لێکۆڵینەوە

09:55 - 10/04/2021

پێگەی جووەكانی كەركوك لە بونیاتنانی كەركووك و پەرەپێدانی كەلتووری ناوچەكەدا‌

ئومێد نه‌جم

هەر لە كۆنەوە ژمارەیەك جوولەكە لە لیوای كەركوك ژیاون، لەڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لەگەڵ سەرجەم ئایین و ڕەگەزەكانی دیكەدا بەشێوەیەكی ڕێكوپێك سازاون، چەندین بیرەوەرییان لە بواری بازرگانی و كاركردندا ماوەتەوە، بەڵام دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەساڵی (1948ز) ڕەگەزنامەی عێراقیان لێ سەندرایەوە و كۆچیان كرد بۆ نیشتمانی دروستكراویان لە فەڵەستین.

هەرچەندە كەمینە بوونە بەڵام ڕۆڵێكی گرنگیان هەبووە لەمێژووی شارەكەدا، نەقشیان بەسەر ڕووەكانەوە جێماوە. جووەكان رۆڵ و كاریگەریان بەتایبەتی لەسەر شاری كەركوك هەبووە. لە مەیدانی بازرگانی ‌و پیشەگەری ‌و كایەی تەندروستی ‌و ئاستی رامیاری‌ و بەرهەمی هونەری‌. بەڵام ئەمرۆ پاشماوەی كۆمەڵێك خانوی كۆن لە گەڕەكی پیریادی كەركوك ماون كە یادگاری رۆژگاری یەهودیەكانن. واتە تەنها ئەوەی ماوەتەوە یادەوەری‌و مێژوویانە لەم شارەدا.

مەزاری پێغەمبەر دانیاڵ، شوێنێكی پیرۆزی جوەكانی كەركوك
جولەكەكان چ لە كوردستان و چ لە عیراقدا، مێژوویەكی دێرینی هەزاران ساڵەیان هەیە. مێژووی جولەكە لەكەركوك دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشورییەكان. سەرەتا زۆربەی جولەكەكان لە سەر قەڵای كەركوك ژیاون و تەوارتگەیان هەبووە لە گەڕەكی پریادی، كە هاوشێوەی كەنیسەی مەسیحییەكانە، كە ئێستا شوێنەوارەكەی ڕووخاوە و كەلاوەیە.

ئەو رۆژانەی جوەكان لە قودسی كوردستان دەژیان
سەردەمانێك شادەماری ئابوری كەركوك بەدەستی جولەكەوە بووە. هەر ئەوان بوون سینەماو فۆتۆگرافی و ئۆتۆمبێلیان هێنایە كەركوك. تەنانەت زۆربەی پزیشك و دكتۆرەكانی كەركوك لەكۆندا هەر جولەكە بوونە، 
جوەكان لە ناو قەڵا و گەڕەكی پیریادی و موسەڵاو قۆریە دەژیان. كوردی و توركمانی یان بەباشی دەزانی.
مەزاری دانیاڵ پێغەمبەرو حونەین و عوزەیر كەلەناو قەڵادایە، لای جولەكەكانی كەركوك پیرۆز بووە و بەپێغەمبەرو ئەنبیای خۆیانیان داناوە.
دوای ئەوەی دانیشتوانی قەڵا ڕووی لەزیاد بوون كردووە، ڕوویان كردووەتە گەڕەكەكانی دەوروپشت و خوار قەڵا كردووە ، جولەكەكان  زۆرتر لەگەڕەكەكانی پریادی و موسەڵڵا و ئیمام قاسم و زێویە  ژیاون. كە گەڕەكی جووەكان ژمارەی دانیشتوانی (١٦٤٤) كەس بووە.

