لێکۆڵینەوە

10:40 - 03/04/2021

ئەحمەد کایا وەکو شاعیر، هونەرمەند، شۆڕشگێڕ‌

پەیسەر

لەم نووسینەدا دەمەوێت بە خوێنەران بڵێم، ئەحمەد کایا مێژووی لەو ڕۆژەوە نییە کە وتی کوردم، بەڵکو زۆر پێش ئەو ڕوداوانەیە. دەمەوێت وێزگەکانی ژیان و بەرهەمەکانی وردتر بکەمەوە. ئەم نوسینە لە گۆڤاری ڕۆڤاری ژمارە 79 بڵاوبۆتەوە.

ناوەڕاستی هەشتاکانە، لە قاوەخانەیەکدا کایا نامیلکەیەکی شیعری (حەسەن حوسێن کۆرکمازگیل)بە دیاری وەردەگرێت. لە شاعیرێکی لاوی کوردی زازای ناوچەی دەرسیمەوە (یوسوف خەیاڵۆغڵوو). لەو دەمەدا تورکیا لە نێوخۆدا، بە کڵپەی کودەتا و شەپۆلە تورکە کەمالچییەکان دەکوڵێت. ئەم شاعیرە گەنجەش، هەمان کات میوزیکژەنە.
خەیاڵۆغڵوو برای خاتوو (گویلتەن کایا) یە کە لە ساڵی ۱۹۸٦دا لەگەڵ کایا خێزان پێکدەهێنێت. ناسینی گویلتەن لەڕێگای سەزەر ناوێکەوەیە کە برای سەلدا باغجانی گۆرانی بێژە و خاوەنی ستودیۆی “دەیشیم”ە کە کایا کاری لەگەڵ کردوون، ئەودەم هەردوکیان لە زیندان بەیەکتر ئاشنا بوون. لە دوای خێزان دروستکردن لەگەڵ گویلتەن، ئیتر کایا و خەیاڵۆغڵوو ئاوێزانی شیعرو مۆسیقا ئەبن (۱،۲،۳).
سەرەتای ناسینیان کاتێک بوو، کایا لە تەنگەژەی ڕەتکردنەوەی بڵاوبونەوەی یەکەم ئەلبومی دەژیا (مەگری کۆرپەکەم – کە لەگەڵ هەمان ستودیۆ بڵاوی کردەوە(۱)). زۆر ئاستەم بوو، گۆرانییەکانی بەو دەقە بەرەنگاریانەوە پەخش بکرێن. ئەلبوومەکەی ۳ گۆرانی شیعری خۆی بوون،
لێ ئەوانەی تری هی ئەو شاعیرانە بوون کە مێژووی ژیانیان بە بەرهەڵستیکردنی حوکمی عەسکەر و نەتەوەپەرستەکان بردبووەسەر. لەوانە ناویان وەکو خاینی نیشتیمان و بێشەرەفە کۆمەنیستەکان بڵاوبووبۆوە. ئەوانەش:

سەباحەتین عەلی (بە شیعری “ڕۆژگار لێرە ناڕوات”)
ئەحمەد عارف (بە شیعری ‘لە حەسرەتی تۆدا کەلەپچەکانم داڕزاند’)
نازم حیکمەت (بە شیعری “هەمان لق و پۆپ”)
بەڵام کایا ئەم ڕیتمەی هەر بەرنەدا و بەردەوام شاعیرێکی تری ده‌خستە پاڵ کارەکانی، کە هەمان دەردەسەری و خەونی ئەوی هەبوو. هەردووک دەرکراوی ناوچەیەکی کوردستان و نێو دوند و چیاکان بوون بۆ شارێکی تابازی وەکو ئەستەمبوڵ. هەر بۆیەشە بۆ هەموو ئەوانەی لە زێدی خۆیان دەرپەڕێنراون و ئەستەمبوڵ هاڕیونی هەڵوێستەی کردووە، بە شیعری خەیاڵۆغڵوو گۆرانی (پێم نەگوتی حەیدەر) کە لە سەرەتاکەیدا دەڵێ:
لەو کێوانە کەو بوین
لێ ئێستاکێ لەم زبڵەدا قەلەڕەشین 
ئەم شارە بۆ ئێمە زۆر گەورە بوو،
هاڕینی، کردمانی بە گاڵتەجاڕ
پێم نەگوتی حەیدەر، ئیستەنبوڵ هەڵمان دەواسێ!

کایا نەیدەویست خۆی بکات بە موڵکی لایەنێک، خۆی لە حیزب و ڕێکخراوەکان بە گەورەتر دەزانی، دیارە گەورەتر لە پەیامدا. دەگەڕا لە هەر کوێیەکی ئەو نیشتمانە کەسێک بچەوسێتەوە ئەم کۆنسێرتی دەگێڕا و هەمیشە لە کۆنسێرتەکانی پەیامی خۆی لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژگار دەدا. هەربۆیەشە توشی لێپیچینەوە و چاودێری و زیندان و دادگا دەبووەوە (۱).
کایا لە کۆنسێرتەکانیدا بە پێچەوانەی هونەرمەندەکانی ترەوە، کۆنسێرتی لە باخچە و شوێنە گشتییەکاندا دەکرد زۆر بە هاوکاری گرووپی گەنجانی شۆڕشگێڕی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خوێندکارانی زانکۆ.  بۆیە تا دەهات خۆشەویستی لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە زۆرتر دەبوو. وە ئەوەندە حەقبێژ و مکوڕ بوو لەسەر هەڵوێستەکانی، دیوارێکی پته‌وی ڕێزی بۆ بەرامبەرە پێچەوانەکەی دادەنا، کە ئێستاش زۆربەی تورکە نەژاد پەرستەکان سەرەڕای بیری پێچەوانەیان ڕێزی لێ دەگرن و دەڵێن: کایا شارقجی (گۆرانیبێژ) نەبوو، بەڵکو سەناتجی (هونەرمەند) بوو.
کایا دەچووە هەموو ماڵێکەوە و بە بەرزترین و پاراوترین زمانی ئەدەبی. کایا لە وشەسازی و هەڵبژاردندی شیعریشدا داهێنەر بوو. بۆ نموونە وشەگەلی:
یاقاموز
لیلیشان
ماهور
کیرڤەم
کایا بێجگە لەوەی گۆرانی ئەلبومەکانی لە بڵاوترینەکان و زۆرجار یەکەمەکان بوون (دوای مردنیشی ئێستاش لە لوتکەی فرۆشتندان). زۆر ئاواز و گۆرانی لە لایەن گۆرانیبێژانی ترەوە وتراوەتەوە، لەوانە:
ئیبراهیم تاتلیسەز
موسلیم گویرسەس
کڤیرجلیک عەلی
زۆری تر.


