ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:47 - 26/03/2021

ئاکشەنەر؛ مکوڕ بە دوای خەیاڵەکانیدا؛ نەیاری سەرسەختی ئەردۆغان و باخچەلی‌

مەراڵ ئاکشەنەر؛ ساڵی ٢٠١٦ کۆتایی بە مێژووی خۆی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) هێنا، ساڵی ٢٠١٧ ئیی پارتی (پارتی باش)ی دامەزراند و قۆناغێکی نوێی لە مێژووی سیاسی خۆیدا دەستپێکرد. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨، لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی سەعادەت چووە ناو "هاوپەیمانییەتی میللەت"ەوە. هەر بەوەندەوە نەوەستا، لە هەڵبژاردنەکانی هەمان ساڵدا چووە ناو رکابەری ئەردۆغان و خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی کاندید کرد.

ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی
ئاکشەنەر کە خۆی بە نەتەوەییەکی پاک دەزانێت، ئەمڕۆ لەلایەن "هاوپەیمانییەتی جومهوری"ی دەوڵەت باخچەلی و رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بە "لایەنگری فەتحوڵا گویلەن و خیانەتکار" ناو دەبرێت.

لەگەڵ ئەوەی چەند کەسێک لە پارتەکەی ترازاون و لە ناو پارتەکەشیدا لایەنگری "هاوپەیمانییەتی جموهوری ئەردۆغان و باخچەلی" هەن، بەڵام ئاکشەنەر رۆژانە بە توندی هێرش دەکاتە سەر ئەم دوو کەسە، ئەمەش وای کردووە ببێت بە یەکێک لە سیاسییە هەرە دیارەکانی گۆڕەپانی سیاسی تورکیا.

ئاکشەنەر کە ساڵی ٢٠١٨ ١٠٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئەمڕۆ بۆ نزیکەی ١٥٪ بەرزبووەتەوە. نەک هەر گوێی بە قسەکەی باخچەلی نەدا کە پێی وت، "بگەڕێوە بۆ ماڵەکەت واتە مەهەپە"، بە رەقیش بەرامبەر هاوپەیمانییەتییەکەی باخچەلی و ئەردۆغان وەستایەوە.

روو لە هەدەپە
باخچەلی هەر هەنگاوێک دەنێت، ئەم پێچەوانەکەی دەکات. باخچەلی چەندین جار داوای داخستنی هەدەپەی کردووە و بەردەوامە لە ئەم داواکارییە، کەچی ئاکشەنەر دەڵیت هەدەپە پارتێکی یاسایی و رەوای ناو پەرلەمانی تورکیایە. هەرکاتێکیش هێرش دەکرێتەوە سەر هەدەپە ئاکشەنەر بەرگرییان لێدەکات و خۆی بە دۆستی هەدەپە دەزانێت.

کاتێک (Mehmet Özhaseki) جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدان وتی، "نەفرەت لە دەنگەکانی هەدەپە"، ئاکشەنەر بەرگری لە هەدەپە کرد و وتی، "ئەمە دژایەتیکردنی ئیرادەی گەلە."

ماوەیەکە ئاک پارتی باس لە لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی هەدەپە و چەند پەرلەمانتارێکی دیکە دەکات، ئاکشەنەر نەک هەر پشتگیری ئەم هەنگاوەی ئاک پارتی نەکرد، بەڵکو وتی، "رێز لە ئیرادەی ئازادی گەلەکەمان دەگرین." بەم جۆرەش پشتیوانی بۆ پەرلەمانتارانی هەدەپە دووپاتکردەوە.

راستی ناوەڕاست
هەموو ئەو راپرسییانەی لەم دواییانەدا ئەنجام دراون، دەریدەخەن کە ئاکشەنەر نەک هەر دەنگی نەتەوەییەکان بەدەستدەهێنێت، تەنانەت ژمارەیەکی دیاری دەنگی راستی ناوەڕاست بەدەستدەهێنێت، واتە هەم پارێزگارەکان و هەم نەتەوەییەکان.

جان سەلجوقی بەڕێوەبەری گشتی لێکۆڵینەوەی ئابووریی لە ئیستانبوڵ لەبارەی پەیوەندییەکانی ئاکشەنەر لەگەڵ "هاوپەیمانیەتی جمهور"ی باخچەلی و ئەردۆغان دەڵێت، ماوەیەکی زۆرە ئاکشەنەر ئەو پەیامەی ناردووە کە دەرگای بەڕووی ئەم هاوپەیمانییەتەدا داخستووە، بەتایبەت دوای لێدوانەکانی ئەم دواییەی.

ئەو پسپۆڕە دەڵێت، ئەمە تەنها هەڵبژاردەی ئاکشەنەر نییە، بەڵکو هەڵبژاردەی پارت و جەماوەرەکەشیەتی، بۆیە ئەگەر ئاکشەنەر رووی لە ئەم هاوپەیمانییەتە بکردایە، ئەوا دەنگدەرەکانی لەدەستدەدا.

ئۆزەر سەنجار بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی مەترۆپۆڵیش دەڵێت، ئاکشەنەر بە رەتکردنەی هەوڵەکانی ئاکپارتی و مەهەپە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی هەدەپە، بە روونی هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر ئەم دوو پارتەدا پیشان دا. پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدا پچڕاند، بەم جۆرەش دەسەڵات هیوای بە ئەم پارتە نەما، ئەمەش دوا پەیامی ئاکشەنەر بوو کە بە هیچ جۆرێک ناچێتە ناو هاوپەیمانییەتییەکەی باخچەلی و ئەردۆغانەوە.