گوندی تەرجل و گەڕەكی موسەڵا و پریادی جولەكە بوونە
بەپێی مێژووی زارەكی و گێڕانەوەی كەسانێكی بەتەمەنی كەركوك، گەڕەكی موسەڵڵا لەناوی بازرگانێكی كوردی جولەكەوە هاتووە كە لەو ناوچەیە ژیاوە ناوی موسا لاڵ بووە. ئەم كەسایەتییە خاوەن موڵك و سەروەت و سامانێك زۆر بووە، لەكاتی هاتنی عوسمانییەكان بۆ كەركوك موسایان ئاوارە كردووە بۆ ناوچەی شوان و زەوی و زار و موڵكەكانیان لەو ناوچەیە داگیر كردووە. 
هەوروەها  شارەزایەكی مێژووی كەركوك باس لەوە دەكات گوندی تەرجل كەدەكەوێتە ناوچەی ساڵەیی كەركوك، دانیشتوانەكەی لەڕابردوودا هەموویان جولەكە بوونە.


تەلارسازی خانوەكانیان و دوورپەرێزییان لەخەڵكی شارەكە
گەڕەكی جولەكان لە گەڕەكە هەرە كۆنەكانی شارەو كاتی خۆی ، خانووەكانیان لەروكاری تەلارسازیەوە تایبەتمەندی خۆی هەبووە‌و بە تەنەیشت یەكەوەبوون ‌و لە كاتی پێویستدا توانیویانە نەچنە كۆڵان‌ و تەنها بەناو ماڵەكاندا هاتوچۆ بكەن لەگەڵ ئەوەی سەربەخۆبون.
واتە ئەم شێوازی دوورە پەرێزیە لە شوێنی نیشتەجێبوون وایكردووە تاكو بە ئاسانی تێكەڵی خەڵكی نەبن‌ و ئەوەی تایبەتمەندی نێوان خۆیان هەیە بیپارێزن ‌و بە شێوازێكی نهێنی كولتور‌وخواستی خۆیان پیادەكەن.
وەك ئەوەی ئاهەنگ‌و بۆنەو یاد‌وجەژن‌و خۆشی ‌وناخۆشی ‌و بۆنەی ئاینی‌ و كۆمەڵایتی خۆیان دوور لە خەڵكی جێبەجێبكەن. چونكە كۆمەڵگەیەكی تایبەت بەخۆیان دروستكردووە لە ناو كۆمەڵگەیەكی تردا. بەڵام لە ئیش‌وكاری بازرگانی ‌و كاروكاسپی ‌و ئیشوكاری رۆژانە بەو شێوەیە نەبوون ‌و تێكەڵی خەڵكی بوون

یەهود لەسەردەمی داگیركردنی كەركوك لەلایەن ئینگلیزەكانەوە
لەدوای داگیركردنی كەركوك لەلایەن ئینگلیزەكان لە ساڵی (1918) و هەڵكردنی ئاڵای بەڕیتانیا لەلای قەڵای شارەكە، نوئێل بووە حاكمی سیاسی بەڕیتانیا لەكەركوك، ئەویش بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری شار، ئەنجومەنێكی راوێژكاری دامەزراند لە كەسایەتیە ناسراو و دەسترۆیشتوەكانی كەركوك،  ژمارەی ئەندامەكانی (12)كەس بوون ، لە پێكهاتەكانی كەركوك ، كە شەش كەسیان كوردبوون و یەك كەسیش یەهودی بوو، ئەویش حسقیل ئەفەندی وەك كەسایەتییەكی  ناسراوی جوەكان  بووە نوێنەری یەهودییەكانی كەركوك بووە لەو ئەنجومەنە.

پێنج هەزار جوولەكە لەكەركوك ژیاون
دەربارەی ئاماری جولەكەكانی كەركوك بۆچوونی جیاواز هەیە، بەشێك لەمێژوونووسەكان ژمارەی جولەكەكان بە پێنج هەزار هەژمار دەكەن، بەڵام هەندێكی تریان ژمارەیان بە ۱٤۰۰ كەس دەخەمڵێنن، لەمەشدا پشتیان بەستووە بەئاماری كاتی كۆچكردنیان.
ئەو گەڕیدەو ڕۆژهەڵاتناسانەی سەردانی كەركوكیان كردوە، ئاماژەیان بە بونی كەمینەیەكی یەهودی كردوە لەكەركوك،  لەوانە ڕۆژهەڵاتناسی بەڕیتانی ڕیچ و مونشی بەغدادی و ئۆلیڤەر.  هەروەها لەبەڵگەنامەیەكی نهێنی بەریتانیادا زانیاری تیایە لەبارەی ئاماری نەتەوەكانی كەركوكەوە، ژمارەی یەهودیەكانی بە (8272) كەس داناوە.