نەجدەت ئەدالی و نامەکەی بۆ دایکی
(نەجدەت ئەدالی ۱۹٥۸ – ۱۹۸۰) خوێندکارێکی چەپی چالاکی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی لاوان بوو. پێش لە سێدارەدانی نامەیەکی چوارپەڕەیی بۆ دایکی دەنێرێت. ئەو کات شاعیری ئازادیخواز و ڕۆماننووس لە تاراوگە “نەوزاد چەلیک” کردویەتی بە هۆنراوە و ئەحمەد کایا کردی بە گۆرانی “ئاوازی شەبەق” کە لە کۆنسێرتێکدا و دواتر لە ئەلبوومێکدا بڵاوی کردەوە. کە بووە هۆی دەردەسەری و ئەشکەنجەدانی (٤). یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەکرا ئەوە بوو، کە ئەم هۆنراوەی کەسێکی یاساغی لە حکومەت هەڵبژاردووە و بۆ کەسێکی لە سێدارەدراو بە تۆمەتی (هەوڵدان بۆ لەتلەتکردنی تورکیا). واتا دوو تاوانی گەورە!
ئەم گۆرانییە بووە بە مۆرکێک بۆ بەرەنگاربوونەوە. زیندانێک نییە، ئاهەنگێکی ئازادیخوازانێک نییە تیایدا نەخوێندرێتەوە. هەروەها لە ڕۆژی دایکیشدا. هەمان شت ئەردۆغان لە پەرلەمان وتویەتیەوە و دەستی کردووە بە (گریان) بۆی (۱٠،۱۱).
ئاوازی شەبەق.

چیدی لێرە بە دوومدا مەگەڕێ
مەگــــــــەڕێ دایـــــە…
چیتر لە دەرگاکە پرسیاری ناوەکەم مەکە..
ئەستێران بەسەر پرچتدا باریون..
هەڵیان مەکێشە
مەگـــری دایــــــە…
زۆر کەڕەت خۆم حازر کردووە (بۆ سێدارە)
ڕیشم تاشیوە ئامادە…
هەمیشە چاوم بڕیوەتە شەبەق..
دەستەکانم بەرز بۆ نزا، گوێشم بۆ چرپەیەک هەڵخستووە.
بیری مردن ئەکەم..
بۆ ژیانی زیاتریش شێت بووم!
مردن چی شتێکی غەریبە دایــــــە!
لیبراڵیەتی کایا
دژە ئەتاتورک بوو وەک هونەرمەند، بە توندی دژی ئایدۆلۆژیای دەوڵەت بوو. هیچ کات دوو دڵ نەبوو لە گۆڕینی دەوڵەت لەژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیا، کە کاردەکەن بۆ لەناوبردنی کورد. کایا پارێزەرێکی سەرسەختی گروپە دینیەکان، عەلەوی، وە ناموسوڵمانەکانیش بوو. کە دەچەوسێنرانەوە لەلایەن ڕژێمی ئەتاتورکیەوە (٦). هەمان کات لە هەموو گۆرانییەکانی پڕبوون لە وشەی تەواو چەپ. لە گۆرانی (مرۆڤێکی سەیر)ـ ـدا دەڵێت:
مرۆڤێکی سەیرە.. لە گیرفانێکیدا ‘دەس کاپیتاڵ’
ڕادیۆی زاگرب..
دەس کاپیتاڵ (Das Kapital، کتێبی “سەرمایە: ڕەخنە لە ئابوری سیاسی”): ناونیشانی بەناوبانگترین کتێبی کارڵ مارکسە.
خەڵک ئەویان بەوە بیردێتەوە، کە کاتێک ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک وەزیرانی ئێستا، زیندانی کرا لەسەر خوێندنەوەی هەڵبەستێکی دژی کەمالیزم لە نەوەدەکاندا. لە کۆنسێرتێکدا لە ۲۹/۱٠/۱۹۹۸دا لە گۆڕەپانی تەقسیم (ئیستەنبوڵ) دژی هەڵسوکەوتەکەی دەوڵەت بوو(۱۲).
هەمان شت دژی بە زۆرەملێکردنی بەناو مەدەنیکردنی دەوڵەت بوو. لە دوای کودەتای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی نەجمەدین ئەربەکان لە لایەن عەسکەرەوە ۱۹۹۷. هەوڵێکی زۆریان دا وەکو درێژە پێدان بە ڕقیان بەرامبەر پارتە ئیسلامییەکەی ئەربەکان، سەرپۆش قەدەغە بکەن. کایا لەمەشدا کەوتە دژایەتیکردنیان و لە کۆنسێرتێکدا لە شاری ئەزمیر، لە هەمان ساڵ وتی:
“هێز نییە بتوانێت سەرپۆش لەسەری دایکم لابەرێت.”

