لێکۆڵینەوە

10:02 - 27/03/2021

داخستن و کردنەوە؛ مێژووی ٣٠ ساڵ خەباتی پارتە کوردییەکانی تورکیا‌

پەیسەر

سەپاندنی دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی بەسەر عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و لێسەندنەوەی متمانە لێی، رووداوەکانی ساڵی ١٩٩٤ی بە بیر کوردەکاندا هێنایەوە. ٣٠ ساڵە کوردەکانی باکور پارت دروستدەکەن و لێیان دادەخرێت، بەڵام ئەوان کۆڵ نادەن و گەرموگوڕتر دەبن. لە ٣٠ ساڵی رابردوودا چی بەسەر پارتە کوردییەکاندا هاتووە؟

مێژووی ٣٠ ساڵ خەبات
دوای ئەوەی گەرگەرلیئۆغڵو متمانەی لێسەندرایەوە، لەناو پەرلەمانی تورکیا مانگرتنی راگەیاند و وتی، "پەرلەمان بەجێناهێڵم." ١٠٠ پۆلیس چوونە ناو پەرلەمان و گەرگەرلیئۆغڵویان دەستگیر کرد.

دوای وەرگرتنی ئیفادە لێی، گەرگەرلیئۆغڵو ئازاد کرا، بەڵام ئەم رووداوە کاردانەوەی لەناو هەدەپەدا بەدوای خۆیدا هێنا.

هەدەپە لە راگەیەندراوی خۆیدا دەڵیت، "فەرمانڕەوایی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی دوژمنی دیموکراسییە، دەسەڵاتی کودەتان، لە بەردەم هەمووماندا دەسەڵاتێک هەیە کە بە هەموو دەسەڵاتی خۆیەوە ستەم لە گەل دەکات و فشار بەکاردەهێنێت. ئەوەی پێش ٢٧ ساڵ روویدا، ئەمڕۆ لەلایەن ئاک پارتی و مەهەپەوە دووبارە دەکرێتەوە."

دەیەی ١٩٩٠ بە فشارەکانی سەر پارتە کوردییەکان بە تایبەت (HEP) دەستیپێکرد، تاکو ئێستا بەردەوامیی هەیە و بە هەدەپەش کۆتایی نایەت.

گەشتی پارتە سیاسییە کوردییە رێگا پێدراوەکان بەم جۆرە دەستیپێکرد و تاکو ئێستا هاتووە؛ پارتی کاری گەل (HEP)، پارتی دیموکراسی (DEP)، پارتی ئازادی و دیموکراسی (ÖZDEP)، پارتی دیموکراسی گەل (HADEP)، پارتی گەلی دیموکرات (DEHAP)، پارتی کۆمەڵگای دیموکرات (DTP)، پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP) و دواترینیشیان پارتی دیموکراسی گەلان (HDP).

لە (HEP)وە تاکو (HDP) زۆر شت لە تورکیا گۆڕا، زۆر شت نەمان و زۆر شتیش سەریانهەڵدا، بەڵام ئەوەی نەگۆڕا و تاکو ئێستاش وەک خۆیەتی فشاری سەر پارتە کوردییەکانە، وەک پەرلەمانتارانی یەکەم پارتی کوردی دەستگیرکران و لە پەرلەمان دەرکران، ئاواش ئێستا پەرلەمانتارانی هەدەپە متمانەیان لێدەسەندرێتەوە و لە پەرلەمان وەدەردەنرێن.

یەکەم چوونە پەرلەمانی تورکیا بۆ کورد بەهۆی پارتی کاری گەل (HEP)بوو، کە سەرۆکی گشتیی پارتەکە فەهمی ئشکلار بوو.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٩١، (HEP)ی کوردی لەگەڵ پارتی گەلی سۆسیال دیموکرات (SHP) هاوپەیمانی بەست و بەم هۆیەوە توانیان ١٨ کورسی پەرلەمانی تورکیا بەدەستبهێنن.

دوو ساڵ دواتر پارتێکی دیکەی کوردی بە ناوی پارتی دیموکراسی (DEP) و بە سەرۆکایەتی یاشار کایا دامەزرا.

پارێزبەندی هەڵگرتن و دەستگیرکردنەکان
بەهۆی کردنەوەی دۆسییەک لەلایەن داگاوە دژی (HEP)ی کوردی، پەرلەمانتارانی تاکە پارتە کوردییەکە ناچار بوون وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراسی (DEP) کە دووەم پارتی کوردی تورکیا بوو، بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن.