جولەكەكان تا ئەو كاتەی لێرە بوونە نوێنەریان لەئەنجومەنی شارەوانی دا هەبووە. پێنج ڕێكخراوی سیاسی و ڕۆشنبیرییان لەكەركوك هەبووە، بەتایبەتی لە سیەكان و چلەكانی سەدەی بیستەمدا، یەكێ لەو ڕێكخراوانە ناوی (حالوتس بووە، واتا پێشڕەو) كە لقی تایبەتی خۆی لەناو شاری كەركوكدا هەبووە، لە زۆر ڕووشەوە بە بەردەوامی كۆمەك و یارمەتی بزووتنەوەی جولەكەی پێ دراوە، 


ئەو یەهودیەی لەدین وەگەڕا
كەسایەتیەكی ناسراوی جولەكەكانی كەركوك ناوی عابید بووە كە پێشتر ناوێكی تری هەبوە، كەدواتر بۆتە موسڵمان و ناوەكەشی بۆتە مەلا عابید، ساڵی1898 لەگەڕەكی پیریادی كەزۆرینەی جولەكە بوون لەدایك بووە. 1992 كۆچی دوایی كردووە. تەمەنێكی درێژی هەبووە (94) ساڵ ژیاوە.

ئەوان سینەمایان هێنایە كەركوك
سینەما لەئەوروپاوە لەسەر دەستی جووەكان گواسترایەوە بۆ شارەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. یەكێ لەو شارانە كەركوكە بەسینەماكانی بەناوبانگە و لەمڕوەوە پێشەنگی شارەكانی تر بووە، لەمەشدا جولەكەكان ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبووە، چونكە هەر ئەوان بوون كە بۆ یەكەم سینەمایان هێنایە كەركوك‌. بۆ ئەم كارەشیان هەم ڕووبەڕووی ڕەخنەی كۆمەڵگا و پیاوانی ئاینی بونەتەوە، هەمیش پێشوازییان لێكراوە و سینەمایان بە سیمایەكی شارستانی لەقەڵەمداوە.
لەجەژنەكاندا سینەماكانی كەركوك زۆر قەرەباڵغ بوون، خەڵكی شار بۆ تەماشاكردنی فیلم و بەسەر بردنی كاتێكی خۆش ڕوویان تێدەكرد. سینەما غازی و سندباد و حەمڕا، جولەكە هێنایانە كەركوك، دوای كۆچكردنیان فرۆشتیانەوە بە كورد و توركمان.  

بازرگانێكی جولەكە، لەسیەكان سینەمای هێنایە كەركوك
زۆرۆ كە بازرگانێكی بەناوبانگی جولەكە بوو لەكەركوك، ساڵی ۱۹۳۰ سینەما غازی هێنایە كەركوك، كەبەناوی مەلیك غازی مەلیكی عێراقەوە دایناوە. دواتریش سینەما حەمڕا كە دەكەوتە شەقامی باوەگوڕگوڕ لە گەرەكی عەرەفە.
سینەما غازی، كۆنترین سینەمای كەركوك بوو ، ساڵی ۱۹۵۷ ڕوخێنرا ، ئێستا بانكی ڕافیدەین و پردی شەهیدان لەشوێنەكەیەتی.  دوای كۆچكردنی یەهودییەكان بۆ دەوڵەتەی دایانمەزراند، زۆرۆ سینەماكانی كەركوكی بەجێهێشت. 

