ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:23 - 05/04/2021

لە تورکیا کودەتا نزیکە ؟ ١٠ فەرماندەی دەریای دەستگیرکران‌

پەیسەر

١٠٣ فەرماندەی سەربازیی خانەنشین لە هێزە دەرییایەکانی تورکیا دژ بە هەنگاوەکانی ئەردۆغان، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، دوای راگەیەندراوەکە، ١٠ کەسیان دەستگیرکران و داوا لە چوار کەسی دیکەشیان کراوە لە ماوەی سێ رۆژدا بچنە بنکەیەکی ئاسایش. ئەوەی روودەدات ئاماژەی هەوڵی کودەتایە یان چی؟

هۆشداری بۆ ئەردۆغان
١٠٤ فەرماندەی خانەنشینی هێزی دەریایی تورکیا، واژۆیان لەسەر راگەیەندراوێک کرد و بە توندی هۆشدارییان دایە حکومەتی پارتی داد و گەشەپێدان و رەجەب تەیب ئەردۆغان  کە دەست بۆ پەیماننامەی مۆنترۆ نەبەن و نەیگۆڕن.

فەرماندە دەرییایەکان لە راگەیەندراوەکەدا نووسیویانە، پەیماننامەی مۆنترۆ تەنها پەیماننامەیەک نییە بۆ رێکخستنی هاتوچۆ لە گەرووەکانی تورک، بەڵکو سەرکەوتنێکی دیبلۆماسیی گەورەیە و تەواوکەری رێککەوتنی لۆزانیشە کە مافی هەژموون و سەروەری تەواوەتی بۆ تورکیا گەڕاندووەتەوە لە ئیستەنبووڵ، چاناککالە و دەریای مەڕمەڕە و گەرووەکانی ئەم دەریایە.

لە راگەیەندراوەکەدا هۆشداری بە ئەردۆغانیش دراوەکە کە پەیماننامەکە نەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ. دەشڵێن، نابێت دەست بۆ گۆڕینی ئەو بنەما دەستورییانە ببرێت کە دەستکاریکردنیان مایەی قبوڵکردن نین. بۆیە سەرکۆنەی ئەو هەوڵانە دەکەن کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا و هێزە دەرییایەکان لە ئەم بنەمایانە دوور دەخەنەوە و لە بنەماکانی ئەتاتورک دووریان دەخەنەوە.

ئەو فەرمانادنە بو روون و راشکاوی دەڵێن، "بە هەموو بوونمانەوە دژایەتی ئەم هەوڵانە دەکەین."

پەیماننامەی مۆنترۆ
ئەم پەیماننامەیە ساڵی ١٩٣٦ لە سویسرا وژۆ کرا، بەپێی پەیماننامەکە رێگا بە تورکیا درا کۆنترۆڵی گەرووەکانی بکات (بۆسفۆر و دەردەنیل)، واتە دەسەڵاتێکی گەورە و فراوان بە تورکیا لە ناوچەکەدا درا.

چەند مانگێک دواتر پێداچوونەوە بە پەیماننامەکەدا کرا، بەڵام دەستکاری دەسەڵاتەکانی تورکیا نەکرا.

فەرماندەکان و پەیماننامەکە
فەرماندە خانەنشینەکانی هێزی دەریای تورکیا دەڵێن، "مۆنترۆ گەورەترین سەرکەوتنی دیپلۆماسی و تەواوکەری لۆزانە کە زۆربەی سنورەکانی تورکیای نوێی لە ساڵی ١٩٢٣ دیاری کرد و ئەم گەروانەی تورکیاش لە گەروە هەرە گرنگەکانی جیهانە."

ئاماژەیان بەوەش کردووە، پەیماننامەکە وەهای کرد تورکیا لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا بێلایەنی خۆی بپارێزێت و ئاشتی لە دەریای رەشدا مسۆگەر بکات.

هەوڵی کودەتا
دوای راگەیەندراوەکە بەرپرسانی حکومەت و ئاکپارتی هێرشی توندیان کردە سەر فەرماندە خانەنشینەکان و راگەیەندراوەکەشیان بە "بانگهێشتی کودەتا" ناو برد.