ئەوەی هەموانی توشی شۆک کرد و یەکەم زیانیش بوو لە سیاسەتی کوردی درا، کوشتنی پەرلەمانتاری شاری ماردین مەهمەت سینجار بوو لە شاری باتمان.

دوای ئەوەشی لەیلا زانا لە پەرلەمان بە زمانی کوردی سوێندی یاسایی خوارد، هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران دەستیپێکرد و ئەم دۆخەش تاکو ساڵی ١٩٩٤ بەردەوامیی هەبوو.

لە ٤ی مانگی ئازاری ١٩٩٤، پارێزبەندی لەسەر خەتیب دیجلە، لەیلا زانا، ئۆرهان دۆغان، ئەحمەد تورک، سڕی ساکک پەرلەمانتارانی (DEP) هەڵگیرا.

هەمان رۆژ و دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەریان، هەریەک لە خەتیب دیجلە و ئۆرهان دۆغان دەستگیرکران.

پەرلەمانتارە کوردەکانی دیکە دوو شەو لەسەر یەک لە پەرلەمان مانەوە و نەخەوتن، بەڵام ناڕەزایەتییەکەیان هیچی نەگۆڕی.

دواتر بە تۆمەتی "ناپاکی بەرامبەر دەوڵەت، دەرهێنانی بەشێک لە خاکی دەوڵەت و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر ئەم خاکە" هەریەک لە لەیلا زانا، ئەحمەد تورک، سڕی ساکک، سەدات یورتتاش، سەلیم ساداک، مەحمود ئاڵناک، خەتیب دیجلە و ئۆرهان دۆغان بە بڕیاری دادگای ئاسایشی دەوڵەت دەستگیرکران و رەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەنقەرە کران.

هەریەک لە رەمزی کارتاڵ، زوبەیر ئایدار، نایف گوینەش، نیزامەتتین تۆغوچ، مەحمود کڵنچ و عەلی یغیت ناچار بوون هەڵبێن و تورکیا بەجێبهێڵن.

دوای ئەم رووداوانە، دادگای دەستوری تورکیا لە ١٦ی حوزەیرانی ١٩٩٤ بڕیاری داخستنی (DEP)ی دەرکرد کە دووەم پارتی کوردی بوو.

بەربەستی هەڵبژاردن؛ بەربەستی کورد
پێش داخستنی دووەم پارتی کوردی، پارتێکی کوردی دیکە بە ناوی پارتی دیموکراسی گەل (HADEP) لە ١١ی ئایاری ١٩٩٤ بە سەرۆکایەتی مورات بۆزلاک دامەزرا.

پارتە نوێیەکەی کوردان، سەرەڕای ئەوەی توانی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی ١٩٩٥ نزیکەی ملیۆن و نیوێک دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەیتوانی بەربەستی ١٠٪ی هەڵبژاردن تێبپەڕێنێت، نەچوونە پەرلەمانەوە.


پارتی دیموکراسی گەل (HADEP) لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکەی ساڵی ١٩٩٩دا توانی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ٣٧ شار و شارۆچکە بباتەوە کە دیارترینیان بریتی بوون لە ئامەد، ئاگری، باتمان، بینگۆل، هەکاری، سیرت و وان.

هەڵواسینی وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان و ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆنگرەی پارتی دیموکراسی گەل (HADEP)، بووە هۆی دەستگیرکردنی مورات بۆزلاک سەرۆکی پارتەکە و بەشێک لە کەسە باڵاکانی پارتە کوردییەکە.

بە تۆمەتی" یارمەتیدان و هاوکاریکردنی پەکەکە و بوون بە شوێنی کاری نایاسایی"، دادگای دەستوری تورکیا لە ١٣ی ئازاری ٢٠٠٣، بڕیاری داخستنی دیموکراسی گەل (HADEP)ی دەکرد و بۆ ماوەی پێنج ساڵیش چالاکی و کاری سیاسی لە بەرپرسانی پارتەکە قەدەغە کرا.

مورات بۆزلاکی سەرۆکی پارتەکەش، چەند جارێک دەستگیرکرا، تاکو لە ساڵی ٢٠١١ لە رێگای پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP)وە بوو بە پەرلەمانتاری تورکیا و لە ٤ی کانونی دووەمی ٢٠١٥ش بەهۆی توشبوونی بە شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.