بازرگانە بەناوبانگەكانی كەركوك بوون
شادەماری ئابوری كەركوكیان بەدەستەوەبو
سەبارەت بە ڕۆڵی جوولەكە لەبواری بازرگانیدا زۆر بەڕوونی و ئاشكرا دەبینرێت، چونكە لەڕاستیدا جوولەكە هەمیشە سەرقاڵی كار بوون، ئەوان خۆیان بە گەلی هەڵبژاردەی خوا دەزانن و بڕوایان وایە دەبێت ببنە سەرداری سەرجەم مرۆڤایەتی، جا لەبەر ئەوە، پارە و سامان باشترین هۆكاری بەئەنجام گەیاندنی ئەو خۆزگەی سەردارییانە بەسەر گەلانی جیهاندا.
مێژووی كەركوك و بازاڕەكانی بێ باسكردنی ڕۆڵی جولەكە ناتەواوە، سەردەمانێك شادەماری ئابوری بەدەستی جولەكەوە بووە. جووەكان لەكاری كڕین و فرۆشتن و سەوداكردندا زۆر لێهاتوو و شارەزاو پشوو درێژبوونە لەقەرز پێدان. جوولەكە هەر لەكۆنەوە لەبواری ئابوری و بازرگانی زیرەك بوونە، لەبازاڕەكانی جووت قاوە و قەیسەری كەركوك بوونیان هەبووە.
دەتوانین ئاماژەبكەین بە پیشەو سەنعەتەكانی جولەكە كاری ئاڵتونچی و زێڕنگەری (خشڵ و زێڕ و زیو)، دراو گۆڕینەوە، كوتاڵ فرۆشتن، فەرش دروست كردن، نەجار، قەساب، جۆڵا، فرۆشتنی شەكرو قەندو چای، ڕۆن، كڕینی كەوڵ و پێستەی مەڕو بەرخیان كردووە.
 
یەهود بەم سیاسەتە بازاڕیان قۆرخكردبو
جوولەكە لە سروشتدا شەیدای ماددە بوونەو ، بە هەرجۆرێك بوایە كاریان لەسەر ئەوەكردووە كە بەدەستی بهێنن، لە بازرگانیدا خۆڕاگربوونە و بە كەمیش ڕازی بوونە. زۆربەی سەرمایەدار و بازرگانەكانی كەركوك هەر لەجولەكە بوونە، لەوانە (بارووخ، شینتۆپ، برایمە جوو، ساڵح زێدان، داود سەراف. بازرگانی هەرە ناوداری جوەكان لەكەركوك شینتۆپ بوو. ئەمانە بازرگان گەلێكی دەوڵەمەند و دیاری زەمانی خۆیان بوون
یەهودیەكان سیاسەتێكی جیاوازیان هەبوو لەگەڵ بازرگان و دوكاندارەكانی تر، بەردەوام كەلوپەك و شتەكانیان بەنرخێكی  كەم و هەرزان دەفرۆشت. وەكو كارێكی سەیرو سەمەرە لێیان دەگێڕنەوە فرۆشتنی شەكر و چای، قەند، رۆن، گۆشت بە چەند دەیان كڕی بەهەمان نرخ دەیانفرۆشتەوە و قازانجەكەیان لە گوینیەی شەكرەكە و دەزووی قەندوو تەنەكەی رۆن و كەوڵی بەرخ و مەڕەكان دەردەكرد، ئەویش وەكو كێبڕكێیەك لەگەڵ ئەوانی دیكە بەم هۆیەوە سامانێكی زۆریان كۆكردەوە. هەرچەندە تیروتوانجیان ئاڕاستە دەكرا و بە "چاوچنۆك" تۆمەتباردەكران، چونكە دەرفەتیان بە كەس نەدەدا لە هاوردەكردنی شتومەك.
بارزگانەكانیان دەچوونە گوندەكانی دەوروبەری كەركوك بۆ كڕینی ئاژەڵ و مەڕو ماڵات. ڕۆژانە بازرگانە جولەكەكان بە گوندەكان دەگەڕان بۆ كڕینی بەرووبوومی جووتیاران، جولەكە بەردەوام كەل و پەلیان بەنرخێكی هەرزان دەفرۆشت.
بازرگانە جولەكەكان لەبازار جووت قاوە خانیان هەبوو. هەر لەنێو بازرگان و دەوڵەمەندان، پیاوێكی جولەكە هەبوو ناوی شینتۆب بوو، ئەم پیاوە جولەكەیە بارزگانیی كوتاڵی دەكرد، كوتاڵ فرۆشەكان بە تایبەتی جوولەكان بەكوڵەپشت بە گوندەكانی دەوروبەری كەركوكدا دەگەڕان و كوتاڵیان دەفرۆشت و لە بری پارەی دانەوێلە و خورییان وەردەگرت. 

