ڕاپۆرتی کوردستانی

10:02 - 10/04/2021

چۆن مێردمنداڵەكەت لە ئالوودەبوون بە مادەهۆشبەرەكان دەپارێزیت؟‌

پەیسەر

مێرمنداڵ بەو پێیەی كە لە هەموو ڕوویەكەوە لە قۆناغی گۆڕانكارییدایەو هێشتا نەخەمڵییوە، ئەگەر كاریگەرییە لاوەكییەكان لەسەری زۆرترە لەوانەی كە لەو قۆناغەی تەمەن پەڕیونەتەوە، لە ئێستاشدا كە هەل و مەرجی ئالوودەبوون لەبارەو و بە هۆكاریی جیاواز ئاسانكاریی كراوە ئەركی دایك و باوك و كەس و كار و سەرپەرشتیارانی زیاتر كردووە كە ئاگاداریی مێرمنداڵەكانیان بن و بە ڕێگەی دروست و زانستیانە لەگەڵیان بن بۆ ئەوەی لەدەستی داهاتووی ڕەش بیانپارێزن.

یەكێك لەو كێشە سەرەكیانەی كە ڕووبەڕووی مێرمنداڵ دەبێتەوە نەبوونی ئارامی ناوخێزانە، ئەو خێزانانەی ناكۆكی زۆری تێدایە، ماڵ و خێزان و خانەوادەكەیان دەبێتە ناخۆشترین شوێن و بەردەوام بیر لەوە دەكەنەوە لێی هەڵبێن، خۆ ئەگەر ڕاستەوخۆ نەیانتوانی لێی دووربكەونەوە كار بۆ ئەوە دەكەن بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لێیان داببڕێن، یەكێك لە كاریگەرییەكان كە دەكەوێتە سەر مێرمنداڵ لەم جۆرە خێزانانەدا نەبوونی متمانەیەی گشتییە لە نێوان ئەندامانی خێزاندا، لێرەوە فشاری زۆر دەكەوێتە سەر ئەندامانی خێزان و كاریگەریی ڕاستەخۆش لە سەر مێرمنداڵەكان دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی توانای دەرخستن و خستنە ڕووی كێشەكانی كەم دەبێتەوە، كەسێك شك نابات گرفتەكانی بۆ باس بكات و لەو ڕێگەیەوە پەنا بۆ ئەوە دەبات بۆشاییەكانی پڕبكاتەوە، پێدەچێت لەسەرەتاوە بە شتی سادەی وەك جگەرە دەستپێبكات و دواتر خواردنەوە سەرخۆشكەرەكان –كحولی- و داواجار مادەی هۆشبەر، بەم شێوەیە تاوانباری یەكەم لە تووش بوونی مێر منداڵ بە مادەی هۆشبەر ئەندامەكانی خێزانە. هەر بۆیە دەبێت خێزانەكان بەردەوام دوربكەونەوە لە كێشەو ئەگەر كێشەش هاتە پێشەوە بە شێوەیەكی زانستی و ئاسایی و بەشداری پێكردنی ئەندامانی خێزان لە چارەسەرەكاندا، ئەوەش لە پێناوی هەبوونی متمانە بەخۆ بوون و پابەند بوونی هەمووان بە ڕێگە چارەكانەوە..

چۆن بتوانین متمانە بەخۆبوون لەناو كەسێكدا بچێنین؟

  1-ببە بە پێشەنگ:
مێرمنداڵ لەبەر ئەوەی ئەزموونیان كەمترە لە باوك و دایك و خوشك و برا گەورەكانی، پێویسیان بەوە هەیە چاودێرییان بكرێت، جاروبار بخرێنە ژێر پرسیارو وەڵامدانەوەوە ، ڕایان وەربگیرێت و بە قسەشیان بكرێت، لە هەر گۆڕانكارییەكدا راویژیان لەگەڵ بكرێت، ئەگەر لە وەڵامەكاندا ڕاستیان كرد پشتیوانی بكرێن و بەگوێیان بكرێت، ئەگەر نەیان پێكا، هەڵەو كەلێنەكانیان بۆ ڕاست بكرێتەوە بۆ ئەوەی بخرێنە سەر ڕێگەی بیركردنەوەی دروست و گونجاو، مەرج نییە هەر لە یەكەم بیركردنەوەو ڕا وەرگرتندا منداڵ بابەتەكە بپێكێت و بۆچوونەكانی 100% دروست بن. هەربۆیە دەبێت گەورەكان ببنە پێشەنگ و ڕێگەی دروست و ڕاستیان بۆ ڕوون بكەنەوە. ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە هەمووان بزانن مێرمنداڵەكان ئەوەندەی سەیری ڕەفتارو كردار و كاردانەوەكانمان دەكەن، ئەوەندە سەیری گوفتارو ئامۆژگارییەكانمان ناكەن.