کایا و دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی دەوڵەت و دەستور
دوای کۆمەڵکوژی کوردی عەلەوی دەرسیم ۱۹۳۷ لە لایەن سوپای تورک و بە سەرکردایەتی کەمال ئەتاتورک. ناوی ئەو پارێزگایەش گۆڕدرا بۆ تونجەلی. هەمان کات کوشتنی ژن و پیاو و پەرتەوازەکردنی مناڵەکانیان بەسەر شارەکانی تری تورکیادا (کە لە شێوەی هەمان پرۆسەی ئەنفالی باشوری کوردستان بوو). دەوڵەت زۆر جەختی دەکردەوە، کە نابێت ناوی دەرسیم ئەو ڕووداوانە باس بکرێنەوە. کایا بە پێچەوانەوە ستران و بەستەی:
دەرسیمی یاخی، کچانی دەرسیم، پیر سوڵتان ئەبداڵ،  سەید ڕزا،(کوردێکی عەلەوی پێشەوای ئەو یاخیبونەی دژی دەوڵەت بوو) دەوتەوە. دەیوست بە وتنەوەی بەردەوام خەجاڵەتیان بکات بەرامبەر بەو تاوانانەنی دەوڵەت. لە گۆرانی لە بەردەم دۆست و دوژمندا دەڵێ بۆ کچانی براکوژراو و نادیار کە شیعری ڕۆژنامەنوس و شاعیری کوردی عەلەوی (ئۆرهان کۆتان)ە:
لە زینداندا بمهاڕن و بمگوشن..
دادگاییم کەن، لە “ماماک”دا توندم کەن..
بە خوێن  (دیاربەکر)م مۆر کردووە..
با بمپێچنەوە لاشە لاشە، کفنم کەن..

ئەم ئاوازە!
سۆزی ئەو کێوە ئەرخەوانیانەیە..
مشتێ ئاوە بۆ زیندانییە هەڵاتووەکان..
تیکەیەکە لە گۆرانی بۆ مەحکومکراوان..
دەستماڵێکە بۆ سنگە کوتراوەکان..
شیرە بۆ مەمک..
گیانی بەرەکەتی بەهارە بۆ زەوی..
نــــــە بۆ چوار دیواری تەنگ دەشێ..
نــــــە لە گڵۆڵەی دڕکەزیدا بەند دەکرێ..
ئەم ئاوازە!
گوللەیەکی پڕ غیرەتە، لە لولەی تفەنگێکدایە بۆ دەرپەڕین..
لە پێشیەوە قات و قڕی و زریان و زستان..
لە پاشیەوە خۆڵەمێش و سوتک، وە ئەرخەوان و گێلاس..
تەڵێکیان ئاشوری دەژەنێ، ئەوی دی کلدانی!
هەموو وەرزێک زندوو دەبێتەوە…
پەترۆلی شین و سورایی خوێن
لە لێوێکی وشکدا
دیجلە و فورات دەژەنێ…
هێی برا
ڕەنگدانەوەی ژیانە لە دەنوکی هەڵۆدا
عەشقی منە لەگەڵ پڕچ ڕەشێکدا
 لەشی دەڵێی پەڕەی گوڵە
ئەم ئاوازە!
سۆزی ئەو کێوە ئەرخەوانیانەیە..

کاتێک تیشکی خۆر ڕوومەتی بەفر دەڕوشێنێ
دڵی ئاسمانی دەخروشێنێ
تا جامانە و کراسەکەی خەڵتانن لە خوێن
عەشقی مەرگەسات
چاوانیش دەبنە پشکۆ، دەبنە خەنجەر
لێواولێو دەبن لە شەهامەت
دەبنە گوڵە مینا
دەستەکان ئازا و پڕ لە هونەر
لە پشتی کێوە ئەرخەوانییەکانەوە
سێ دنیای گەورە، سێ ئەفسانە
سێ هاوکێشە
سێ کۆد، سێ بۆمبی ئەتۆمی
لەگەڵ چەرخێک، وە پریشک و دینامیت هەن.
کاتێک تیشکی خۆر ڕوومەتی بەفر دەڕوشێنێ
ئاوازی کێوە ئەرخەوانییەکانیش دەگات
کە لە سنگی خۆردا کڵپه‌ بوون
 گوڵی زەمین دەژێننەوە
کە لە گولەی ناموس و شەرەفدا پێچرابوون
دڵی شۆڕش بوون
حەقیقەتێکی سپی بوون لە خەوێکی ڕەشدا
نازەنینم، ئەمە عەشقی هەزاران ساڵە