زۆربەیان بەكوردی قسەیان دەكرد
فۆتۆگرافەر و پزیشكە كۆنەكانی كەركوك جولەكە بوون
جولەكە ڕۆڵیان هەبووە لەپێشكەوتنی شارستانییەت لەكەركوك، بۆ یەكەم جار ئامێری فۆتۆگرافی- وێنەگریان هێنایە كەركوك. تەنانەت بەشێك لە پزیشك و دكتۆرەكانی كەركوك لەكۆندا هەر جولەكە بوونە.
جولەكەكانی كەركوك لەناو خۆیاندا بەزمانی تایبەت بەخۆیان قسەیان كردووە، بەڵام لەناو خەڵكی شاردا بە كوردی و بەتوركمانی قسەیان كردووە. 
كەسایەتی و بازرگان و دەوڵەمەندەكانی جولەكە، هەمان ئەو جلو بەرگانەیان لەبەر دەكرد كە كورد و توركمان لەبەر دەكرد، كە بریتی بوو لە كەواو سەڵتە یان چاكەت و جامانە یان دشداشە و چاكەت و جامانە.

مەلایەك عاشقی كچە جولەكەیەك بوو
تەنیا لە نێو خۆیاندا ژن و ژنخاوزیان دەكرد، زۆرجار ڕوویداوە كەموسڵمانێك عاشقی كچێكی جولەكە بووبێت، بەڵام سەرەنجام كچەكەیان نەداوە پێی.  مەلا سدیق تۆفیق كە مقامبێژێكی بەناوبانگی كەركوك بوو، عاشقی كچێكی جولەكە بوو.
مەلا سدیق بە هەر چوار زمانی "كوردی و عەرەبی و فارسی و توركی" زۆر بە باشی دەچڕی. مەلا سدیق مەقامبێژ  شارەزاییەكی چاكیشی هەبووە لە گۆرانی و مەقامەكانی "جووەكان" ئەویش بەهۆی ئەوەی لە تافی لاویدا ئاشقی كچە جوویەك دەبێت و چەند جارێك چووبووە خوازبێنی، نەیاندابوو پێی، ئیتر لە خۆشەویستی ئەو كچە گۆرانی و مەقامەكانیانی لەبەر كردبوو.


بەشداریان لەهونەر و مۆسیقا
جولەكەكان تیپی مۆسیقی خۆیان هەبووەكە كاریگەرییان هەبووە لەسەر مقاماتی عێراقی، زۆربەی مۆسیقار و مقامبێژەكانی موسڵ و بەغداش هەر جولەكە بوون. ئالەتە مۆسیقییەكانی (عود و كەمان، سەنتور و جۆزە، زەرب، قانون یان ژەنیوە. هەندێك لەمۆسیقییەكانی جولەكەی كەركوك لەسەر ئاستی عێراق ناوبانگیان هەبووە.
یەكێ لەو هونەرمەندانەی كەركوك (مۆردخای) جولەكە بوو، مۆسیقاژەنێكی بەتوانابوو ئامێری (دووزەلە)ی لێدەدا. لەزۆربەی ئاهەنگی بوك و زاوا و شایی و هەڵپەڕكێ و ئەگلەنجەكان وەك مۆسیقاژەن بەشدار دەبوو و ئامادەبووانی دەهێنایە جۆش و سەما. ئاوازێكی هەبوو بەناوی (ئۆین هواسی) واتا (گۆرانی شاد)، توركمانەكانی كەركوك ئێستا ئەو ئاوازە لەزۆربەی ئاهەنگەكانیان لێئەدەن و بە موڵكی هونەریی خۆیانی دەزانن.
هەروەها ژنە هونەرمەندێكی یەهودی لەسەرەتاكانی سەدەی ڕابردوو بەهۆی گۆرانیەكانیەوە ناوبانگی بڵاوبۆوە، ئەویش دایكی جەمال بو كە ئەمە ناوی خوازراوی هونەری بوو، چەندین گۆرانی لەسەر  قەوان تۆماركرد بەزمانی كوردی، وەك گۆرانی هەی ئاغا و ئاغا و چەندین گۆرانی تر كە زۆرینەی ئاوازی فۆلكلۆری كوردین. 
" قسەكانیان بە توێكڵ و پلارو توانج بوو"

