ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:51 - 04/04/2021

روس و تورکەکان چییان بەسەر سورییەکاندا هێناوە؟‌

پەیسەر

راپۆرتی رێکخراوە سەربەخۆ نێودەوڵەتییەکان بە وردی پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن روسیا و تورکیا لە سوریا دەخەنەڕوو. رێکخراوێکی روسیش بۆ یەکەم راپۆرتێکی ٢٠٠ لاپەڕەیی لەبارەی پێشێلکارییەکانی روسیا لەدژی هاوڵاتیانی مەدەنی سوریا بڵاوکردووتەوە.

جەنگی پێشێلکردن
جەنگی سوریا جەنگی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن لایەنە شەڕکەرەکانەوە، چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکیاندا باس لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سوریا دەکەن لەلایەن روسەکانەوە. ئەمەش بەشێکە لە پێشێلکاری لایەنەکانی دیکەش بەتایبەت سوریا.

راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە راپۆرتەکانیاندا باس لە پێشێلکارییەکانی روسیا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، داعش، سوریا، ئێران و میلیشیاکانیان لە جەنگی سوریادا دەکات.

پێشلکارییەکانی هێزە تورکییەکان
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش لە راپۆرتەکانی پێشوویدا و پشت بەست بە پەیامنێر و هەواڵنێرە تایبەتەکانی، بە وردی باسی لە پێشلکارییەکانی هێزە تورکییەکان و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیای کردبوو لە سوریا و ناوچە کوردنشینەکان.

راپۆرتەکانی رونگەی سوری بە بەڵگەوە باس لە پێشێلکاری و تاوانەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئەنقەرە لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن و داوا دەکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لە تورکیا بکات و بێدەنگ نەبێت.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان چەند جارێک بەڵگەکانی پێشێلکارییەکانی تورکیایان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بڵاوکردووەتەوە و داوایان کردووە لێپێچینەوە لە تورکیا بکرێت و سزا بدرێت.

یەکەم راپۆت
راپۆرتە نوێیەکەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بە گرنگ دادەنرێت، چونکە یەکەم جارە ئەم رێکخراوانە راپۆتی تایبەت لەبارەی پێشێلکارییەکانی روسیا لە جەنگی سوریادا بڵاوبکەنەوە و راپۆرتەکەشی لە یادی ١٠ ساڵەی جەنگی سوریادا بڵاوکرایەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە قوربانییانی ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا لە خاکی سوریادا کراوە، کە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵانە لە میدکانی نزیک لە کریملن قەدەغەیە.

زانیارییەکانی راپۆرتەکە کە ئاستی گەورەی قوربانییەکانی دەست روسیا دەردەخات، رێک پێچەوانەی دواین وترای ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیایە کە باسی لەوە دەکرد، سوپای روسیا شەڕ بۆ پاراستنی رژێمی سوریا لە دەستڤی "تیرۆریستان" دەکات.

ئەوەی گرنگی راپۆرتەکەی زیاتر کردووە ئەوەی کە لەلایەن رێکخراوێکی روسی ناحکومی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ ئامادە کراوە، بۆیە دەبێت بە یەکەم راپۆرتی رێکخراویکی روسی ناحکومی دەربارەی پێشێلکارییەکانی مۆسکۆ لە سوریا.

ئاڕاستەی جەنگەکە گۆڕا
کە جەنگی سوریا دەستیپێکرد، رژێمی سوریا پێی وانەبوو پایەکانی دیمەشق بلەرزێت و شام بکەوێت، تاکو هێزە دژەبەرەکان گەیشتەن دەرگای پایتەخت و وەخت بوو کۆتایی بە فەرمانڕەوایەتیی ١٠ ساڵەی ئەسەدییەکان بهێنرێت، دوو هێز دەیانتوانی ئەسەد رزگار بکەن؛ ئێران و روسیا.

کە روسیا هاتە ناو جەنگی سوریاوە و بە راستەوخۆ دەستوەردانی کرد، ئاڕاستەی جەنگەکە گۆڕا و هیوا بۆ ئەسەدییەکان گەڕایەوە، بەڵام ئەم سەرکەوتنە بە کوژرانی هەزاران هاوڵاتی سوری بوو بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیاوە.

٢٠٠ لاپەڕە
راپۆرتەکە لە ٢٠٠ لاپەڕە پێکهاتووە و ١٤٠ حاڵەتی پیشێلکارییەکانی روسیا لە سوریا تۆمار کردووە.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، زۆرینەی ئەوانەی بۆ ئامادەکردنی راپۆرتەکە قسەیان لەگەڵدا کراوە وتویانە، ئەوان روسیا وەک رزگارکەر نابیننن، بەڵکو وەک هێزێکی بیانی روخێنەر دەبینن کە بە دەستوەردانە سیاسی و سەربازییەکانی بەشدار بووە لە هێشتنەوەی دەسەڵاتدارە "تاوانبارەکان"ی وڵاتەکەیاندا.

ئەوانەی قسەیان بۆ ئامادەکارانی راپۆرتەکە کردووە باسیان لەوە کردووە، خۆیان یان یەکێک لە کەسوکارەکانیان قوربانی دەست هێرشەکانی روسیا، هەر بۆیە رێکخراوەکە داوا لە روسیا دەکات لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە لە هێرشەکانی بکات بۆ سەر مەدەنییەکان و قەرەبوشیان بکاتەوە.

لەبەرئەوەی رێکخراوەکە نەیتوانیوە روو لە سوریا بکات، بۆیە لە لوبنان، ئوردون، تورکیا، ئەڵمانیا و روسیا چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو سوریانەدا کردووە کە وەک کۆچبەر روویان لە ئەم وڵاتانە کردوووە.

دوو ساڵ
راپۆرتەکە کە ماوەی دوو ساڵی خایاندووە، بە بەڵگەوە باس لە پێشێلکارییەکانی روسیا لە رێگای هێرشە ئاسمانییەکانەوە دەکات کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی کراوەتە سەر خەڵکی مەدەنی یان بەسداربوون لە تاوانەکانی رژێمی سوریا لەوانەش بەکارهێنانی چەکی کیمیای و برسیکردنی دانیشتوانی ناوچە گەمارۆدراوەکان.

ئامادەکارانی راپۆرتەکە دەڵێن، دەیانەوێت زۆرترین روسی ئەم راپۆرتە بخوێنێتەوە، تاکو ئاگادار بن بە ناوی ئەوانەوە چی تاوانێک دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوریا ئەنجام دەدرێت.

ئاماژە بەوەش دەکەن، "هەست بە شەرمەزاری و ئازار دەکەن کاتێک دەبینن سورییەکان بەم جۆرە سەیری روسیا دەکەن."