دۆسێ

12:04 - 10/04/2021

گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی بەرەو كوێ؟‌

پەیسەر

وابڕیارە لە چەند  رۆژی داهاتوودا گۆڕانكاریی سەرەكی لە بۆچوونەكانی ئەمریكادا ڕوو بدات لە بارەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی و دووریش نیە بە چەند مەرجێكەوە بگەڕێتەوە و ببێتەوە بەئەندامی ڕیككەوتنەكە، بەڵام نازانرێت هەڵوێستی ئەندامانی دیكەی ڕێككەوتنەكە لەبارەی هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران چی دەبێت لەكاتێكدا كە ئیسرائیل نەیاری تەواوی ڕێككەوتنەكەیەو پێی وایە بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان.


ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی كە ئێرانیەكان پێی دەڵێن بەرجام لەبەر ئەوەی كورتكراوەی (برنامه جامع اقدام مشترک )ەوە پیتی سەرەتای وشەكانیان كۆكردووەتەوەو بە ئینگلیزیش پێی دەگوترێت(Joint Comprehensive Plan of Action) كە لە ئەنجامی كۆبوونەوەی یەكێتی ئەوروپا و  گروپی (5+1 – چین، فەرەنسا، روسیا، ئەمریكا ، بەریتانیا و ئەڵمانیا) و لە ڤییەننا و لە رۆژی 14ئابی 2015 واژۆكراو تایبەت بوو بە بەرنامە ئەتۆمیەكانی ئێران، بە پێی ئەو ڕێككەوتنە دەبێت ئێران دەست لە بەرنامەی پیتاندنی یۆرنیۆمی ناوەندی و پێشكەوتووی خۆی هەڵبگرێت و بەڕێژەی 98% دەستبەرداریی بەرنامە ئەتۆمییەكانی ببێت، بەڵام ئێران ڕازیی بووە دەست لە 3.67% هەڵبگرێت ئەویش پەیوەندی بە كاركردن بووە لەپرۆژەی ئاوی قورس دا، لە 2006 دا ئەم جۆرە ڕێككەوتنانە لە لایەن ئێرانەوە ڕەتكرایەوەو لەسەر زاری حەسەن رۆحانیەوە بە تاوان دژی مرۆڤایەتی هاتە ئەژمار، لە 2013 دا بەشێك لە سزاكان لەسەر ئێران سووك كران و ئێرانیش ڕێگەی دا ئاژانسی وزەی ئەتۆم سەردانی بەشێك لەو شوێنانە بكات كە كاری ئەتۆمی تێدا دەكرا، لەوانەش: كارگەی بەرهەمهێنانی وزەی بوشەهر، كارگەی یۆرۆنێۆمی گەچین، ناوەندی ئەتۆمی فردو، كارگەی گۆڕانكاری ئەتۆمی ئەسفەهان، كارخانەی ئەتۆمی نەتەنز، كۆمەڵگەی پەرەپێدان و لێكۆڵینەوەی سەربازیی پارچین. ئەم كارە بە ڕەزامەندی حەسەن رۆحانی وبە ئامادەبوونی محەمەد جەواد زەریف بەڕێوەچوو.

ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی (بەرجام) لە 109 لاپەڕەی فەرمی و 5 پاشكۆ پێكهاتووەو بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و فارسی واژۆیان لەسەر كراوە.
دواتر لە نێو ئێران و بگرە ئەوروپا و ئەمریكاش بە باشی دەنگی دایەوەو هەمووان پێیان وابوو كارێكی باش كراوەو بووەتە هۆی نزیك بوونەوەی هەردوولا، باراك ئۆباما سەرۆكی ئەو ساتی ئەمریكا ڕایگەیاند: ڕێككەوتنێكی دروست و ژیرانەمان كردووە ڕێگەمان گرتووە لە پەرەپێدانی نائاسایی ئەتۆمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەگەر ئەوەمان نەكردایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەوتە بەردەم هەڕەشەیەكی جدی.


جۆن كێری كە ئەوكات وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو، سوپاسی نوێنەرانی ئێرانی كرد و بە جەواد زەریفی گوت: زەریف (پیاوێكی پێداگرو سەرسەخت ، پیشەیی، نیشتیمان پەروەر)ە و دۆخی هەموو دانیشتنەكانی خۆشدەكردو پێكەنینی دەخستە سەر لێزی هەمووان.