ڕامەوەستە هەی خوشکی نازدارم..
گۆرانی خۆت بچڕە بەردەوام..
بێ گریان..
بێ ڕۆڕۆ …
بێ ڕەشپۆشین..
بیڵێ لە شەوی خەنەبەنداندا،،
لە لۆرکێدا، لە گۆڤەندا ..
لە تەمیرئاغا*…
* ماماک: گەورەترین زیندانی تورکیایە لە ئەنقەرە.
* تەمیرئاغا: جۆرە هەڵپەڕکێیەکی کوردی عەلەوییە.
کایا و دەنیز گەزمیش و ئاتیلا ئیلهان
دەنیز گەزمیش ( ١٩٤٧ بۆ ۱۹۷۲)  چەپێکی (کەمالیست) بوو وە لە ئەندامی چالاکی بزاڤی 68 بوو وە پاشان دامەزرێنەری سوپای میللی ئازادی تورکیا بوو. ئەم لاوە و هاوەڵانی بۆ دەوڵەتێکی مۆدێرن و سیکولار دەجەنگان. لەو دەوڵەتەدا دەگەڕانەوە بۆ سەرەتای ڕێکەوتنی کورد و کەمال ئەتاتورک لە بەرەنگاری ئیستیعمار لە وڵاتدا. بەو پێیە داوای مافی یەکسانی ژیان و مافیان بۆ کورد هەموو نەتەوەکان دەویست دژ بە هەموو حوکمی عەسکەر و دەوڵەت. کە پێیان وابوو، هەموو کەس تورکە. ئەمان دەجەنگان و دەیان خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا. دەنیز لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا لەگەڵ ۲ هاوڕێی تری بە ناوی (حوسێن ئینان، یوسوف ئەسڵان) لە ٦ مایسی ۱۹۷۲ لە سێدارە دران. گەزمیش ئێستا دەوڵەتی تورک، بە قارەمان و ئەفسانەی دەزانێ، لێ سەرده‌مانێکی زۆریش دوای لە سێدارەدانی ناوهێنانی بە ڕێکەوتیش (تاوان) و ناحەز بوو. لەو سەردەمە و بۆ ئەو هۆقە ڕووداوانە شاعیری ناوداری تورک (ئاتیلا ئیلهان ١٩٢٥ ـ ٢٠٠٥) شیعرێکی زۆر ئاست بەرزی نووسی بە ناوی (ماهور- کە دەکاتە قەتار* بەستە و مەقامێکی کۆنی خەماوییە). ئەم دەقە کایا هات کردی بە یەکێک لە هەرە گۆرانییە بەناوبانگەکانی، کە خودی ئاتیلا ئیلهان خۆی لە ترسی لێپیچینەوەی دەوڵەت دەیوت بەبێ پرس براوە. کە دەڵێ:
نەونەمامێکی پشکوتووی دارستانێکی سوتاو بوون
لەسەر خۆ تیشکیان هەڵ دەکۆڵی، پیاوانێکی بەهێز بوون
ئەو قەتارێکی دەچڕی، من و موژگانی دەخستە گریان
(کایا لە کۆنسێرتەکاندا سێ پەنجەی بەرز دەکردەوە، وەکو نیشانەیەک بۆ ئەو سێ شەهیدە)
ڕوونکردنەوە لەسەر چەپی کەمالیست
ڕەنگە وەکو چۆن لە کوردستان زۆر خەڵک بە وێنەی ستالین و لینینەوە کوردایەتی و خەباتی مرۆڤایەتی خۆیان دەکرد، تەنانەت لە بەردەمی پەتی سێدارەش دروشمیان بۆ دەوتنەوە. هەمان کات ئەو ڕژێمە دۆستێکی هەمان تاخمە بوو، کە ئەمانی لە سێدارە دەدا. وە بە لەت لەت بوونی سۆڤیەت، دەرکەوت کە ئەوانە لە دڕەندەترین دیکتاتۆرەکان بوون. لێرەش دەنیز گەزمیش و زۆر چەپی تر هەن، باوەڕیان بەوە هەبوو کە کەمال ئەتاتورک نیشتیمانی لە ژێر چنگی داگیرکەر دەرهێناوە و  تورکیای دوور لە عوسمانیەت و حوکمی دەوڵەتی دینی پێک هێناوە. لای ئەمان سمبولێکی شۆڕش بوو. وە ئەمانە باوەڕیان وابوو، لەسەردەمی ئەتاتورکدا وشەی گەلانی تورکیا و کوردستان و کورد هیچ ئاریشەیەک نەبووە (لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا پارساڵ بەڕێز کاپڵان، ڕەشنوسی دەقەکانی پەرلەمانی تورکی نیشان دان (۱٤)، کە وشەی کوردستان و کورد زۆر ئاسایی وتراوە و نوسراوە لە پەرلەماندا). بۆیە ئەمانە پێیان وابوو، کە ڕێچکەی خەباتی دەوڵەتی مەدەنی مۆدێرنی کەمال ئەتاتورک تێک دراوە و بووە بە دەوڵەتێکی شۆڤێنی. قسەی دەنیز گەزمیش پێش لە سێدارەدانی ئەمە بوو: “بژی تورکیای تەواو سەربەخۆ. بژی بیری بەرزی مارکسی لینینی. بژی خەباتی سەربەخۆیی گەلی تورک و کورد. نەفرەت لە ئیمپریالیزم. بژی چەوساوە و لادێیەکان  (ئەمەش یەکێک بوو لە گوناحە هەرە گەورەکان، ناوهێنانی تورک و کورد لە تورکیادا بە جودا).(۱۵)
کایا و بزوتنەوەی ڕزگاری باکور و کچی کورد و چوونە شاخ!
دەیویست هەمیشە خانمان وێنایەکی تری قارەمانی و ئازایەتیان پێ بدرێت، لەوەی تەنها سیمبۆلی ئیشق و جوانی پرکردنەوەی حەزەکانی پیاو بن. بۆیە لە گۆرانییەکانی ناوی “ژنانی چیا”، “نازڵیجانی یاخی”، “خوشکی نازەنینم”ـی وەکو هەوێنی هۆنراوەی شۆڕشگێری و مقاوەمەت بەکار دەبرد.
لێرەدا دەبێ بوترێ، کە کایا نەدەترسا لەوەی ڕاستەوخۆ باسی پیاوان و ژنانی شاخ بکات. وە هەتا لە بەرنامەی ڕاستەوخۆدا لێی دەپرسن ئایا بەڕاستی تۆ خەفەت بۆ “تیرۆریست”ەکان ئەخۆیت (مەبەست پەکەکەیە) ڕاستەوخۆ وەڵامی هەوادارانی ئەدایەوە و ئەیوت “واز لە فیکری خەڵک بهێنە، ئێمە خەفەت بۆ هەموو کەسێک ئەخۆین کە بمرێت” وە هەمیشە ئەیگوت کە ئامۆژگاری ئەکرێ ئەو قسانە نەکات بەڵام هەر ئەیکرد (تەماشای ۵ بکە، خولەکی ۳٤).
ئەم ئەدەبیاتەی کایا گەشتە گوێی چینی نەتەوەپەرستی توندڕەوی تورک، لێرەدا ئەم نووسەرەی ڕۆژنامەی میللیەت باسی کۆنسێرتەکەی ئیزمیر دەکات. خۆی بەبیری خۆی دێنێتەوە کە ئەو سەردەمە کاتێ کایا باسی شاخی دەکرد، لای ئەوان شاخ دوژمنی جمهوریەتی تورکیا بوو، بەڵام ئەو وەک هەموو کەسێکی تر دەپرسێ “نەک کەسێکی سەر بە مەهەپە (حیزبی نەتەوەپەرستی تورکیا) کەس هەیە گوێی لە کایا نەگرتبێت و هەستی نەکردبێت گۆرانیەکانی باسی بەشێک لە ژیانی ئەو دەکات؟” (۱۳)
لە  هەرە گۆرانییە بەناوبانگەکانی کە شیعری (یوسوف خەیاڵۆغڵوو)ـە باس لە ڕووداوی یاخیبونی سێ کەس دەکات بە خۆیەوە. بەدرخان و نازڵیجان و خۆی.
ئەو گۆرانیەش بە گیانی مەزڵوم دۆغان و هەڤاڵانی پێشکەشکراوە دە پارچەی یەکەمی بەم شێوەیە:
ئێمە تەنها سێ کەس بووین