مستەففا شەنتۆپ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەو بارەیەوە وتی، گەلی تورک سەرجەم عاشقەکانی کودەتای لەگۆڕنا. ماوەیەکە ئەو خانەنشینانەی لە سەنگەری دژ بە دوژمنانی نیشتمان و گەل نابینرێن، بە ئەجێندا تایبەتەکانیانەوە خەریکی نانەوەی ئاژاوەن.

شەنتۆپ بۆ پشتیوانی ئەردۆغان لە کشانەوەی لە رێککەوتننامەی ئیستانبوڵ وتی، ئەردۆغان دەتوانێت لە هەر رێککەوتنێک بکشێتەوە و ئەمە مافی ئەوە و پێچەوانەی دەستور نییە.

فەخرەدین ئاڵتون سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماریش وتی، ئەم گەلە بۆ دۆست و دوژمنی پیشاندا کە چۆن بەسەر کودەتای ١٥ی تەموزی ٢٠١٦دا سەرکەوت. سنوری خۆتان بزانن. ئێوە کین؟ بە چی حەقێک پەنجە بۆ ئەو کەسانە دریژ دەکەن کە نوێنەرایەتی رەوایەتی بەڕێوەبردنی وڵات دەکەن؟ تورکیا دەوڵەتی یاسایە، هەرگیز ئەمە لەبیر نەکەن.

١٠ دەستگیرکراو و چوار ئاگادار کردنەوە
دوای راگەیەندراوەکە داواکاری گشتیی کۆماری ئەنقەرە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ١٤ لەو فەرماندە خانەنشینانە دەرکرد کە واژۆیان لەسەر راگەیەندراوەکە کردبوو.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە پۆلیسی تورکیا دای بەسەر ماڵی ١٠ لەو فەرماندانەدا و دەستگیری کردن، چوار لە فەرماندەکانیش ئاگادارینامەیان بۆ رۆیشتووە کە لە ماوەی سێ رۆژدا لە بەردەم ئاسایشی ئەنقەرەدا ئامادە بن.

داواکاری گشتی کۆماری ئەنقەرە دەڵێت، ئەم فەرماندە خانەنشینانە توندوتیژی و زۆرلێکردنیان بۆ لەناوبردنی رێکخستنی دەستوریی بەکارهێناوە، بۆیە گومانلێکراوەکان دەستگیرکراون و دەستبەسەرن و گەڕان بە دوای فەرماندەکانی دیکەش بەردەوامیی هەیە.

تاکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە ئەم فەرماندانە دەستبەسەر کراون؛ ئەرگون مەنگی، ئاتیلا کەزەک، عەلائەدین سەڤیم، رەمەزان جەم گویردەنیز، نادیر هاکان ئەرایدن، بویلەنت ئۆڵاجای، قادر ساغدچ، تویرکەر ئەرتورک، تورگای ئەرداغ و عەلی سادی ئوینسال.

ئەو چوار فەرماندەیەی بانگکراون بۆ ئاسایشی ئەنقەرە بریتین لە؛ ئاتیلا کیات، ئەنگین بایکاڵ، جەمیل شوکرو بۆزئۆغڵو و مستەفا ئۆزبای.

فەرماندەی عەمامە بەسەر
دووەم بەشی راگەیەندراوەکەی ١٠٤ فەرماندە خانەنشینەکە دەربارەی وێنەیەکی بڵاوکراوەی فەرماندەیەکی هێزی دەریایی تورکیایە لە تەکیەیەکدا.

لە راگەیەندراوەکەدا فەرماندەکان رەخنە لە دەرکەوتنی فەرماندەیەکی هێزی دەریای تورکیا لە تەکییەیەکدا دەگرن کە جبەی لەبەردایە و عەمامەی لەسەر کردووە و پێیان وایە ئەمە دوورکەوتنەوەی هێزی دەریایی وڵاتەکەیانە لە بنەما سەرەکییەکانی کۆمارییەت.