ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:33 - 31/03/2021

کەوتنی لیرە لە کۆشکەکەی ئەردۆغاندا‌

پەیسەر

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و بەهۆی لابردنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، لیرەی تورکی بۆ خراپترین ئاست دابەزی. رۆژنامەی تایمزی بەریتانیش دەڵێت، هەڵئاوسان نیشانەیەکی باش نییە بۆ ئەردۆغان.


نیوە شەوی سەرۆک
لە نیوە شەوی شەش لەسەر حەوتی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، بە بڕیارێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ناجی ئاغباڵ کرا بە سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا. دوای ١٣٢ رۆژ و لە نیوە شەودا بە بڕیاری ئەردۆغان لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

پێش دەستبەکاربوونی ئاغباڵ، ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ٨،٥٧ لیرە بوو، بۆیە دەستی بە چەند هەنگاوێک کرد بۆ بەرزکردنەوەی بەهای لیرە و کەمکردنەوەی هەڵئاوسان. وەک دەرئەنجامی کارەکانیشی ١٠٠ دۆلار گەیشتە ٦،٦٩ لیرە، واتە توانی بەهای لیرە بۆ ئاستێکی زۆر باش بەرز بکاتەوە.

باجی دژایەتیکردنی سەرۆک
لەگەڵ ئەوەی سەرۆک کۆمار لە بڕیارەکەیدا روونی نەکردووەتەوە کە بۆچی لابراوە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، هۆکاری لابردنی ئاغباڵ بەرزکردنەوەی بڕی سوو بووە، هەر بۆیە رۆژێک دوای بەرزکردنەوەی سوو لابراوە، بەڵام هەندیک زانیاری دیکە ئاماژە بە ناکۆکی ئەردۆغان لەگەڵ ئەم کەسە و چەند کەسێکی دیکە دەکەن کە نزیکایەتییان لەگەڵ عەلی باباجاندا هەیە.

ئەردۆغان بە ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لابردنی ئاغباڵی کردبوو، چونکە لە وتارێکیدا رەخنەی لە بەرزکردنەوەی بڕی سوو گرت و وتی، "دەزانم هاوڕێیان بەم قسانەم نیگەران دەبن (مەبەستی ئاغباڵ بوو). بەڵام ببورن کە دەڵیم، ئەگەر من سەرۆکی ئەم وڵاتە بم، سەرۆک کۆماری وڵات بم، ئەمە روون دەکەمەوە و دەڵێم، پێم وا نییە بەرزکردنەوەی بڕی سوو گەشە بە وڵاتەکەمان بدات."

نیوە شەوێکی دیکە
بڕیارەکانی نیوەشەوی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوامیی هەیە، ئەو بڕیارانەی بەر لیرەی تورکی دەکەون و رۆژ بە رۆژ زیاتر دەیشکێنن، وەک ئەوەی بڕیارەکان تەنها بۆ شکاندنی زیاتری بەهای دراوی وڵاتەکە بن.

شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، ئەردۆغان بڕیاریدا موراد چەتینکایا جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیای لە کارەکەی دوورخستەوە و لە جێگەکەی مستەفا دومانی دانا. رۆژی سێشەممەش بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمی وڵاتدا بڵاوکرایەوە.

لە دوای لابردنی جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا لەلایەن ئەردۆغانەوە، بەهای لیرەی تورکی هێندەی دیکە دابەزی و هەر ١٠٠ دۆلارێک تاکو ٨٤٠ لیرە بەرزبووەوە، ئەمەش شکانێکی مێژوویی لیرەیە.

هەڵئاوسان نیشانەیەکی باش نییە بۆ ئەردۆغان
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا باس لە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی دابەزینی نرخی لیرە و بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان دەکات لەسەر دەسەڵاتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانن

رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەدا لەم باریەوە نووسیویەتی، بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان لە تورکیا بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا نیشانەیەکی باش نییە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ ئەوەی بە پێی تۆمارە فەرمییەکان رێژەی هەڵئاوسان بریتییە لە ١٥،٦، بەڵام ژمارە راستییەکە زۆر لە مە بەرزترە. ئەم دۆخە خراپە لە کاتێکدایە سەرمایەدارانی بیانی ترسیان لێنیشتووە و وەبەرهێنانیان لە تورکیا راگرتووە.

ئەردۆغان تاکو ئێستا چەند جارێک داوای لە وەبەرهێنەرانی بیانی کردووە لە تورکیا نەکشێننەوە و بەردەوام بن لە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان، لە زۆربەی وتارەکانیشیدا داوا لە خەڵکی تورکیا دەکات لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخەدا هاوکاری حکومەتی وڵاتەکەیان بن.

تەنها سەرۆک کۆمار دەزانێ بیر لە چی دەکاتەوە
رۆژنامەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا رەخنە لە بڕیارەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەگرن و دەنووسن، تەنها ئەردۆغان خۆی دەزانێت بیر لە چی دەکاتەوە. ئەم رخەنانەش بەتایبەت دوای لابردنی ئاغباڵ هات کە توانیبووی هەڵئاوسان کەمبکاتەوە و بەهای لیرەی تورکیش بەرز بکاتەوە.

رۆژنامە و رەخنەگران رەخنە لە تۆمارەکانی حکومەت دەگرن لەبارەی هەڵئاوسانەوە و دەڵێن، جیاوازی رێژەی هەڵئاوسان لەنێوان تۆمارە فەرمییەکان و تۆمارە نافەرمییەکاندا دەبێتە هۆی زیاتر هەژارکەوتنی دانیشتوانی تورکیا.