لە لایەكی تریشەوە ئەنگێلا مێركڵ، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و دیڤید كامیرۆنی بەریتانی و فرانسوا رۆلاند سەرۆك كۆماری فەرەنسا و جینگ وانگ ئی وەزیریی دەرەوەی چین و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی چین، تێكرا ستایشی ڕێككەوتنەكەیان كردو پێیان وابوو هەنگاوێكی زۆر باش نراوەو لەناوخۆی ئێرانیش لە زۆریینەی پارێزگاكانی ئەو وڵاتەدا خۆپیشاندانی پشتیوانی وسوپاسگوزاریی بۆ هەوڵەكانی ئێران وەڕێخران.
لەگەڵ ئەوەشدا لەنێو ئەنجومەنی شورای ئیسلامی –پەرلەمان- نیگەرانی چەند كەسێكی لێكەوتەوە، بەتایبەت نەیارەكانی ڕێككەوتن و لەنێو پەرلەماندا روح الله حوسەینیان گوتی: ئێستا برادەرێكی ئازیز هاتووە سوێند دەخوات، من دەتانكوژم و لەنێو كارگەكانی ئاراك دا كۆنكرێت دەكەم بەسەرتاندا، كە مەبەستی عەلی ئەكبەری ساڵحی و محەمەد جەوادی زەریف بووە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكەش عەرەبستانی سعودیە-نەیاری ناوچەیی ئێران- ئەو ڕێككەوتنەی بە هۆكاری سەرەكی بۆ پێكەوەژیان و دراوسێیەتی باش لەگەڵ ئێران وەسفكرد. میسرو سوریاو ئەفغانستانیش لەسەر زاری وەزیری دەرەوەیان ئەو ڕێككەوتنەیان بەكارێكی جدی و باش لە قەڵەم دا.

بەڵام ئیسرائیلی نەیاری سەرەكی ئێران و كەندا بە پێچەوانەوە خۆشحاڵ نەبوون بەو ڕێككەوتنە، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئەم ڕێككەوتنە كارئاسانی بۆ ئێران دەكات دەستی بگاتە چەكی ئەتۆم، ئێران بەدوای ئەوەوە بوو كە ناوی لە لیستی تیرۆر بێتە دەرەوە، ئەوەتا كردی، هەروەها گوتیشی دەساڵە كار بۆ ئەوە دەكات سزاكانی سەری سووك بكات. راب نیكولسون وەزیری دەرەوەی كەنەداش ڕایگەیاند: ئێران  پارێزگاریی لە تیرۆر دەكات، گوێ بەمافەكانی مرۆڤ نادات، هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل دەكات، لە هەمان كاتیشدا بەرنامە ئەتۆمیەكانی دەبنە هەڕەشە لە سەر مرۆڤایەتی. دواتر لە نێو ئەنجومەندا خرایە دەنگدانەوەو بە كۆی 139 دەنگی پەسەند، 100 دەنگی دژ و 12 كەسیش دەنگیان نەدا و بەم شێوەیە بە زۆرینەی دەنگ ڕێككەوتنەكە پەسەند كرا.

بەڵام كۆنگرێسی ئەمریكی لە مانگی تشرینی دووەمی 2016 بەكۆی دەنگ 419 دەنگی پەسەند و یەك دەنگی ناڕازیی، سزاكانی سەر ئێرانیان نوێ كردەوە، ئێرانیەكان ڕایانگەیاند ئەمریكا یەكلایەنە پێشێلكاری ڕێككەوتنەكەی كردووە، بەڵام ئەمریكیەكان بە سەرۆكایەتی ترامپ پێیان وابووە كە سزاكان پێچەوانە نین لەگەڵ ڕێككەوتنی ئەتۆمی، بەڵكو ڕایانگەیاند كە ئەوە هەڵەیەك بووە ئەنجام دراوە ، هەربۆیە تاك لایەنە لەڕێككەوتنەكە كشانەوە. هەربۆیە لە مانگی شوباتی 2017 دا سزاكانی سەر 13 كەسایەتی سیاسی  و 12 دامەزراوەی ئێرانی ڕاگەیاند. هەرچەندە ترامپ كاری بۆ ئەوە دەكرد كە ئێران بیانویەك بەدەستەوە بدات بۆ ئەوەی تاوانباری بكات و بۆ ئەو مەبەستەش فشاری زۆری خستبووە سەر دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتەكەی بۆ كركردنەوەی بیانوویەك، بەڵام دواجار ترامپ لە 20/9/2017 یەكلایەنە ڕایگەیاند  كە لە ڕێككەوتنەكە كشاوەتەوە لەبەر ئەوەی ئێران پشتیوانی لە (حزب الله لوبنان، تاڵیبان و ئەلقاعیدە) دەكات، كە هەر یەك لەوانە گروپی تیرۆرستی جیهانین و دەبێت سزاكانی سەر ئێران دەست پێبكاتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، لە بڕیارەكەیدا ئاماژەی كردبوو بە داوایەكی بنیامین ناتانیاهوی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل.