بەدرخان، نازڵیجان و من
سێ دەم، سێ دڵ، سێ فیشەکی مکوڕ.
 ناومان وەکو سێ سەرشێتی یاخی لەسەر بەردی چیاکان هەڵکەنرابوو.
قەدەرێکی شووم ملی ڕێگای گۆڕین، جووتێک تفەنگی بە سنگدا هەڵواسین..
پەنجە لەسەر پەلەپیتکە، گوێقوڵاغ بۆ زریکەی کتووپڕ.
پشتیشمان بە خاکەوە قایم
پەنجە تەزیوەکانمان بە سنۆبەر (مازووت) گەرم دەکردەوە.
یەکترمان بە پێخەفی ئاسمان پڕ لە ئەستێرە دادەپۆشی..
دەریامان زۆر لێوە دوور بوو.
تەنهایش پەرێشانی کردبووین
شەوانیش عەوداڵتر
واقەواقی چەقەڵیش لە دوورەوە
بۆ گۆشتی دەمووچاومان، نانەکانمان…
هەموو ئاوازی گۆرانیەکانی دەشێلاین… 
ئای نازڵیجان، ئای
نازڵیجان مان سنگی بە مێخەک دادەپۆشی
بۆنی خۆش لە خۆشترین دەهات
ڕاهاتبووین بە دزیەوە تەماشای شەنگییەکەی بکەین
ئۆف دڵی چۆن شکاندین، چی حەسرەتێک بوو نەمانی.
وابزانم “نازڵیجان”مان لە بلوێری شوانێکدا ون کرد
یان بوو بە خاڵخاڵۆکە و نەخشەکانی سەر پشتی ئەوی گرت.
یاخود وەکو پەپوولەیەک لە نێوانمانا گیانی سپارد
وەکو چۆن فیشەکێک گوزەر دەکا، وەکو بڵێسەیەک تێپەڕی
ئای مامزە کێوییەکە، ئاخ نازڵیجان
دوای ئەمەش بە سەدەها دەقی هەیە، کە هەمووی ئاماژەی ڕوونە بە شاخ و ڕاپەرین و زمانی ڕەسەن و نیشتمان. ئەو هەمیشە خۆی گرێ دەدایەوە بە چیاکانەوە. وە دەیویست دڵی ئەو هەموو دایکە بداتەوە کە بەبێ کەرەستە و لە شەڕێکی نابەرابەردا دەبنە قوربانی.  ئەگەر گریان و فرمێسک نیشانەی کۆست کەوتن و خەم بێ، بەڵام بەو فرمێسکانە شاخەکان سەوز دەپۆشنەوە، ئەو دووند و دۆڵانە پڕ دەکەن لە گوڵ و گوڵزار. پێدەشت تەڕ دەکاتەوە! تەڕایی ئەو فرمێسکانە تا زیاتر بن “تا بگرین، تاکو زیاتر بگرین” پاشان دەڵێ:
ئەو شەوەزەنگەی باڵی بەسەردا کێشاوین، رۆژێک دێ جڵەوی دەگرین! خۆرەتاو (ئاسۆ) هەر بە چنگ دەگرین! ئاواتمان لە مشت دەنێین! پێمان دەڵێ دەیبینی، دەیبینی ئەو ڕۆژە دێ دەیبینی! بەو فرمێسکانەت ڕووحی سروشت دەکەین بە بەری ئەو کێو و دۆڵانە! دەیبینی.
کایا دەیوست ئەو گیانی گیان فیدایی و چوونە سەر کێوانە بکاتە داستانێک و بیگەیه‌نێتە مێشکی هەموو ئەوانەی، کە دەوڵەت بە درێژایی تەمەنی پەروەردەی ڕقیان لە گەلان و کەمە نەتەوایەتییەکان فێر دەکات. لە گۆرانی لێ لێ قوربان:
لێ لێ قوربان، 
ئەو کێوانە نهێنی نا درکێنن..
لە سەر سەریان هەڵۆ زاخ دەدەن…
گەورەیان دەکەن،
نایبەخشن بە کەس…..
کایا لە ناوەڕۆکی بیری دەوڵەت و مۆدێرنیزەکردنی ئەتاتورکی دەدا، بەوەی ئەوان بە ئێستاشەوە ڕەگەزی مێ بەکەمتر دەزانن لەوەی بتوانێت خزمەتی سنورەکانی تورکیا بکات. ئەم دیدە کۆنەپرستانە و جیاکردنەوەی مێیە، کایا بە توندی دژی دەوەستا و لە گۆرانیییەکان ژنی وەکو قارەمان و کەسی یەکەمی چیرۆکەکانی نیشان دەدا.  دیارە ئەم وتنەوەی کایا لە پاڵ کۆمەڵێک نووسەر/شاعیردا ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو. ئێستا لە باکوردا زۆر خانمی چالاک لە پەرلەمان و ڕێکخراوەکان ژنانن. بێجگە لەوەی لە خەباتی چەکداریش چی نەخشێکیان هەیە.
بۆ ئەم دیاربەکر چەقی ململانێ و ناوەڕۆکی جەنگ بوو دژی داگیرکاری و خۆسەپاندن. بۆیە دوو شاکاری مەزنی بۆ منداڵانی خۆپیشاندەری ئەو شارە نوسیووە لەگەڵ ئەفسانەی (بەختیار) کە ئاماژەیە بە کوڕێکی دیاربەکری لە زیندان. گۆرانی بەختیاری بە دەیان گۆرانیبێژ وتویانەتەوە، کە دەڵێ:

بە بەردەمدا بردیان بە دەنگی شووت و ئینزارەرە.
ئۆف.. دەستی بەرز، چەپکێ گوڵیش بە دەستیەوە..
لێوانی مارانگازی عەشقێکی پێوە دیارە..
سنگی دەرپەڕاندووە دەڵێی شێری نێو ئەفسانەکانە…

یان لە پیاسەی قاوشەکاندا توشی دەبووم..
یا بەدەم جگەرەکێشانەوە، یان لە بەوبەختیمدا
لە ژێر کوتەک و شەلاقی جەلادەکاندا..
ئەو کەسی نەئەدواند، وەکو چڵەبی دەلەرزی..
کاتێ ئەو گوڵانەی ئاو دەدا، کە وەکو جگەرگۆشەکانی خۆشیدەویستن…


