ڕاپۆرتی کوردستانی

10:01 - 31/03/2021

پاراستنی شنگال؛ چاوی حەشد دەستی تورکیا دەبڕێت؟‌

پەیسەر

لەگەڵ ئەوەی دۆخی شنگال ئارامی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ژێر بەژێر ھەوڵی لایەنەکان بۆ سەپاندنی ھەژموونی خۆیان بەردەوامیی ھەیە. ھۆزەکان نیگەرانن و حەشی شەعبیش دەیەوێت بیانووی تورکیا بۆ ھیرشژردنە سەر شنگال ببڕێت، تورکیاش دەیەوێت تۆڵەی گارە بکاتەوە.

حەشد بیانووی تورکیا دەبڕێت
ھێزەکانی حەشدی عێراقی، ھەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی جوڵە و ئامادەیی ھێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شنگال چڕ کردووەتەوە، ئەمەش لەپێناو رێگرتن لە ھەر ھێرشێکی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە.


(مزاحم الحويت) وتەبێژی ھۆزە عەرەبییەکانی ناوچەکەش جەخت لەسەر ھەوڵەکانیان بۆ رێگرتن لە ھەر ھێرشێکی تورکیا دەکاتەوە.

ھۆشداریدان بە تورکیا
گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی بە کردەی و لە رێگای راگەیەندراوەکانیانەوە چەند جارێک ھۆشدارییان بە تورکیا داوە لە ھەر ھێرشێک و رایانگەیاندووە رووبەڕووی ھەر پەلامارێکی تورکیا بۆ سەر ناوچەی شنگال دەبنەوە.

ئامادەیی کردەیی
حەشدی شەعی دەڵێت، رێگا نادەن بە بیانووی لێدان و ھێرشکردنە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان، شنگال و ھیچ بەشێکی خاکی عێراق لەلایەن تورکیاوە داگیر بکرێت.

لەگەڵ ھۆشداریدان بە تورکیا، بەشێک لە گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی رەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرن کە نەیتوانیوە رێگربێت لە پێشێلکردنی سەروەری عێراق لەلایەن تورکیاوە.

گروپەکانی حەشدی شەعبی ھەر بە ھۆشداریدان نەوەستاون، لە چەند مانگی رابردووەوە بەردەوام ھێزیان رەوانەی شنگال و دەورووبەری کردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە شنگال دەربڕیوە.

گەڕاندنەوەی ھەژموونی دەوڵەت
پێگەی روسیا الیوم لە زاری وتەبێژی ھۆزەکانی ناوچەکەوە بڵاویکردووەتەوە کە فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای نەینەوا بەڵێنی بە سەرۆک ھۆزەکان داوە کە چارەسەری کێشەی شنگال لەنێوان بەغدا و ھەولێردا دەکەن، ھەژموونی دەوڵەت دەگەڕێننەوە و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش لە ناوچەکەدا دەردەکەن.


حەشدی شەعبی دەیەوێت بیانووەکانی تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر شنگال بنەبڕ بکات، بۆیە ھەوڵ دەدات دەرکەوتن و بوونی ئاشکرای پەکەکە لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە.

ئێران چی دەکات؟
ئێران بە قوڵی لە دەستوەردانەکانی تورکیا لە خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان نیگەرانە، بۆیە بە چڕی ھەوڵ دەدات ئەم دەستوەردانانە کەم بکاتەوە.

بڕوا وایە ھاتنی لەناکاوی ھێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ شنگال و دەورووبەری، وەخۆکەوتنی تارانە بۆ بڕینی دەستی تورکیا لە ھەرێم و عێراق و کۆتاییھێنان بە دەستوەردان و ھێرشەکانی تورکیا لە عێراقدا.

ئێران بە ئاشکرا لە رێگەی ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێرا لە بەغدا بە توندی دژایەتی خۆی بۆ پلانی تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر شنگال دەربڕی، ئەم لێدوانەش ئاڵۆزی خستەوە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئەنقەرە.

بەھێزی ھەژموونی پەکەکە
بەھێزی ھەژموونی پەکەکە و ئامادەیی بەھێزیان لای حەشدی شەعبی روون و ئاشکرایە، چونکە بەپێی لێدوانی وتەبێژی ھۆزەکان، سەرۆک ھۆزەکان بە فالح فەیازیان وتووە، "لە ترسی پەکەکە ناوێرن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان."

ئەمە لە کاتێکدایە ھەفتەی رابردوو، عەبدولئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، تەواوی قەزای شنگالی سەر بە پارێزگای نەینەوا لەژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی حکومەتی ئیتیحادیدایە.

رزگارکردنی شنگال
پەکەکە لە شنگال و دەورووبەری ئامادەیی و بوونێکی بەھێزی ھەیە، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی شنگال لە کاتی ھێرشی داعش و پاککردنەوەی ناوچەکەش لە چەکدارانی داعش.

بەشداریکردنی ھێزەکانی سەر بە پەکەکە لە ئۆپراسیۆنی عێراق بۆ رزگارکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش و شنگال لە سەردەمی کابینەکەی حەیدەر عەبادی، ھێندەی دیکە پێگە و ھەژموونی پەکەکەی لە شنگال زیاتر و بەھێزتر کرد.

گرنگی شنگال
حکومەتی تورکیا لە چوارچێوەی ھێرشەکانی بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ھەوڵ دەدات ھێرش بکاتە سەر ناوچەی شنگال، بەڵام تاکو ئێستا نەیتوانیوە ئەم ھێرشە ئەنجام بدات.

شنگال بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان پێگەیەکی ستراتیژی زۆر بەھێزە، چونکە خاڵی پێکەوەبەستنی قەندیلە بە رۆژئاوای کوردستانەوە، ئەمەش ترسە ھەرە گەورەکەی تورکیایە، بۆیە ئەنقەرە ھەوڵ دەدات ئەم ئەڵقەی پێکەوەبەستنەی قەندیل و رۆژئاوا ببڕێت.

تۆڵەکردنەوەی گارە
تورکیا پێش ئۆپراسیۆنی سەر گارە پلانی بۆ ھێرشکردنە سەر ناوچەی شنگال دانابوو، خولوسی ئاکار وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئەم مەبەستە سەردانی ھەولێر و بەغدای کرد تاکو رەزامەندی ھەردوولا بۆ ھێرشکردنە سەر شنگال وەربگرێت.

ئۆپراسیۆنی تورکیا لە گارە بۆ رزگارکردنی بارمتەکانی رووبەڕووی شکست بوویەوە، ھەڵمەتەکە بە کوژرانی ١٣ بارمەتەکەی کۆتایی ھات و ناوچەی گارەی بەجێھێشت، بۆیە ئەنقەرە ھەوڵ دەدات بە ھێرشکردنە سەر شنگال، تۆڵەی شکستی گارە بکاتەوە.

شکستی گارە حکومەتی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغانی خستە دۆخێکی سەخت و دژوارەوە، ئۆپۆزسیۆنی تورکی رەخنەی توندیان لە حکومەت گرت و حکومەت و ئەردۆغانیان بە بەرپرسی کوژرانی ١٣ بارمتەکەیان ناو برد، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت بە شنگال، گارە لەبیر بباتەوە.