ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:59 - 07/04/2021

سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تورکیا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە‌

پەیسەر

دوای چەند مانگێک لە بڕیاری سەپاندنی سزا بە سەر تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە، بڕیارە ئەمڕۆ ٧ی نیسان سزاکان بچنە بواری جێبەجێکردن و بە کرداری جێبەجێبکرێن. سزاکانیش لەسەر کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسییە لەلایەن ئەنقەرەوە.

سزای ترەمپ و جێبەجیکردنی بایدن
سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەکانی کۆشکی سپی، تورکیا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، رووی لە مۆسکۆی دوژمنی واشنتن کرد و سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی کڕی، سیستمێک کە ناتۆ و ئەمریکا بە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر فڕۆکەکانیان ناوی دەبەن.

دوای ئەوەی تورکیا سیتمەکەی کڕی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ چەند سزایەکی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، زۆربەی سزاکانیش کەسایەتی و دامەزراوە پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیای گرتەوە.

دوای چەند مانگێک و لە ئێستادا ئیدارەی جۆ بایدن بڕیاریداوە دەست بە جێبەجێکردنی سزاکان بکات و ئەمڕۆش ٧ی نیسان رۆژی بە کرادرکردنی سزاکانی سەر تورکیایە.

ئەمریکا: سزاکان دەستپێدەکەن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی لەبارەی سزاکانی سەر تورکیا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانیی ئێس ٤٠٠ی روسی، لە ئەمڕۆ ٧ی نیسانی ٢٠٢١وە سزاکانی سەر تورکیا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی "یاسای وەڵامدانەوەی دوژمنانی ئەمریکا بە سزا"، سزا بەسەر دامەزراوەی پیشەسازی تورکیا و چەند کەسایەتییەکەی ئەم بوارەدا دەسەپێندرێت و جێبەجێدەکرێن.

سزاکان
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، سزا بەسەر سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا، ئیسماعیل دەمیر سەرۆکی سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا و چوار بەرپرسی پلە باڵای دیکەی ئەم دامەزراوەیەدا دەسەپێندرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا بەم جۆرە باس لە هۆکاری سزاکان کراوە، بەهۆی مامەڵەی ئەم دامەزراوە و کەسانەوە لەگەڵ سێکتەری هەواڵگری و بەرگری روسیا، سزا بەسەر ئەم کەس و لایەنانەی تورکیادا سەپێندراوە و لە ئەمڕۆشەوە جێبەجێدەکرێن.

سزادراوەکان
سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تورکیا لە بەرامبەر کڕینی ئێس ٤٠٠، ئەم دامەزراوە و کەسایەتییانە دەگرێتەوە؛

سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا.
ئیسماعیل دەمیر سەرۆکی سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا.
فاروق یغیت جێگری سەرۆکی سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا.
سەرحەت گەنچئۆغڵو سەرۆکی فەرمانگەی گەردونی و بەرگریی ئاسمانیی تورکیا.
مستەفا ئاڵپەر دەنیز بەڕێوەبەری گروپی سەرۆکایەتی فەرمانگەی گەردونی و بەرگریی ئاسمانیی تورکیا.


هەر بەپێی سزاکان، سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا ناتوانێت بڕوانامەی وەرگرتنی هاوردەکردنی کەلوپەلی سەربازی لە ئەمریکا وەربگرێت.

هەر بەپێی سزاکان، ئەو کەسانەی ناویان لە لیستی سزاکاندا هاتووە، پارە و سەروەتەکانیان کە لە ئەمریکایە بلۆک دەکرێت، پێدانی ڤیزای ئەمریکاش بەم کەسانە سنوردار دەکرێت.

راستیی سزاکان
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا دەست خراوەتە سەر وردەکاری هۆکاری سزاکە؛ لە ٢ی ئابی ٢٠١٧، بەهۆی مامەڵە لەگەڵ هەواڵگری و سێکتەری بەرگری روسیای فیدراڵ و جێبەجێکردنی ئەو کارەی کە لە بەرژەوەندی دەزگای هەواڵگری و بەرگری روسیایە، لە چوارچێوەی "یاسای وەڵامدانەوەی دوژمنانی ئەمریکا بە سزا" ئەم سزایانە جێبەجێدەکرێن.

بڕیارە قورسەکە
بەهۆی ئەوەی تورکیا هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا بوو، سەپاندنی سزا بەسەر ئەنقەرەدا سەخت بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی روسیا نەیاری ئەمریکایە، واشنتن دەبوایە لە بەرامبەر کڕینی ئێس ٤٠٠ ئەنقەرە سزا بدات.

ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری سزاکانی بەسەر تورکیا دا، لەژێر فشارێکی زۆردا بوو، بەتایبەت لەلایەن دۆستە تورکییەکەی کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیایە.

لەگەڵ هاتنە سەر کاری، جۆ بایدن سزادانی تورکیای کرد بە پێشینەی کارەکانی و جێبەجێکردنی سزاکانیش لەم کاتەدا، جدییەت و رەقییەتی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا پیشان دەدات.

لەگەڵ ئەوەی سیستمەکە لەلایەن تورکیاوە چالاک نەکراوە، بەڵام ئەنقەرە و مۆسکۆش باس لەوە دکەن، گفتوگۆکان بۆ کڕینی وەجبەی دووەمی ئێس ٤٠٠ دەستیانپێکردووە.