پارتی گەلی دیموکرات
لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٧ پارتی گەلی دیموکرات (DEHAP) دامەزرا، بە تۆمەتی ئەوەی کە بەبێ ئەوەی کاروباری یاسایی حزبەکە تەواو بکەن بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٢ لەلایەن دادگای دەستورییەوە دۆسیەیان لەسەر کرایەوە تاکو دایبخەن، لە رۆژی ١٩ی مانگی تشرنی دووەمی ٢٠٠٥ پارتە کوردییەکە خۆی هەڵوەشاندەوە.

دوای بەسەربردنی ١٠ ساڵ لە زیندان، هەریەک لە لەیلا زانا، سەلیم ساداک، خەتیب دیجلە و ئۆرهان دۆغان پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی (DEP) لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ ئازاد کران و لە ساڵی ٢٠٠٥ پێشڕەویی دامەزراندنی بزوتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراسییان (DTH) کرد.

بزوتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراسی (DTH) بە ناوی پارتی کۆمەڵگای دیموکرات (DTP)وە لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٥، بوون بە یەکەم حزبی تورکیا کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو بکەن.

یەکەم هاوسەرۆکانی پارتی کۆمەڵگای دیموکرات (DTP) بریتی بوون لە ئەحمەد تورک و ئایسەل توغلوک، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو کاتە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا سیستمەکەی پەسەند نەدەکرد، ناچار ئەحمەد تروک کرا بە سەرۆکی پارتەکە.

پارتی کۆمەڵگای دیموکرات (DTP) بوو بە گۆڕەپانی پەرلەمانتارە دوورخراوەکانی پارتی دیموکرات و ئەو سیاسییە کوردانەی تازە دەرکەوتبوون.

هەزار هیوا
پارتی کۆمەڵگای دیموکرات (DTP) لە ساڵی ٢٠٠٧ بە دروشمی "پاڵێوراوانی هەزار هیوا" چووە هەڵبژاردنەوە و چەند سیاسییەکی کوردە ناردە پەرلەمانی تورکیاوە کە دیارترینیان سەڵاحەدین دەمیرتاش، گوڵتان کشاناک و لەیلا زانا بوون.

لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ دادگای دەستوری تورکیا بە تۆمەتی "دابەشکردنی یەکێتی دەوڵەت، دامەزراندنی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی و وەرگرتنی رێنمایی لە ئۆجەلانەوە" دۆسییەی بۆ داخستنی پارتی کۆمەڵگای دیموکرات (DTP) کردەوە.

لە دۆسییەکەدا داواش کرابوو بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری سیاسی لە ٢٢١ بەرپرس و کەسایەتی ناو پارتەکە قەدەغە بکرێت، لەوانەش ئەحمەد تورک.

 لە ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٩ بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دادگای دەستوری تورکیا سێ بڕیاری قورسی دەرکرد کە بریتی بوون لەمانە؛ داخستنی پارتی کۆمەڵگای دیموکرات (DTP)، قەدەغەکرنی کاری سیاسی لە ٣٧ سیاسی پارتەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتاران ئەحمەد تورک و ئایسەل توغلوک.

دوای لێسەندنەوەی متمانە لە ئەحمەد تورک و ئایسەل توغلوک ژمارەی پەرلەمانتارانی کورد کەمیکرد، بەڵام دواتر ئوفوک ئوراس پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئیستانبوڵ هاتە ریزی پەرلەمانتارە کوردەکان، بەم جۆرە ژمارەکە گەیشتەوە ٢٠ کەس و بە ناوی فراکسیۆنی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP) دەستیان بە کارکردن کرد.

نوری یامان پەرلەمانتاری شاری موش کرا بە سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP). ئەم پارتە ئاماژەی بەوە کردبوو، نەخشە رێگای ئۆجەلان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد گرنگە و پێویستە لەسەر ئەم رێگایە هەنگاو بنرێت.

لە ١ی شوباتی ٢٠١٠ کۆنگرەی نائاسایی پارتەکە ئەنجام درا و سەڵاحەدین دەمیرتاش توانی ببێت بە سەرۆکی پارتەکە.


پارتی ئاشتی و دیموکراسی لە پڕۆسەی ئاشتیدا رۆڵێکی گرنگیان بینی کە ساڵی ٢٠١٣ دەستیپێکرد و تەموزی ٢٠١٥ کۆتایی هات.

پارتی دیموکراتی گەلان
لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ بە سەرۆکایەتی ئەرتوغرول کویرکچو و سەباحەت تونجەل، پارتی دیموکراتی گەلان لە پەرلەمانی تورکیا راگەیەندرا.