خەڵکی دیاربەکر بوو، ناوی بەختیارە..
هەموو گوناحی ئەوەیە، سازێکی بە جۆشی ژەنیووە.
بە بەردەمدا بردیان (بەختیاری) ڕوو وەک گوڵ
کوێرایم دایە بۆ سازە بەجێماوەکەی…
(جەرگم دەسوتێنێ سازە بێخاوەنەکەی لەوناوە)

یان لە سترانی دیاربەکردا، کە ئەمیش هۆنراوەی خەیاڵۆغڵووە دەڵێ:

لە نێوەندی دیاربەکردا بە فیشەکێک دەپێکرێم
لە هەر کوێیەک بێت، دەنگی ئەم فیشەکە دەناسمەوە
کە لاوێتیم بەو کێوانەوە، کڵپە کڵپە دەسوتێ
شەوقی مانگی دەدا لە فرمێسەکانی ڕوومەتم
کە شەوانە ئێشکگری دەکەم، دەمێنمەوە
کایا و یڵماز گوینەی
کایا خۆی و یوسوفی بە تەواوکەری پەیامی هونەری شۆڕشگێڕی یڵماز گوینەی دەزانی. بۆیە هەمیشە لە چاوپێکەوتن و بابەتەکانی سەری زۆر جەختی لە پاکی و بەرزی ئەو دەکردەوە. میدیای تورکی ئەو کات شەڕێکی نەگریسیان کردبوو، تاکو وێنەی یڵماز وەکو یاخییەکی تیرۆریست و نمەک حەرام بە نیشتمانی دایک نیشان بدەن. لێ ئەحمەد کایا هات و بە شیعرێکی ناوازەی خەیاڵۆغڵو بە ناونیشانی (ناوی یڵمازە و بە خۆشی کۆڵنەدەرە). لێرەدا ناوی یڵماز بە تورکی دەکاتە ئەوەی کە هەرگیز کۆڵ نادات.

هەر بە منداڵی جەربەزە و چوست بوو..
هەرچەندە لە چاوما هێشتێ گچکۆلە بوو…
یەکجار توڕەیان کرد، ئیتر ملی چیای گرت..
ئێستاش نازانم، دابەزیووە یان نا؟

ڕەنگە بوو بێت بە تۆزی چیاکان..
یاخود بە ئاوازی یاخیبوونیان…
ئای چەند دڕکێکی بە ئازار بوو لە دڵما..
ئێستاش نازانم، چاک بووه‌تەوە یان نا؟


ناوی یڵماز (کۆڵنەدەر) بوو، بە خۆشی هەر کۆڵنەدەر..
مەقامێکی بەرزی بوو، لە هیچ کوێدا نە دەگیرا (ئەوەندە یاخی و شۆڕەسوار بوو)
جا خۆ سۆراغی لەو چیایانەش ناکرێ..
ئێستاش نازانم، گەڕاوەتەوە یان نا؟

چاوانی دەتوت مرواری چاوەزارن…
لە گلێنەکانی بچوکتر مەرگی دەبینی…
بە سواری ئەسپە شێتی (ئیزرائیل)ەوە…
جـــــــا نازانم گلانی یان نـــــــا؟

لە سوچێکدا گرمۆڵه‌ بوو بوو دەگریا
کڵو کڵو بەفر دەباری بە سەریا
وابزانم دەستەکانی سوتا بوون…
جا نازانم، دایمرکاندەوە یان نا؟
هەموو گۆرانییەکی کایا پڕن لە شیفرە و کۆدی نهێنی و پەیامی جۆراوجۆر. ئەو نەیدەویست وەکو قولینگێک لە جوانی گۆمێکدا ببێتە قوربانی یەک گوللەی ڕاوکەر، نەیدەویست ببێتە ڕەوە مامزی ڕێی کانی و ژیانی سوڕێکی کەم و بۆش خول بخوات. دەیویست خۆی وتەنی لە گۆرانی (قارەمانیی هەتاهەتاییە):

من دەڕۆم، هەرگیز ناگەڕێمەوە
لێ نەبەزینی من ئەبەدییە
مەیدانیش هەر دەمێنێ
پێ بە کەرامەتمدا مەنێ
هەی نامەرد، خۆ مەیدان ماوە..
کایا و ئەشق و ئەوین
زۆر دەقی نایابی بۆ ئەشق و ئەوین وتووە، زۆربەیان وێردی سەر زمانی هەموو گه‌لانی نێو تورکیان. وە زۆر هونەرمەند وتونیه‌ته‌وه‌. دەقەکانی پڕن لە پاکی و خەمی مرۆڤایەتی ئەم پیاوە. لە هەموو دەقەکاندا هەوڵیداوە جێپەنجە و کاریگەری بیری خۆی بەسەر دەقەکانەوە دەربخات. بەوەی پەیامی تریان تێ بئاخنێ. بە نمونە لە گۆرانی (وەکو لم):

ئەو دەمەی نەورەسەکان لە قولەدا دەگریان
من و تۆش هەر پێدەکەنین بەردەوام
شارەکانیان هەموو شەوێ دەکرد بۆمباران
من و تۆش یەکتریمان خۆشدەویست بە بێ وەستان
ئێستەش ئەوەندە توڕە مەبە و بڕۆی
بە جێم بهێڵی وەکو دوێنێ و بڕۆی
لێم گەڕێ لە قاچەکانت بئاڵێم
وەکو لم پێم پیامەنێ و بڕۆی


