ڕاپۆرتی کوردستانی

11:15 - 06/04/2021

ئەمریكا؛ عێراق و كوردستانمان لە مین پاككردووەتەوە‌

پەیسەر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راپۆرتێكی لەبارەی ھەوڵەكانی بۆ پاككردنەوەی جیھان لە مین و لەناوبردنی چەك بڵاوكردەوە، بەتایبەت لە ناوچەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، كە عێراق و ھەرێمی كوردستان لەم ھەوڵانەدا پشكی شێریان بەركەوتووە.

پاككردنەوەی ١٠٠ وڵات
لە راپۆرتەكەدا بە ناوی "تاكو بە سەلامەتی بەسەر زەویدا بڕۆیت" ھاتووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕێكی گەورەی لە پارە بۆ ئەم مەبەستە لە ١٠٠ وڵاتی جیھاندا خەرج كردووە. 

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ھاوبەشەكانی ئەمریكا لە ئەم ھەڵمەتەدا خاوەن توانایەكی لۆجستی بێوێنەن بۆ رزگاركردنی ژیان لە جیھاندا.

٩٠٤ ملیار دۆلار
ئەمریكا بە تەنھا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بڕی ٩٠٤ ملیار دۆلاری لە پاككردنەوەی ناوچەكان لە چەك و مین خەرج كردووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، تاكو ئێستا مینەكانی داعش ھەڕەشە لە ژیانی دانیشتوانی لوبنان، لیبیا، سوریا و عێراق دەكەن.

عێراق، سوریا و یەمەن
یەمەن یەكێكی دیكەیە لەو وڵاتانەی لە راپۆرتەكەدا باسی لێوە كراوە، لەم وڵاتەدا ژمارەیەكی زۆر چەكی نەتەقێندراوە ھەن كە ژیانی ھەزاران یەمەنییان خستووەتە مەترسییەوە و گەیاندنی ھاوكارییە مرۆییەكانیشی بە یەمەنییەكان زەحمەت كردووە.

لەنێو ١٠ وڵاتی جیھان كە زۆرترین مینیان تێدا چێندراوە و زۆرترین كەسیان كردووەتە قوربانی، ھەریەك لە عێراق، سوریا و یەمەن ھەن. جگە لە مین تەقینەوەكان لەم وڵاتانەدا زۆرترین قوربانییان لێكەوتووەتەوە كە ھۆكاری سەرەكییان پێكدادانە سەربازییەكانی نێوان لایەنە ناكۆكەكانە.

عێراق؛ پشكی شێر
ئەمریكا كە لە ساڵی ١٩٩٣وە زۆرترین پارەی بۆ پاككردنەوەی جیھان لە مین و چەك خەرج كردووە دەڵێت، ئامانجیان ئەوەیە جیھان لە مین پاك بكەنەوە تاكو خەڵكی ئەم ناوچانە بگەڕێنەوە سەر شوێنی ژیانیان، گەشە بە دۆخی ئابوورییان بدەن و ئاستی تەندروستی و ژیان لەم ناوچانەدا بەرزبكەنەوە.

عێراق زۆرترین پشكی لەو پارەیە بەركەوتووە كە بۆ مین ھەڵگرتنەوە و لەناوبردنی چەك خەرج كراوە. عێراق ٧٩،٣٠ بەركەوتووە، لوبنان ٩،٨٠، یەمەن ٧،٧٧ و لیبیاش ١،٩٤.

مینەكانی داعش 
لە ساڵی ٢٠٢٠، لە ناوچە رزگاركراوەكانی نێوان ھەولێر و موسڵ نزیكەی ١٥٠٠ بۆمبی چێندراوی چەكدارانی داعش  پوچەڵكراوەتەوە.

گروپێكی راوێژكاریی (MAG) ھەستاون بە ھەڵگرتنەوەی زیاتر لە ٤٥٠٠ مادەی تەقینەوە و مین لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە رزگاركراوەكان لە نەینەوا و شنگال، ئەمەش وەھای كردووە ئاوارەكان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان و بەبێ ترس درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن.

بەپێی راپۆرتەكە، زۆربەی مین و تەقینەوەكانی داعش ھەڵگیراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویست بە كاری زیاتر دەكات لەسەر ئەو مینانەی كە داعش لە دوای ٢٠١٥وە چاندوونی.

ئەمریكا لە راپۆرتەكەدا پابەندی خۆی بە درێژەدان بە ھاوكارییەكانی بۆ پاككردنەوەی ناوچەكان لە مین و چەك دووپات كردووتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی كە پێكھاتە بچوكەكانی تێدا دەژی.

ئەمریكا چی كردووە؟
راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، ئەمریكا زیاتر لە ٤١ ھەزار موشەك و چەكی بەرگری لە جیھاندا پوچەڵ كردووەتەوە و لەناوی بردوون.

 سەبارەت بە عێراق، تەنھا لە ناوچەی شنگال، ١١ تیم ھەن كە كار لەسەر ھەڵگرتنەوەی مین دەكەن و ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پارەیان بۆ خەرج دەكات و راستەوخۆ ھاوكارییان دەكات.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ھاوبەشەكانی لە پككردنەوەی جیھان لە مین و چەك بەردەوما بوون.

نەتەوە یەكگرتووەكان
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئاماژە بەوە دەكات، كە ھەوڵەكان بۆ پاككردنەوەی جیھان لە مین ئەنجامیان ھەبووە و خەڵكی ئەم ناوچانە توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان.

نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكیدا ئاماژە بەوە دەكات، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا توانیویانە لە كارەكانیان بۆ پاككردنەوەی جیھان لە مین بەردەوام و سەركەوتوو بن.

نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتەكەیدا دەڵێت، توانیویانە سەركەوتنێكی باش تۆمار بكەن و بەشێكی دیاری جیھان لە مین و تەقەمەنی پاك بكەنەوە.

ساڵی ٢٠٠٥ ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی ٤ی نیسانی ھەموو ساڵێكی وەك رۆژی ھۆشیاری بە مین و ھاوكاریكردنی كاروباری تایبەت بە مین دیاریكرد.