نوسەر و مامۆستاكانی جولەكە
جولەكەكانی كەركوك خوێندنگای تایبەتی خۆیان هەبوو ، نووسەری باشیان تیا هەڵكەوتووە، قسەكانیان پڕ حیكمەت بوو. یەهودییەكان بەوە ناسرابون قسەكانیان بە توێكڵ و پلارو توانج بوو، بۆ نموونە دەیانگوت :" تۆ باوكت ئەولیابو، بەس خۆت سەگ و سەگبابی".
مستەفا نەریمان روناكبیر لەماوەی ساڵانی (1948- 1961) لە كەركوك ژیاوە و مامۆستا بووە لە قوتابخانەی (هاشمیە) ، لەبیرەوەرییەكانی نوسیویەتی"دوو مامۆستای جولەكەشمان لەگەڵ بوون ئەوانیش لەولای ئێمەوە لەگەڕەكی  (جولەكەكان) پیریادی دائەنیشتن (شووەع) و (شەلەمۆن) نموونەی مامۆستای دڵسۆز بوون، لەگەڕانەوە پێكەوە بووین ئەگەر بەفروباران ببوایە بە عەرەبانە ئەگەڕاینەوە".


پێشوازییان لە حەپسەخانی نەقیب كرد
ڕۆژنامەی ژیان لە 18 تشرینی یەكەمی 1927 بروسكەیەكی سوپاسی حەپسەخان ی بۆ خەڵكی كەركوك بڵاوكردەوە.  سوپاسنامەی حەپسەخانی نەقیب لەپای پێشوازی گەرمی كەسایەتی و نەتەوە جیاوازەكانی كەركوك بو لەو خانمە ناودارەی كورد كە سەردانی شارەكەی كرد، ئامانج لەو سەردانەش بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشییەكەی بو.
یەهودییەكانیش وەك باقی نەتەوەكانی كەركوك لەپێشوازی ئەو خانمە ناودارەی كورد بون.  ئەوەشی بۆتە هۆی دڵخۆشی حەپسەخان وەك خۆی دەڵێ: 
"فەقەت ئەوەی كە منی كەیف خۆش كرد و شیفای قەلب و وجودی دا ئینسانیەت و مسافر پەروەری ئەشراف و نەجیبانی ئەهلی كەركوك بو، چە موسڵمان چە كریستیان چە یەهودی، كە ئەبەد حەقی شوكرانەیان تەواو ناكەم بەڕاستی ئیكرام و ریعایەتی میوان كردن قابیل بەوانە".

جووەكانی كەركوك پارەیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەكەیان كۆكردەوە
پێش دامەزراندن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتەكەیان، جموجۆڵی جولەكە لە كەركوكدا هەستی پێ دەكرێت،  جولەكە- یەهودییەكانی كەركوك بەشدارییان لە كۆكردنەوەی پارە بۆ سەندوقی نەتەوەیی جولەكە كردووە.
جوولەكەكان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوون دەوڵەتێك بۆ جولەكە لە فەڵەستین دابمەزرێنن، لە زۆر لاوە كاریا نبە جێگەیاندنی ئەم ئامانجەیان كرد، یەكێ لەوانە دامەزراندنی ڕێكخراوی (میرپ كیمپ) بوو. كە بەمانای (صندوقی نەتەوەیی جولەكە)دێت. لەسەرجەم شارەكانەوە جووەكان هەڵدەستان بە كۆكردنەوەی یارمەتی ماددی،  لەكەركوكیش (ئیسحاق دانیاڵ) بەپرسی ئەم ڕێكخراوە بوو، كە یارمەتی كۆدەكردەوە و دەینارد بۆ (صندوقی نەتەوەیی). بەم شێوەیە یەهودییەكان لە هەموو شارێكدا بەرپرسیان هەبوو بۆ ئەوەی سەرپەرشتیان بكات و كۆبوونەوەیان لەگەڵدا بكات.

