی ڕاپۆرتی رۆژنامە ئیسرائیلییەكە تەنها هۆكاریش بیۆكراتیەتە و هیچی تر.
ڕاپۆرتەكە باس لەوەش دەكات جگە لە كێشەكانی پەیوەست بە كۆرۆنا و كەرەنتینە و ڕاگرتنی هاتووچۆ، بیۆكراتیەتی وڵاتی ئیسرائیل یش پەیوەندی بەو حاڵەتە مرۆییانەشەوە هەیە و ئیسرائیل زۆر بەتوندی داوای ئەو نەخۆشانەی ڕەتكردووەتەوە، لە 20 مانگی كانوونی دووەمەوە تا ئێستا ڕێگەی بەكەس نەداوە سەردانی وڵاتەكەی بكات و هەموو پاساوەكانیشی هەبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، سەرەڕای ئەوەی لیژنەیەكی تایبەت بۆ حاڵەتە تایبەتەكان دانراوە تا سەیری دۆخ و كەیسی داواكارەكان بكات.
پێش لەوەی كەرەنتینەی گشتی ڕابگەیەنێتەوە ئیسرائیل ڕێگەی بە هەندێك چین و توێژ و كەسانی تایبەت دەدا كەسەردانی وڵاتەكەی بكەن، لەناو ئەوانەشدا ڕێگە درا بەو هەشت منداڵە نەخۆشەی كە پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی هەبوو تا لە نەخۆشخانەكانی ئەو وڵاتەدا چارەسەر وەربگرن.
بەڵام كاتێك – پەرجۆ-یی هاتە پێشەوە داوای ئەو نەخۆشانە ڕەتكرایەوەو ڕێكخراوی - Shevet Achim - ی مەسیحی كە كاری گواستنەوەی نەخۆشەكانی وڵاتانی عەرەبیە بۆئیسرائیل لەگەڵ هەندێك لە لایەنی بەرپرسی حكومەتی ئیسرائیلی چوونە ناو كێشەكەوە بووە هۆی ئەوەی كە ئەو پرۆسەیە ڕابگیرێت.
چالاكوانێك بە رۆژنامەكەی گوتووە: ئەو نەخۆشانە هیچ بژاردەیەكی تریان لەبەردەستدا نییە جگە لە ئیسرائیل، ڕوونیشی كردووەتەوە لە ماوەی چەند  ساڵی ڕابوردوودا وڵاتی ئیسرائیل بایەخی زۆری داوە بەو منداڵانەی نەخۆشن و ویستوویانە ژیانیان دەرباز بكەن و بایەخەكەشیان هێندە گەورە بووە كە چاوەڕێ نەكراوە هیچ كەس و لایەنێك هێندەی ئەوان بایەخی بەو مەسەلەیە دابێت.
باوكی ئەومنداڵەی كە لە كەمپێكی ئاوارەكانی شەنگال لەنزیك دهۆك دەژیی و نەیویستووە ناوی خۆی بۆ رۆژنامەكە ئاشكرا بكات گوتوویەتی: ناخۆشترین و سەختترین رۆژنەكانی ژیانی بەڕێدەكات، لەكاتێكدا كە سەیری كچە شیرەخۆرەكەی دەكات و لەهەمان كاتیشدا هیچی لەدەست نایەت بۆی بكات.
گوتووشیەتی هەموو ئومێدێكی بە چارەسەری پزیشكە ئیسرائیلییەكان هەیە، لەكاتێكدا كە پزیشكە عێراقییەكان پێیان گوتووە هیچیان بۆ ناكرێت و لە هەمان كاتیشدا دەبێت بە خێرایی چارەسەر بۆ كچە نەخۆشەكەی بكەن.
لە هەمان كاتیشدا ڕایگەیاندووە پێی وانییە ناردنی كچەكەی بۆ نەخۆشخانەكانیی ئیسرائیل هیچ كێشەیەك دروست بكات.
ڕاپۆرتی رۆژنامەكە باس لەوە دەكات یەكێك لە لەمپەرەكانی بەردەم ئەو كارە ئەوەیە كە عێراق دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نانێت و ناكرێت بە پاسپۆرتی فەرمی ئەو وڵاتەوە سەفەری ئیسرائیلی بكرێت، ئەوە لە كاتێكدا كوردەكان لە گەڵ ئیسرائیل دا پەیوەندی سۆزداریی و مێژوویی هەیە، باوكی منداڵە نەخۆشەكە گوتوویەتی ئیسرائیلیش وەك ئەو هەموو وڵاتەی تر وڵاتێكی ناوچەكەیە، من دەمەوێت سروشتی مرۆڤەكانی چواردەورم ببینم ، بە بێ ئەوەی بەلامەوە ئاین و ئایدۆلۆژیەتیان بۆمن گرنگ بێت، ئیسرائیل وڵاتێكە هەژار و نەدارەكان هەست پێدەكات و دەیەوێت هاوكارییان بكات.
ئەكادیمییە كوردەكەش كە نەخۆشی سەرەتانی جگەری پلە چواری هەیە و نەیوێراوە ناوی خۆی بە رۆژنامەكە بڵێت گوتوویەتی: پزیشكەكانی پێیان گوتووە كە بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییەی ئیسرائیل تاكە بژاردەیە و زۆر باشە، ئەو گوتوشیەتی پزیشكەكان شارەزان و دەزانن ئیسرائیل و گەلەكەی یارمەتی زۆری ئەو كەسانە دەكەن كە بۆ سەفەری چارەسەریی دەچنە وڵاتەكەیان.
لە درێژەی قسەكانیدا گوتوویەتی: ئێمەی كورد باوەڕمان وایە كە دەوڵەت و گەلی ئیسرائیل زۆر لێمانەوە نزیكن، ڕێزێكی زۆر قووڵ لە نێوانماندا هەیە و لە چەندین خاڵدا هاوبەشین، دەشتوانیین لە بواری وەبەرهێنانیشدا ئەو پەیوەندییە بەهێزتر بكەین ئەوە لە كاتێدا ژینگەی هەردوولاش ئەوەیە كە لەیەك لاوە دژایەتیمان دەكرێت.