ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:59 - 02/04/2021

سوریای کوژراو؛ ١٠ ساڵ جەنگ، ٣٨٨ هەزار کوژراو و ١٠٠ هەزار ونبوو‌

پەیسەر

١٠ ساڵ بەسەر جەنگی سوریادا تێپەڕیوە، شام لە شەکرەوە بووە بە ژەهر، سوریای گەشتوگوزار بووە بە وڵاتی هەژاری و برسێتی. هەزاران خێزان چاوەڕێی گەڕاندنەوەی کەسە ونبووەکانیان، لەگەڵ ئەوەی دەزانن ئاواتەکەیان بەدینایەت، بەڵام هەموو ساتێک چاوەڕوانن لە دەرگا بدرێت و بە دیداری ونبووەکانیان شاد ببنەوە.

دەنگی ئەمریکا راپۆرتێکی لەبارەی ئەو خێزانانەی سوریاوە بڵاوکردووەتەوە کە گیرۆدەی دەست زوڵم و ستەمی دەسەڵاتەکەی بەشار و ئەسەد و گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقن.

رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان لە نزیکەوە کار لەسەر ئەو خیزانانەی سوریا دەکەن کە قوربانی دەست جەنگی سوریان و داواش دەکەن رووداوەکانی ونبوون و قوربانییەکان بکرێنە بەڵگەنامە، تۆمار بکرێن و لێپرسینەوەش لە بەرپرسانە بکرێت کە تێوەگلاون.

سەنای ٢٩ ساڵانە کە ئێستا لە قوتابخانەیەکی ویلایەتی رۆد ئایلاند دەخوێنێت باس لە فڕاندنی باوکی دەکات لەلایەن شەبیحەکانی سەر بە بەشار ئەسەد.

باوکی سەنا کاتێک رفێندراوە کە ساڵی ٢٠١٣ ویستویەتی لەگەڵ خێزانەکەیدا سوریا بەجێبهێڵن، بۆیە تاکو ئێستاش خوشک و براکانی سەن هەر لە شاری دیمەشق ژیان بەسەر دەبەن.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، شەبیحەکانی سەر بە بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠٠١ تاکو ئێستا، ژمارەیەکی زۆر تاوانیان دژی چالاکوانە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە حکومەتی دیمەشق ئەنجامداوە.

سەنا باس لەوە دەکات سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی خێزانەکەی، بەڵام تاکو ئێستا هیچ هەواڵێکیان لەبارەی چارەنووسی باوکیانەوە دەستنەکەوتووە.

سەنا بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەکات، تەنانەت پێدانی بەرتیل بە بەرپرسانی رژێمی ئەسەد هیچ سودێکی نابێت بۆ دەرخستن و ئاشکراکردنی چارەنووسی باوکی.

باوکی سەنا یەکێکە لەو هەزاران کەسەی کە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردووی جەنگی سوریادا رفێندران و رەنگە بۆ هەمیشەش نەگەڕێنەوە ناو کەس و کارەکانیان.

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەرپرسیارییەتی رفاندن و ونبوونی دەیان هەزار سوری دەخەنە ئەستۆی سەرجەم لایەنەکانی جەنگی سوریا.

رێکخراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی ١٠ ساڵی جەنگی سوریادا رفێندراون و یان ونبوون گەیشتووەتە ١٠٠ هەزار کەس.

بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ بڵاویکردەوە، تەنها رژێمەکەی بەشار ئەسەد بەرپرسە لە رفاندنی ٨٥ هەزار کەس.

پسپۆڕانی بواری مافەکانی مرۆڤ و زیندانەکان باس لەوە دەکەن، سروشتی زیندان و شوێنی دەستبەسەرکردنی زیندانییەکان بەجۆرێکن زەحمەتە بە ئاسانی چارەنووسی رفێندراو و ونبووەکان دیاری بکرێت.

فیلیپ ناسیف لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە سوریا ون بوون و تاکو ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنەکانیان نییە.

ناسیف باس لەوە دەکات، دەتوانن گریمانەی ئەوە دابنێن کە ژمارەیەکی زۆری ونبووەکان لە زیندانەکانی رژێمی سوریادا کوژراون، بەڵام ناتوانن لە ژمارەی ئەو کەسانە دڵنیا ببنەوە کە لە زیندانەکانی بەشار ئەسەددا کوژراون یان تاکو ئێستا لە زیندانەکاندا راگیراون.

ناسیف لەبارەی لایەنە بەرپرسەکانەوە دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی رژێمی بەشار ئەسەد بەرپرسە لە رفاندنی زۆربەی ونبووەکان، بەڵام گروپە توندڕەوەکانی وەک داعشیش بەرپرسن لە رفاندنی بەشێک لە ونبووەکان.

دایکی هاشم یەکێکە لەو هەزاران دایکەی چەند ساڵێکە بە تاسەوە چاوەڕوانی گەڕانەوەی رۆڵەکانیانن، چاوەڕوانییەک یان بە مەرگ کۆتایی دێت یان بە ئازارێکی درێژخایەن.

دایکی هاشم دەڵیت، دوو لە کوڕەکانی لە ساڵی ٢٠١٧وە رفێندراون، ئەوەش دوای کۆنترۆڵکردنی شاری رەقە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەرکردنی داعش لە شارەکە.

دایکی هاشم بە ئازاری ونبوونی کوڕەکانییەوە ژیان بەسەر دەبات و دەڵێت، تاکو ئێستا زانیارییان لەبارەی دوو کوڕەکەیانەوە نییە و نازانن لەکوێن.

دوای دوو مانگ لە کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەقە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، دایکی هاشم رووی لە رەقە کردەوە تاکو بە دوای چارەنووسی کوڕەکانیدا بگەڕێت کە لە بیستەکانی تەمەنیاندان، بەڵام هیچ سەرەداوێکی دەستنەکەوت و بە دڵێکی شکاوەوە درێژە بە ژیانە سەختەکەی دەدات.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە راپۆرتەکانیاندا ئەوە دەخەنە روو، کە جگە لە ونبووەکان، تاکو ئێستا زیاتر لە ٢٠٠٠ ئێزدی کە زۆربەیان ژن و منداڵن و لەلایەن داعشەوە رفێندراون، چارەنووسیان نادیارە.

ئەم مانگە جەنگی سوریا پێی نایە ساڵی دەیەمییەوە، تاکو ئێستا لەم جەنگەدا زیاتر لە ٣٨٨ هەزار کەس کوژراون و دەیان هەزاریش بێسەروشوێنن، ملیۆنان سوریش یان سوریایان بەجێهێشتووە یان لە ناو وڵاتەکەی خۆیندا ئاوارە و بێماڵ و حاڵ بوون.