شەوی خەڵاتەکە
کایا نەیوت من کوردم لەمەودوا بزانن ئیتر ئەوە عەرز و ئەوە گەز. بەڵکو ئەو شەوە وەکو هەموو کاتێکی تر وتی ئیتر کاتی ئەوەیە گۆرانیەکیش بە کوردی بڵێم. قسە زۆرە لەسەر ئەوەی بۆچی وای وت، دیارە خۆی لە هەموو کەس باشتر ئەزانێت. بەڵام ئەوەش ئەبێ بزانرێت کەوا هەموو ئەوانەی ئەو کارەیان کرد دواتر بە جۆرەها شێواز داوای لێبوردنیان کرد تەنها ڕۆژنامەنووسەکان نەبێت کە ئەردۆغانیش دواتر هەمان ڕاستی دووپات کردەوە. بەداخەوە چەندین ساڵ دوای مەرگی.
بۆیە کایا ڕەمزی ئاشتی و برایەتی هەموو نەتەوەیەک بوو، وە خۆی ڕێڕەوی ژیری وایە کە دوای ئەو هەموو ناوبانگە ئیتر کاتی ئەوە بوو ئاوڕێکیش لە موزیکی کوردی بداتەوە. (بروانە ٦، ۷، ۸ و ۹)
ئەوەی گرنگە لە کۆتاییدا بوترێت ئەمەیە: وەک نوسەری بابەت لێرەدا (٦) ئاماژەی پێ ئەکات کوشتنی کایا لە ڕێگای گۆرانیبێژە ڕەگەزپەرستەکانی ئەو شەوەی ئەستەمبوڵ نەبوو، بەڵکو ڕۆژنامەنووسە ڕەگەز پەرستە تورکەکانی وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی حوریەت بوو  وایان کرد ئەو دەربچێت لە تورکیا. لە پاریس لە تاو خەم و ئازار ژیانی لەوێ کۆتایی پێ بێت. هەمان کات لێکۆڵینەوەیەکی دروست و پزیشکی نەکراوە تاکو ئەم دەمە، کە ئایا مردنی کایا خوایی بووە یان لە ڕیگەی ژەهرەوە. تورکیا مێژویەکی ئاڵۆز و ناشرینی هەیە لەم بوارەدا. کوشتنی تۆرکەت ئۆزال کە بە نزیکەیی یەکلا بۆتەوە کە بەژەهری دەستی ڕێکخراوی دەوڵەت ئەرگەنەکۆن کوژراوە. هەمان کات تەماشای ژیانی خەیاڵۆغڵووش بکەین زۆرتر شکمان بۆ دروست دەبێت کە دەستێکی تاوان ئەنجامی دابێت!
ڕۆژگاری داهاتوو، پەردە لەسەریان هەڵدەماڵێ!
هیوام وایە توانیبێتم ڕۆشنایەکی تر بخەمە سەر هەندێ ژیانی کایا و هاوەڵی شاعیری گەورە یوسوف خەیاڵۆغڵو. کە دوانەیەکی ئەفسانەیی جیهانی مقاوەمەت و شۆڕشگێڕی ئەدەب و هونەرن. با بگەڕێمەوە بۆ ناونیشانی ئەم نووسینە (ئەسپێکی یاخیم ناوم کەحلانە):
کوڕی هۆزم، ناوم کەحلانە*
لە پێدەشتی قیامەتی قزڵجەدا** لە دایک بووم..
لەو دوند و دۆڵانەدا…
 هەڵۆم فڕاندووە،
پێلەقەم لە گورگ داوە،
لە مرۆڤم هەڵداوە،
وتوومە نامەوێ بێ کەرامەت، ڕەزیل و ڕسوا!
وەکو مێش و مەگەزی سەرم بلەوەڕێم..
کۆرپەم.. کۆرپەم…
چاوم لە نێو چاوی بەرامبەرەکەم بڕیوە..
ئاوها تیژ و مۆن ڕوانیومە..
من بشمرم، بە خواستی خۆم دەبێ بمرم..

ئەسپێکی یاخیم، ناوم کەحلانە..
دایکم ڕەشەبایە، باوکیشم غوربەت.
هەزار ساڵە لەم دەڤەرەدام..
هەرگیز برسێتی ئەژنۆی نەلەرزاندووم…
تۆم خۆشدەویست…
قاسپەی کەوێک هەموو ئازارەکانی لەبیرم بردۆتەوە…
شکۆم لەسەر سنگم داوە، وەک چۆن کێو گوڵی لەسەر ڕواوە..
بە دانەکانم لەسەر ئاسن نەخشم کێشاوە!
کەحلان: جۆرە ئەسپێکی ڕەسەنی عەرەبییە، هەروەها ناوی ئەو ئەسپەی شێخی چەلەبی بووە، کە دژی حوکمی پاشای عوسمانی ڕاپەڕینی کردووە.
قزڵجە: ناوی گوند و شوێنە لە باکوری کوردستان، بە زۆری مەبەستی دەبێ  (شاری قزڵجە بێ، کە نزیکە لە جێگای شێخی چەلەبییەوە).
شیعری ئەی هاوار، کە شاعیری بەرزی دیاربەکر ئەحمەد عارف (١٩٢٧ بۆ ١٩٩١) نوسیویەتی:
ئــــەی هاوار
لە نێو ئاگردا..
لە نێو تەڵەی قەحپەکاندا..
لە نێو قریشکە و تۆقیندا…
لە کانگای دوومەڵ و لە نێو وەحشی و دڕەندەکاندا..
لە گۆمی ژەخنەبووتا، تەنراو بە چەقۆ..
وەستاویت تاقانە و بێکەس! وای بۆ ئازارت…
وای وای….
تەنها ڕووح و سەری خۆتت پێ ماوە!
بێ پشت و پەنا، بێ بەرگ، پێ خاوس!
لە سەحەردا خەو زڕاو..
لە ژێر چەپۆکی جەلادێکدا..
وای..
چەندم خۆشدەویستی..

ئەمە چی نیشتیمانێکە لە (ئێسکودارەوە) تا ئێرە؟
هێی گیانەکەم!
کێوی گۆڵزار، پڕ لە ئافات، پڕ برسێتی..
نە گوڵەکانی ئەپشکوون، نە میوەی گەیوو لە لقەکان دەکەونە خوارەوە…
ئەکێشن بە نێوچەوانمدا..
وەکو “گڕەبەردێک (نەیزەک)” بە کێڵگەیەکدا بدات..
کەرامەت شکاندن، بێ هانایی..
ڕووباری (مونزور و شاهـ مورات) خەڵتان لە خوێن…

وە منیش شــــــــاعــــیرم!
لە پێناوی شەرەفی ڕەنجەدەراندا..
بۆ ناموسی تێکۆشەران..
بە بێ ترس، پاک و بێگەرد..
کە نەبوون بە خۆڵەمێش..
نـــــە وێنەیەک دەگرم..
بە ڕوانینێکی خەمبارەوە..
نە چەند کۆپلەیەک ڕەشەبای یاخی هەڵدەواسم…
وای..
چەندم خۆشدەویستی..