نەتەوەییەکی جیاواز
بەشێک لە چاودێرانی رەوشی تورکیا پێیان وایە ئاکشەنەر دەیەوێت نەتەوەییەکی جیاواز بێت لە باخچەلی و پارتەکەشی بە ئاڕاستەی راستی ناوەڕاست ببات، واتە هەم دەنگی پارێزگارەکان و هەم دەنگی نەتەوەییەکان بەدەستبهێنێت.

سەلجوقی لەم بارەیەوە دەڵێت، ئاکشەنەر دەیەوێت نەتەوەییکی مەدەنی و سیکیۆلار بێت، رێز لە هەموو باوەڕەکان و پارێزگارەکانیش بگرێت. دەیەوێت پارتێکی راستی ناوەڕاست بێت بە ناسنامە نەتەوەییەکەیەوە.

سەلجوقی دەڵێت، ئەم هەنگاوەی ئاکشەنەر لەلایەن دەنگدەرانەوە پێشوازی لێکراوە، چونکە لە دواین راپرسی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئابووری ئیستانبوڵ، لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە تاکو ئێستا دەنگەکانی ئاکشەنەر و پارتەکەی لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدان و لەنێوان ١٤٪ بۆ ١٦٪دان، لە کاتیکدا لە ساڵی ٢٠١٨دا ١٠٪ بوو.

فاتیح یاشڵی پسپۆڕی بواری سیاسەت دەڵیت، ئاکشەنەر زیاتر دیموکراسی و کراوەترە، ئەمەش لە رەخنەگرتنی دەسەڵات و تیڕوانینی بۆ کێشەی کورددا دەردەکەوێت.

یاشڵی دەڵێت، ئاکشەنەر رایگەیاندووە کە خزمەتی هەوڵەکانی ئاکپارتی ناکات بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران، ئەمەش دەریدەخات کە ئاکشەنەر سەرەڕای ئەوەی پێشنیارێکی روونی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نییە، بەڵام هاوبەشی هیچ هەوڵێكی دەسەڵاتی ئاکاپە بۆ فشارخستنە سەر هەدەپە و داخستنی ناکات. ئەمەش وەها لە ئاکشەنەر دەکات ببێت بە سیاسییەک لە ناوەڕاستدا.

جەماوەرییەتیی ئاکشەنەر
سەنجار باس لە ئاستی "جەماوەرییەتیی" ئاکشەنەر دەکات و دەڵیت، راپرسییەکان دەردەخەن پلەی جەماوەرییەتی ئەردۆغان ٥،١٧یە و ئاکشەنەر ٤،٤٥، ئەمەش دەیکات بە جەماوەرترین سیاسی تورکیا لە دوای ئەردۆغان.

سەنجار دەشڵیت، ئاکشەنەر و کەسە نزیکەکانی لە پارتەکەی خواستی ئەوەیان هەیە بەرەو راستی ناوەڕاست بچن، بەڵام هەندێک لە نەتەوەییەکانی ناو پارتەکەی دەیانەوێت لە راستی نەتەوەییدا بمێننەوە، ئەگەر ئاکشەنەر لەم هەوڵەیدا سەربکەوێت، ئەوا دەتوانێت ببێت بە پارتی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا.

مەرال ئاکشەنەر کێیە؟
مەراڵ ئاکشەنەر تەمەنی ٦٤ ساڵە، ساڵانی ١٩٩٠ بە چالاکی هاتە ناو جیهانی سیاسەتی تورکییەوە، لە سەرجەم ژیانیدا لەناو راستڕەوەکاندا بەردەوامی بە سیاسەت داوە.

ساڵی ١٩٩٤ بوو بە کاندیدی پارتی رێگای راست بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی شارەوانی گەورە شاری کۆجائەلی، بەڵام شکستی هێنا.

ساڵێک دواتر بوو بە سەرۆکی ژنانی پارتەکەی، ساڵی ١٩٩٥ توانی ببێتە ئەندام پەرلەمانی تورکیا.

لە کۆتایی ١٩٩٦ تاکو ناوەڕاستی ١٩٩٧ وەزیری ناوخۆ بووە لە کابینەکەی نەجمەدین ئەربەکاندا. تاکو ئێستا یەکەم ژنە لە مێژووی تورکیادا بووبێتە وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی.

ساڵی ١٩٩٩ جارێکی دیکە بوو بە پەرلەمانتاری تورکیا و ساڵی ٢٠٠١یش دەستی لە پارتی رێگای راست کێشایەوە.  دوای ماوەیەک کارکردن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و عەبدوڵا گویل کە لە پارتی فەزیلەت هاتبوونە دەرەوە، بەهۆی جیاوازی بیروڕاوە لێیان جیابووەوە و ساڵی ٢٠٠١ چووە ناو پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە).

ساڵی ٢٠٠٤ بوو بە کاندیدی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ بەڵام شکستی هێنا. ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠١١ توانی ببێت بە پەرلەمانتاری تورکیا.

ناکۆکییەکانی ئاکشەنەر و باخچەلی بە چڕی دەستیانپێکرد، ئەوە بوو لە ئەیلولی ٢٠١٦ ئاکشەنەر لە مەهەپە دەرکرا، دۆسیەی کردەوە لە دادگا و ناڕەزایەتی دەربڕی، بەڵام سودی نەبوو.

ئاکشەنەر کۆتایی ٢٠١٧ پارتی باشی دامەزراند، ئێستاش یەکێکە لە سیاسییە دیارەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسەتی تورکیا.