دوای ئەوەی ترامپ لە هەڵبژاردنەكانی 3/11/2020 تێكشكاو سەرنەكەوتەوە، جۆبایدن بەسەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڵبژێردرا، ئێرانیەكان و بگرە بەشێكی زۆری جیهانیش لەو بڕوایەدابوون كە گۆڕانكاریی بەسەر ڕێككەوتن نامەی ئەتۆمی دا دێت، بەو پێیەی كاتێك ئەو ڕێككەوتنە ئەنجام دراوە كە جۆبایدن جێگری سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا –باراك ئۆباما- بووە.

لە ئێستاشدا بۆچوونەكانی كۆشكی سپی وایە كە لە هەفتەكانی داهاتوودا گفتوگۆكان لەو بارەیەوە دەست پێبكەنەوە، لەبەر ئەوەی نوێنەرانی وڵاتان كە لە ڤییەنا كۆببونەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەكانی خۆیان و دوور نییە لە دوای ڕاوێژو هەلسەنگاندنی سەرجەم لێكەوتەكانی ئەو بابەتە گەڕێكی دیكەی گفتوگۆكان دەست پێبكرێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، دوێنێ هەینی 9 نیسان 2021 جالینا پۆرتر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا گوتویەتی: رۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی  دەرەوە بۆ كاروباری ئێران، ڕایگەیاندوو ئەمریكا دەیەوێت لە رۆژانی داهاتوو، سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لەو بارەیەوە گفتوگۆیەك ئەنجام بدرێت.

گوتوشیەتی:
نوێنەرانی وڵاتان بەمەبەستی وەرگرتنی ڕاوێژ و بڕیاری كۆتایی پایتەختەكانیان گەڕاونەتەوە بۆوڵاتەكانیان و چاوەڕێش دەكەین كە كاری هاوبەشی تیمەكان لەم هەفتەیەوە دەست پێبكات.


ئەندامامی یەكێتی ئەوروپا لە پێناوی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەی 2015 ی ئەتۆمی كە لە لایەن (5+1) واژۆی لەسەر كراوەو ئەمریكای سەردەمی ترامپ تاك لایەنە لێیی كشاوەتەوەو سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە رۆژی هەینی لەوبارەیەوە گفتوگۆیان كردووەو دوای تەواو بوونی كۆبوونەوەكە لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا هەریەكەیان گەڕاونەتەوە وڵاتەكانی خۆیان.

عەباس عێراقچی، سەرۆكی شاندی ئێران لە كۆتایی كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی بەرجام دا دوێنێ هەینی گوتبووی: تا ئەو جێگەیەی گفتوگۆكان جێگەی داواكانی ئێمەی تێدا ببێتەوە بەردەوامی پێدەدەین.
شاندەكانی گفتوگۆ رۆژی هەینی ڕایانگەیاندبوو كە گەڕاندنەوەی ئەمریكا بۆ ڕێككەوتنەكە گرنگەو لە هەمان كاتیشدا بە پێویستیان زانیوە لە بەرامبەردا ئێران پابەندی خۆی بە بەندەكانی ڕیككەوتنەكەوە ئەنجام بدات، بەڵام ئێران لە بارەی سزاكانی سەریەوە لە لایەن ئەمریكاوە نیگەران و بۆچوونی جیاوازی لەو بارەیەوە هەیە.

لە لایەكی تریشەوە، نوێنەری هەمیشەیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان، هەر دوێنێ نامەیەكی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایش كردووە و تیایدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئێران بڕیاری 2231 ی ئەنجوومەنەكەی پێشێل كردووە و بە پێی هەواڵێكی بڵاوكراوەی جروزلم پۆستی ئیسرائیلی ، گلیعاد ئەردان لە نامەكەیدا نوسیویەتی: بەرنامە ئەتۆمیەكانی ئێران هەرەشەیە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان.
تا ئێستاش دیار نییە ئاخۆ لە رۆژانی داهاتوودا گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە بڕیارەكەی ترامپ دا ڕوو دەدات ولەسەر دەستی جۆبایدن دا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێكەوتنەكە، یان ئەوەیە بە ئاڕاستەیەكە تر دەبێت؟ ئاخۆ هەڵوێستی چی دەبێت لە بەرامبەر سزاكانی سەر ئێران؟ ڕوونیش نیە هەڵوێستی ئێران چی دەبێت و دواجاریش كاردانەوەكانی وڵاتانی ڕیككەوتن نامەی ئەتۆمی –بەرجام- چی دەبێت؟