ڕاپۆرتی کوردستانی

07:45 - 26/03/2021

ئەسەد چۆن ئابووریی سوریای بە تورکیا، روسیا و رۆژئاوای کوردستان دۆڕاند؟‌

پەیسەر

رۆژنامەی هارتسی ئیسرائیلی لە یادی ١٠ ساڵەی جەنگی سوریادا، وتارێکی دەربارەی دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە و سەختی گوزەرانی سورییەکان بڵاوکردووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتەوە سەر ئەوەی چۆن بەشار ئەسەد ئابووریی سوریای بە تورکیا، روسیا، رۆژئاوای کوردستان و گروپە چەکدارەکان فرۆشتووە.

زەفی بارئیل نووسەری وتارەکە دەڵێت، "وێنە ڤیدیۆ هاتووەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریاوە ریزی درێژی سورییەکان لەبەردەم نانەواخانە و وێستگەکانی سوتەمەنی پیشان دەدەن. "

وێنەکان پیشانی دەدەن کە سورییەکان لە ریزە درێژەکاندا کە سەدان کەسن وەستاون تاکو سەرەیان بێت و بڕێک خواردن وەربگرن، بڕێک خواردن کە چەند نانێکی کەمە بەپێی گەورەیی خێزانەکان.

خێزانێکی دوو کەسی دوو پاکەت نان وەردەگرن، خێزانێکی شەش کەسیش تەنها سێ پاکەت وەردەگرن. زۆرینەی ئاردی سوریا لە روسیا، رۆژئاوای سوریا و ناوچەکانی ژێر دەستی گروپە چەکدارەکانەوە دێت، دواتریش بەسەر سەمونخانەکانی تەواوی سوریادا دابەشدەکرێن.

هێنانی ئارد لە روسیا، رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەستی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا وای کردووە رۆژنامەکە ئەم کارە بە فرۆشتنی ئابووری سوریا بە تورکیا، روسیا، رۆژئاوای کوردستان و گروپە چەکدارەکان ناو ببات.

هەر ناوچەیەک تۆمارێکی تایبەتی هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە دەتوانن هاوکارییەکانی حکومەت وەربگرن، ئەگەر کەسێک ئەو سەمون و نانەی لە حکومەتی وەردەگرێت بەشی نەکات، ناچارە لە بازاڕ بیکرێت. هەر سەمونێکیش بە ١٥٠٠ لیرەیە، هەر دۆلارێکیش لە بازاڕی رەشدا بە ٤٠٠٠ لیرەیە.

سورییەکان لە ریزی درێژ و ماندووکەردا دەوەستن. بەپێی رۆژنامە ئیسرائیلییەکە هەندێک جار کەسێک ناچارە حەوت تاکو ١٢ کاتژمێر لەسەرەی نان و خواردندا بوەستێت، ئەوەی جێگای نیگەرانییە هەندێک جار سورییەک دوای ١٢ کاتژمێر وەستان لە سەرەدا، پێی دەوترێت خواردن و نان نەماوە.

هەندێک جار قەیران لە سەرچاوەکەوە دروست دەبێت، بۆ نموونە مانگی رابردوو، ئەو لایەن و کۆمپانیا روسیانەی ئارد رەوانەی حکومەتی سوریا دەکەن کارەکەیان وەستان، ئەمەش بەهۆی نەدانی پارە لەلایەن رژێمی سوریاوە، بەڵام دواتر لایەن و کۆمپانیای روسی دیکە رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی ئەسەد واژۆ کرد.

بەهۆی ناکۆکی و ئەو شەڕانەی هەندێک جار لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی حکومەتی سوریادا روودەدەن، رۆژئاوای کوردستان هەناردەکردنی ئارد بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەتی دیمەشق رادەگرێت، ئەو کاتانەشی ئاردەکە دەگات بە فڕنەکانی ژێر دەستی حکومەت مەرج نییە کێشە چارەسەر بووبێت، چونکە نەبوونی سوتەمەنی وەها دەکات نەتوانن ئاردەکە بکەن بو نان و سەمون بیدەنەوە بە هاوڵاتیان.

حکومەتی سوریا بەشێک لە سوتەمەنییەکەی لە رۆژئاوای کوردستان  و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکڕێت، بەڵام کاتێک ناکۆکی دەکەوێتە نێوان حکومەتی دیمەشق و رۆژئاوای کوردستان یان گروپە چەکدارەکان، هەناردەکردنی ئەم سوتەمەنییەش رادەوەستێت، لێرەوەیە کە قەیرانی سوتەمەنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدا سەرهەڵدەدات و سەدان هاوڵاتی لە بەردەم وێستگەکانی سوتەمەنیدا دەوەستن و چاوەڕوانی بەشە سوتەمی خۆیان دەکەن.

واتە ئەوەی بڕیار لەسەر ئاستی نان و سوتەمەنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا دەدات، روسیا، رۆژئاوای کوردستان و گروپە چەکدارەکانی دژ بە حکومەتی دیمەشقن. بە مانایەکی دیکە ئەم لایەنانە بە ئاسانی دەتوانن گەمارۆ بخەنە سەر حکومەتی سوریا و تووشی قەیرانی گەورە و سەختی بکەن.

١٠ ساڵ بەسەر جەنگی سوریادا تێدەپەڕێت، دۆخی هاوڵاتیانی سوریا تاکو دێت خراپتر دەبێت، هەموو راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەدەن گوزەرانی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە لە هەر کاتێک خراپترە، کەچی هیچ هەوڵێکی جددی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەم وڵاتە نابینرێت.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی (World Vision International) تێچووی ١٠ ساڵەی جەنگی سوریا، ترلیۆنیک و ٢٠٠ ملیار دۆلار بووە، ئەگەر تەنانەت لە ئێستاشدا ئەم جەنگە بوەستێت ئەوا تێچووەکەی تاکو ساڵی ٢٠٣٥ دەگاتە ١٧ ترلیۆن دۆلار، ئەمەش ئەو بڕەیە کە پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا و بەرهەمهێنانەوە، ئەمە جگە لە تێچووی گەڕاندنەوەی ئاوارە سورییەکان بۆ ناو ژیانی ئاسایی خۆیان.

یەکێک لە سەرچاوەکانی داهاتی حکومەتی سوریا بریتییە لەو موڵک و ماڵانەی کە لە هاوڵاتییە هەڵهاتووەکان و ئەو کەسانە جێدەمێنن کە دژبەری حکومەتن.

حکومەتی سوریا بە پێی یاسایەکی تایبەت، دەست بەسەر مەڵک و ماڵی ئەو کەسانەدا دەگرێت کە تۆمەتبارن بە تیرۆر و دژی حکومەتن، ئەمەش سەرچاوەیەکی گەورەیە بۆ حکومەت. هەندێک جاریش هێزەکانی سەر بە حکومەت بەبێ یاسا خۆیان دەست بەسەر موڵک و ماڵی کەسانی دژ بە حکومەت و ئەو هاوڵاتییە ئاساییانەدا دەگرن کە هەڵهاتوون.