ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:18 - 04/04/2021

تارمایی کودەتا؛ شەڕی شازادەکان ئوردن بەرەو کوێ دەبات؟‌

پەیسەر

شەوی رابردوو تارمایی کودەتا باڵی بەسەر یەکێک لە سەقامگیرترین وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشا، ئەویش شانشینی ئوردن بوو، ئەو شانشینەی نزیک بوو لەوەی بەرەو تونێلێکی تاریک بڕوات، تونێلێک بەرپرسانی ئێستای ئوردن بە "هەوڵی کودەتا و تێکدانی ئاسایشی وڵات" ناوی دەبەن.

هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ئوردن
شەوی رابردوو رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی یەکەم میدیای گەورەی جیهانی بوو، هەواڵی "هەوڵی تێکدانی ئاسایشی ئوردن"ی بڵاوکردەوە.

رۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری ئوردن و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وردەکاری هەوڵی "کودەتا"کەی گواستووەتەوە.

یەکێک لەو بەرپرسە هەواڵگرییانە بە رۆژنامەکەی وتووە، ئەو هەوڵەی کاتژمێرەکانی ئێوارەی دوێنی شەممە دراوە، هەڕەشە بووە بۆ سەر سەقامگیری ئوردن و هەوڵی کودەتا بووە.

لە هەواڵەکەدا هاتووە، شازادە حەمزە بن حوسێن و ٢٠ کەسی دیکە بە گومانی "تێکدانی ئاسایشی وڵات و هەوڵی کودەتا بەسەر شا عەبدوڵا بن حسێن" خراونەتە ژێر چاودێری و دەستگیرکراون.

شازادە حەمزە
شازادە حەمزە کە کوڕە گەورەی شا حسێنی ئوردن و شاژنە نوورە کە هاوژینی چوارەمی شا حسێن بووە و بە رەچەڵەک ئەمریکییە، بۆ ماوەی چوار ساڵ شازادەی وڵات بووە، بەڵام دواتر پۆستەکەی بە شازادە حسێنی کوڕی شا عەبدوڵا درا.

هەرچەندە بەشێک لە بەرپرسانی ئوردن رەتیان کردەوە،  بەڵام بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان شازادەی پێشوو حەمزە بن حسێن، لە کۆشکێکی عەمانی پایتەخت خراوەتە ژێر چاودێرییەوە.

سەرەڕای لابردنی لە پۆستی شازدە و دانانی کوڕە گەورەکەی، بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، شازادە حەمزە پەیوەندییەکی فەرمی باشی لەگەڵ شا عەبدوڵا هەیە و زۆریش لە خەڵک و سەرۆک هۆزەکانی وڵاتەکەیەوە نزیکە.

ئوردن: ئەوەی کرا هەوڵی کودەتا بووە
ئەمڕۆش رۆژنامەی فەرمی "الرأي"ی ئوردنی بڵاویکردەوە، هەندێک کەس بە وەهمی هەوڵی کودەتاوە، هەوڵیان داوە هانی شازادە حەمزە بدەن، بەشێک لە جوڵەکانی شازدە حەمزەش بوونەتە هۆی بەئامانجگرتنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو رێوشوێنە ئەمنییەی ئێوارە رابردوو گیرایە بەر ئاماژەیە بەو هێڵە سورەی کە نابێت کەس بیبەزێنێت و تەنانەت لێشی نزیک ببێتەوە، ئەو هێڵەش پەیوەستە بە بەرژەوەندییە باڵاکانی شانشین، ئاسایش و سەقامگیرییەکەی.

لەبارەی پشتگیری وڵاتان بۆ سەرکردایەتی ئوردن رۆژنامەکە نووسیویەتی، هاوپەیمانانی ئوردن بە روونی پشتیوانی رێوشوێنەکانی ئوردنیان کرد و متمانەی خۆیان بە سەرکردایەتی وڵات دووپاتکردەوە، ئەمەش لێدانێکی کەمەرشکێن بوو بۆ ئەوانەی ئاسایش و سەقامگیری ئوردن و خەڵکەکەیان با ئامانج گرت، ویستیشیان بە وەهمەکانیان جیهان بە گژی ئوردندا بدەن.