2-پیاهەڵدان بە نییە، كارامەیییان فێر بكەن:
هەندێك كەس و خیزان ڕێگەی پیاهەڵدان و تەعریفكردنی منداڵەكانیان گرتوەتە بەر، گەرچی ئەو ڕێگەیەش بۆگەڕاندنەوەی متمانە ڕێگەیەكی خراپ نیە، بەڵام فێركردنییان و وەرگرتنی ئەزمونی كەسی و شكست هێنانی بچووك و ڕاست كردنەوەی هەڵەكانیان لەكاتی ئەزمونكردندا دەبێتە ئەوەی كە لە كۆتاییدا سەركەوتن بە دەست بهێنن و ببنەوە بە خاوەن متمانەی بەهێز. منداڵەكانتان فێر بكەن چۆن رووبەڕووی كێشەو ئاریشەكان دەبنەوە، چۆن خۆیان لە كێشەلاوەكییەكان دەرباز دەكەن، فێریان بكەن چۆن پشت بە خۆیان دەبەستن لە هەموو شتێكدا، تەنانەت فێریان بكەن ئەگەر هەرخۆیان لە ماڵەوە بوون چۆن خۆراك بۆخۆیان ئامادە دەكەن؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ میوان و خەڵكانی بەرامبەر دەكەن.

3-تۆوی متمانە چاندن:
یەكێك لەوانەی كە دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی مرۆڤ هەست كردنە بەكەمی لە هەموو ڕووەكانەوە، جەستەیی، دەروونی ، رۆحی، توێینەوەكان دەریانخستووە زۆرینەی ئەوانەی كێشەی (كەمی)یان هەیە، ئەگەر خۆیان ڕانەهێنن، یان هاوكاری نەكرێن كێشەی تری بەدوادا دێت، بۆیە ئەگەر منداڵەكەت لە هەر ڕوویەكەوە كێشەیەكی هەیە بە دەمیەوە بچۆ، هاوكاریی بكە، تێی بگەیەنە كەمی لە ئەندامێكی جەستەییدا نابێتە ڕێگر لەبەردەم خۆش ژیاندا، بەڵكو ئەوەی دەبێتە كێشە ئەوەیە نەزانێت چۆن لەگەڵ ئەو شێوازەی ژیان خۆی بگونجێنێت و مامەڵە بكات، منداڵ كێلگەیەكی ئامادەكراوە بۆ ئەوەی تۆوی تێدا بچێنرێت، هەركەس و خانەوادەیەك بەو جۆرە بەرهەمەكەیان دەچننەوە كە تۆوەكەیان چاندووە، تۆوی بەرگەگرتن و ڕووبەڕوو بوونەوەی كێشەكانیان تێدا دروست بكەن، پێیان بڵێن كە ئەوان بەهێزن، ژیرن، دەتوانن كێشەكانیان بە باشترین شێوە چارەسەر بكەن، تێیان بگەیەنن ئێوەیان لەپشتن بۆ ئەوەی بەهێز و بەرگەگر بن  نەك بە پێچەوانەوە.

4-هەڵنانی دروست و دووركەوتنەوە لە شكاندن:
هەركاتێك منداڵەكەت لە بابەتێكدا سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەجوانی و گەورەیی لەو سەركەوتنەی تەعریف بكەن و هەوڵ بدەن لەو دەروازە بچووكەوە ژیانی پرلەسەركەوتن وێنا بكات، بۆ ئەوەی هەست بە خۆی و سەركەوتنەكانی بكات، بە پێچەوانەی ئەوەی كە ئەگەر لە یەكێك لە ئەزموونەكانیدا شكستی هێنا وای لێمەكەن لە هەموو ڕوویەك و لە هەموو لایەكەوە شكست و دۆڕان ببینێت و هەموو دونیا لەو كونە بچووكەی شكستەوە وێنا بكات.

