ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:55 - 09/04/2021

ئوردن لە گەردەلولدا؛ لەنێوان کودەتا و سەرکوتکاریدا‌

پەیسەر

ئوردن سەخترین ساتی ئەمساڵی تێپەڕاند، تارمایی کودەتا باڵی بەسەر وڵاتدا کێشا، لەگەڵ ئەوەی حکومەت باس لە دەستی دەرەکی دەکات، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بڵاونەکراوەتەوە بیسەلمێنێت دەستگیرکراوەکان پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوەدا هەبووبێت. چالاکوانن دەڵێن ناڕەزایەتی زۆر هەیە و میدیای ناوخۆش بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

سەقامگیری وڵات
هەریەک لە شیرا رۆبین و سارە دەعدوش لە وتارێکیاندا لە واشنتن پۆست باس لەوە دەکەن، حکومەتی ئوردن هەریەک لە حەمزە بن حسێن و چەند کەسێکی دیکەی نزیکی بە دەستتێکەڵکردن لەگەڵ لایەنی دەرەکیدا تۆمەتبار کردووە کە ویستویانە سەقامگیری وڵات بشێوێنن.

پێشتر ئەیمەن سەفەدی جێگری سەرۆک وەزیرانی رایگەیاندبوو، "ئەم هەوڵانە هەڕەشە بوون بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ئوردن و توانیان هەڵیبوەشێننەوە.

سەفەدی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتبووی، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە، کە حەمزە بن حسێنی زڕبرای شا عەبدوڵا، شەریف حسن لە خێزانی شاهانە و باسم عەوەزوڵا کە گەورە بەرپرسی پێشووی دیوانی پاشایەتی بووە و نوێنەری تایبەتی ئوردنیش بووە لە سعودیە، لە پلانێک تێوەگلاون کە گەیشتووەتە ئاستی "ئاژاوە نانەوە."

دەستی دەرەکی
بەپێی زانیارییەکانی وتارە هاوبەشەکە، چالاکییەکە گەیشتووەتە ئاستی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئوردنی لە دەرەوەی وڵات، ئەمەش سەلماندنی ئەو قسەیەی سەفەدییە کە دەڵێت، بەڵگە لە بەردەستدایە؛ کەسێک کە پەیوەندی لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکاندا هەیە پەیوەندی بە هاوسەری حەمزە بن حسێنەوە کردووە و تەنانەت گەرەنتی ئەوەی پێداوە فڕۆکەیەکی تایبەت هەیە و دەتوانێت بە پەلە ئوردن بەجێبهێڵێت، شا عەبدوڵاش لەسەر داوای فەرماندەی سوپا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەی داوە، بەڵام حەمزە بن حسێن رەتیکردووەتەوە.

حکومەت پێشنیاری کرد دۆسیەکە ببرێتە بەردەم دادگای ئاسایشی دەوڵەت، ئەمە لە کاتێکدا شا عەبدوڵا وتویەتی بە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ حەمزە بن حسێن کێشەکە چارەسەر دەکات کە لە رۆژی شەممەوە لەژێر هێشتنەوەی بەزۆردایە، تاکو کێشەکە لە چوارچێوەی بابەتی ناوخۆیی خێزانیدا چارەسەر بکرێت.

شا هێڵی سورە
رۆژی یەکشەممە فەیسەڵ فایز سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن وەک پەیامێکی روون بۆ هەر کەسێک دژایەتی شا بکات وتی، شا هێڵی سورە و وڵاتەکەی لە بەرامبەر هەر دەستێکی ناپاکدا دەوەستێتەوە کە یاری بە ئاسایش و سەقامگیری وڵات ئوردن بکات.

شاژنە نوری دایکی حەمزە بن حسێن لە تویتەرەوە نووسی، نزا لەپێناو راستی و دادپەروەری بۆ ئەو کەسە بێتاوانانە دەکات کە بوون بە قوربانی ئەم تۆمەتە خراپە.