دواتر ئەم پارتانە چوونە ناو پارتی دیموکراتی گەلانەوە؛ پارتی ئاشتی و دیموکراسی، پارتی شۆڕشگێڕی سۆسیالیست، پارتی سۆسیالیستی چەوساوەکان، پارتی رزگارکەرەوەی دیموکراسی، پارتی سەوزەکان و ئایندەی چەپ.

لە ٢٨ی نیسانی ٢٠١٤ پەرلەمانتارەکانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی چوونە ناو فراکسیۆنی هەدەپەوە، بەڵام سەرۆک شارەوانی و بەرپرسی شارەکانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی لەناو پارتەکەی خۆیاندا مانەوە.

دواتر و لەسەر ئەم بنەمایە، کورد بە ناوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)وە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و بە ناوی پارتی ئاشتی و دیموکراسیشەوە بەشداری لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان و شارەوانییەکاندا کرد.

هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ توانی دەنگی شەش ملیۆن کەس بەدەستبهێنێت، کە دەیکردە ١٣،١٢٪ی پەرلەمانی تورکیا و بەم جۆرەش ٨٠ پەرلەمانتاری هەدەپە چوونە پەرلەمانەوە.

لە ١ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ هەڵبژاردن دووبارە کرایەوە، بەڵام ئەم جارەیان هەدەپە دەنگەکانی بۆ ١٠،٧٦٪ و ژمارەی پەرلەمانتارەکانیشی بۆ ٥٩ کەس کەمی کرد.

پارتی ئاشتی و دیموکراسیش لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا توانی شارەوانی ١٠٢ شار بباتەوە.

خۆبەڕێوەبەری و شەڕ
پارتی ئاشتی و دیموکراسی لە ١١ی تەموزی ٢٠١٤ بە دروشمی "خۆبەڕێوەبەری دیموکراسی و ژیانی ئازاد بونیاد دەنێین" کۆنگرەی سێیەمی خۆی بەست و ناوەکەشی گۆڕی بۆ پارتی هەرێمە دیموکراسییەکان. هەریەک لە کاموران یوکسەک و ئەمینە ئاینا بوون بە یەکەم هاوسەرۆکی پارتە کوردییە نوێیەکە.

لەگەڵ راگەیاندنی خۆبەڕێوەبەریدا، لە زۆربەی ناوچە کوردییەکان و ناوەندی شارەکان خەندەق لێدرا و بەربەست دروستکرا.

بۆ لابردنی خەندەق و بەربەستەکان، قەدەغەی هاتوچۆ لەلایەن تورکیاوە راگەیەندرا، ئۆپراسیۆنەکان دەستیان پێکرد و لە ناوچە کوردییەکان سەردەمی شەڕ و پێکدادان دەستیپێکرد.

قەیوم واتە بەرپرس لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ شوێنی بەرپرس و سەرۆک شارەوانییەکانی ١٠ شاری گەورە، ٧٢ شارۆچکە و ١٢ شارەدێ دانران.

لە هەمان کاتدا ٩٥ هاوسەرۆک شارەوانی کورد دەستگیرکران، لەو ژمارەیە ٥٨ کەسیان تاکو ئێستا دەستبەسەرن کە ٢٢ کەسیان ژنن.

١١ هاوسەرۆک شارەوانی کورد سزای زیندانییان بۆ دەرکرا و بە هەموویان ٧٨ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا. لەو ١١ کەسە سێ کەسیان تورکیایان بەجێهێشت.

هەدەپە بەرەو کوێ؟
ماوەی چەند ساڵێکە هەوڵی داخستنی دوا پارتی کوردی دەدرێت کە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یە، ئەم هەوڵانە تاکو ئێستاش بەردەوامییان هەیە، داخستنی هەدەپە سەریش بگرێت، وەک رابردوو کوردەکان دەست بە دامەزراندنی پارتێکی دیکە دەکەن، بەڵام ئەوەی کوردەکان نیگەران دەکات ئەوەیە؛ بەشێکی گەورەی وزەی بزوتنەوەی کورد لە تورکیا بۆ دروستکردن و دامەزراندنی پارتی نوێ دەچێت.

داخستنی پارتە کوردییەکان چەند زیانی لە بزوتنەوەی کورد لە باکوری کوردستان دابێت، هێندەش سودی پێگەیاندووە، چونکە کاتێک پارتێکی کوردی دادەخرێت، کوردەکانی باکوری کوردستان بە گەرموگوڕیی و توڕەییەکی زۆرترەوە پشتیوانی ئەو پارتە نوێیە دەکەن کە دروست دەکرێتەوە.