5-شانازیی پێوە بكە:
بۆ ئەوەی مرۆڤ هەست بە بوونی خۆی بكات پێویستە بوون و ئامادەگییەكانی لەبەر چاو بگیرێت، منداڵەكەت یەكێكە لەوانەی كە لە ڕوانگەی تۆوە كۆمەڵگەو چواردەورەكەی سەیری دەكەن، بۆیە بەشانازییەوە باس لە لایەنە باشەكانی بكە، بەڵام بیرت نەچێت لەگەڵ شانازییەكەدا باسی كردەوە باشەكەی بكە، چوون ئەوە دەبێتە هۆی قووڵ بوونەوەو تۆخ بوونەوەی لە ڕەفتارەكانیدا و دواجار دەبێتە ڕەفتارو خەسڵەتی هەمیشەیی تیایدا. هەمیشە باسكردن لە لایەنە باشەكانی بخەرە پێش لاینە خراپەكانی، لەناو خەڵكدا وێنا باشەكانی نیشان بدەو بەتەنهاش خراپەكانی بۆ ڕوون بكەرەوە بۆ ئەوەی هەست بە بوونی خۆی بكات و شان و شكۆی پارێزراوبێت. بەڵام ئاگاداری ئەوەبن پیاهەڵدانەكانی ناڕاست نەبن و زیاد لە پێویستیش نەبن، چوون دواجار ئەوەش دەبێتە هۆی مەترسییەكی تر لەسەر كەسایەتی  منداڵەكەت كە هیچی كەمتر نابێت لەوانی تر.

6-متمانە بەخۆبوون باشترین پارێزەرە:
یەكێك لە كێشە هەرسەرەكییەكانی مێرمنداڵان ئەوەیە كە باوەڕی بە خۆی و تواناكانی نامێنێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر سەرخۆشی و ئالوودەبوون، لەوانەیە هۆكارەكەی زۆر ئاسان بێت و تۆ هەستت پێنەكردبێت، كاتێك لە گەڕەكێك یان شارێكەوە دەگوازنەوە بۆشوێنێكی دی، بزانە هاوڕێكانی كێن؟ لە قوتابخانەیەكەوە دەچێتە یەكێكی دی، لە یانەیەكی وەزرشییەوە دەچێتە یەكێكی تر، هەموو ئەوانە كەلێنێكی ئامادەن كە لێیانەوە كەسێك یان هاوڕێیەكی نەناسراوی مەترسیدار دزە بكاتە ناو دەروونیەوەو لەوێوە تووش ببێت، هەربۆیە لەو كاتانەدا متمانە بەخۆبوونی زیاتری پێویستە بەجۆرێك ئەو بتوانێت بەرگەی گۆڕانكارییەكان بگرێت و نەبێتە پووشی دەم ڕەشەبا و ئاڵوگۆریی گەورەی بەسەردا نەهێنێت، تۆ دەتوانیت لەو كاتانەدا هاوكاریی بكەیت و ڕێنمایی و ئاڕاستەی دروستی بكەیت و نەهێڵێت لەو قۆناغەدا تووش ببێت.

ئامارە مەترسیدارەكان:
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی كوردستان لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا(2021) 250 بۆ 300 کەس لەسەر بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون ئەوە جگە لەوەی لە زۆربەی كافتریاو نێرگەلە خانەكاندا بڕێك لە مادەی هۆشبەر دەكرێتە ناویان و بەو هۆیەوە ڕێژەیەكی زۆر لە مێرمنداڵ و لاوەكان تووشی ئالوودەبوون بە نێرگەلە بوون و وەك شارەزایانیش باسی دەكەن ئەوە ناوەڕستی ئەو ڕێگەیەیە كە مێرمنداڵ و هەرزەكارەكان بەرەو مادەی هۆشبەر پەلكێش دەكات...