لە وتارەکەدا هاتووە، لەو کەسانەی دەستگیرکراون ئەمانەش هەن؛ یاسر ئەلمەجالی بەرپرسی نووسینگەی حەمزە بن حسێن. شێخ سەمیر ئەلمەجالی و ژمارەیەکی دیکەی هۆزی ئەلمەجالی کە لەناو سوپا و حکومەتی ئوردنیدا هەژموونێکی گەورەیان هەیە.

دواتر هۆزی مەجالی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، دەستگیرکراوەکان نایاسایین و ئەمەش رۆژێکی رەشە لە مێژووی ئوردن.

حەمزە بن حسێن
حەمزە بن حسێن کە تەمەنی ٤١ ساڵە، بە سمێڵە کورت و چەفتە کوفییەکەی سەرییەوە زیاتر لە باوکی دەچێت. لە ساڵی ٢٠٠٠ تاکو ٢٠٠٤ شازادەی جێنشینی ئوردن بوو، بەڵام دواتر لەسەر فەرمانی شا عەبدوڵا پۆستەکەی لێوەرگیرایەوە و درا بە حسێنی کوڕە گەورەی شا عەبدوڵا. پێشتریش چەند پۆستێکی لەناو رژێمی پاشایەتیدا وەرگرتووە و عەمیدیش بووە لە سوپای ئوردن.

دوای ئەوەی فەرماندەی سوپا وتی، حەمزە بن حسێن دەستگیر نەکراوە، شازادەی جێنشینی لابراو ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پەیوەندیکردنی بە خەڵکەوە لێقەدەغەکراوە و رێگاش نادەن تویتەر بەکاربهێنێت، ئەمەش لەبەرئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا کردووە کە تێیدا رەخنە لە شای وڵات گیراوە.

حەمزە بن حسێن دەڵیت، "من بەرپرس نیم لە داڕمانی حکومەت، گەندەڵی و ئەو چینە نەشیاوەی کە ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵە دەسەڵاتدارن و بەرپرسیش نییە لە کەمبوونەوەی متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکانی حکومەت. ئێستاش گەیشتووین بە خاڵێک کە کەسمان ناتوانین باس لە بۆچوونەکانمان بکەین و دەریانببڕین، ئەگەرنا رووبەڕووی دەستگیرکردن و هەڕەشەلێکردن دەبێتەوە."

لەگەڵ ئەوەی حکومەتی ئوردنی و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە باس لەوە دەکەن دەستی دەرەکی لە پشت هەوڵی پشێوی نانەوە بووە، بەڵام هەموو وڵاتانی دروسێی ئوردن، کەنداو، ئەمریکا و ئەوروپاش پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی ئوردنی و شای ئەو وڵاتە دووپات کردەوە، ئەوەی ناڕوونە نازانرێت مەبەستی حکومەتی ئوردنی لە دەستە دەرەکییەکان کێیە.

"وڵات تیاچوو"
ئەم رووداوانە لە کاتێکدایە، ئوردن بەهۆی کۆرۆناوە زیانێکی ئابووری گەورەی پێگەیشتووە و دۆخی ئابووری هاوڵاتیانیش بەرەو خراپی دەچێت. لەگەڵ ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆی شەوان راگەیەندراوە، بەڵام بەشێک لە هاوڵاتیان هاتنە سەر شەقام و دژ بە حکومەتی وڵاتەکەیان ئەم دروشمەیان وتەوە، "ئەی حەمزە کوڕی حسێن، وڵات تیاچوو، تۆ لەکوێی؟".

چالاکوان و ئۆپۆزسیۆنی ئوردنی باس لەوە دەکەن، ئەم رووداوانە وا دەکەن لە ئایندەدا فشاری زۆرتر بخرێتە سەر ئۆپۆزسیۆن و ستەمکردن زیاتر بێت.

شا عەبدوڵا لە دوای مردنی شا حسێنەوە و لە ساڵی ١٩٩٩ تاکو ئێستا شای ئوردنە. پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە. لەگەڵ ئەوەی بێدەنگییەکی زۆر لە میدیای ناوخۆی وڵاتدا هەیە، بەڵام خەڵک لە دەسەڵاتی وڵات ناڕازین و داوای چاکسازی دەکەن.