لە درێژەی هەواڵی رۆژنامەکەدا کە وەک هەڵوێستی فەرمی شانشینی ئوردن وایە هاتووە، پشتیوانی سعودیە، ئەمریکا، میسر و وڵاتانی دیکە، ئاماژەی پشتیوانیانە بۆ ئەو سەرکرادایەتییەی کە دەیەوێت هەڵوێستێکی میانڕەوانەی بۆ کێشەکانی ناوچەکە هەبێت کە بوونەتە هۆی خوێنڕژانی گەلانی ناوچەکە و باجدانی ئەم کێشانە لەلایەن گەلانی ناوچەکە و نەوەکانی داهاتوو.

بەئامانجگرتنی سەقامگیری وڵات
لەسەرەتای رووداوەکان و پێش ئەم هەواڵەی رۆژنامەکە، سوپای ئوردن داوای لە شازدە حەمزە کردووە دەست لە جوڵە و رەفتارەکانی هەڵبگرێت کە بوونەتە هۆی بەئامانجگرتنی سەقامگیری وڵات.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئوردنیش دەڵێت، بەشیک لە بەرپرسانی ئەمنی وڵات و سەرۆک هۆزەکانیش دەستگیر کراون و دەستگیرکردنەکانیش بەردەوامییان دەبێت، یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانیش سەرۆکی پێشووی دیوانی پاشایەتی و کەسێکی نزیکی خێزانی پاشایەتییە.

شازدە: خراومەتە ژێر هێشتنەوەی ناچاری
رەتکردنەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی شازادە حەمزە لە کاتێکدا بوو، ڤیدیۆیەکی شازدە دەست کەناڵی بی بی سی کەوت کە تێیدا شازە باس لەوە دەکات، خراوەتە ژێر هێشتنەوەی بەزۆرەوە و رەتیشی دەکاتەوە بەشێک بێت لە "هەر پلانگێڕییەک".

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەی، سوپای ئوردن رەتیکردەوە "هێشتنەوەی بەزۆر" خرابێتە سەر شازدە حەمزە.

پشتیوانی میدیا بۆ شای وڵات
ئەمڕۆ رۆژنامەی "الدستور" نیمچە حکومی و "الغد"ی سەربەخۆ، راگەیەندراو و زانیارییە فەرمییەکانی حکومەتی ئوردنیان لەبارەی "هەوڵی کودەتا"کەوە بڵاوکردەوە، ئەمەش پشتیوانی میدیای حکومی و ناحکومی وڵاتەکەی بۆ سەرکردایەتیی پاشایەتی ئوردن دووپاتکردەوە.

رۆژانەی "الدستور" لە پەڕەی یەکەمدا نووسیویەتی، "ئەو جوڵانە لە چالاکی خران کە ئاسایشی وڵاتیان بە ئامانج گرت، هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە و ئاسایش و سەقامگیری ئوردنیش لەپێش هەموو شتێکەوەیە."

رۆژنامەی و "الغد"ی سەربەخۆش ئەم مانشێتەی نووسیوە، "جیهان هاوهەڵوێستی رێوشوێنەکانی ئوردنە بۆ پاراستنی ئاسایش."

دەوڵەت لە پشتی شای وڵاتە
فەیسەڵ فایز سەرۆکی ئەنجومەنی " الأعيان"ی ئوردنی دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە کە بەبۆنەی یادی ١٠٠ ساڵە دامەزراندنی وڵاتەوە ئەنجام درابوو، پشتیوانی خۆیانی بۆ شا عەبدوڵا دووپاتکردەوە.

فایز وتی، ئوردن بە توندی رووبەڕووی هەر دەستێک دەبێتەوە کە ئاسایشی وڵات بخاتە مەترسییەوە و داواش لە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات بڕوا بە درۆ و پڕوپاگەندەکان نەکەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "دووپاتیدەکەینەوە کە لە پشت شا عەبدوڵای دووەمەوە دەوەستین، پشتیوانی و هاوکاری هەوڵەکانی دەکەین و پیرۆزبایشی لێدەکەین، ئوردن و شا هێڵی سورن."