لەحزبی شیوعی چالاك بوون
كچە جولەكەیەكی كەركوك، لەسەر بیری كۆمۆنیستی زیندانی كرا
هاوشێوەی شارەكانی عێراق و كوردستان، یەهودیەكان لەكەركوكیش بەشدارێكی چالاك و ئەندامێكی كارای حزبی شیوعی بوون، سەرەتا ئەوان ڕێخۆشكەری بیری چەپ و زەمینەی كۆمۆنیزم یان لەناو خەڵكدا بڵاوكردەوە. بەڵام هەروا بەئاسانی ڕێگەیان بۆ تەخت نەبو، چونكە جگە لە تیروتوانجی كۆمەڵگای زۆرینەی موسڵمانەوە، لەلایەكی تریشەوە كەوتە بەر هەڵمەتی گرتن و زیندانی كردن بونەوە.
لە كۆتایی نیسانی 1949 هەزاران تێكۆشەری گەلانی عێراق كەوتنە زیندانەوە و ڕاونران، بەشێكیان كەوتنە بەندیخانەی ئەبو غرێب لە ڕۆژئاوای بەغدا، گرتووخانەكەش لە بنەڕەتدا، شوێنی تەویلەی ئەسپ سوارانی پاشایەتی بوو، بەدەست كاریكردنێكی كەم كرابوو بە (186) ژووری بۆگەنی پیس و تاریك، كەسانی كۆمۆنیست و جولەكەی تێدا بەندكردابوو.
حەنینە مشعل و ژمارەیەك لە یەهودییەكانی كەركوك دوو ساڵ زیندانی كران. حەنینە مشعل، كە مامۆستای قوتابخانە ئامادەیی بوو، كچە كۆمۆنیستێكی جولەكە بو. خەڵكی كەركوك بوو. یەكێ بوو لەو كەسانەی چالاك بو لەڕیزەكانی حزبی شیوعی.


هانایان بۆ كورد هێنا
كوردێك، لەسەر مناڵێكی جولەكە 9ساڵ لەحكومەت قاچاغ بو
هەندێ جار خەڵكی نەفس نزم و دواكەوتوو دەستدرێژییان دەكردە سەر جوەكان، جنێوی ناشیرین، یان ڕیشیانیان دەسوتاند، ئەمانیش بۆ سكاڵاكردن و خۆ پاراستنیان هانایان بۆ گەورە پیاوانی كورد دەهێنا. پیاوە بەتەمەنەكانی كەركوك دەگێڕنەوە جارێكیان مێردمنداڵێكی (كوڕ) جولەكە لە بازاڕی جووت قاوە دەست درێژی سێكسی دەكرێتە سەری، باوكی كوڕە منداڵەكە هانا دەبات بۆ پیاوێكی كورد، ناوی ئەحمەد نۆگرێ بوو، وەزعەكەی تێدەگەیەنێت و لەئاكامدا ئەحمەد نۆگرێش دەچێتە سەر كابرای دەست درێژیكەر و بێ سێ و دوو دەیداتە بەر خەنجەر و دەست بەجێ دەیكوژێت و دوایی هەڵدێت بەرەو لادێكانی كوردستان، لەسەر ئەو منداڵە جولەكەیە ماوەی نۆ ساڵ لە حكومەت قاچاغ دەبێ.

سەرچاوەكان:
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سود لە چەند سەرچاوەیەك وەرگیراوە:
1-جولەكانی كوردستان: ئەحمەد باوەڕ
2-جولەكە و ئیسرائیل..پەیوەندییەكانی كوردو ئیسرائیل:پرۆفیسۆر ئۆفۆابێنگۆ
3-فصول من تاریخ یهود كوردستان: د.فرست مرعی
4-كركوك و توابعها، حكم تاریخ و الچمیر: د.كمال مڤهر
5-المدارس الیهودیە واڵایرانیە فی العراق: د.فاچل البراك
6-ناسنامەی كەركووك: مەسعود عەبدولخالق
7-جارانی كەركوك: زاهیر شكور
8-لە گەڕەكی جولەكانەوە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل: كوردستانی نوێ
چاوپێكەوتن:
 1- ئەمین شوان، شارەزا لەمێژووی كەركوك                                                      
2-سمكۆ بەهرۆز، پسپۆری بواری مێژوو
3-ڕۆژنامەنووس ستار جەباری