ئازیز، بەڵێ ئێستا..
هەرچەندە دەمێکە دابڕاوین، لێ هەر ئێستا..
دەڵێی بە چەقۆیەک لە تۆ کراومەتەوە..
دەڵێی چڵێکم لە قەدی تۆوە شکێنراوم…
ئەی هۆکاری ژیانم، خانمەکەم، خۆشەویستم..
برینەکەت زۆر قووڵ بووە،
چەخماخەی ئاگریش داناگیرسێ،
دەزانـــــــم!!
لێگەڕێ لە چیاکان (حیساب) یەکلایی دەکەینەوە..
ئومێد و هیوا لە چیاکانە…

بڕوانــــە! پێیەکمان وا لە نێو بۆشایی گەردووندا..
کەچی ئەوەی ترمان لە نێو گۆرەوی چنراو و پێڵاوی ڕەنجبەرێکدایە
بڕوانـــــە! لە بیردۆزی ڕێژەیی و لە فیزیای ئەتۆمی..
لە خۆشمان و عەشقی کوێرەوەری..
لەم زەمەنە نەفرەتییە و بەرخودانەمان.
بۆ زارۆکەکانمان، بۆ خونچەی داهاتوومان..
بۆ هەر یەکێکیان بەرگێک لە ئەرخەوان 
ژیانێک پڕ لە خۆشی و گەمە
هێـــــی گیانەکەم
تۆ تەواوی بکە…

ئـــــەی هــــاوار …
تــــو عەشقی موحەمەد، تـــو عەشقی عیسا!
تــــو ئەو تەختە زیوەی لەسەری ڕاکشاوی..
دەییییییی ..
ئەوا بە قوڵنەکەی فـــــەرهاد کێوەکان دەکوتن،
تاکو بوون بە تۆز…
ستەم دەمی شمشێری لە خوێن و عارەقی لاقەبرغەمدا نوقم کردووە.
زۆر یاخی!
لغاو و تەوقی دەمم، گەر بڵێم “ئاهــ” دەپسێن.
ئەدی گوڵە کێویلە و گوڵەباخ خوشکن.
ئاوهایە عیشق…
وای چەندم خۆشدەویستی….
* لە تورکیەکەدا دەبێژێ (لە نێو نیشانی جەلادێکدا).
* ئێسکودار ناوچە/گەڕەکێکە لە ئەستەمبوڵ لە دواهەمین کەناری کیشوری ئاسیا.
* مونزور و شاه مورات دوو ڕووباری باکوری کوردستانن.

سیا نەریمان
پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی مێژووەکان و پاکنووسی  کۆتایی لایەق حەمە (هیوا)
———————————————————————————————
پانووس:
زۆر بابەتی بڵاگی تایبەتی خۆم: http://www.sianariman.com/
پەڕەی ئەحمەد کایا: facebook.com/ahmetkayakurdi
سەرچاوەکان:
(۱) ڕۆژنامەی سەباح: http://www.sabah.com.tr/fotohaber/gundem/efsane_isim_ahmet_kaya/25361
(۲) ڕۆژنامەی حوریەت:
http://webarsiv.hurriyet.com.tr/2003/11/21/375006.asp
(۳) ویکی تورکی:
https://tr.wikipedia.org/wiki/Ahmet_Kaya#cite_ref-sezerbagcan_3-0
(٤) پێگەی ئیسلامی گویندەم
http://www.islamigundem.com/afak-turkusu-sairi-nevzat-celik-konustu-haber-17028.html
(۵) چاوپێکەوتن و فلیمی بەڵگەیی (کۆلارەکەم بە تەڵەوە بووە): لە یوتیوب، ئامادەکردنی گویلتەن کایا و دەرهێنانی ئومێد کڤانچ
www.youtube.com/watch?v=7LWQVr5iryw
(٦) بڵاگی لایەق حەمە (هیوا)
http://layik.wordpress.com بابەتی وەرگێڕدراوی “کێ ئەحمەد کایای کوشت؟” بەستەر:http://tinyurl.com/oe6mllw
(۷) ئەحمەد کایا (ویکی سۆرانی) بەشی “پاش کۆچی دوایی”
https://ckb.wikipedia.org/wiki/ئەحمەد_کایا
(۸) چرا تیڤی
http://chra.tv/news/index.php/articles/articles/articles/10015-kaya-demucrat
(۹) ماڵپەڕی کایا، هەواڵی ڕۆژنامەی تەقویم
http://www.ahmetkaya.com/HaberAyrinti.aspx?id=1053
(۱٠) ڤیدیۆکەی ئەردۆگان لە پەرلەمانی تورکیا
http://www.youtube.com/watch?v=Y-j-BcK2yQM
(۱۱) ڤیدیۆی گۆرانیەکە پێش ئەوەی ئەردۆگان بچێتە سجن لە ۱۹۹۹
http://www.youtube.com/watch?v=Bo84BNwJ4vQ
(۱۲) ڕۆژنامەی تەقویم
http://www.takvim.com.tr/Yazarlar/rasim.ozan/2012/11/20/ahmet-kayayi-oldurenlerden-mutlaka-hesap-sorulacak-2
(۱۳) بڵاگی ڕۆژنامەی میللیەت
http://blog.milliyet.com.tr/cumhuriyet-ve-ahmet-kaya/Blog/?BlogNo=434176
(14) قسەکانی حەسیب قەپڵان لە پەرلەمانی تورکیا ۹ی مایسی ۲٠۱۳
www.youtube.com/watch?v=5jf1hH14Gg8‎
(۱۵) ویکی ئینگلیزی دەنیز گەزمیش
https://en.wikipedia.org/wiki/Deniz_Gezmi%C5%9F

 

سەرچاوە: كەحلان